په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

باشترین دۆست و هاوكارو لایەنگیری پارتی كرێكارانی كوردستان تەنها هەر توركیایە.

 

                                                                                                            

                                                                                                            خه‌بات لاوباخ       

لە پێش دروستبوونی توركیای مۆدیرن لە سەر دەستی ڕابەری نەژادپەرستی تورك  ئەتاتورك تەنها پشتیوان و دڵسۆزی تورك، نەتەوەی كورد بوو ،كە زۆر ساویلكانە و دڵپاكانە یارمەتیكی بێهاوتایان پێشكەش بەو ڕەگەزپەرستانە كرد  ، كە گوركێكی دڕندەو لەپێستی مەڕدا بوون ، تاكو ئەرمەنیان بەدەستی كورد لە ناوبرد و شەڕی ووڵاتانی داگیركارانیان پێ كردن و دواتر زۆر بێ ویژدانانە كەوتنە گیانی نەتەوەی كورد  و هەموو ڕێگایەكیان تاقیكردەوە  بۆ سڕینەوەی ناو و خاكی كوردان ، كە ئەمانە زۆرتر لە دوای كۆدەتا سەربازییەكانی ساڵانی 1960 ،1971 و 1980 ڕەنگی دایەوە و زۆر لووت بەرزانە، مێشكی پوچەڵ و ماسولكە لە قوڕ دروستكراوەكەیان پیشانی كورد و  جیهان دا.

لە پاشدا بێ ئەوەی دركی پێ بكەن، یارمەتییەكی لە ڕادەبەدەریان پێش كەش كرد بە چەند كوردێكی خوێن گەرم و شۆڕشگێڕ و پارتێكیان پێهێنانە ناو گۆڕەپانی خەباتی چەكداری و سیاسییەوە  ، كە ناونرا پارتی كرێكارانی كوردستان وبەمە  بەدەستی خۆیان گۆڕێكیان بۆ خۆیان و نەوە نەژاد پەرستەكانیان هەڵكەند و  ڕزگاربوونیان  نیە  لێیان ،ئێستاش هەر یارمەتیدەریانن ، كەچی  دەیانەوێت ئەم یارمەتیە بخەنە پاڵ بەرپرس و سەركردەكانی كورد لە باشوری كوردستان .

ئەگەر ئەم كاربەدەستانی تورك لە لووت بەرزی و نەزانینیانەوە نەبوایە ، یارمەتی كوردیان نەدەدا بەم كارانەی كە پێی هەڵسان وەك :

+ بەزۆر گواستنەوەی ملیۆنەها كورد بۆ ڕۆژائاوای توركیا وەك شارەكانی ئەستەمبول و ئەزمیر و ئەدەنە  و بڵاوكردنەوە و دەربەدەركردنیان ، كە ئەمە وایكرد كارمەند و ڕەوەندی كورد سود لەو  گواستنەوەیە ببینن و دەست بەكاربن و تێكەڵاوی ئەو ناوچانە یە بن  كە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان هەبوو بە دەرەوەی توركیاوە  بەهۆی تۆریستەوە ( گەشتیاری بێیانی) و هەوڵدانی خۆ دەوڵەمەندكردن ، كە ئێستا زۆربەی ملیۆنەرەكانی ئەستەمبوڵ كوردن.

+ لە ساڵەكانی 60 دا لە ئەڵمانیا  داوای دەستی  كرێكاریان لە توركیا كرد ، بەسەدان هەزار كورد نێرران بۆ ئەڵمانیا ( ئێستا نزیكەی    1،2  ملیۆن و نیوێك كورد هەن) بۆ دورخستنەوەیان لە شوێنی باووباپیرانیان ، وا تێگەیشتبوون كە  ڕزگارییان بوە لێیان  ، بەڵام ئەمانە تێكەڵ بەكەلتوری ئەوروپی بوون ، سیستەمی دیموكراتی كاری تێكردن و كەوتنە خۆ ڕێكخستن و دامەزراندنی سەدان ڕێكخراو و دەزگای سڤیل وكەلتوری وخزمەتی بزاڤی ڕەوای كورد ، كە بەزیانی توركیا داشكا و بەهەزاران ئەندامی پ. ك.ك پەیدا بون و كاری بازرگانیان دەكرد بۆ پشتگیر كردنیان و دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی بۆ دەرخستنی تاوانەكانی  نەتەوە پەرستەكانی  تورك ، كە چیتر نە دەتوانرا بشارێتەوە

+ ڕوخاندنی دێهاتی كوردستان و وێرانكردنیان و چەوساندنەوە و گرتن و كوشتن و دەستدرێژی ناموس بۆ سەر نێر ومێ ، وایكرد زۆرتر رك  و كینی دانیشتوانی دێهاتەكان ‌‌پەرە بسێنی و ڕوو بكەنە پارتی كرێكارانی كوردستان ، تۆوی تۆڵسەندنەوە لە ناو دڵییاندا چەكەرە بكات و هەستی شۆڕشگێڕی لایان پەیدا بێت.

+ قەدەغە كردنی فێربوون و نوسینی زمانی كوردی و نەهێشتنی بەكارهێنانی ناوی كوردی و زیندانی كردنی سەرپێچیكاران و ئەشكەنجەدانیان و سەیركردنیان بەچاوێكی سوكەوە ، وایكرد بەرگری و بەرهەڵستكاری سەرهەڵبدات و خۆی بكات بە هەموو سوچێكی گەڕەك و ماڵێك و تاكێكی  كوردا.

+ خزمەت نەكردنی ناوچە كوردییەكان و هێشتنەوەی دانیشتوانەكەی بەدواكەوتوویی و كەمی ئاستی ڕۆشنبیری لە نێوانیاندا ، وای كردوە كە ڕێژە لەدایك بوونی مناڵ زۆر زۆرتر بێت لە چاو شارە گەورەكانی توركدا ، ئەمەش وا دەكات لە ماوەی 15 تا 20 ساڵی تر ڕێژەی كورد زۆرتر دەبێت لە تورك و هاوسەنگە سیاسیەكە تێك دەچێت بەزیانی تورك.

ئەمانە چەند هۆكارێكن بۆ مانەوەو بەهێزكردنی پارتی كریكارانی كوردستان و بەردەوام لە پێشڕەویدا   بن ، كە لەو ماوەیەدا هەست دەكەین چەند     سەركردەییەكی سەربازی خانەنشین وەك كەنعان ئێڤرین دان بەهەڵەكانی خۆیان دەنێت و داوای ‌هەوڵی چاككردنی دەكات ، تا بارودۆخە ئاڵوزتر نەبووە ، هەر چەندە ئەم بۆچوونانە لە ئاستی بەرەوپێشچونی  پرسەی دیموكراتی و بڕوا و

( قەناعەت)ەوە نیە ، هەستیان بەو ترسە كردووە ،كە لەوانەیە لە پلانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نارەڕاستی گەورەدا ،بەش بون وپارچە پارچەبوونی ووڵاتانی داگیركار و دیكتاتۆر بیانگرێتەوە و دەستیان لە هەمانەكە دەرچێ و چیتر نەتوانن ڕۆڵی كەڵەگایی  لە ناوچەكەدا ببینن ، كە چۆتە خوێنیانەوە و ڕزگاربوون لێی مەحاڵە .

ئەگەر سەرنجێك لەم هۆكارانە بدەین ، بۆمان دەردەكەوێت تەنها دۆست و هاوكاری پ.ك.ك ، هەوڵدان بۆ بەهێزبونیان و مانەوەیان تەنها تورك خۆیانن ، چونكە تا تورك واز لەو ڕەفتارانەیان نەهێنن ، شۆڕشی چەكداری هەر بەردەوام دەبێت و بەهیچ هێرش و هەڕەشەیەك و پاڕانەوە لە ئەمەریكا و ئەوروپا  چارەسەر ناكرێت.

تەنها بە وازهێنان لە لوتبەرزی و نەژادپەرستی  و ‌هەوڵدان بۆ یەكسانی و  دادپەروەری  و نەمانی چەوسانەوەی چینایەتی تەنگژەكە هێور دەبێتەوە و توركیا لە دابەش بوون ڕزگار  دەكات .

 

Kardo961@yahoo.de