٢٤\١٢\٢٠١٠
ئاخر بۆچى سەرۆک؟!
گۆران دوکانى
ئیمزاکردنى یاساى خۆپیشاندان ئەو ڕاستیەمان نیشان دەدات کەسەرۆکى هەرێم
نەحیسابى بۆڕاى شەقام کردو نەبۆدەنگەجیاوازەکانى دەرەوەى بازنەى
بەرژەوەندیەکانى دووحیزبى دەسەڵات، هەروەها جارێکیدى سەرۆکى هەرێم ئەو
ڕاستیەى سەلماند کە سەرۆکی گشت چین و توێژو بۆچونە جیاوازەکان نیە،
بۆسەلماندنى ئەم ڕاستیەش جودالەوەى کە نزیکەى مانگێکە نوسەرو ڕۆشنبیرو
لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى داوا لەسەرۆکى
هەرێم دەکەن کەیاسای خۆپیشاندان ئیمزانەکات، هەروەها دواى ئیمزاکەى
سەرۆکیش دەبینین ناڕەزایەکان بەرفراوانتربوون و گشت چینوتوێژەکانى
هەرێمى گرتەوە بەوەى کە ڕۆژانە خەڵکى لەشارو شارۆچکەکاندا دژبەئیمزاکەى
سەرۆک دەڕژێنە سەرشەقامەکان.
جێگەى تێڕامانە ئەو (ئازادى و دیموکراسیە)ى کە سەدانجار لەزارى خودى
سەرۆکى هەرێمەوە گوێبیستى بوین و هاوکات لەمێدیاکانى حیزبەکەى سەرۆکەوە
پێمان فرۆشراوەتەوە، کەچى ئەمڕۆ هەرسەرۆک خۆی دێت و ئیمزا لەسەر
یاسایەک دەکات کەدژ بەو (دیموکراسی و ئازادی)ەیە کە پێشتر لەزارى
خۆیەوە گوێبیستى بوین!.
دواى یەک سەدە لەخەبات وقوربانیدانى گەلى کورد، دواى سەدان ململانێی
ئیقلیمى ونێودەوڵەتى، دواى بەفیڕۆدانى ئەو هەموو هەلە زێڕینەى
سەرکردایەتى سیاسی کورد، ئەمڕۆ تاکە کارتى فشار کەبەدەستى سەرکردایەتى
کوردو خیتابی سیاسی سەرزارى سەرۆکى هەرێمە، تەنهاو تەنها ئەو (ئازادى
ودیموکراسی)ەیە بەوهەموو کەمو کوڕیەوە کە هەر ڕۆژەو ڕێکخراوێکى
نێودەوڵەتى ئاوەژوى دەکاتەوە، کەچى سەرۆک هات و بەئیمزایەک لەسەر یاساى
خۆپیشاندان ئەو ئازادى و دیموکراسیەى ئەوەندەیتر بەرتەسکتر کردەوە!.
ئاخر جەنابی سەرۆک منیش بەو سوێندەت سوێند دەخۆم کەلەناو هۆڵى
پەڕلەمانداو لەپەخشێکى ڕاستەوخۆى تەلەفزیۆنەکانداو لەبەرچاوى هەموو
تاکێکى ئەم هەرێمەدا خواردت کەبەرگرى لەئازادى ومافەکانى خەڵک بکەیت،
بەڵام ئیمزاکەت جگەلەوەى بەرتەسککردنەوەى ئەو ئازادیەیە کەسوێندت
پێخوارد، زوڵمکردنە نەک بەتەنها لەدەنگى ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیران و
ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى هەرێمەکەت، بەڵکو زوڵمکردنە لەو دەنگانەش
کەدران بەتۆو هەموو ئەو دەنگانەش کەدران بەو ئەندام پەڕلەمانانەى
حیزبەکەى خۆت کەئەمڕۆ لە پەڕلەماندان و یاسایەکى لەوجۆرە پەسەند دەکەن!.
ئاخرسەرۆک سوێندبێت بەو سوێندەى تۆخواردت، یاسایەک بڵێت:((پێویستە
کەتوڕەبویت ئیزن بۆو توڕەبونەت وەربگریت ئینجا مافى ئەوەت هەبێت
بڕژێیتە سەرشەقام!)) ئەم یاسایە قابیلى قبوڵکردن نیەو گوناهێکى گەورەیە
بەگەورەترین فلتەردا ،کە پەڕلەمانەو پاشان بەسەرئەو هەموو ڕاوێژکارەو
دواجاربەسەر خۆشتا تێپەڕێت سەرۆک!.
سوێند دەخۆم سەرۆک ڕەتکردنەوەى یاساکە بە ئیمزا لەسەرنەکردنى، جودا
لەوەى هەڵوێستێکى جوانترو ڕاستەقینەى جەنابتانى لاى ئەو بەشەى خەڵکى
هەرێمەکەت نیشان دەدا کە ڕاوبۆچونیان جیاوازە لەگەڵ ڕاوبۆچونى
جەنابتاندا، هاوکات بەرگێکى جوانترت بەبەرى دیموکراسی و ئازادی ئەم
هەرێمەدا دەکرد لەبەرچاوى ناوخۆ و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا.
سوێدبێت بەو سوێندەى تۆ خواردت سەرۆک، ئەوانەى ئەمڕۆ دژى ئیمزاکەى تۆن،
خەڵکى هەژارو چینى زەحمەتکێش و ڕۆشنبیرو توێژە ڕاستەقینەکانى
ئەوهەرێمەن کەتۆسەرۆکایەتى دەکەیت و هیچیان لەمۆزنبیق و هایتیەوە
نەهاتون وخەڵکى هەرێمەکەى خۆتن، هیچیشیان دژبەو ئەزمونەنین کەجەنابتان
بەسەدانجار باستان لێوەکردوە و تاکە کەسێکیش کەدژى ئیمزاکەى تۆیە دەستى
وڵاتانى دوژمن وبەرودراوسێی لەپشت نیە، بۆیە ئیدى کاتى ئەوەهاتوە
جەنابیشت چیدى تەنیا بەچاویلکەى کەسانى دەوروبەرت نەڕوانیتە پرسە
هەستیارەکانى کۆمەڵگاکەت.
جەنابى سەرۆک جودا لەهەموو ئەمانە لەماوەى تەنها نزیکەى دە ڕۆژدا
زۆرشتى چاوەڕوان نەکراو لەلایەن خۆت وحیزبەکەتەوە ڕویاندا کە بەڕاستى
جێگەى خۆیەتى ئێمەش لەتۆ بپرسین ئەم فەزیحەگەلە بۆ؟، بۆچى بێدەنگن
جەنابى سەرۆک؟
* جەنابتان ئیمزاتان لەسەر یاسایەک کرد
کەدژ بەئیرادەى خەڵکى هەرێم وبەرتەسککردنەوەى ئازادیەکانە.
* ئەندامانى حیزبەکەت لەپەڕلەمانى عێراق
(کەزۆرینەى لیستى ئیئتلافى فراکسیۆنە کوردستانیەکانن) دەنگیان
بەلێخۆشبونى بەعسیەکاندا، کەلەناویاندا کەسانى وەک (ساڵح موتڵەگ و
جەمال کەربولى و زافرعانى) شمولى ئەو لێخۆشبونە دەکەن!.
* لەدوتوێى بڵاوکردنەوەى بەڵگەنامە
نهێنیەکانى ئەمریکا لەڕێگەى ماڵپەڕى ویکیلیِکسەوە سازشى ئێوەمان لەسەر
کەرکوک بەرچاو کەوت.
* دەنگۆى رێکهوتنێکی ترسناکى جەنابتان
لەگەڵ نورى مالکیدا لەمێدیاکاندا خوێندەوە کەدژبە ویستى جەماوەرو
بەرژەوەندیەکانى هەرێمە.
* لەهەموشى سەمەرەتر ئەوەیە کۆنگرەى
حیزبەکەتان لێوان لێوکرد لەعەگال بەسەرو بانگێشتى ئەوموتڵەگ
ونوجەیفیەتان کرد کەلەهەڵمەتی هەڵبژاردنداو لەڕێگەى مێدیاکانى حیزبەکەی
خۆتانەوە بەموجریمترین مرۆڤى سەردەمتان بۆ ئێمە پێناسەدەکردن، بەڵام
ئەمڕۆ لەهەناوى کۆنگرەداو نزیکترین مرۆڤ لەجەنابتانەوە دەیانبینین!،
ئەو نوجەیفیەى کە لەکۆنگرەى حیزبەکەتاندا شەرەفى خوێندنەوەى وتارتان
پێدا ، وەلێ لە سەرەتا تا کۆتاى وتارێکى دورودرێژدا بۆتەنها یەکجار
ووشەى کوردستانى بەزاردا نەهات!!
دواجار ئێمەش حەقى خۆمانە لەپاى ئەو هەموو فەزیحەیەدا کە لەو ماوە
کورتەدا روودەدەن بە تەنها پرسیارێکى سادە لە جەنابتان بکەین و بڵێین
ئاخر بۆچى سەرۆک؟!
ماڵپهڕی گۆران دوکانی
|