په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٠

ئایندەی بزووتنەوەکەی سەردەشت عوسمان لە گرەوی چیدایە؟ گفتوگۆ لەگەڵ نادر عەبدولحەمید.


سازدانی: هیدایەت مەلاعەلی

 

هیدایەت مەلاعەلی: ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یسی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵیداوه‌ (سه‌رده‌شت عوسمان) وه‌ک تاوانبارێک ده‌ربکه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ کاری نه‌کردوه‌ بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی ڕاسته‌قینه‌، بەڕای ئێوە ئاکامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چ پەیامێک ئەدا بەگوێی کۆمەڵگەدا و ئێوە له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێن چی؟


نادر عەبدولحەمید: ئاکامێک کە ئەم لیژنەیە خستویەتیەڕوو، هاوسەنگیەکی تەرازووی هێز نیشان دەدات لە کوردستانی ئەمڕۆدا، لە نێوان بەرەی ئازادیخواز لەلایەک و بەرەی دژایەتی کردنی ئازادیەکان لەلایەکی ترەوە.


ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان؛ "پارتی" بەهاوکاری "یەکیەتی" لە حکومەتی هاوبەش و پەیمانی ستراتیژی نێوانیاندا، وە بەپشتیوانی ئیسلامی سیاسی و مەلای مزگەوتەکان لە بەرەیەکی کۆنەپەرستی ڕانەگەێندراودا کۆبونەتەوە و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا درێغیان نەکردوە لە تەنگپێهەڵچنینی ڕۆژنامەکان، ڕاوەدوونانی نوسەران و دەنگی ئازادیخواز، وڵاتبەدەرکردنی نوسەرانێکی وەک مەریوان هەڵەبجەیی، گرتن و دادگایی کردنی کەمالی سەید قادر، وەستاندنی چەند زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی، فتوادان دژی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و ڕاگرتنی هەندێکیان بەناوی لادان لەخەتی سوری "پیرۆزیە ئاینی و نەتەوەییەکان"، گرتن و شکەنجەدانی هەڵسوڕاوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2006 ، تیرۆری نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی وەک عەبدولسەتار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە ئێستاشدا سەردەشت عوسمان. بەدوای ئەویشدا بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەڕێگەی هەڕەشە کردن لەهەر ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوسێک کە بابەتێک لە دژی "پیرۆزیە نەتەوەییەکان" بڵاوبکاتەوە، هەروەک ڕۆژنامەی "خەبات" ئۆرگانی "پارتی" لە ژماره‌ (3542) هەڕەشەنامەیەکی بەناوی (گه‌نجانی داکۆکیکار له‌ سه‌روه‌ریی و پیرۆزییه‌کانی کوردستان) بڵاوکردەوە کە بەئاشکرا دەڵێت دەست دەدەینە کوشتوبڕی لەبەرامبەر ڕەخنە لە "پیرۆزیە نەتەوەییەکان". ڕاستە "پارتی" لەم دواییانەدا ڕێگەی تۆمارکردنی داوای یاساییشی لەسەر ڕۆژنامەکان و کەسانی بەرهەڵستکاری خۆی گرتۆتەبەر، بەڵام مێژووی ئەم حیزبە ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت کە سروشتی کاری سیاسی ئەم حیزبە نەک ئەم شێوازە مەدەنیە بەڵکو شێوازی زەبروزەنگ، گرتن و تیرۆری موخالیفانی سیاسی خۆی بوە.


بەڵێ ئاکامێک کە ئەم لیژنەیە خستویەتیەڕوو ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم بەرە کۆنەپەرستیەی نێوان ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار و ئیسلامی سیاسی پێ بەپێ لە چەند ساڵی ڕابردوودا، و بەتایبەتیش لەدوای تیرۆری سەردەشت عوسمان، توانیویانە ئەو فەزا ئاوەڵا سیاسیە لە مەنگەنە بدەن و بەرتەسکی بکەنەوە، تا ئەو ڕادەیە کە ئەمڕۆ پەیامی خۆی ڕاشکاوانە و بوێرانە ڕابگەێنێت و بە ئازادیخوازانی کوردستان بڵێت تیرۆریشتان دەکەین، دەمیشتان دادەخەین و بە تیرۆریستیشتان لەقەڵەم دەدەین.


هیدایەت مەلاعەلی: ئەگەر ئەم تیرۆرە ئەڵقەیەک بێت لە زنجیرەی کێشمەکێشێکی بەرینتری نێوان دوو بەرەی ئازادیخواز و بەرەی کۆنەپەرستی، وەک ئەوە کەباستان کرد، کەواتە بەرەی ئازادیخواز ده‌بێ چۆن ڕووبه‌ڕوی ئه‌م هێرشانه‌ بوەستێتەوە؟


نادر عەبدولحەمید: ئەگەر تێگەیشتنمان بۆ ئەم دیاردەیە، بۆ ئەم دەستدرێژیە بۆ سەرئازادی لە شکڵی تیرۆری سەردەشت عوسماندا، ئەوە بێت کە ئەمە دیاردەیەکی سادەی کوشتنی کەسێک نیە لەلایەن کەسێکی تر یان لایەنێکی سیاسیەوە و بەس، وە داپچڕاو نیە لە مێژویەکی گشتی کە کوردستان پیایدا تێپەڕیوە، بەڵکو بەرهەمی کێشمەکێشێکی چەند ساڵی ڕابردوە لەنێوان بەرەی ئازادیخوازان و بەرەی کۆنەپەرستی و ئیستیبداد، کە ئەم بەرەی دووەمە توانیویەتی، پاشەکشە بە بەرەی یەکەم بەرەی ئازادیخواز بکات، ئەوا لێرەوە تێدەگەین کە بەرەنگاربونەوەکەش ناتوانێت تەنها بەرنگاربونەوەیەکی ئاکسیۆنی و کاتی بێت، وە ناشبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کە بەچەند چالاکی و ئاکسیۆنێک، بەچەند خۆپێشاندان و نامەی ناڕەزایەتی ئەو پارسەنگە لارەی کە لە پڕۆسەیەکی چەند ساڵیدا بەرهەمهاتوە هەروا بەئاسانی ڕاست بێتەوە. بەرەی کۆنەپەرستی و ئیستیبدادی بورژوازی بەپشتیوانەی ئەو پارسەنگە سیاسیە دەتوانێ بەئاسانی تیرۆر ئەنجام بدات، ڕۆژنامە ئەهلیەکان بخاتە ژێر فشار و پاڵەپەستۆوە، هەڕەشە لە گۆڤار و ڕۆژنامە و نوسەرانی ئازاد بکات. بەڵام بەرەی ئازادیخواز ناتوانێت هەروا بەئاسانی؛ فشارەکانی بەرەی کۆنەپەرستی لەسەرخۆی وەلابنێ، و ئەوانەش کە لە پشتی تیرۆرەکەوەن کێشیان بکات بۆ دادگا.


ئازادیخوازانێک کە بەچاوەڕوانیەکی سادەی ئاواوە؛ کە لایان وایە بە چوار نامەی ناڕەزایەتی و کەمپینێکی ئیمزاکۆکردنەوە و دوو خۆپێشاندان، تاوانباران دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا، ئازادیخوازانێکی ئاوا سەرەتا زۆر بەگەرموگوڕیەوە هەڵدەسوڕێن، بەڵام دوای ماوەیەک دەبینن، ئەوەی کە چاوەڕوانیان دەکرد هەروا بەئاسانی نایەتەدی و بەرەی کۆنەپەرستی دژە ئازادیش پەرچەکرداری توند دەنوێنێت، ئەوا توشی جۆرێک لە نائومێدی و پاشەکشە و سستی لە هەڵسوڕان دێن. وە لەڕاستیدا ئەزمونە مێژووییەکانی هەموو بزوتنەوەیەکی جەماوەری و شۆڕشێکی جەماوەری ئەوە نیشان دەدات کە لە پرۆسەی کێشمەکێش لە نێوان بەرەی شۆڕش و بەرەی دژەشۆڕشدا، لە قۆناغەکانی پاشەکشە و کپ بونەوەدا لەزۆر کاتدا جەماوەر توشی جۆرێک لە نائومێدی، بەرچاوتاریکی و پەشیمانکاریش هاتوون و بگرە ڕابەرانێکیش هەڵگەڕاونەتەوە و تۆبەیان کردووە. خۆشبەختانە ئێمە ئێستا لەبەرامبەر حاڵەتێکی ئاوەهادا نین. وەباسکردنی تەنها بۆ تیشک خستنەسەر فکرەکەی سەرەوە بوو.


بەڵێ لەوەڵامی پرسیارەکەتاندا جەماوەری ئازادیخواز دەبێت چۆن ڕوبەڕوی ئەم هێرشانە ببێتەوە؟ دەڵێین ئەو جەماوەرە دەبێت لە ڕیزێکی یەکگرتووی بەرین، بە خواستی ڕۆشنەوە، جارێکیتر بێتەوە سەرشەقامی شارەکان. بەڵام ئەمە تەنها بە بەیاننامە، بانگەواز و ئیرادەگەرێتی نایەتەدی، بەڵکو پێویستی بە هێنانەدی ئاڵوگۆڕێکی هەمەلایەنەی فکری-سیاسی و عەمەلی هەیە لەناو بزوتنەوەکە و هەروەها لەناو ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەشدا. ئەوەش پێویستی بەکارێکی هەمەلایەن، ڕیشەیی و دەستەجەمعی هەیە هەر لە هەوڵدان بۆ هاوئاهەنگ کردنی کاروچالاکیەکانی تەواوی کۆمیتە و کەمپینەکانی دەرەوەی وڵات بەیەکەوە و بەناوەوەی کوردستان تا دەگا بە ڕەخنەگرتن و وەلانانی ئاسۆی ناسیونال-لیبراڵی زاڵ و دەرکێشانەدەرەوەی بزوتنەوەکە بەعەمەلی لەژێر باڵی ئەم ئاسۆیەدا، تا دەگا بەڕەخنە لە سکتاریستی بەشێک لە چەپ و کێشکردنی بۆ کاری هاوبەش لەدەرونی ئەو بزوتنەوە ئازادیخواز و دیموکراتیکەدا.


هیدایەت مەلاعەلی: لەوەڵامی پرسیاری دوەمدا سەرەداوی چەند بابەتێکی گرینگ هاتۆتە گۆڕێ، باس لە پێویستی ئاڵوگۆڕێکی هەمەلایەنەی فکری-سیاسی و عەمەلی لەناو بزوتنەوەکە دەکەی، لەوانە باسی وەلانانی ئاسۆی ناسیونال-لیبراڵی زاڵ و دەرکێشانەدەرەوەی بزوتنەوەکە بەعەمەلی لەژێر باڵی ئەم ئاسۆیەدا. ئەم ئاڵوگۆڕە بۆچی پێویستە؟ وەئایا ئیمکانی هاتنەدی هەیە؟


نادر عەبدولحەمید: ئێمە لە "ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری" لە بڕیارنامەی خۆماندا لە "چلەی سەردەشت"، لە 15-6-2010دا، باسمان لەوە کردووە کە نەک تەنها لەبەرئەوەی کە ئێمەی چەپ، مارکسیست و کۆمۆنیستین بۆیە نامانەوێت ئاسۆی ناسیونالیستانەی لیبراڵ بەسەر ئەم بزوتنەوەیەدا زاڵ بێت، و دەمانەوێت ئەم بزوتنەوەش وەک هەموو بزوتنەوەیەکی دیموکراتیخواز و ئازادیخواز بکەینە سەکۆی بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەی سۆشیالیستی و شۆڕشی کۆمۆنیستی، بەڵکو بەدیاریکراوی لەبەرئەوەیە کە پەرەسەندن، گەشەکردن و بەئاکام گەیاندنی خواستەکانی ئەم بزوتنەوەیە و لەدووتوێشیدا خواستەکانی بنەماڵەی سەردەشت عوسمان، هەروەها بەرزکردنەوەی ئەو بزوتنەوە بۆ ئاستێکی وەها کە بتوانێت پایەکانی ئیستیبداد لە کوردستاندا تێکبشکێنێت و ئازادی دابینکات پێویستە ئەو ئاسۆیە ڕەخنە بکرێت، دەنا ئەم بزوتنەوەیە و خواستەکانی گورگانخواردوو دەکرێت.


سەیرکە، ڕەوتی پەرەسەندنی ڕوداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو ئاسۆی ناسیوناڵ-لیبراڵی زاڵ بەسەر ئەم بزوتنەوەیەی بەبنبەست گەیاندووە. ئاسۆیەک کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم و دامودەزگاکانی بەرپرس دەکرد لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی تاوانەکە و ئاشکراکردنی تاوانباران. ئەمڕۆ "لیژنە"ەکەی سەرۆکی هەرێم، لە ڕاگەیاندنی خۆیدا سەردەشت عوسمانی نەک هەر بە قوربانی تیرۆر نەناساندوە بەڵکو تاوانباریشی کردووە بە بونی پەیوەندی بە تیرۆریستانەوە. بەدوای ئەم ڕاگەیاندنەدا، ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کە خوازیاری ئازادیە لە کوردستاندا یا دەبێ ملکەچی وەها لێکۆڵینەوەیەک بێت یان ڕاشکاوانە و ڕادیکاڵانە بەرەنگاری بوەستێتەوە. "گۆڕان" کە گەورەترین پایەی ئەو ئاسۆیەیە هیچ هەڵوێستێکی ڕەسمی لەبەرامبەردا نیە. بۆیە لەڕووی بابەتیەوە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریە ئازادیخواز و دیموکراتیکە لە ئێستادا ئامادەیە بۆ وەلانانی ئەو ئاسۆ ناسیوناڵ-لیبراڵە بەسەریا. ئەوەش شتێک نیە لەخۆیا بێتەدی بەڵکو بە دەستپێشکەری حیزب، ڕێکخراو، هێز و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان دێتەدی کە لە جیهانی واقعیدا دەبێ هەنگاوهەڵگرن بۆ هێنانەدی بلۆکێکی عەمەلی ڕادیکاڵ بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە. ئەوە ئەو ڕێگە واقعی و عەمەلیەیە کەلەبەردەم هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی ئەم بوارەدایە. ئەمڕۆ "بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان بۆ بەرگری لە ئازادی" لە دووڕیانێکدایە یان ئەبێ خۆی بدا بەدەستەوە و بپوکێتەوە یان ئەبێ هەوڵبدرێت گوژم و تینێکی تر بەخۆیەوە ببینێت.


بزوتنەوەی "گۆڕان"، کە گەورەترین و بەهێزترین پایە و کۆڵەگەی ڕەوتی ناسیونال-لیبراڵە لەمڕۆی کوردستاندا کە چەندین "مەڵبەند" و "ڕەهەند"ی لیبراڵانەی فکری و ئەدەبی دەورەیانداوە، بەڕاگەیاندنی "کەمپینی بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین"ی "کۆمپانیای وشە" بە عەمەلی خەریکە قاچی خۆی لەناو "بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان بۆ بەرگری لە ئازادی" دێنێتەدەرەوە. بێدەنگی و نەبونی هەڵوێستی ڕەسمی "گۆڕان" بەرامبەر ڕاگەیاندنی 15-9-ی "لیژنەی لێکۆڵینەوە"کە ئەوە دەردەخات. "گۆڕان" هاتووە "کەمپین"ەکەی خۆی بخاتە جێگەی "بزوتنەوەکە". دەمەوێت لێرەدا پێ لەسەر چەمکی "بزوتنەوە" داگرم بۆ ئەو ناڕەایەتیانە و لێرەشەوە بایەخەکەی تێبگەین لەبەرامبەر "کەمپین"دا. ئەڵبەتە "بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان بۆ بەرگری لە ئازادی"یش چەندن کەمپینی لەخۆگرتووە بەڵام ناکرێت بڵێین ئەم بزوتنەوەیە کۆی چەند کەمپینێکە. بەدڵنیاییشەوە کەمپینی "کۆمپانیای وشە"ش بزوتنەوەیەکی لە پشتەوەیە بەڵام ئەم بزوتنەوەیە ڕەوتێکی سیاسیە نەک جموجوڵ و خرۆشانێکی خەڵکی لەشکڵی بزوتنەوەیەکی جەماوەریدا وەک ئەوەی کە بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان و کەمپینەکانی تەعبیری لێدەکەن. "گۆڕان" ئاڵتەرناتیڤێکی بۆ بزوتنەوەکە هێناوەتە ئاراوە کەمانا عەمەلیەکەی ئاشبەتاڵ پێکردنی بزوتنەوەکەیە و سەرنج ڕاکێشان و کەنالێزەکردنی ناڕەزایەتیەکانە لە قاڵب و شێوازێکی لیبرالانە، ڕۆشنبیرانەی ناجەماوەری زۆر بەرتەسکتر و لەخوارتری بزوتنەوە جەماوەریەکە. هەر بۆیە لەڕوانگەی زیندوڕاگرتن و بوژانەوە و بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەکە ناچارین کە بچینە جەنگی ئەم ئاسۆ ناسیوناڵ-لیبراڵە. وە لەکاتێکدا گەورەترین و بەهێزترین کۆڵەگەی ئەو ئاسۆیە خەریکە پشت بکاتە بزوتنەوەکە ئەوە باشترین هەل دێنێتەئاراوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. وەئەوە تەنها بە وتار نوسین و ڕاگەیاندنی حیزبەکان نایەتەدی بەڵکو کارێکی سیاسی عەمەلی گەرەکە کە بتوانێت لە سەر زەوی بەرەیەکی ڕادیکاڵ بەپلاتفۆڕمێکی چەپەوە بێنێتەدی.


هیدایەت مەلاعەلی: چەپەکان زۆر چالاکانە لەم بزوتنەوەیەدا بەشدار بوون، ئەوەتا گۆڤاری دەستور باس لەوە دەکات کە لە کۆی 39 حیزب لە کوردستاندا تەنها "حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان" هەڵوێستی ڕاشکاوانەی دژی "لیژنەی لێکۆڵینەوە"کە و "پارتی" بووە. بەڵام ئێوە لەدوتوێی وەڵامی پرسیاری دووەمدا باس لە ڕەخنەگرتن لە چەپ دەکەن؟ بۆچی؟


نادر عەبدولحەمید: سەرەتا پێویستە ئەو زانیاریە ڕاست بکەینەوە کە حیزبی ناوبراو تاکە حیزب نەبووە لەو مەیدانەدا، بەڵکو هەموو حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان لەوانە "حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری-چەپی عێراق"، "یەکیەتی کۆمۆنیستەکان" و ئێمەش لە "ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری" و "پارتی چەپی کوردستان" هەروەها زۆرێک لە کۆڕوکۆمەڵ (مەحفەل)ی چەپی بێناونیشان هەم زۆر چالاکانە لە کەمپینەکان و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکەدا بەشداربوون چ لەناوخۆی کوردستان و چ لەوڵاتانی دەرەوە، وەهەم هەڵوێستیان زۆر ڕاشکاوانە بووە. ئەمەش شتێک نیە ئیدیعا بێت بەڵکو بە دۆکیومێت لەبەردەستدایە.


دروستە هەروەک ئاماژەتان پێکرد، حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان و هەڵسوڕاوانی چەپ زۆر چالاکانە بەشداری ئەم بزوتنەوەیە بوون، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کەدەبێ ئاستی بەشداری و دەخالەتی چەپ بەرز بکرێتەوە بۆ ئاستی ڕابەڕایەتی. حیزبێک یان ڕێکخراوێکی چەپ و کۆمۆنیستم نیشانبدە کە جگە لە بەشداری چالاکانە ئیدیعای ڕابەرایەتی ئەو بزوتنەوەی کردبێ؟ ئەمە ئەو واقیەتەیە کە ئێمە پێی ڕازی نین. ئێمە هەوڵدەدەین کە چەپ ببێتە خاوەنی سیاسەتێک لە دەرونی ئەو بزوتنەوەیەدا کە بیکاتە ڕابەر. ئەڵبەتە هێنانەدی عەمەلی ئەو سیاسەتە (بوونی چەپ بەڕابەری بزوتنەوەکە) بەستەگی تەنها بە خواست و ئیرادەی سیاسی ئێمەوە نیە و هۆکار و فاکتۆری مادی تریش تیایدا بەشدارە. بەڵام ئەوەی کە پەیوەستە بە خودی چەپ خۆیەوە، پێویستە سەرەتا پێشمەرجی ئەوکارە کە سیاسەت و تاکتیکی دروستە لەم مەیدانە بگرێتەبەر، پاشان لێرەوە بەدوای هەموارکردنی گرێوگۆڵە مادیەکانی پێشڕەوی خۆیەوە بێت بەرەو ڕابەرایەتی.


هەموو چالاکیەک، ئاکسیۆنێک و هەوڵ و کۆششێک لەلایەن حیزبەکان، ڕێکخراوە سیاسیەکان، کۆمیەتە و کەمپینەکان و کۆڕوکۆمەڵ و ناوەندەکانی هەڵسوڕاو لە ناو "بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان بۆ بەرگری لە ئازادی"، جێگەی دەستخۆشانە و ڕێزلێگرتنە و بایەخی سیاسی خۆشیان هەیە، لانی کەم لە ڕیسواکاری "پارتی" و دانانی لەمپەرێک لەبەردەم دەست درێژی زیاتری بۆ سەر ئازادیەکان لە کوردستاندا، بەڵام ئەوەی جەماوەری ئازادیخواز، توێژە کۆمەڵایەتیەکانی تینوی ئازادی و دیموکراسی، کرێکاران و زەحمەتکێشانی بێ مافکراو، لە ڕیزێکی یەکگرتوو و خاوەن ئامانج و پەرچەم، وەک دیوارێکی پۆڵاین دێنێتە بەردەم بەرەی کۆنەپەرستی، ئەوە کارێکی دەستەجەمعی، ڕیشەیی و ژێرەوەیی درێژماوەییە. ئەمە بەم مانایە نیە کە ئێستا دەستبەردای ئاکسیۆن و چالاکیەکان بین، ڕیزەکانی ئەو بزوتنەوە بەجێبهێڵین و بچین لە خەڵوەتگادا خەریکی کارێکی وەها بین، نا بەڵکو ئەبێ لە ڕوانگە و ئاسۆیەکی ئاواهیەوە، چالاکیەکانی ئەمڕۆ بەڕێبخەین و بەرفراوانتریشیان بکەین.


ئەم ڕوانگە و ئەم ئاسۆیە ئەوە دەخوازێت بۆ ڕێکخستن و ڕابەرایەتی کردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی "سەردەشت عوسمان"، پێویستە لەدەرونی ئەم بزوتنەوەیەدا بلۆکێکی چەپ و ڕادیکاڵ لە حیزب، ڕێکخراوە سیاسی و کۆڕوکۆمەڵە چەپ و ڕادیکاڵەکان پێک بێت و بتوانن ئاڵای پلاتفۆڕمێکی چەپ و ڕادیکاڵ لەدەرونی ئەم بزوتنەوەیەدا هەڵبدەن. ئێمە لە "ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری"، هەر زوو بڕیارنامەیەکمان لەوبارەوە ڕاگەیاندوە لەبەرواری 15-6-2010.


هەر حیزب وهێز و لایەنێکی چەپ مافی خۆیانە کە هەڵسن بە ئاکسیۆن و چالاکی سەربەخۆی خۆیان، بەڵام کاتێک حیزبێک بانگەواز دەربکات بۆ هاتنەمەیدانی جەماوەری ئازادیخواز بۆ وەستانەوە بەدژی ملهوڕیەکان و ئیستیبدادی "پارتی" بەبێ ئەوەی سیاسەتێک بخاتەڕوو کە چۆن ئەو جەماوەرەی دێتە مەیدان لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا یەکگرتوو بکرێت. خۆی هەڵسێت بە ئاکسیۆن و چالاکی خۆی بەدابڕاوی لە ڕیزێکی بەرین لە هەڵسوڕاوانی چەپ و ڕادیکاڵ کە چالاکن لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا. ئیتر ئەمە دەرکێکی ئاکسیۆنیستیە بۆ ئەرکی ڕێکخستن و ڕابەرایەتی کردنی بزوتنەوەیەکی دیموکراتخواز و ئازادیخوازی لەو چەشنەی سەردەشت عوسماندا. ئەمە مانا عەمەلیەکەی سکتاریست بونە لەبەرامبەر بزوتنەوەکەدا، خۆ جیا کردنەوەیە لە بزوتنەوەکە وەک سکتێک، کە ئامانج لە ئاکسیۆن و چالاکی؛ زەق کردنەوە و دەرخستنی ناوی حیزبە بەرلەوەی ئامانج پتەوکردن، بەرفراوانکردنی بزوتنەوەکە و هێنانە مەیدانی بێت. چەمکی سکتاریست لێرەدا بەمانای مامەڵەی حیزب و گروپێک لەگەڵ حیزب و گروپێکی تر بەکار ناهێنم بەڵکو بەمانای سکتاریست بوون بەرامبەر بزوتنەوە جەماوەریەکە بەکار دەبەم.


لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم کە "بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان"، لەناوەڕۆکی خۆیدا بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی دیموکراتیک و ئازادیخوازە. نە بزوتنەوەیەکی کرێکاریە و نە بەشداری چالاکانە و ڕابەرایەتی چەپ و کۆمۆنیستەکانیش دەیکاتە بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی. وە لەبارودۆخێکدا ئەم بزوتنەوە دیموکراتیکە سەرهەڵدەدات کە بزوتنەوەیەکی کرێکاری سەربەخۆ و ڕێکخراو، هەروەها حیزبێکی چەپ و مارکسیستی خاوەن ئیتۆریتە لەمرۆی کوردستان لەمەیداندا نیە. لێرەوە بەرپرسیاریەتی چەپ و کۆمۆنیزم لەبەرامبەر ئەو بزوتنەوەیەدا گرتنەبەری سیاسەت و تاکتیکی دروستی وایە کە هەم بتوانێت یەکپارچەیی بزوتنەوەکە بپارێزێت و هەم بتوانێت ئاسۆی زاڵی ناسیوناڵ-لیبڕاڵ بڕەوەوێنێتەوە بەسەریا، ئەوە ئەو سیاسەتەیە کە ئێمە لە "بڕیارنامە"کەدا ڕامان گەیاندوە. هەر ئەم سیاسەتەشە کە ئیمکان بە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەدات؛ لایەک بەرهەمەکانی ئەم بزوتنەوەیە بخەنە خزمەت بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستیەوە، وە لەلایەکی تریشەوە چەپ و کۆمۆنیزم وەک ئاڵتەرناتیڤ بخاتە بەردەستی کۆمەڵگە، بۆ ڕابەرایەتی تەواوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تری توێژە ناڕازیەکان.


هیدایەت مەلاعەلی: لە کۆتاییدا دەپرسم داهاتوی ئەم بزوتنەوەیە و ئایندەکەی لە گرەوی چیدا دەبیننەوە؟


نادر عەبدولحەمید: ئایندەکەی پەیوەستە بەپێشڕەوی لە دوو بواردا؛ یەکەم ئەم بزوتنەوەیە لە پەرەسەندنی خۆیدا، تاچەند پێشڕەوی کردوە بەرامبەربە بەرەی دژ بەخۆی، دوەم لەو ڕەوەندەشدا، تاچەند توانیویەتی ناکۆکیە دەرونیەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە.


سەرهەڵدانی ئەم بزوتنەوەیە ڕاستەوخۆ بەدوای تیرۆری سەردەشت عوسماندا لە سەرەتای مانگی پێنجەوە[6-5-2010] تا رۆژی چلەی سەردەشت کە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ [15-6-2010 ] بوو، ئەو ماوەیە قۆناغی یەکەم، قۆناغی گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەکە بوو. قۆناغێکە کە کۆنەپەرستی و ئیستیبداد لە کوردستاندا بەتایبەتی لە شکڵی دەسەڵاتی "پارتی"دا پاشەکشەی پێدەکرێت. بەڵام بەدوای "چلە"کەوە، لایەک بزوتنەوەکە سستی و خاوی تێدەکەوێت، وە لەلایەکی تریشەوە "پارتی" خۆی گورج دەکاتەوە و بەپلان هەنگاو دەنێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی هەولێر(ی پایتەخت) و پاشان هەڕەشە لە نوسەران و ڕۆژنامەوانان، ئینجا فشاری تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر رۆژنامە ئەهلیەکان. ئەمە قۆناغی دوەمی بوو. ڕاگەیاندنی "لیژنەی لێکۆڵینەوە"کە، لە 15-9-2010 دا، سەرەتای قۆناغی سێهەمە و دەتوانین سەرنجی گەلێک ئاڵوگۆڕ و دیاردە بدەین لەو بزوتنەوەیەدا کە لەم قۆناغی سێهەمەدا هاتونەدتەدی. لەوانە شانۆسازیەک کە لە ڕاگەیاندنی "لیژنەی لێکۆڵینەوە"کەدا خراوەتەڕوو، گومان و نارۆشەنی نەهێشت لەسەر تیرۆرەکە. ئێستا لای ڕای گشتی کوردستان ڕۆشنە کە "پاراستن" و "پارتی"ەکەی "بنەماڵە"، دەستیان لەم تاوانەدا هەیە، بەڵام پەرچەکردار و ئامادەیی جەماوەری ئازادیخواز بۆ خرۆشان و هاتنەسەر شەقام چۆتەدواوە. ئەم ناکۆکیەش لایەک خاوبونەوەی بزوتنەوەکە و هەڕەشەکانی "پارتی"ە. لاکەی تری بەرهەمی بنبەست بونی ئاسۆی ناسیونال-لیبراڵی زاڵە بەسەر ئەم بزوتنەوەیەدا. ئاڵوگۆڕێکی تر کە لەقۆناغی سێهەمدا بەدی دەکرێت، ئەوەیە کە ڕەوتی پەرەسەندنی بزوتنەوەکە لە چەند مانگی ڕابردودا بۆتە هۆی ئەوە کە سیما و ڕوخساری چەپ لەدەرەوەی وڵات بەم بزوتنەوەیەوە دیار بێت، بەڵام لەناوخۆی کوردستاندا جێ پەنجەی چەپ بەڕوونی دیار نیە و نابیندرێت.


ئەم بزوتنەوەیە لەسێ لاوە لەژێر مەنگەنەدایە: یەکەم زەبروزەنگی دەسەڵاتی "پارتی"، توانای مانۆڕ و فریوکاریەکانی ئەو حیزبە بۆ کپکردنەوە، دامرکاندنەوە و سەرکوتی بزوتنەوەکە. دوەم ئاسۆی ناسیونال-لیبراڵ و ڕیفۆرمیستی زاڵ بەسەر خودی بزوتنەوەکەدا کە ئەم بزوتنەوەیە بە نەزۆکی دەهێڵێتەوە. سێهەم: سکتاریزمی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی چەپدا. کە ڕێگرە لە هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵ لەدەرونی ئەو بزوتنەوە ئازادیخوازە دیموکراتیکەدا.


داهاتوی بزوتنەوەکە پەیوەستە بەوەوە تاچەند لەژێر ئەم مەنگەنانە دێتەدرەوە. بەواتایەکی تر داهاتوەکەی لەگرەوی هەموارکردن و چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانەدایە کە لەهەناوی ئەم بزوتنەوە دایە. ئەم ناکۆکیانە شتێک نین تەنها پەیوەست بن بەم بزوتنەوە دیاری کراوە، بەڵکو ئەم ناکۆکیانە لە هەناوی هەموو بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری، دیموکرات و ئازادیخوازدا هەن. بزوتنەوەی جەماوەری بەپێی پێناسە هەموو ئەو ڕەوت، مەڵبەند و تاڵە فکری-سیاسی و حیزبیانە دەگرێتەخۆ کە لەناو ئەو "جەماوەرە"دا لەساتێکی مێژویی دیاریکراودا بونیان هەیە. بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمانیش سەنتەری بەیەکگەیشتنی ڕەوتە فکری و سیاسیە جۆراوجۆرەکانە. ئەم بزوتنەوەیە لەهەناوی خۆیدا دوو بەرەی ناکۆکی کۆکردۆتەوە، بەرەیەکی چەپی ڕادیکاڵ و بەرەیەکی لیبرالی پەرلەمانتاریست، ڕیفۆرمیست و سازشکار. هەر بەرەیەکیش بگری ڕیزەکانی ناوخۆی پڕە لەناکۆکی. تا ئەو شوێنەی پەیوەستە بە بەرەی چەپەوە؛ لەوپەری چەپی ناسیونالیست و ئاناڕشیستەوە، تا چەپێکی "کۆمۆنیست" جا چ سکتاریست و چ واقیع بین بە سیاسەتێکی ڕون و ئاشکراوە تیا هەڵسوڕاون، ئەمە بەرەیەکی چەپی لاواز و بێسەروبەرەیە لەناو ئەم بزوتنەوەدا، بەڵام بەرەی ناسیونال-لیبرالەکانی کوردستان تا ڕادەیەک لەهێزێکی بەرفراوانتر بەهرەمەندن و هاوئاهەنگن لەناوخۆیاندا لەچاو بەرەی چەپ و ئاسۆکەشیان زاڵە بەسەر بزوتنەوەکەدا، بەشی هەرەسەرەکی ئەم بەرەیە کە "بزوتنەوەی گۆڕان"ە خەریکی فاتیحا خوێندنە بۆ بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان و سەرگەرمی کەمپینی "وشە"ی خۆیەتی، بەشێکی تریشی کە نوسەران و ڕۆژنامەوانانن، لە سەنتەر و مەڵبەندە فکری و ئەدەبیەکاندا کاردەکەن و بەدەوری ڕۆژنامە ئەهلیەکانەوەن، ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی فکر و ڕادەربین مەسەلەیەکی حەیاتیە بۆیان بۆیە ئەیانەوێت بەردەوامی بەهەوڵ و کۆششەکانی خۆیان بدەن. "گۆڕان" وەک فڕاکسیۆنێکی سیاسی ناسیوناڵ-لیبراڵ، وەک قەوارەیەکی پەرلەمانی بەرژەوەندی تایبەتی (وبەمانایەک حیزبی) خۆی هەیە کە پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە ناچار بەسەوداوماڵەی دەکات لەگەڵ "پارتی" و ناچاری دەکات بزوتنەوەکە بکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆی، لێڕەشەوە دەیخاتە ناکۆکیەوە لەگەڵ فڕاکسیۆنەکەی تر لە ڕۆشنیران و نوسەرانی لیبراڵ و ئازادیخواز. ئەم بزوتنەوە بەم شکڵە هەڵیتوپەڵیتەیەوە لە ناوخۆیدا؛ ڕوبەڕوی بەرەی کۆنەپەرستی خاوەن دەسەڵات و زەبروزەنگی "پارتی" بۆتەوە. دیارە کە بزوتنەوەیەکی ئاوا لەڕوی سیاسیەوە توانای پێشڕەویەکانی سنوردارە و هێزی خۆڕاگری لەبەرامبەر بەرەی کۆنەپەرستی و زەبروزەنگی دەسەڵاتی "پارتی"دا لاوازە.


ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کەچۆنچۆنی ئەم بزوتنەوەیە لەم حاڵەتە لاواز و شەپڕێویە دەهێنرێتەدەرەوە و بەرزدەکرێتەوە بۆ ئاستی بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی بەهێز، توندوتۆڵ و لێکهەڵپێکراو لەناوخۆیدا، کە بتوانێت لەبەرامبەر سەرکوتگەریەکانی "پارتی"دا بوەستێتەوە و ناچاری بکات بەپێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆی جەماوەری بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆری سەردەشت. ڕێگەی واقعی، عەقڵانە و مارکسیستی ئەو سیاسەتەیە کە "ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری" لە "بڕیارنامە"کەی خۆیدا ڕایگەیاندوە. هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکال لەدەرونی ئەم بزوتنەوەیەدا بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە. بەو ئەندازەیەی کە ئەم سیاسەتە دەچێتە پێشەوە بەو ئەندازەیە ئاسۆی بوژانەوە و گەشەکردن و بەهێزبوونی مسۆگەر دەکرێت.


هەموو بزوتنەوەیەکی دیموکراتیک و ئازادیخواز لەساتەوەختێکدا، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتۆری مادی سەرهەڵدەدات و بە پڕۆسەیەکدا تێپەڕ دەبێت، لەم پڕۆسەیەدا ناکۆکیە دەرونیەکانی دەپشکوێن. ئەگەر فرسەت نەیەتەپێشەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان، وەیا ئەگەر لەباریش ببرێت و بخنکێندرێت، مادام هۆکارە مادیەکانی لە بونی کۆنەپەرستی و ئیستیبدادی بورژوازی لەئارادابن ئەوا لە چرکەساتێکی تردا، بەبۆنەیەکی تر و لەسەر مەسەلەیەکی تر، لە شکڵ و شێوەیەکی تردا سەرهەڵدەداتەوە.


خۆپێشاندانەکانی 2006 وەک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەدوای چەند مانگێکدا لە ئاکامدا پوکایەوە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەم بزوتنەوەیە هیچی لەدوای خۆی بەجێنەهێشت. ئەم بزوتنەوە ئاڵوگۆڕیەکی ڕیشەیی لە ڕوانەگەی خەڵکی کوردستاندا بەرامبەر هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار هێنایەدی. لێرەوە ڕوحی خۆپێشاندانەکانی 2006 ئەمڕۆ بەشکڵێکی شاراوە لە بزوتنەوەکەی سەردەشتدا ئامادەیە. بەدڵنیاییشەوە لەسبەی سەرهەڵدانی هەر بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازی تریشدا ڕوحی بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمانی 2010 ئامادە دەبێت. جیاوازیەکەشی لە ڕوحی خۆپێشاندانەکانی 2006 لەوەدا دەبێت کە ئەزمونێکی ئیزافی دەخاتەڕوو ئەویش چۆنیەتی وەلانانی ئاسۆی ناسیونال-لیبرال و کردنەدەرەوەی سکتاریزمە لەبزوتنەوەیەکی ئازادیخواز و دیموکراتیکدا، نەک هەر بە وتار نوسین و بەیاننامە دەرکردن بەڵکو بە سیاسەتێکی عەمەلی، عەقڵانی و مارکسیستی. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە "ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری" لە بزوتنەوەی سەردەشت عوسماندا خاوەنیەتی. ئێمە ئاگاهانە دەبێ ئەو پردانە لەنێوان ئەزمونی بزوتنەوەکان دامەزرێنین بۆ نەوەکانی داهاتووی هەڵسوڕاوانی چەپ و مارکسیست.
 

nadr1506@yahoo.com