په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٣\٢٠١٧

    ئای کە رقم لە چەقۆ و گوێزانە.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
ناگەم بەتۆ
ھەرچەند رێگە دڕک و داڵ بێ
ھەردێم بۆلات
لەدوورەوە بۆنت دەکەم
تابزانی عەشق چۆنە
لەناو دڵی ژنێکی بێ دەسەڵات.


٢
لەئاوێنەی خەمی دووری چاوەکانتا
لەئازاری ژانی مێژووی دێڕەکانما
پایز گەڵارێزانیەتی و
پیتەکانم ئەخرێنە ناو
چەقۆیەکی ژەنگ گرتووەوە
ئای کە رقم لەچەقۆو گوێزانە
چونکە ئەو بوو ناوکی بڕیم
لەدایکمی جیا کردمەوە.


٣

پایز ماڵئاوایی کردوو
بەفرانبار وا بەرێوەیە
لەم سەختی سەرماو سۆڵەیە
وەرە نێو باوەشی منەوە
گڕی پشکۆم پێوەیە.


٤

چنگێ بەفرم گرتە دەستم
ھێواش ،ھێواش
لەگەڵ ماچ و مووچی پەنجەکانم توایەوە
من نازانم تیشکی تۆ بوو لەروخسارت
یان ھەناسەی گەرمی من بوو
جارێکی تر گەڕایەوە.

 
٥

یادگاریەکانی ژیان زۆر تاڵن
یەکە یەکە دێنە دنیای خەیاڵمەوە
خەیاڵەکان زۆر شیرینن
سەیرم لێدێ
لای تۆ وازوو بیر چونەوە.

 
٦

لەدووری تۆ
فرمێسک لەچاوانم دەتکێ و
خوێن لەجەستەم
من شەھیدم
یان دایکی شەھیدێکی جەسەتە ئەستەم.

 
٧

من نازانم
چۆن دێی،دەرۆیی
لە چ کونجێ ھەوارت ھەڵداوە
پێدەکەنی یان خەم دەخۆی.


٨

من نازانم لە شارێکی زۆر گەورەدا
پڕ باڵەخانەو باخچەدا
ناژیم دەژیم
تاکوو رۆحت نەیەت و پێم بڵێ
ھانێ جەستەم.

 
٩

دەڵی سپیم وەکوو بەفر
باڵام بەرزەو ھەروەکوو ئەو
ھەرگیز تۆ لە چیا ناچی
چیا بەفر لەخۆی دەگرێ و
دەیکاتە دڵۆپێ ئاو
بۆگەرووی ووشکە بووی کەو.


١٠

یەک جار گریانی تۆم دیووە
بۆئازیزێ تێر تێر گریای
ئەوە خەمی ناخت بوو
یاخوود لە حەسرەتی ترسای.

 
١١

گازینۆو یانە نەما
رووی تێ نەکەی،بۆَ پێکێ مەی
خۆت شێت دەکەی
خوێنم دەکەی بەجۆری مەی
تا بۆساتێ بەئاسودەیی
ھەناسە دەی.


١٢

من بەرگی رەشم پۆشیووە
تۆ ھەرشادی
من خەم دەخۆم ،تۆ بێ باکی
بەفرمێسک جەستەم شووشتیەوە
رۆژێ نەتووت بۆ وا ماتی".

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک