په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٦

ئایا ''سایکس بیکۆ''یەکی تر بەڕێوەیە یان کۆتایی ''سایکس بیکۆ'' بەڕێوەیە!

تاهیر حەسەن     


پەیمانی سایکس بیکۆ کە واژۆکەی بەپێی لێکدانەوە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە بۆ ١٦/٠٥/١٩١٦ یان ١٧/٠٥/١٩١٦، بەھەرحاڵ ڕەنگە ڕۆژێک پێش یان پاش زۆر لەئەسڵی ناوەڕۆک نەگۆڕێت.


دەکرێت بپرسین؛ئاخۆ تەنھا گەلی کورد زەرەر مەند بوو لەو ڕێکەوتن نامەیەدا کەدابەشکرا بەسەر چوار وڵاتی ناوچکەدا،یان گشت گەلانی ناوچەکە؟ ئاخۆ گەر براوەکانی جەنگی یەکەمی جیھان بەرژەوەندی گەلانیان لەبەرچاو بوایە دەکرا تائێستا جەنگ و مەینەتیەکان بەسەر گەلانی ژێر دەستەدا برەوی ھەبوایە؟ ئاخۆ گەر پاراستن و دەست بەسەردا گرتنی وڵاتانی ژێردەستەی ئیمپراتۆریەتی شکست خواردوی عوسمانی،بەبەشێک لەبەرژەەندیەکانی براوەی جەنگە کاولکاریەکەی جەنگی یەکەمی جیھان نەبوایە،بۆچی تائێستا ئامادە نەبوون ئەو دەوڵەتانە دەست ھەڵگرن لە سەپاندنی ھەیمەنەتیان بەسەر ئەو وڵاتانەدا؟


ئەو دابەش کردنەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوینی تێدا دابەش کرا لە پێش کۆتای عاتنی جەنگ و لەدوای کۆتای ھاتنی جەنگی یەکەمی جیھانی لەنێوان ساڵەکانی ١٩١٤ تا١٩١٨، ڕاستیەکمان پێ نیشان دەدەن،کە ئەویش،ژێردەستە کردن یان مانەوەی ئەو گەل و نەتەوانە لەژێر دەستی وڵاتانی زلھێزی داگیرکاردا،ئیتر ئەو زلھێزانە ڕۆژئاوای بن یان ڕۆژھەڵاتی ڕەنگە زۆر کێشە نەبن. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیاد لە پێنج سەد ساڵ تەمەنی دەسەڵاتدارێتی ھەبوە بەسەر ڕۆژھەڵات و بەشێکی کیشوەری ئەفریکاو و وڵاتانی بەڵکاندا. جەنگە بەردەوامەکانی قۆناغی دەرەبەگایەتی و سەردەمی جەنگە ئاینیەکانی مەسیحی و ئیسلامی،تەواوی چەندین سەدەیان داگیر کردبوو بەبێ وەستاندنەوە. بەملیۆنان مرۆڤ کراون بەخۆراکی ئەو جەنگانە،نەک تەنھا لەپێناو پاراستنی خودایەک کەجێگای گواسترابوە وە بۆ ئاسمان،بەڵکو لەپێناو ئەو چینەی دەسەڵاتی لەژێر دەست نابوو،یانی چینی ئەریستۆکرات و خانەدان و ئاغاو پاپاو خەلیفەکان.


کەواتە، دەکرێت پێش ھەر شیکردنەەیەک جێوشوێنی چین و توێژەکان بناسین،ئەگەرنا،دەکەوینە ھەڵەوە لەناسینی ھۆکاری بەرپاکردنی جەنگەکان.


تائێرە،ڕەنگە شتێکمان ووتبێت،ئێستا ئەرکی ئەم شرۆڤەیە،ڕێکەوتننامەوی سایکس بیکۆیە. ئەو ڕێکەوتن نامەی لەنێوان براوەکانی جەنگی یەکەمی جیھاندا واژۆکرا.


وڵاتە براوەکان(فەرەنسا،بەریتانیا،ڕوسیای قەیسەری)گەرچی دەوڵەتەکەی قەیسەر لەڕێگای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ وەڕوخاو نەیان ھێشت قەیسەر فریای ئەو شایولۆغانە بکەوێت.


زۆر جار وادەبینین کەتەنھا ئەوە گەلی کوردە کراوە بەقوربانی لەنێو ئەو پەیمان نامەیەدا،چونکە تەنھا گەلی کورد لەو نێوەدا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبوە و بەناچاریشی دابەشیان کرد بەسەر چوارپارچەدا و ھەرپارچەیەک خرایە ژێر دەستی دەوڵەت نەتەوەیەکی نوێی دروستکراو کە بەزمان بێگانە بوون بەگەلی کورد . بەڵام دەکرێت بپرسین ئاخۆ ئەو زلھێزانە ھیچ حسابێکیان بۆ ئەو ئیحساسە کردوە یان ئەوان ئەوی بۆیان کێشەنەبوە،ئەو جۆرە لێکدانەوەیە بوە؟بیرمان نەچێت،دابەش کردنەکە زیاتر وورد کراوەتەوە و سنوری ناسیۆنالیستیشی بڕیوە تا ئەو ئەندازەی کە دەسەڵاتەکان بەپێی زاڵ کردنی جۆری کەمو زۆری دانیشتوانی دابەش کراو بەسەر جۆری مەزھەبەکاندا کراوە. لەعێراقدا،شیعە زۆرینە بوە،کەچی کەسێک لە سونەی عەرەب کراوە بەسەرۆک،لەسوریا سونە زۆرینەن بەڵام دەسەڵات دراوە بە کەسێکی سەر بەشیعە مەزھەب،لە لوبنان تا دەگات بەوڵاتانی دیکە ئەو دابەش کردنانە بەو شێوازە بوە. لێرەدا دیسان پێویستمان بەشرۆڤەی زیاتر ھەیە. دەبێت بپرسین بۆچی ئەو دەوڵەتانە کاریان لەسەر ئەو شێوە دابەش کردنانە کرد! ئاخۆ لەپێناو بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیاندا بوە یان لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا؟بێگومان لەپێناو جێ قایم کردنی قاچی خۆیاندا بوە. چونکە کاتێک دەسەڵات دەدرێت بەکەمایەتیەکی لەسەر بنچینەی مەزھەبی،ئەوکات ھەرچ داواکاریەکیشت ھەبێت دەتوانیت زۆر بەئاسانە بیسەپێنیت بەسەر ئەو ژێردەستـانەی دیکەدا لەڕێی ئەو کاراکتەرە گوێ لەمستەی دەسەڵاتدارێتی پێدراوە. لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودی سەرانی ئەو دەوڵەتە زلھێزانەی نێو براوەی جەنگ چەند بەوردی لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا دەستیان وەرداوەتە دابەش کردنەکان لەسەر ئەساسی مەزھەبی و قەومی.


بێگومان لەسەرەتادا، لەڕێی سەپاندنی پاشایەتیەکی دروست کراودا،دەسەڵات دارێتی دیاری کرا لەعێراق و سوریاو میسر لوبنان و وڵاتانی دیکە،دواتر قۆناغ بەپێی پێداوێستی و پێشوەچونی داخوازیە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان گۆڕانکاری بەسەردا ھێنراوە و کۆتای بەپادشایەتی ھێنراوە و دەوڵەتی کۆماری بنیات نراوە،بەڵام دیسان کاراکتەرەکان ھەر لەڕێی زلھێزانی ڕۆژئاواوە دست نیشان کراون.


خەڵکی سیڤیلی کورد زمان ھەمیشە وەک قوربانیەک بینراون لەنێو ئەو کێشمەکێش و ململانێیانەی نێوان زلھێزاندا،لەلایەک بەھۆکاری ئابوری بەتایبەتیش دۆزینەوەی نەوت لەژێر زەمینی ئەو خاکەی ناوی کوردستانە. لەھەموو قۆناغەکاندا دەست براوە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین لەدژی دەسەڵاتە داگیرکار و چەوسێنەرەکان،بەڵام ھیچ کات نەیان ھێشتوە ئەو شۆڕشانە بەسەرکەوتن بگەن،چونکە ھەمیشە جۆری شۆڕشەکان وابوە،کە لەپێشدا پشتی بەخەڵکی زەحمەتکێش بەستوە،بەڵام دواجار لەپێناو پاراستنی ھەیبەتی دەسەڵاتدارانی سەرەوەدا شکاوەتەوە،چین و توێژە جوتیار و زەحمەتکێش و کرێکارەکان، کراون بەقوربانی و ژیان و حاڵیان ھار ساتە لەبەردەم تیاچونێکدا بینراوەتەوە.


ئێستا وا چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ تێپەڕ بوونی سەدەیەک بەسەر ئەو دابەش کردنە دڕندانەیەدا و جۆری ئەگەر و لێکدانەوەکان زۆرن و ھەرچ لایەک بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. دەسەڵاتدارانی ھەرێم،کە ماوەی زیاد لەبیست و پێنج ساڵە حوکمڕانی سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ھەرێم دەکەن،چاوێکیان لەسەر ئەم ساتانەیەو دەیانەوێت شتێک بکەن،کە لەپێناو بەرژەەندیەکانی خۆیاندا بێت و بەعینوانی پاراستنی بەرژەوەدیەکانی گشتی خەڵکی کورد زمان دەیقەبڵێنن. ئێمە شاھیدی مێژوویەکی ڕەشی نێو دەسەڵاتی خۆماڵی کوردین،کەڵەماوەی بیست و پێنج ساڵدا چ چینێکی بازڕگانی سیاسی موفتەخۆری بەرھەمھێناوە.چینێک کە لەمێژوودا کەم وێنەیە لەگیرفان بڕینی خەڵکە کورد زمانەکەی خۆیدا. ئەو چینەیش پارێز بەندیەکەی دیسان لەژێر ھەیمەنەی ئەو دەوڵەتانەدایە کەدوێنێ دابەشیان کردبوو. کەواتە گەمەکە لەکوێدا دەست پێدەکات و لەکوێدا کۆتای بەخۆی دێنێت!؟


ئێستایش ھەلومەرجی ناوچەکە وادەخوازێت بەپێچەوانەی ڕابردوو،(دیارە بەنیسبەت بەرژەوەندیەکانی زڵھێزانی ئەم سەردەمە نەک بەرژەوەندیەکانی خڵکی ھەژار کراوی ناوچەکە) دیسان ناوچەکە دابەش بکرێتەوە،بەڵام ئەم جارەیان لەڕێی بنیات نانی دەوڵەت نەتەوە نا،بەڵکو لەڕێی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەت نەتەوانە، بۆ دەوڵەتۆکەی جیاواز لەسەر دابەش کردنی مەزھەبی و قەومی. سەرگرتنی ئەو پرۆژەیەش،دیسان لەبەرژەەندی زلھێزانی جەنگ یانی دەوڵەتدارانی سەرمایەداری تەواو دەبێت و لەڕێی وەکیلە ناوەچەیەکانیانەوە،زەرەرێکی زۆری گیانی و مەعنەوی و مادی لەچینی ھەژارکراوی خوارەوە دەدرێت و ھەروەک چۆن ئێستا لە عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان و ئەفگانستاندا دەبینرێت و ڕۆژانە سەدان مرۆڤی سیڤیل دەکرێنە سوتەمەنی نێو جەنگە کۆنەپەرستیەکانی لەشێوەی مەزھەبی و تائیفی و قەومیدا.


لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی؛ ئەگەر گەلانی ناوچەکە لەپێناو پاراستنی بوونی خۆیاندا نەیەنە مەیدان و دژی ئەو پیلان گێڕیە نەوەستنەوە،ئەوا دیسان ڕووبەڕوی قۆناغێکی نوێی دابەش کردنێکی دیکەی سایکس بیکۆ دەبنەوە، ئەویش بە دابەش بونێک لەژێر ڕقی مەزھەب و تائیفی و قەومیدا دەبێت،کەلەم نێوەدا تەنھا دسەڵاتە چەتە مافیایەکان ڵەقارانجیان دەبێت و خەڵکی ھەژار کراویش تەنھا جەنگی ڕقابەرایەتی دروستکراوی دەستی چینەکانی سەرەوەی دەسەڵاتدار وماڵ وێرانی و بێکاری زیاتر و بەسواڵکەر بونێکی ڕەزیلانە چاوەڕێیان دەکات.


سایکس بیکۆ تەواو نابێت،مادام زلھێزانی سەرمایەداری لە نێو گەمەکەدان. چارەسەر بۆ چین و توێژە ھەژار کراوەکان خۆڕێکخستنیانە لەژێر ڕابەرایەتی خۆیاندا بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیان،ھەروەک چۆن گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی داوەتە شۆڕش و خاوەنی ئەلتەرناتیڤی خۆسەری دیموکراتی تایبەتی خۆیەتی.


تەسلیم بونەکان،ھەمیشە سەپاندنی چینە چەوسێنەرەکان بەشوێن خۆیدا دێنێت. بۆچینی ھەژار کراویش،گەر دەرک بەھۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆی بکات،ئەوکات ھیچ لایەن و ھزو دەسەڵاتێک ناتوانێت یاری بەچارەنووسی بکات.


ئێستا ماوەتەوە بپرسین؛ئاخۆ سایکس بیکۆ تەواو دەبێت یان سایکس بێکۆیەکی تر بەڕێوەیە؟ئاخۆ گەر زلھێزان بەرژەوەندی گشتی دانێشتوانی ناوچەکەیان بویستایە داعشیان بۆ دروست دەکرد؟ ئاخۆ دروست کردنی داعش بۆخۆی ئامرازێکی بەھێز نیە بەدەستی دەسەڵاتە زڵھێزەکان و دەسەڵاتە ناوچەییەکان تا جارێکی تر دابەش کردنەکان لە ڕێی مەزھەبیەوە بچێتە قۆناغێکی نوێوە؟ ئاخۆ گەر دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم بۆخۆیان ژینگەی گشتی کۆمەڵگەیان نەشێواندایە لەپێناو بەرژەوەندیە چینایەتی و بنەماڵەییەکانی خۆیاندا،ئەوکات ڕێی تێ دەچوو کەھەلومەرجی ژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی ھەرێم بەم قۆناغە ھەستیارە بگەیشتایە؟ئاخۆ گەر دەوڵەتی کوردیش ڕابگەیەنرێت چێژەکەی بۆ کام چینی کۆمەڵایەتیە؟ کەواتە ئەوانەی لە کۆتایھاتنی پەیمانی سایکس بیکۆ سود مەندن کێن؟ئاخۆ ئەوانەن کە لەسەر زبڵەکەی کانی قرژاڵە بەشوێن پارویەک ناندا دەگەڕێن یان ئەوانەن کە سەدان سەیارەی گولەنەبڕ بەشوێنیانەوەن؟بابمێنین و دوا قۆناغ ببینین!

 

٧\٥\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک