په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٤

١٧ی شوبات تەنیا لاساییکردنەوەیەکی بەھاری عەرەبی بوو.


گەرمیانی حەمەی پوور


١٧ی شوبات، ئەوەندەی کە چاولێکەریی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی تونس و میسر بوو، ئەوەندە کاردانەوەی جەماوەرێکی ناڕازی نەبوو بەرامبەر بە دیاردەی گەندەڵی و بەر تەسککردنەوەی ئازادی بیروڕاو و ئەوانی تر.


بۆ ئەمەش ئەو بێ بەرنامەیی و بێسەروبەرییەی خۆپیشاندانەکان بەڵگەیەکی تەواو ڕوونن.


ئێوارەی ١٧ی شوبات بەشێک لە گەنجان و خەڵکی سلێمانی و بە تایبەت گرووپی (مافەکانی خەڵک) بەمەبەستی پیرۆزبایی لەگەلی میسر کۆبووبوونەوە کە دەسەڵاتی موبارەکیان لە کار خست بوو، بەڵام چی وای کرد ئەوە ببێتە خۆپیشانێک کە بارەگای پارتی بەرباران بکرێت و ئەوانیش وەک سیفەتی ھەمیشەیی جەللادانەی خۆیان گوللەپرژێنیان بکەن، ئەوە تا ئێستا ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەش وەڵامێکی دروستیان پێ نییە!


ئاخر ئەو ڕۆژە خوێن ڕژا، خوێن ڕژانیش لە پێناو پیرۆزبایی لە گەلی میسر زۆر بێ مانابوو، بەڵام کە کارەکە کرابوو، دەبوو کاردانەوە ھەبووایە، کاردانەوەیەک بەبەرنامە ڕێکخراو، نەک وەک ئەوەی لە ڕۆژانی دواییدا ڕوویدا.


ئەو خۆپیشاندانانە ئەوەندە بێ بەرنامە بوون، کە دروشمەکان لە دروشمی ڕووخانی حکومەت و ھەڵوەشانەوەی پارلەمانەوە لە ماوەی چەند سەعاتێکدا دەگۆڕا بۆ دروشمی "تو خوا مەمکوژە لە ماڵەوە چاوەڕێمن".


ئەگەر ١٧ی شوبات خاوەنێکی جدی ھەبووایە و بەرنامەیەک ھەبووایە بۆ ڕێکخستنی، دەبوو دوای شەھیدکردنی ڕێژوان شەپۆلی ناڕەزایەتی وەک دەریا دەسەڵاتی ڕاماڵیایە، دەبوو ئیتر کۆتایی بەو حوکمە بھێنرایە کە چەندین ساڵە خەباتی شاخ و ڕابردوویەکی تێکەڵ لە خەباتی ڕزگاریخوازی و شەڕی براکوژی کردووە بە بیانوویەک بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی سەروەت و سامانی وڵات بدزێت و ڕێگەی خۆپیشاندان نەدات و ھەتا دنیا دنیاشە ھەر ئەوان لە لوتکەو گەلیش ژێردەستەیان بێت و ھێشتاش خەڵک ناچار بکەن بەوەی سوپاسیان بکات کە ئەوان سەرکردەو سەرۆک و دەسەڵاتداریانن.


دەبوو ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە بێ دەنگییان لە ئۆپۆزسیۆن قەبووڵ نەکردایەو لەوەندەش زیاتر بواری تێکەڵ بوونیان بە خۆپیشاندانەکان نەدایە کە لە ھەموو ناڕەزایەتییان لەگەڵ بوونیایە و جەماوەری خۆیانیان بھێنایەتە سەر شەقام، نەک وەک ئەوەی کە لە سەرای ئازادیدا کرا، مایکی خۆپیشاندەران ھەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە کەوتە دەست گۆڕان و ئیسلامییەکان و ئەوان ھەموو شتێکیان ئاراستە دەکرد و تەنانەت ئیسلامییەکان بە ھەندێ بیانوو ڕێگەی خوێندنەوەی شیعرێکیشیان بە ھەندێ خەڵک نەدەدا!!!!


ئەوان کە بە درێژایی ٦٢ دوو ڕۆژ سەرای ئازادییان لە سلێمانی کردبووە جۆرێک لە شوێنی ئاھەنگ و لە شارەکانی تریش بەردەوام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ھەبوون و خوێنیان دابوو، نەدەبوو بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارانی یەکێتی ئیتر دەست لە ھەموو شتێک ھەڵبگرن و ھەر یەکەو لە کونێکدا خۆیان قایم بکەن!


ئەگەر ئەوان کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و قۆرخکار و دزو گەندەڵ ئامانجیان بوو، دەبوو ھەر ھیچ نەبێت ماوەیەک بەرگرییان لە خواستەکانیان بکردایەو بە ھێنانی ھێز بۆ سەرای ئازادی بەو ماوە کەمە بەو شێوەیە ترسنۆکیی خۆیانیان بۆ دەسەڵات دەرنەخستایە؟


ئەو داواکارییانەی کە خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات داوایان دەکرد نەک ھیچی جێبەجێ نەکراوە، بەڵکە ئەمجارەیان دزینی نەوت بە ئاشکراو بە بۆری بووەتە ھۆی کێشەی دواخستنی مووچەکانیان و گەندەڵی ئیداری و قۆرخکاری سیاسی و حیساب نەکردن بۆ دەنگی خەڵک و سووک و ڕسواکردنی ئازادی و دیموکراسی زۆر زیاتر بووە!


بەڵام ئەگەریش تازە بچنەوە سەرشەقام و دەیان سەرای ئازادی و مەیدانی ئازادی تر دروست بکەنەوە و بۆ ماوەی دوو مانگ و زیاتریش بەردەوام بن، دەسەڵات پێیان فێر بووە کە ئەوپەڕی بەرگەی تەنھا دوو ڕۆژ پیشاندانی ھێزی چەکداری دەگرن.
 

ماڵپه‌ڕی گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک