په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٠

ئاڵۆزیی نووسین.


فەرەیدوون سامان


لە دیمانەیەکدا لە فرانسوا ساگانیان پرسی: چ شتێ فێربووی لەو وتارە رەخنەییانەی کە لەسەر رۆمانەکەت (ئەی خەم بەیانی باش) نووسراوە، لەوەرامدا دەڵێ: ھەرگیز ھیچ شتێ فێر نەبووم ، ئەوان لەشتێک دەدوێن کە مەبەستی من نەبووە ، بەر لەسەدەیەک لای نووسەرانی رۆژاوا مۆدیلی نووسینی ئاڵۆزو تەمومژ سەریھەڵدا، کە تارادەیەک ئاڵۆزیی لە نووسیندا ببووە ئامانجێک لای ئەو نووسەرانەی کە بەدوای کورتترین رێگا دەگەڕان بۆ خۆناساندن و شۆرەت پەیداکردن، چونکە ئەوانە پێیان وابوو ئاشکراو روونیی لە نووسینی دەقی ئەدەبی وەک شیعر و چیرۆک و وتار و لێکۆڵینەوەی رەخنەیی واتە پێنەگەیشتنی ھزریی و ھونەریی و ئەفراندنی نووسەرەکە.

 

ھەڵبەت ئەمە بەر لەسەدەیەک تا نیو سەدە لەرۆژاوا باو و مۆدێلی نووسین بوو، وەلێ لای خۆمان ھەندێ لەنووسەرانی کورد بۆ ئەوەی بیسەڵمێنن کە دەقەکانیان گەیشتۆتە ئاستێکی باڵاو جیھانیی، بۆیەش پەنایان بردۆتە بەرئەو ستایلە لە ئاڵۆزیی نووسین و بڕینی تخوبەکانی زمان و یاساکانی ، (ئیگۆر براون) دەڵێ : ئەگەر ئەدەب و ھونەر لە یەک سەرچاوەی مەعریفیدا ھەڵبقوڵێن و ئەوا ئەو ھونەرمەندەی مەبەستە تایبەتیەکەی خۆی نەزانێ ھەر تەنێ کار بۆ دیوی دەرەوە و رواڵەت بکات، ئەگەر بشزانێ و نەتوانێ گوزارشتی لێ بکات ، ئەوا بێگومان بێتوانایی ئەو ھونەرمەندە نیشان دەدات ، ئەم بۆچوونە لەسەر دەقی ئەدەبیشدا جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەو نووسەرانەی کە مەبەستەکانی نووسینی خۆیان نازانن بە سانایی بە خوێنەرانی بگەیەنن ، ئەگەر بشزانن ئەوا ناتوانن گوزارشتی لێ بکەن، ئەوا بێتوانایی ئەوان نیشاندەدات.

 

ھەندێ لە رەخنەگران لێکۆڵینەوەکانیان بە چنینێکی زمانەوانی ئاڵۆز بەرھەم دەھێنن، ئەویش لە ئاکامی بەگەڕخستنی ھەندێ وشە و زاراوەی نامۆ تەنانەت گواستنەوە و بەکارھێنانی ھەندی رستەی نامۆ، کە نووسەرەکە ھەندێجار بۆ خۆیشی تێی ناگات، لێرەدا بە مەبەستی ھاوچەرخێتی و نوێخوازیی ئاڵۆزی لە نووسیندا دەبێتە ئامانجی سەرەکی ئەو جۆرە نووسەرانە، زۆرجاریش لەخشتەبردنی خوێنەرانی کەم ئەزموون و نەشارەزا لە زمانە بیانییەکان، باشە سروشتی رۆحی سەردەم چ پەیوەندییەکی بە بەکارھێنانی وشە و زاراواوەو رستەی نامۆ ھەیە، راستە ئێمە دژی سادە و ساکارین لە داڕشتنی ھەر دەقێکی ئەدەبیدا بە تایبەتیش نووسینە رەخنەییەکان، چونکە لەبنەڕەتدا بەرھەمھێنانی زمانی دەقی ئەدەبی بەرھەم ھێنانێکی ھونەری باڵایە و جیاوازە لەگەڵ ئەو زمانە باوەی قسەی پێدەکرێت.

 

من ھەمووجار ئەو نوکتەیە بۆ ھاورێیانم دەگێرمەوە کە تێگەیشتن لە دەقێکی بیانی کە بە زمانێکی بیانی وەک فارسی و عەرەبی بۆ من زۆر ساناترە لەو دەقانەی کە ھەندێ نووسەر وەک سەرچاوە بەکاری دەھێنن، بەڵام ئەفسووس ناکارن بەراشکاوی واتا و مەبەستەکانی نووسەرە ئەسلییەکە بە خوێنەران بگەیەنن.

 

 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدون سامان