په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٥\٢٠١٣

١ی ئایار، رۆژی خەباتی چینایەتی و بەرگرتن بە جەنگی میلیشیایی و دەوڵەتی لە عیراق و سوریا.
 


بەڵێ بۆ خەباتی جەماوەری.. بەڵێ بۆ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان.
نا بۆ جەنگی میلیشیایی و خێلەکی.. نا بۆ لەشکرکێشی دەوڵەت و زلھێزەکان.


ئازادیخوازانی جیھان لە ھەر کوێیەک ھەن، جەماوەری ناڕازی و خەباتکاری عیراق لەبەردەم ھێرشی لەشکری دەوڵەتی عێراقدایە!

ئەوە چەند مانگە لە چەند شارێکی عیراقدا جەماوەری ناڕازی بە مانگرتن و خۆپیشاندان و دانیشتن لە نێوەندی شارەکاندا کۆمەلێک داخوازی ڕەوای بە ڕووی دەسەلاتدارانی ئێستای عیراقدا بەرزکردوونەتەوە، لە بەرامبەردا فەرمانڕەوایانی عیراق بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی بەرەو جەنگکێشانی ناڕەزایەتییەکان و تێکەڵکردنی بە جەنگی میلیشیایی و ناکۆکی مەزھەبی دەدەن و ھەروەھا لە ھەموو لایەکەوە چ دەوڵەتەکانی ناوچەکە و چ پارتە ڕامیارییەکان و چ پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس وەک تەواوکەری بازنەی جەنگ و کیشمەکێشە ڕامیارییەکان، خەریکی ھەڵگیرساندنی جەنگی چەکداری و زاڵکردنی میلیشیاگەریین بەسەر ناڕەزایەتی سەربەخۆی جەماوەریی شارەکانی عیراقدا. بۆ ئەو مەبەستە میدیای دەسەڵات و پارتە ڕامیارییەکان، گەورەترین ڕۆڵیان لە شێواندنی نێوەڕۆکی ڕاستینەی ناڕەزایەتییەکاندا گێڕاوە و دەگێڕن و تەنانەت ئەو پارتانەش کە ھەڵگری ناوی سۆشیالیست و کۆموسیتبوونن، لەو زوڕناژەندییەی دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا قۆڵیان لێھەڵماڵیوە، ھۆکاری ئەمەش تەنیا شتێکە کە بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی لەو شارانەدا وەک بەشەکانی دیکەی عیراق بۆیان دەستەمۆنەکراوە و بەخۆیان لەو ناڕەزایەتییانەدا خاوەنی ھێز و قسەکەر نین، بۆیە مۆر و تۆمەتی کۆنەپەرستی و خێڵەکی لە ڕەواترین داخوازییەکانی جەماوەر؛ کە وەدەرنانی ھێزە سەرکەوتگەرەکانی دەوڵەت و کۆمەڵێک داخوازیی دیکەی ھاوبەش کە ھەمان داخوازییەکانی جەماوەری ناڕازین لە ناوچەی شیعەنشینەکان و کوردستان، دەدەن.

ئێمە وەک سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان، ھەڵنەبژاردنی نوێنەر بۆ گفتوگۆکردن لەتەک دەوڵەت و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی شارەوانییەکانی عیراق، بە لووتکەی یەکگرتوویی و سەربەخۆیی خەباتی جەماوەری ناڕازی لەو شارانەدا دەبینین و خوازیارین شارەکانی کوردستانیش کەڵک لەو ئەزموونە سەرکەوتووەی خەباتی جەماوەریی وەربگرن و نەچنە پای سندووقەکانی دەنگدان و ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر.

ئێمە وەک سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان، بێجگە لە وەستانەوە و دژایەتی ھەموو جەنگێکی میلیشیایی و دەوڵەتی و خێڵەکی و مەزھەبی، وەک ئەرکێکی ئازادیخوازانەمان ھاوپشتی چینایەتیمان لەتەک خەباتی سەربەخۆی جەماوەری ئەو شارانە ھەروەک ھاوپشتی ھەمیشەییمان بۆ کرێکارانی مانگرتوو، ڕادەگەیێنین و خوازیاری بەرەیەکی سەربەخۆ و یەکگرتووی جەماوەریین لە سەرتاسەری عیراق و ناوچەکە و جیھاندا دژ بە جەنگ و لەشکرکێشییەک کە حکومەتی نێوەندی عیراق خەریکە لە ماوەی چەند مانگ و چەن ڕۆژی ڕابوردوودا بەرامبەر جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیو بەرپایدەکات.

ھەروەھا ئێمە، ئاوا کە خوازیاری ھاوپشتی جیھانی گشت ئازادیخوازانی جیھانین بۆ خەباتی ڕەوا و سەربەخۆی جەماوەریی شارەکانی عیراق، ھەر ئاواش خوازیاری ئەوەین، کە جەماوەری ناڕازی لەو شارانە و سەرتاسەری عێراقدا بە ھەموو شێوەیەک بەر بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە [ئێران ، سعودیە، تورکیە، قەتەر و ئێران] و قۆستنەوەی ھەلی جەنگی میلیشیایی و خیڵەکی و پارتایەتی و ڕامیاریی و دەوڵەتی لەلایەن ھێزە بەکرێگیراوەکانی وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزە داگیرکەرەکان و ھێزە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشووی عیراقەوە بگرن و نەھێڵن کە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی لە عیراقدا بە دەردی خەباتی دوو ساڵەی ڕاپەڕیوانی سوریە ببرێت و بکرێتە بازارێک بۆ بازرگانی چەک و پێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی داگیرکەران.

سەرکەوتووبێت خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی.
نا بۆ جەنگ و کینەدۆزی خێڵەکی و مەزھەبی.
نا بۆ دەوڵەت و سەرمایەداری.
بەڵێ بۆ خۆبەرێوەبەرایەتی سەربەخۆی کۆمەڵایەتی.
 


سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان
٣٠\٤\٢٠١٣
anarkistan@activist.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک