په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٨

ئاسفالت: پڕۆژەیەک بۆ یارمەتیدانی لانەوازان.

ئیسماعیل تەنیا     


ئاسفالت، وەک دەزگایەکی خێرخوازی، لەسەر پێشنیاری خەڵکێکی بێکارو لانەوازو ئالوودە بە ماددە هۆشبەرەکان، بە پشتگیری کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی پڕۆفیشیناڵی مرۆڤ دۆست و دەزگای خێرخوازی (دیاکۆنی) ئەڵمانی، لە دێسێمبەری ساڵی ١٩٩٣ ، لە شاری هانۆڤەری ویلایەتی (نیدەرزاکسن)ی ئەڵمانیادا، دامەزراوە. ئەم دەزگایە، گۆڤارێکی مانگانە، بەناوی ئاسفالت، بە تیراژی (٢٧) بیست و حەوت هەزار دانە، لەژێر دروشمی: (بۆ پشتگیری لە کارەکەماندا، هاریکاریمان بکەن)، دەردەکەن، کە یەکەم ژمارەی لە سێپتێمبەری ١٩٩٤ دا، دەرچووە. نۆ ڕۆژنامەنووسی ئەکادیمی بە بەردەوامی کە دوانیان تەواوی ڕۆژو، حەوتی تریان چەند کاتژمێرێک لە ڕۆژێکدا، خۆبەخشانە کاری تێدا دەکەن. بابەتەکانی گۆڤارەکە بریتین لە: کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کێشەی بێکارو لانەوازو خەڵکی سەر شەقامەکان، ڕێپۆرتاژ، دیمانە لەگەڵ خەڵکی مرۆڤدۆست و خاوەن پێگەی سیاسی و ئیداری... ئەو کەسانەی کە بۆ ئەم گۆڤارە دەنووسن، خێرخوازن، بێ پاداشت و بەرامبەر، بابەتەکانیان، بڵاو دەکەنەوە. بارەگاو بنکەی سەرەکی لە شاری (هانۆڤەر)ە. بە ڕۆژنامەو گۆڤاری سەر شەقامیش ناوی دەرکردووە، چونکە: لە کتێبخانەو کیوسک و شوێنی ئاسایی فرۆشتنی گۆڤارو ڕۆژنامە، نافرۆشرێت، بەڵکو لەسەر شەقام و لەدەست دەفرۆشرێت.... دانەیەکی بە دوو ئۆیرۆ و بیست سەنتە، کە نیوەی پارەکە بۆ ئەو کەسە (فرۆشیارە)، بێکارو لانەوازەیە کە لەسەر شەقامەکاندا دەیفرۆشێت. نیوەکەی تریشی بۆ ئیدارەی گۆڤارەکەیە... ئیدارەی گۆڤارەکەش (بۆخۆیان نا)، بەڵکو بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی ڕێک و پێک، بەسەر ئەو کەسە هەژارانەدا دابەشی دەکات کە لای خۆیان ناونووس کراون، کە بەهەر هۆیەک بێت، توانای کارکردنیان نییە.


ئاسفالت، جگە لەناو شاری هانۆڤەر، لە چواردە شارو شارۆچکەی تری سەر بە هانۆڤەر، لە سەر شەقامەکاندا، دەفرۆشرێت... کەسانی فرۆشیار هەمە چەشنن. لە ڕەگەزی نێرو مێن. هەر لە سەیرکردنی روخساریانەوە، هەست بەوە دەکەیت کە ئەوانە مرۆڤی هەژار و خاوەن پێداویستی تایبەتن، پێویستیان بە یارمەتی و دەستگیرۆیی تۆ هەیە. ئەوەندە ڕوخۆش و دەم بەخەندەن، لەگەڵ دەستپێکی قسە کردن لەگەڵیاندا، هەست و سۆزت بۆیان دەجولێت و ناچار دەبیت دانەیەک لە گۆڤارەکەیان لێ بکڕیت...


ئەوان، ناسنامەیەکیان بە سینگەوەیە کە کورتە بییۆگرافییایەکی خۆیانی لە : ( ناو، ناسناو، ساڵی لەدایکبوون، ناوونیشان،.....)، تێدا نووسراوە. هێشتا تۆ داوای دانەیەکت لێ نەکردوون، ئەوان گۆڤارەکە پێناسە دەکەن، ئامانجی پڕۆژەکەت بۆ ڕوون دەکەنەوە... دوای ئەمە، لاپەڕەکانی گۆڤارەکە هەڵدەدەنەوەو کورتە باسێکی ناونیشانە بڵاوکراوەکانت بۆ شیدەکەنەوە. دانەیەکیان وەک نمایشکردن و بە خەڵک نیشاندان، بەدەستەوە گرتووە، سەفتەیەکی تریشیان لەناو جانتایەکی شان یان ڕەوڕەوە دار، لە تەنیشت خۆیانەوە، داناوە. هەشتا فرۆشیار، بە فرۆشتن و ساغکردنەوەی ئەم گۆڤارە، لە هانۆڤەرو شارۆچکەکانی دەوروبەری، هەڵدەستن. ئامانج لەم پڕۆژە خێرخوازییە، زۆرە، لەوانە:


- کار پێکردنی هەشتا کەسی بێکارو لانەوازو ئالوودەو دەستەبەرکردنی داهاتی ڕۆژانە بۆیان.


- بە خستنە کاریان، متمانە بەخۆیان بۆ دەگەڕێتەوە. هەست بەوە دەکەن، کە لە کۆمەڵگا دانەبڕاون و نەبوونەتە بار بەسەر شانی خەڵکی ترەوە.


نیوەی داهاتەکەی تری فرۆشتنی گۆڤارەکەش، دەبەخشرێتە ئەو کەسانە کە ماوەیەکی زۆرە بێکارن، یان جێگاو ڕێگایان نییەو شەوانە لە کوچەو کۆڵان و ژێر تارمەکاندا، ڕۆژ دەکەنەوە.


ئەم دیاردەیە( خەوتن لە سەر شەقامەکان)دا، لە سەنتەری شارە گەورەکانی ئەوروپادا، هەستی پێدەکرێت و بە بەردەوامی بوونیان هەیە. هەرچەندە پۆلیس و کارمەندە ئیدارییەکان، لێبڕاوانە هەوڵی بنبڕ کردنی دەدەن، بەڵام تا ئێستاکە نەیانتوانیوە بنبڕی بکەن. خۆزگە لای خۆشمان، ئەو دەزگاو ڕۆژنامەنووسانەی کە حەز بە یارمەتیدانی ئەم جۆرە خەڵکانە دەکەن، بیریان لە پڕۆژەیەکی وادا دەکردەوە. بەم کارەیان، بڕە داهاتێکیان بۆ بەشێک لەم خەڵکانە دابین دەکردو هەندێکی تریشیان دەخستنە سەر کارێک گەر دەستکەوتێکی واشیان دەست نەکەوێت، ئەوا لە ژیانی بێکاری و گۆشەگیرییان، دوور دەخستنەوە. وێرای هەموو ئەمانەش، هەست و سۆزو گیانی یارمەتیدان و مرۆڤدۆستیان، لای تاکەکانی کۆمەڵگا، دەمەزەرد، دەکردەوە...

 

هانۆڤەر

ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک