په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١٣

بە ئامان و زەمان لێی نابێتەوە!


مەهدی خالید خەمبار


ئەوەی حیزبە کوردستانییەکان دەیکەن، مەگەر هەر خوا و خۆیان لێی حاڵیبن! ئەوە چیە مامە خەمە هیچ بووە؟ خۆزگەم بە خۆت، وا بزانم ئاگات لێیە بەس خۆتیان لێگێلدەکەیت! من؟ نا باوکم، ئەی من قسە بۆ کێدەکەم، شەیتان بە لەعنەت بیت خەریک بوو قسەیەک بکەم؟ شەیتان! شەیتان هەیە؟ ئەرەوەڵا ئەوەندە زۆرە، ئەی بۆ من تا ئێستا هیچم نەدیوە؟ تۆ دەیانبینیت، بەس وەک من نایدەیت بە کۆڵا!

 

باشە تۆ باسی حیزب و میزبت کرد، بڕوا بکە تێت نەگەیشتم، چیان کردوە؟ ئەوەتا بەشێکیان خەریکی کاسبی و مەڕ و ماڵات بەخێوکردنن! سوێندت لە سەرم نییە ئاگادار نیم!! باشە ئەوانەی تر؟ وەڵا هەندێکیان عەوداڵی شتێکن کە ئەو سیکۆتین و چەسپی دووقلوی پێ لاببەن، هەندێکیان لە چەسپ و سیکۆتینی باشتر دەگەڕێن! دە ئەمە هەر ڕاست نییە! ئێستا تێتدەگەێنم، ئەوانەی دەگەڕێن بۆ شتێ تا ئەو چەسپەی پێ لا بدەن کە نوساندویانێتی بە کورسییەکانەوە، دەڵێن (بە ئامان و زەمان) لێنابنەوە! ئەوانیتریش بۆ ئەوەی لەوانەی پێشوو قایمتر بە کورسییەکانەوە بیانچەسپێنێت.

 

وا کەوتە بەر گوێم باس پینە بکەیت! مەبەستت پینەی سیاسییە؟ هەرچەندە من باسی پینەم نەکردوە بەڵام پینەی سیاسییش هەیە ؟ ئەی نەمری! یانی نایزانی؟ وەڵا ئەمڕۆ باو باوی پینەی سیاسییە! لەوێ کون دەبێت، لەوێ پینەی دەکەن.

 

تۆ واز لەوە بێنە، تۆ پێم بڵێ ئەم وڵاتەی ئێمە شوکور پڕ بووە لە سیاسی، لە کوێ خوێندویانە؟ تۆ مەبەستت منە؟ ئەوە خوێندنی بۆ چیە؟ ناوبانگی باوکمت بیستوە؟ مامەم و خاڵەم ئەوانیش دەزانی چەند سیاسی بوون! وەڵا ئەوان ڕۆحیان شاد قارەمان بوون، بە راستیی پێشمەرگەی ئازا و بە جەرگ بوون. ئێ من بە هۆی ئەوانەوە دونیا دەمناسێت! هەر چیم بووێ بۆمی دەکەن، کەس بۆی نییە دەست بخاتە رێم، ئێ باشە خۆ باوک منیش شەهیدە، ئەی بۆ کەس باسی ناکات، وەڵا ئەوە تازە بزانم، ئێ خۆت باست نەکردوە، دیارە لەمێژە؟ خۆ لە شەڕی هەردوو گەڕەکدا نەکوژراوە؟ ئەگەر وابووایە من هەر دەمبیست. نا نا ئەو کاتە تۆ هێشتا لە دایک نەبوبویت! دەی خوا عافوی بکات، ئەوانە کۆن بوون. کۆن بوون! چی کۆن بووە؟ کورە ئەم (ڕێکەوتننامە ستراتیژییە)ی نێوان مامە و کاکە! تۆ قسەی خۆت بیر نەچێت، باش بوو باسی مامەت کرد، توخوا ئاگات لە دەنگوباسی تەندروستیی مامە هەیە؟ راستت دەوێ یان درۆ؟ ئێ درۆ لە کەسێکی وەک تۆ چۆن دەوەشێتەوە, دە سوێندت لە سەرم نییە، جگە لە فڵان و فڵان زیاتر کەس هیچی لێ نازانێت! یانی حیزبیش هیچی لێ نازانێت؟ وەڵا زۆرم پێناخۆشە، باشە بە رای تۆ ئەم شاردنەوەیەی دەویست؟ کورە نە بە خوا، نە بە شەرەفم، باشە تۆ (شێخ ئەحمەد یاسین)ت بیستبوو؟ ئەو پیاوە پیرەکەی لە سەر عارەبانە بە ڕێزەوە گڕیان دەدا؟ دەمخۆش، ئێ ئەوە چی بوو؟ ئەوە سەرۆکی بزووتنەوەی (حەماس) بوو، کردبوویان بە سومبوڵی خۆیان؟ قەسدت ئەوەیە (مام جەلال ش ئەگەر بەو شێوەیەش بووایە یەکێتییەکان وەک سومبوڵی حیزبەکەیان حیسابیان بۆی بکردایە؟ بۆ نا؟

 

لە بیر خۆتی مەبەوە، ئێ ئیتفاقیەی ستراتیژی عەیبی چیە، وا بزانم بەس تۆی ئەوەندە حیسابی وردی بۆ دەکەیت؟ حسیابی چی؟ کەس لە تۆ تێناگات، جارێک دەڵێیت لە حیسابکردنی پارە و سەروەت و سامان وەک کۆمپیوتەر وان، کێ باسی ئەوەی کردوە؟ من وتم کەس حیساب بۆ کەس ناکات؟ تۆ مەبەستت کێە؟ دە خۆ چاو و گوێت هەیە؟ باشە پێم بڵێ بزانم کێ حیسابی بۆ کێ نەکردوە؟ منیش دەڵێم کێ حیساب بۆ کێ دەکات؟ هەموویان؟ بە ناو پێم بڵێ! ئای زۆرزان دەتەوێ منیش بە دەردی (سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و قایمقامەکە و ئەو کابرایەی ئاسایش و شاسوار عەبدولواحید) ببەیت؟ دەی بتۆقیت! بۆ عەیبە بترسم؟ کوڕینە.. کچینە ئێوە وەک من ناترسن؟
 

 

m.zerdeshti@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک