په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٤

بەھمەن قوبادی نمایشی فیلمە نوێیەکەی

لە فیستیڤاڵی ڤینیسیا پێشکەش بە نەتەوەی کورد کرد.

 


“بەھمەن قوبادی” نمایشی “ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە” فیلمە نوێیەکەی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا پێشکەش بە نەتەوی کورد کرد و لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گرینگیی دنیادا داکۆکی لە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی عێراق کرد.

فیلمی “ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە” نوێترین بەرھەمی سینەماکاری ناوداری کورد “بەھمەن قوبادی” لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی “چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان” لە بەرھەمھێنانی “ئالێکس گارسیا” و “گیلێرمۆ ئاریێگا” و بە ئاوازدانەری موزیکزانی ناوداری بەریتانی “پیتێر گابریێل” بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوبادی، ڕۆژی ٣٠ی ئابی ٢٠١٤ لە بەشی سەرەکی دەرەوەی پێشبڕکێی لە میانەی حەفتا و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا.


قوبادی دوای نمایشی ئەم فیلمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا نوێترین بەرھەمی خۆی پێشکەش بە نەتەوەی کورد کرد کە لە ڕابردووەوە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان میواندارییان لە تەواویی ئایین و مەزھەبە جۆراوجۆرەکان کردووە کە بوونەتە قوربانی جەنگە مەزھەبییەکان کە لە نیشتمانەکەیاندا ھەڵگیرساوە.


“بەھمەن قوبادی” وەکوو یەکێک لەو دەرھێنەرانەی کۆمەڵە فیلمی “وتووێژ لەگەڵ خوداکان” لە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنیی گرینگی دنیادا لە فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا، لەوانە: بی.بی.سی، سی.ئێن.ئێن، ھۆلیوود ریپۆرتێر کە ئەنجامیدا سەبارەت بە سەربەخۆبوونی ھەرێمی کوردستان لە عێراق گوتی: بە بڕوای من ئەمڕۆکە کوردەکان خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە وڵاتی عێراق دەکەن و بەتایبەت لەگەڵ ئەم جۆرە ڕوانینە ھەم کە کوردەکان بتوانن ماڵێکیان بۆخۆیان ھەبێت و کوردەکانی وڵاتانی دیکەش کە زوڵمێکیان لێبکرێت ھەست بکەن کە ماڵێکیان ھەیە و شوێنێک بوونی ھەیە کە بتوانن پەنای بۆ بەرن و لەوێی پشتیوانیان لێبکرێت. ھەر بەم ھۆیەوە، بوونی وڵاتێک بە ناوی کوردستان لە عێراقی ئەمڕۆدا ڕووداوێکە کە دەتوانێت دروست بێت.


گوتیشی: چونکە ئەگەر ئەمڕۆ لە عێراقدا، ھەر جەنگێک ڕووبدات و بەداخەوە ھەموو کات لەم وڵاتە شایەدی بینینی جەنگ بووین، قوربانی سەرەکی کوردەکان دەبن، چونکە ئەگەر شیعەکان ھێرشیان بکرێتە سەر ئەو شانسەیان ھەیە کە بەرەو وڵاتی ئێران کە بەشێکی زۆر لە دانیشووانی شیعەن ڕابکەن و ئەگەر دەرحەق سوننەکان ستەم یا ھێرشێک بکرێت ئەم شانسەیان ھەیە کە بۆ وڵاتێکی دراوسێی عێراق کە دانیشتووانی سوننەن پەنابەرن، بەڵام ئەگەر زوڵمێک دەرحەق کوردەکان بکرێت و یا ئەوەی کە ھێرشان بکرێتە سەر و تراژیدیایەکی دیکە بەسەریان بێت ھەر وەکوو چۆن لە ڕابردوودا تراژیدیای زۆریان بەسەردا ھاتووە، ئەوە تەنیا کوردەکانن کە نازانن بۆ کوێی ڕابکەن و شوێنێکیان نییە کە پەنای بۆ بەرن و لە ئاکامدا تەنیا دەمێننەوە. ھەر وەکوو ھەموو لایەک ئاگادارن کوردەکانی سووریا پەنایان بۆ عێراق ھێنا بەڵام دووبارە لەوێش ھەم خۆیان و ھەمیش کوردەکانی عێراق لە لایەن تیرۆریستانی داعیشەوە ھێرشیان کرایە سەر.


ئەم سینەماکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: ھەر بەم ھۆیەوە کوردەکان نابێت جارێکی دیکە تراژیدیایەکی دیکە بەسەریاندا بێت و ئەوە ئەم کاتەیە کە من بە “کاتی کوردەکان” ناوی لێدەبەم و ئەمە دوایین چانسێکە کە کوردەکان لە بەردەستیاندایە تا بتوانن ماڵێکی ھێمن و جێی متمانە بۆ خەیان سازبکەن، چونکە ھەموو کاتێک بوونەتە قوربانی.


لە کۆمەڵە فیلمی “وتووێژ لەگەڵ خوداکان”ـدا دەرھێنەری ناودار و بەئەزموونی ٩ وڵاتی جیھان لەوانە: بۆسنیا، ژاپۆن، مەکزیک، ھێندستان، ئەمەریکا، ئوستوڕاڵیا، بڕازیل، ئیسرائیل و ئیسپانیا ئامادەبوون کە فیلمی “ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە” لە دەرھێنانی “بەھمەن قوبادی” لە ھەرێمی کوردستان لە تەنیشت ناوی ئەم وڵاتانەدا ناوی لێبردرا، کە ئەوە بۆخۆی ڕووداوێکی گرینگ و جێی سەرنجە و بۆ یەکەمین جار لە کوردستان وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆ لە نێوان ئەم وڵاتانەدا ناوی لێبردرا و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنە گرینگە جیھانییەکاندا ڕەنگدانەوەی بەرچاو و جۆراوجۆری بەدواوە بوو.
 

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک