په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٧

ئایا ئابووریی و حوکمی لیبراڵ کۆمەک بە بارودۆخی کوردستان دەکا؟


زاھیر باھیر      

 

ئەوەی ئاشکرایە ئابوورییناسان، ڕۆشبیران و سیاسییەکانی کوردستان بە پێچەوانەی شەپۆلەکەوە مەلەدەکەن. ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیھانا بە تایبەت ئەوروپادا بزوتنەوەیەک لە ئارادایە ، گەرچی ناتوانیین ناوی بزوتنەوەی سۆشیالیستی لێبنێین، بەڵام دەتوانیین ناوی بزوتنەوەی دژە سیاسەتی دەستگرتنەوەی (تەققەشوف) لێنبێین، کە بەرھەم و ڕێڕەوی سیاسەتی حکومەت و ئابوریی نیو-لیبراڵە . ئەوە تەنھا لە ھەندێک وڵاتانی عەرەبی و کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەدایە کە دەقاو دەق پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە دەبینین، کە ئەویش دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە بۆ چەسپاندنی ئابووریی نیو-لیبراڵ.


ئەوەندەی من بە ئاگا بم حوکمی لیبراڵ و ئابورییەکەی کۆمەک و یارمەتی بە ھیچ وڵاتێک نەکردووە، نەک ھەر ئەوە بەڵکو ھێنەری نەگبەتی و بەتاڵەیی و گرانی و سیاسەتی دەسستگرتنەوە ( تەقەشوف) بووە لەو شوێنەی کە تیایدا بەڕێکراوە.


ئەوانەشی کە دەیانەوێت ھەمان شیوازی حوکم و کۆمەڵ لە کوردستان کۆپی بکەن ، ئیدی گۆڕان بێت یا ھەر لایەنێکی دیکە بێت لە دوو حاڵەتەوەیە . یەکێکیان کە بێ ئاگاییە لەوەی کە ئەم بەرنامەیە چی بەسەر ئەو نەتەوە و وڵاتانەدا ھێناوە کە تیایدا جێبەجێکراوە ، یاخود شارەزایی تەواویان ھەیە و کەچی لەتەک ئەوەشدا ھەر پێداگریی لەسەر دەکەن، کە ئەمەش بێ ھیچ مەرج و بەندێک کارەکەیان دەخاتە خانەی تاوانکارییەوە و خۆشیان دەخاتە ڕیزی تاوانبارانەوە.


ئەو کەسانەی کە لایەنگر و داکۆکیکەرن لەسەر دروستکردنی حوکمی لیبراڵ و ئابوریی لیبراڵ ، ھاوکاتیش بە ئاگان لە دانانی کارایی و ھەژموونی ئەو سیاسەتە لەسەر خەڵکی، بێ بەزەییترین کەس و دوژمنترین کەسن بە خەڵکانی ھەژار و نەدارای کوردستان ، ئیتر ئەم کەسانە پێگە و پلە و پایەی حیزبی و حکومیی و کەسایەتییان ، ھەرچییەک بێت.


ئەو ئابورییەی کە ئێستا لە کوردستانا خەڵکی لە سایەیدا دەژی و دەناڵێنێ بەڕێکردنی تەنھا بەرایی سیاسەتی ئابوریی لیبراڵە، بەڵام لە شێوەی ڕاو و ڕووت و دزییەکی ئاشکرای یاسایی نەکراودا . لە کاتێکدا حوکمی لیبراڵ و ئابووریی نیو-لیبراڵ ، بە تەواوی دەچەسپێ، ئەو کاتە بارودۆخی خەڵکی لە کوردستانا، خراپتر دەبێت.


ئەو حوکم و ئابورییەی کە' گۆڕان ' و نەوشیروان موستەفا پێش مردنی، پێیان لەسەر دادەگرت و شەڕیشیان لەتەک یەکێتی و پارتیشدا، لەسەری دەکرد ، شتێک نەبوو و نییە جگە لە بە یاساییکردنی گەندەڵی و دزی و ڕاوو و ڕوتەکان، ھەر وەکو چۆن لە وڵاتانی پەیڕەوکەرانی ئەو سیاسەتەدا ھەیە، بە دیاریکراویش بریتانیا.


بریتانیا کە دایکی سیستەمی پەڕلەمانی دونیایە و خاوەنی شۆڕشی پیشەسازیی چەند چەرخێک پێش ئێستایە و حکومەتی مەدەنیی و ئابوریی نیولیبراڵ بەرنامەیەتی و پێنجەم وڵاتی دونیاشە لە دەوڵەمەندییدا،لەبەڕێکردنی ئەوەی کە لە کوردستانا داخوازی بۆ دەکرێت، وەکو نمونەیەکی زیندوو دەھێنمەوە.


بۆ ئەمەش من ھەر زۆر بە کورتی کەمێک لە ڕاستییەکان بە ئامارەوە دەخەمە بەردەستی خوێنەری کورد. دەڵێم ھەر زۆر زۆر بە کورتی چونکە حوکمی لیبراڵ و ئابووریی لیبراڵ سەدەھا کتێبی لەسەر نوسراوە و ھێشتا سەدەھای دیکەش بەڕێوەیە.


من لێرەدا ھەر ڕاستییەکان دەخەمە پێشچاو و پرسیار دەکەم، ئیتر با خوێنەر خۆی بڕیاری خۆی بدات . ئایا تۆ دەتەوێت ئابوورییەک لە کوردستانا لەسەر نموونەکەی بریتانیا بەڕێبکرێت کە زیاتر لە ٣ ملیۆن منداڵ بە ھەژاری ژیان دەبەنە سەر؟!! ٦٠٠ ھەزار کەس لەسەر بەخشینەوەی خواردن دەژین؟!! لە سەرو ١ ملیۆن کرێکارەوە لەگەڵ خاوەنکارەکانیانا زیڕۆ ( سفر) گرێبەستیان ھەیە؟!! واتە خاوەنکار ھەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت دەریان بکات و ھیچ ماف و بەرتەرەیەکیشی نییە ، ئەمڕۆ کاری ھەیە بەڵام بەیانی مسۆگەر نییە. زیاتر لە ٦ ملیۆن کرێکار کرێی سەر کاریان لە خوار بڕی لانی کەمی کرێوەیە؟!! ڕێژەی خەڵکانی کە لەسەر جادە دەژین یاخود لە خانووی زۆر خراپدا دەژێن لە ساڵی ٢٠١٠ وە تاکو پارەکە، ٢٠١٦ ، بە ڕێژەی لە سەدا ٣٨ چووەتە سەرەوە؟!! ھاوکاتیش لە سەدا ٤٠ ی موچە لە لەندەنا دەچێت بۆ کرێی خانوو.


دەتەوێت لە ژێر سیستەمەێکدا بژیت کە ھەموو ھەفتەیەک ٢ ئافرەت دەکوژرێت؟!! ١٣٨ ھەزار ئافرەتی تر ساڵانە بەھۆی فشاری لێدان و بریندارکرن و سوکایەتی پێکردنیانەوە لە دەست مێردەکانیان یاخود ھاوجووتەکانیان ڕادەکەن و پەنا بۆ پەناگاکان دەبەن؟!! ١٤ ملیۆن کامیرای چاودێریکردن بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٥ ، -کە ئەو ژمارەیە لە ئێستادا سەرکەوتووە بە ھۆی ھەبوونی مەترسی تیرۆریستەوە- ھەیە، کە ھەر کەمتر لە ٥ کەسمان کامیرایەکمان بەردەکەوێت؟!! ئەمە جگە لە کامیراکانی شۆپینگ سێنتەرەکان و نێو دووکانەکان.. دەتەوێت کە کرێکاران بۆ ئەوەی کە نقابەیەک دروست بکەن دەبێت بە گوێرەی چەند بەند و مەرجێک بێنەوە؟!! ... مافی ھاریکاریی و ھاوکاریی ھاوەڵە کرێکارەکانی دیکەیان لە کۆمەکی پارە کۆکردنەوە و بەشدارییکردنیان لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانیانا... نەبێت؟!! دەتەوێت سیستەمێک دروست بێت ڕۆڵی لە مردنی ملیۆن خەڵکدا ھەبێت؟!! ژمارەی ئەوانە کە بە تەنھا لە وێڵس و ئینگلەندا بە نەخۆشی لەبیرچونەوە دەمرن ٥٩،١٩٩ کەسە ،ھەروەھا مردن بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ساڵانە ١٤٣،٦٣٨ کەسە؟!! لە سای ئابورییەکدا بژیت کە ژمارەی ئەوانە کە لە زۆر ھەژاریدا دەژین بەم زوانە ژمارەیان دەگاتە ١٧،٧ ملیۆن کەس؟!! بەگوێرەی لیستی جێگا پلەی بریتانیا لە ڕیزبەندی وڵاتانی دیکە لە بارودۆخی کرێکارانا ، بریتانیا لە خانەی ١٠٣ دایە دوای ئەو ڤێنزویلا دێت کە لە خانەی ١٠٤ دایە گەزەو زیفەی خۆرئاوای فەلەستین ، لە خانەی ١٠٥ دان ....


جەوھەری سیاسەتی ئابوریی لیبراڵ گردکردنەوەی زیاتری پارەیە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکان و بانقەکان و دەستەی دەستەبفژێرەوە.


پایەکانی حکومەت و ئابووری لیبراڵیش : حکومەت و خەڵکی کە بەکاربەرن لەگەڵ کۆمپانیاکانا. کە حکومەت دەست لە سەرفکردنی پارە لە ھەموو بوارەکانی وەکو بیمە و خزمەتگوزاریی دەگرێتەوە ، ئیتر خەڵکیش دەست بەوەی کە ھەیانە ، واتە سەرفکردنەوە دەگرنەوە ، کە ئەمەش ڕوویدا، ئەو کاتەش کۆمپانیاکان دەست بە سەرمایەگوزاریی یاخود خستنەگەڕی سەرمایەوە دەگرن ، لێرەشەوە خەڵکانی زیاتر بەتاڵە دەبن و کرێ دەشکێ و نرخ بەرزدەبێتەوە. بەم شێوەیە ئەم سوڕە بەردەوام دەبێت و ھەژاریی و نەبوونی خەڵکیش لە برەودا.

 

١٣\٦\٢٠١٧ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک