په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٦

ئاڵانی کورد و ئەندێشە تاریکەکان!

 

پایزە ئەحمەد      


با واز لە دەسەڵاتی خۆمان بهێنین چونکە ئەوان کە لە خەمی خەڵکدا نەبن و نەتوانن مووچەی مانگانەی خەڵک بدەن و سادەترین خزمەتگوزاریی دابین بکەن ئەوە هەر قسەیەک بکەن لەسەر ئەو مەسەلەیە وەک بڵقی سەر ئاوە.

ئەگەر یەک رۆژ پێش بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتێرەی گۆڤاری (چارلی ئێبدۆ) بمانگوتبا ئەو گۆڤارەش لە خزمەتی سیستەمی فەرەنسایە و ئاگری شەڕی نێوان رێسیستەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسلامییە توندڕەو و کۆنەپەرستەکان خۆش دەکا ئەوە بە سەدان کوردی ساویلکەی خۆمان لە نەتەوەپەرست و لیبرالی و بە ناو چەپ لێمان راست دەبوونەوە و دەیانگوت ''تۆ بۆ خۆت لە ئەوروپا لێی دانیشتووی و قسەی گەورە دەکەی، ئێمەی کورد پێویستمان بە فەرەنسا و هەموو ئەوروپا هەیە، هەر ئەوانن ئەگەر یارمەتییمان بدەن بۆ دەمەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان...''!
 


کەچی لەو رۆژنە چارلی ئێبدۆ بە شێوەیەکی دوور لە رەوشتی مرۆڤایەتی و بێ ئەوەی مافی مرۆڤ و ژیانی پڕ لە چەرمەسەری ئەو هەموو ئاوارانەی رۆژهەڵات و ئەفەریقا کە کوردانیش بەشێکن لێیان لەبەرچاو بگرێ بە بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتێرە کوردی داغ کرد و هەستی هەموو کەسێکی مرۆڤدۆستی لەژێر پێی خۆی نا.

ئەوە راستییەکی تێدا هەیە کە چارلی ئێبدۆ لەو کاریکاتێرەی دەریدەخات کە پیاوەکانی لای خۆمان کە دەگەنە ئەوروپا راوی ژنان دەکەن و دەستدرێژیی سێکسییان دەکەنەسەر، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەو پیاوانە وا بن و لە هەموو جێگایەک مرۆڤی چاک و خراپ هەیە، دوایش چەند بێ ویژدانانەیە گوللە بە تاریکیەوە دەنێن و ساوایەکی وەک ئاڵانی کورد دووبارە دەکەنەوە قوربانی، بە حیساب ئەوان مۆدێرنن کەچی وەک فاڵگرەوە چارەنووسی ئاڵانی مردوو دیاری دەکەن و دەیکەن بە راوکەری سێکسیی.

راستییەکەی ئەوەیە ئەوان دەیانەوێ خۆیان لەوە لابدەن کە هۆیە هەرە کاریگەرەکانی ئاوارەبوونی ئەو خەڵکە لە ئەنجامی داگیرکارییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی وەک فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هەڵگیرساندنی جەنگ و کاولکردنی وڵاتە هەژارەکانی لای خۆمانە لە لایەن ئەوانەوە، ئەگەر ئەوان راست دەکەن با بێلایەنانە کاریکاتێری پیاوە دڕندەکانی لای خۆمان بکێشن کە دەستدرێژیی دەکەنە سەر ژنانی ئەوروپا و لە هەمان کاتیشدا کاریکاتێری سوپایە دڕندەکانی ئەمەریکا و ئەورپاش بکێشن کە تەڕ و وشکی وڵاتانی لای خۆمان بە یەکەوە دەسووتێنن و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسییش دەکەنە سەر ژنان، بەڵام ئەوانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو میدیایەن کە دەسەڵاتدارە رەگەزپەرستەکانی ئەورپا بەکاریاندەهێنن و شەڕی نێوان دینەکان و نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای پێ هەڵدەگیرسێنن.

خەمەکە ئەوەیە کە ئەو میللەتەی خۆمان لەبەر ئەوەی لە زۆر بوار هەژار و داماوین بە چیلکە دارێک ئاگر دەگرێ و بە فووێکیش دەکوژێتەوە، دوێنێ زۆربەی کورد دەیانگوت ''هەموومان چارلی ئێبدۆین'' ئێستاش دەڵێن ''چارلی ئیبدۆ دژی کورد و مافی مرۆڤە''! باوکی ئالانیش مافی خۆیەتی کە قسە لەسەر ئەو کاریکاتێرە دژە مرۆڤییە بکا بەڵام زۆر نابەجێ بوو پێشتر لەگەڵ داگیرکەری کوردستان (داود ئۆغلوو)ی فاشیست دانیشتبوو. هەر ئەو نەزانییەشمانە کە تا ئێستا بە ژێردەستەیی و پارچەپارچەکراوی ماوینەوە.

 

١٧\١\٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی پایزه‌ ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک