په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٤

كه‌مپه‌ينى چاو هه‌رچاوه‌ بۆ وەزارەتی تەندروستیی:

 

ئاڤاستینی قاچاغ و بەسەرچووی کۆمپانیاکان لە گیانی هاوڵاتییاندا تاقی مەکەنەوە!

 


لە رۆژی ٤/٣/٢٠١٤ بەڕێوەبەری کۆگای دەرمان لە هەولێر بە تەلەفۆن پەیوەندی دەکات بە بەشی کیمیاوی لە نەخۆشخانەی ڕزگاری و پێیان ڕادەگەیه‌نێت کە ئەو ئاڤاستینەی لە لایەن کۆمپانیایەکی دیاریکراوەوە هاوردەکراوە دەبێت سەرف بکرێت نەک ئەو ئاڤاستینەی کە لە کۆگای دەرمان لە هەولێردا هەیە و لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دابینکراوە. ئەو داواکارییەی بەڕێوەبەری کۆگای دەرمان لە هەولێر تەنها لەبەر ئەوە بووە کە ئەو ئاڤاستینەی کۆمپانیای ناوبراو هاوردەیکردووە و لەلایەن لیژنەی کڕینی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر کڕدراوە، مێژووی ئکسپایەرەکەی نزیکبۆتەوە و لەم مانگەدا (مانگی ٦) بەسەردەچێت.


ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو دەرزی ئاڤاستینەی لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بۆ کۆگای دەرمان لە هەولێر دابیندەکرێت و هەموو پشكنينێکی بۆ دەکرێت و مێژووی ئیکسپایەرەکەی مانگی ١٢/٢٠١٤یە، بەڵام ئەوەی لەڕێی کۆمپانیای ناوبراوەوە دابینکراوە هیچ فەحصێکی بۆ نەکراوە و ئیکسپایەرەکەی مانگی ٦/٢٠١٤یە، هاوپێچ لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندراوەدا وێنەی دەرزی ئاڤاستینی کڕدراو لە لایەن لیژنەی کڕینی دەرمان لە هەولێر کە مێژووی بەسەرچوونەکەی مانگی ٦ە و نووسراوی بەڕێوەبەری کۆگای دەرمان لە هەولێر کە داوای کڕینی ئاڤاستین دەکات لە کۆمپانیای ناوبراوەوە دەخەینە ڕوو.

ئێمە لە کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە بۆ دەیان جارە هۆشداری دەدەینە هەموو لایەک کە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی و بە تایبەتی وەزیری تەندروستیی دەستێکی ئەمین نین و تەندروستیی هاوڵاتیان لە ژێر سایەی ئەواندا لە مەترسیدایە، ئەم گومانەمان چەندينجار بە دۆکۆمێنت و بەڵگەوە سەلماندووە، بەداخەوە کایەی سیاسی کوردستان لە باتی ئەوەی بە جیددی بیرێک لە هێنانەکايه‌ی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە وەزارەتی تەندروستیی و سیستمی تەندروستى بكه‌نه‌وه‌، هەمان سیاسەت و هەمان دەستور لە ڕێی هەمان کاراکتەرەکانی جارانەوە جێبەجێدەکات و چاوەڕوانی ئەوەشە کە بە قودرەتی قادر گۆڕانکاری دروست بێت.


لێرەوە جارێکی تر بە بەڵگەوە دەیسه‌لمێنین کە وەزارەتی تەندروستیی هیچ دەرسێکی لە کوێرکردنی هاونیشتیمانیان وەرنەگرتووە و هەمان ڕەفتارەکانی جاران دووبارە دەکاتەوە و بۆته‌ نوێنەری کۆمپانیاکانی دەرمان و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی بازرگانەکانی دەرمان لە ناو دەزگا تەندروستییەکاندا، ئەوەی بەرپرسەکانی وەزارەتی تەندروستیی دیسانەوە لە پەیوەست بە ئاڤاستینەوە دەیکەن، یاری کردنە بە ئاگر و ڕەچەتەیەکە بۆ دیسانەوە کوێرکردنی هاوڵاتیان، ئەمە کتومت ئەو وتەیە دەخاتەوە یادمان کە دەڵێت، گێلێتی ئەوەیە کە هەمان شت بکەیته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌ و چاوەڕوانی دەرئەنجامێکی جیاوازو باشتر بیت.

بۆ پەیوەندیی:
- رەنجدەر  - ranjdargrawy@yahoo.com
٠٠٣٢٤٦٦٠٨٢٦٩٨
- فەرمان چیمەن - fxelany@yahoo.com
٠٠٣٢٤٩٧٩٣٦٠٢٣
- د. گۆران عەبدوڵا - goransbr@yahoo.com
٠٤٤٧٥٨٤٨٦٧٦٢٣

 

کەمپەینی چاو ھەرچاوە
٢٤\٦\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک