په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١١

ئایا پەرلەمانی کوردستان دەتوانێ سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکا؟؟؟


عەلی مەحمود محەمەد

 

هەرچەندە من ئێستا خەریکی ئەم نووسینەم ،باوەڕم وایە پارلەمانی کوردستان و ئەندامەکانی بەشی زۆریان ئاگایان لە بەیاننامەکەی خۆیان سەبارەت بە هێرش و پەلاماەکانی ئێران و تورکیا هەر نەماوە کە چ بەڵێن و گفتێکیان بە خەڵکی کوردستان دابوو بەرامبەر بە پەلامارەکانی ئەم دوو وڵاتە ئەوا لە سکاڵا تۆمارکردنەکە هەر بگەڕێن ، گفتوگۆو کێشمە کێشەکانی ناو هۆڵە حەماسیەکەی پارلەمانیش تا ئەو کاتە بڕە کەن هەواڵیان لەسەر درووست دەکرێت و لە شاشەکانەوە قارەمانیەتیەکانی ئەفەندییە ناسکەکانی ناو هۆڵەکە نیشانە درێت .


لە بەر ئەوەی پەرلەمان دەزگایەکی تەشریعییە زمانحاڵی فەرمی گەلی دەنگدەرە ، بۆیە پێویستە لە بەیاننامە و داواکاریەکانیان تەواو ئاگادار بن بە موو لە یاسا لا نەدەن و ئاگاداری خاڵ بە خاڵی ئەو بڕیارو بەیاننامەنە بن دەری دەکەن ، پێویستە راوێژکار و پسپۆری بواری جۆراو جۆر جگە لەوەی ئەندامی بن هاوکات لە پارلەمان راوێژکار بن .


بەیاننامەی پارلەمان جگە لەوەی لە روی سیاسییەوە ویقاری تایبەتی خۆی هەیە ،لە رووی یاسایی و هاوسەنگی و پراتیکیشەوە پێویستە زۆر وردبین بێت و خوێندنەوەی هەمە لایەنە بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتەکان بکات .


بەرواری 25-8 ، لە دانیشتنی ژمارە 5 ی خۆیدا ، پارلەمانی کوردستان هەلوێستی خۆی لەسەر بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکان لە لایەن تورکیاوە پاش مشتومڕێکی زۆر و تۆمەتبارکردنی یەکتر راگەیاند ، لێرەدا ئەو بەشەی تایبەتە بە دادگا نێو دەوڵەتیەکان و سکاڵا تۆمارکردن لە سەر تورکیا من لەسەریان هەوڵوێستە دەکەم.


لە خاڵی سێیەمی بە یاننامەکەی پەرلەماندا هاتووە:


(3- داوا له‌ حکومه‌تى عیراقى فیدرال ده‌که‌ین، داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و دادگا نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان بکات، بۆ ئه‌وه‌ى بریارى گونجاو له‌ باره‌ى پێشێل کردنى سه‌روه‌رى خاکى هه‌رێمى کوردستانى عیراق له‌ لایه‌ن فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانى تورکیا وه‌ربگرن، که‌ بۆته‌ هۆى شه‌هیدبون و بریندارکردنى خه‌ڵکى بێ دیفاع) .
دەبوایا لێرەدا پارلەمان دادگا نێو دەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دیاری بکردایە ئەوانە کێن بۆ ئەوەی داواکاری و بەڵێنەکانی لە قسە بەرێتە دەر و بە پراتیکی بکات ، تاکە دادگا بتوانێت کار لە سەر دۆسیەی تاوانی عدوانی ئەوا وڵاتانە بکات بەرامبەر بە عێراق دادگای تاوانی نێو دەڵەتی ناسراو بە ئای سی سی یە، تا رادەیەکیش دادگای دادی نێو دەوڵەتی (ناسراو لای کورد بە مەحکەمەی لاهای)، لەبەر ئەوەی عێراق و تورکیا ئەندامی ئەو دادگایە نین (مەبەست لە ئای سی سی )یە ، ئەوا ئەو دادگایە ناتوانێت راستەوخۆ موداخەلە بکات تاکو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر نەدات و رەزا مەند نەبێت ،ئەنجومەنیش لە دوو حاڵەتدا موداخەلە دەکات ، یان تاوان و پێشێلکارییەکە گەورە بێت یاخود وڵاتی تۆمەتبار دژ بە رۆژئاوا بێت ،هەر سکاڵایەکی دی لە دەرەوەی ئەوەی ئاماژەم پێیان دا بچێتە بەر دەستیان (ئای سی سی )کە ئێستا هەزارانە ئەوا ئەرشیف دەکرێت .


ماوەیەک لە مەوپێش 65 ئەندامی پارلەمانی کوردستان، لە یەکێک لە هەرە کارە باشەکانی مێژووی پارلەماندا، داوایان کرد عیراق ببێتە ئەندامی ئەو دادگایە ،تاکە رێگا بۆ دوبارە نەبونەوەی ئەو سیناریۆیە لە تاوانی عدوان و کوشتنی خەڵکی سڤیلی کوردستان بە دەستی ئەو وڵاتانە هەروەها دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایدکردنی کورد بە ئەندام بوونی عیراقە لە دادگاکە ،ئەوە باشترین زەمانەتە بۆ دواڕۆژی نەتەوەکانمان ، تاکە قازانج کەریش لە ئەندامبوونی عێراق لە دادگاکە بە پلەی یەکەم کوردە ، من پێم وایە ئەم کەیسە بۆ کورد زۆر گرنگە بەڵام مخابن تا ئێستا کورد هیچ پاڵەپەستۆیەکی نەکردووە عێراق پەیوەست بێت بە دادگاکەوە ، کە تا هەنووکە 117 دەوڵەت پەیوەست بوونە پێوەی ، هەرچەندە بە پێچەوانەوە هەندێک جار باس لە رۆڵی نەگەتیفی وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەو بوارە دەکرێت .


لە خاڵی پێنجه‌می بەیانامەکەی پارلەماندا هاتووە:


(5- داوا ده‌که‌ین حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له ‌رێگه‌ى حکومه‌تى عیراقى فیدراڵه‌وه‌ سکاڵا دژ به‌ ده‌وڵه‌تى تورکیا له‌ دادگاى لاهاى نێوده‌وڵه‌تى تۆمار بکا.).


نازانم لێرە مەبەستی پارلەمان لە دادگای لاهای نێو دەوڵەتی کام لەو دوو دادگایەیە کە پێشتر ئاماژەم پێیان دا ، ئەگەر پارلەمان ناوی بە تەواوی نەزانێت ، ئەوا لە ئیختیساسی ئەو دادگایانە هەر سەری دەرناچێت،هەرچەندە دادگای لاهای زۆرترین جار لە ئەدەبی سیاسی کوردی ناوی هاتووە ، وە پارلەمانیش چەندین کەسی یاسایی زیرەکی تێدایە ، ئیتر نازانم چۆن ئەم ناوە بەم شێوەیە بەسەریانا گوزەری کرد،چوونکە شتێک نییە لە جیهان بەو ناوەوە .


هەرچی لە خاڵی شەشی بەیاننامەکەیە هاتووە:


(6- حکومه‌تى تورکیا به‌فه‌رمیی داواى لێبوردن له‌گه‌ل و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکات و قه‌ره‌بووى خێزان و خه‌ڵکه‌ زیان لێکه‌وتوه‌کان بکاته‌وه‌.)، ئەگەر هانا بۆ دادگایەکی نێو نەتەوەیی ببردرێت وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە ، ئەوا قەرەبوو و داوای لێبوردن بۆ دوای دادگاییەکەو تاوانبارکردنی تورکیا هەڵبگرترێت باشترە ، تورکیا 1،5 ملیۆن ئەرمەنی کوشتووە ، ئەرمەنییەکان بەو هێزە سیاسی و ئابورییە مەزنەی کە لە وڵاتە یەکگرتووەکان و جیهان هەیانە و هاوکات خاوەند دەوڵەتی خۆشیانن ، وێرای ئەو پشتیوانییە مەزنە جیهانییەی لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەکرێت ، ئەوجا تورکیا ئامادەی داوای لێبوردنکردن نییە لە ئەرمینیا ، ئەدی دەبێت چۆن بۆ کوردێکی بێکەس ئەو پەیامە جێ بە جێ بکات ؟؟؟؟؟، بۆیە ئەم داواکارییە ناعەمەلی و خەیاڵییە و دەربڕی نەناسینی عەقلییەتی ناسیۆنالستی خۆ بە گەورە زانی ناسیۆنالیزمی تورکە .


کەواتە تۆمار کردنی سکاڵا لە هەر دادگایەک کە بارەگاکەی لە سەر زەمینی شاری لاهای بێت لە تورکیا مومکین نییە، بە بێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ، ئەگەر ئەوە نەبێت با بە دوای ئەلتەرناتیفێکی دیدا بگەڕیین .

دادگاکانی نیشتمانی ئیسپانیا ئەلتەرناتیفە.


قانوونی ئیسپانی لەسەر بنچینەی باوەڕی دادپەروەری گشتگیر بنیاتنراوە،رێگا دەدات تاوانبارانی تاوانە ترسناکەکان (تاوانی نێو دەوڵەتی) کە لە وڵاتانی دیکە تاوانەکانیان ئەنجامدراون رابکێشرێنە بەردەم دادگاکانی ئیسپانیا ،کەواتە ئەمە ئەو شوێنەیە ئێمە بە دوایدا وێڵین بۆ تۆمارکردنی سکاڵا .


شەهیدکردنی ئەو 7 هاووڵاتیەی کە لە بەرواری 21-8-2011 لە لایەن فرۆکەکانی تورکیاوە شەهید کران و ئەوانی دیکە و کوشتنی ئاژەڵ و وێرانکردن قوتابخانە و نەخۆشخانە و بۆردومانکردنی شوێنی سڤیل نشینەکان ناوچەکە بە شێوەی عشوائی دەچێتە چوارچێوەی ئیختیساسی پەیماننامەی جنێفەوە بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە کاتی جەنگ . تورکیاو ئێران هەوڵیان نەداوە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و ماڵ و حاڵیان لە هەر زەرەرو زیانێک رەچاو بکەن ، لە کاتی تۆپباران و پەلامار بە فرۆکە و هێرشە زەمینییەکان .


دیارە ئەو وێنانەش کە نیشان دران (7شەهیدەکەی 21-8-2011ی ناوچەی پشدەر)پێویست بوو گەرماو گەرم بە ئامادە بوونی تیمە پشکێنەرەکانی بیانی و رێکخراوە مرۆڤ دۆستە جیهانیەکان پشکنینی وردیان لەسەر بکرابایە بۆ زانینی چەکی بەکار هاتوو و مەوقعیەتی تاوانەکە و هاوکات بۆ ئەوەی پشتراست بکرانایەتەوە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی ، بۆیە کەماسییە گەورەکە لێرەوە دەست پێدەکات بۆ سەلماندن و بەکارهێنانی وێنەکان وەک بەڵگەی هاشا هەڵنەگر لە دژی بکەرانی ، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردە خەن کە ئامانجی سەربازی لە دەڤەرەکە نییە بۆیە بەهانەکانی تورکیاو ئێران پووچن بۆ پەلامارەکانیان .


ئەوان تا هەنووکە جیاوازیان نەکردووە لە نێوان خەڵکی سڤیلی ناوچەکە و ئامانجە سەربازیەکان ، پەلامارەکانیان کوێرانەیە و هاووڵاتیان پارێزراو نەبوونە .
لە بەر ئەوەی حکوومەتی عێراق بەشێوەی ئسوڵی لێکۆڵینەوەی ئەنجام نەداوە ، تورکیاش بە بێ لێکۆڵینەوە تاوانەکەی رەتکردۆتەوە بۆیە ئاساییە ئەو دۆسیەیە ببردرێتە بەردەم دادگای نیشتمانی ئیسپانیا،بەهۆی سەربەخۆیی دادگاکان و گرنگی بەڵگەنامەکان شانسی بردنەوەی کەیسەکە زۆرە، تۆمەتباریش ئەو فرۆکەوانانە و ئەو ژەنەراڵانەن کە بڕیاری تۆپباران و بۆردومانەکەیان داوە،تۆمەتباران تاوانیان بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نیو نەتەوەیی ئەنجامداوە،ئەو تاوانانەش دەچنە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە .

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک