په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٧

بەڵێ ھاوڕێ ھەژێن، چینی کرێکاران شۆڕشگێڕ نین.


زاھیر باھیر      


لە مانگی پێشوودا ، مانگی ئاب، وتارێکم لەژیر ناوی " ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن ؟" نوسی . لە ڕۆژی ٢٤/٠٨/٢٠١٧ ھاوڕێ ھەژێن بە ڕەخنەیەکی ھەمە لایەنەی دووروو درێژ وەڵامی دامەوە. کە لق و پۆپێکی یەکجار زۆری لێکردۆتەوە و ئەسڵی مەبەستەکەی تیادا فەرامۆشکراوە. من ھەوڵدەدەم بە چڕوپڕی و بە کورتی سەرنجی خۆم دەربارەی ڕەخنەکەی ھاوڕێ ھەژێن ، کە زیاتر خۆڕۆشنکردنەوەیە، دەربڕم . ھیوادارم کە بتوانم ئەمە بکەم.


پێش ئەوەی بێمە سەر ڕەخنەکەی ھاوڕێ ھەژێن دەبێت ئەو بنەمایانە دەستنیشان بکەم کە ھاوڕێ ڕەخنەکانی لەسەر بنیاتناون ، کە بەڕای من ئەمانەن:


یەکەم : پێناسەکردنی " کرێکاران و پڕۆلیتاریا" لەو پێناسەیەدا کە ئەو کردویەتی بۆ کرێکاران منیش ھاوڕام و پێشم وایە ئەوەی لە وتارەکەی مندا ھاتووە کە لێکدانەوەی فەرھەنگی دانشگەی 'کامبریجە' بۆ چەمکی کرێاکاران، تەواو نییە، ھەروەھا پێناسەی مارکسییەکانە کە من تا ڕادەیەکی زۆر لە تەکیدا ھاوڕام . کەواتە لیرەدا ھاوڕی ھەژێن پێناسەیەکی کردووە بۆ کرێکاران و پڕۆلیتریا ، کە من لە زۆربەیا ھاوڕام . تەنھا جیاوازییەک بۆ من لە نێوانی پڕۆلیتاریاو چینی کرێکارانا دەبینم ئەویش ئەوەیە پڕۆلیتاریا کە من زیاتر وشەی چەوساوان ، کاردار و بێ کار-یسن بۆ دادەنێم،ھەر لە دێر زەمانەوە دەگرێتەوە بەڵام کرێکاران ھەموو چەوساوان ناگرێتەوە. کەواتە چەوساوان لەتەک دروستبووی کۆمەڵی قوچکەیی و دواتریش کە ئەمە بەرەو کۆمەڵی چینایەتی چووە ، ھەبووە تاکو ئەمڕۆ . بەڵام چەمکی کرێکاران بە چەمکە ئاشکراو نوێیەکەی لای ھەموو بیرۆدۆزەکان مێژوی ڕەنگە بگەڕیتەوە بۆ کەمترلە ١٠٠٠ ساڵێک یا شتێک زیاتر.


دووەم: ھاوڕێ ھەژێن لە خواست و ویستی خۆیەوە تەماشای چینی کریکاران دەکات ، نەک وەکو ئەوەی کە ھەبوون و ھەن . ھەر ئەمەش ھۆکار بووە بەوەی کە ھاوڕێ زیاتر ڕەخنەیەکی ئەکادیمیانە نەک واقیعانە و مەیدانانە لە وتارەکەی من بگرێت. کەواتە ئەو نە سەرنجی بەدیقەتی لە وتارەکەم داوە، نە وەکو سەرنجیش تێبینییەکانی خۆی دەربریوە . بەڵگەشم بۆ ئەوەی کەوتم، ئەوەی کە ئەو نوسیسوێتی ڕەخنەیە، نەک بە خوێنەری بسەلمێنێت کە کرێکاران شۆڕشگێڕن گەرچی سەرباسی ڕەخنەکەی سەلماندنی شۆڕشگێڕێتی کرێکارن . ھەر بە ھۆی ڕەخنە گرتنیشەوە، ھەندێک لە بڕگە و نوسینەکانی من شێوێنراون [ دیارە من ناڵێم کە ئەو بە ئەنقەست ئەمەی کردوە بەڵکو بە وردی وتارەکەی منی نەخوێندۆتەوە و ھەر لەبەر ئەوەش بڕگەکانی نێو وتارەکەی بە یەکەوە گرێنەداوە] من لە دوایدا بە بەڵگەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەو شێواندنە.


دەبێت ئەوەش بڵێم کاتێک کە رەخنەکەیم خۆێندەوە ، توشی تێڕامان و سەرسوڕمانی کردم، چونکە من و ھاوڕێ ھەژێن بە حوکمی نزیکی فکریی و پەیوەندی پتەومانەوە زۆر جار لێدوان لەسەر زۆر باس دەکەین . ھەرگیز ھەستم نەکردووە کە من و ئەو سەبارەت بە ڕۆلی کرێکاران ، ناڵێم پێناسەی کرێکاران ، ھیچ ناکۆکییەکمان ھەبووبێت، ھەمیشەش شۆخیمان بە پیرۆزکردنی کرێکار کردووە . پۆستەکانی ئەو لەسەر فەیسبوک شاھیدی قسەکانی منن کە ئەو چۆن ڕۆڵی کرێکارانی بینوە لە کۆمەڵدا، نەک ھەر ئەوە بەڵکو ڕۆڵی تاکەکانی کۆمەڵیش بە گشتی . من لێرەدا نامەوێت نموونە بھێنمەوە ئەوە کاری خودیی خوێنەرە گەر گومانی لەم سەرنجانەی من ھەبێت، با خۆی بچێت جارێکی دیکە پەیجە تایبەتییەکەی خوەیی ھاوڕێ ھەژێن و پەیجەکەی ' ئازادییخوازان' یش بەسەرکاتەوە. لە ڕاستیداس من ئێستا نازانم بۆچی ھاوڕێ، کرێکارانی لابۆتە شۆڕشگێڕ!! ئەمە بۆ من ئەوەندە نوێیە، کە لە مانگێک کەمترە.


بۆ ئەوەی کە چوارچێوەی سەرنجەکانی من ڕەخنەکانی ئەو بگریتەوە ، ئەوە دەچمە باسەکەوە . ھەوڵ دەدەم تەنھا لە ھەر خاڵێکی ئەو من ئاماژە بە دێڕێک یا چەند دێڕێکی بکەم ، تاکو زیاتر سەری خوێنەری پێوە نەیەشێنم و خۆشم لە درێژدادڕی و ڕێزنەگرتن لە وەخت ، بپارێزم.


ھاوڕێ ھەژێن دەڵێت " ھیچ دوو کەس و ئەندامانی ھیچ خێزانێک و ئەندامانی ھیچ گروپێک و کرێکارانی ھیچ کێڵگە و کارگە و ...تد ناتوانن وەک یەک شتەکان ببینن و وەک یەک بیربکەنەوە و وەک یەک ھوشیار بن و وەک یەک ھەموو دیوەکانی پرسێک ببینن..........و ھەر کەس پاگەندەی ئەوە بکات چینی کرێکار ١٠٠% یان ھەموو کرێکاران شۆڕشگێڕن، ئەوا خەریکی پەرجووکردن و جادووکردنە لە کرێکاران. " باوەڕناکەم کە من شتێکی دیکەم وتیبێت . منیش وتومە چینی کرێکاران وەکو ' گشت' شۆڕشگێڕ نین و ھەرگیزیش نەبوون . منیش بۆیە وتومە ئەوانەی کە شۆڕشگێڕبوون کرێکارە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون ، نەک ھەر ھەموویان . دیارە من مەبەستم لە شۆڕشگێڕی، نێت و ھەوڵ و خەباتی ھەڵتەکاندنی سیستەمەکەیە و بنیاتنانی کۆمەڵی ناقوچکەیی و ناچینایەتییە . ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە منیش ھەستم بەوەی ھاوڕێ کردوەو کە ھیچ وەخت کەسەکان لە بیرکردنەوە و قسەو کارکردنیانا وەکو یەک نین ؟ [ من دەتوانم ئەمە بە شێواندنی قسەکانم، ناو بەرم ].


ھاوڕێ دەڵێت " بەڵام ئەگەر بڕیابێت ڕادەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆڕێکخستن و چالاکی و بەشداریکردنی چین و توێژەکان لەنێو ڕاپەڕینەکان و پاشکاراییەکانی ڕاپەڕینەکان بەراوردبکەین، ئەوا کرێکاران لە ھەموو چین و توێژەکانی دیکە شۆڕشگێڕترن، شۆڕشگێڕترن نەک لەبەرئەوەی کە مارکس ئاوای دیاریکردووە یان ئێمە خۆمان بە کرێکار دەزانین، نەخێر، لەبەرئەوەی کە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی لە ھەموو چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵی چینایەتی، بە قازانجی کرێکارانە، لەبەرئەوەی کە کرێکار بە گوێرەی ھەستیاری پێگەی لەنێو بەرھەمھێنان، ڕاگری چەرخی بەرھەمھێنان و سووڕانی کۆمەڵی چینایەتییە".


ڕاستە ناڕەزایکردن بە ھەموو چەشنەکانییەوە یاخیبوونە لە زوڵم زۆر و چەوساندنەوە ،بەلام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کرێکاران کە بۆ پولێک زیاتر ناڕەزایی دەکەن، یا دەیانەوێت ئەوەی کە لە دەستیاندایە لە دەستیاندەرنەچێت ، شۆڕشگێڕێتی بێت ، بەو مانایەی کە ئەمان دەیانەوێت کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵی سۆشیالیستی بەرن . ئەمانەی کە ئەمان دەیکەن خەباتکردنە ، یاخوبوونە ، ھاوکاتیش مەرج نییە ھەموو یاخی بونێک شۆڕشگێڕی بێت، جەردە و مافیاکان یاخین و دژی دەوڵەت و یاساکەشین، بەڵام شۆڕشگێڕ نین [ تکایە با خوێنەر وا تێنەگات کە من کرێکاران لەگەڵ مافیادا ھاوتادەکەم ] . دوای ئەوە من نازانم ھاوڕێ بۆچی ' کرێکاران' لە باقییەکەی دیکەی جیادەکاتەوە کە دەڵێت ' لە گۆڕانی سیستەمی چینایەتییدا' بۆ دەبێت کە زیاتر بە قازنجی کرێکاران بێت تاکو کابرایەکی بێ کار، قوتابی، پەککەوتە ، خانەنشیکراو؟ [ کرێکار لای من ئەوەیە کە کار دەکات، چونکە ئەو کاتە ھێزی بازوی دەفرۆشێت وقازانج لەو ڕێگایەوە بۆ سەرمایەداریی دروستدەکات، بەڵام کە بێ کار دەکەوێت یا خانەنشین دەکرێت، لێرە بە کرێکارێکی پەکککەوتە یا بێ کار ناوترێت کرێکار ، دەکرێت بڵێی کۆنە کرێکارەکە، من ئەمانە ناو دەنێم چەوساوەکانی، بێدەرەتانەکانی ، ھەژارەکانی ناو کۆمەڵ کە ھاوەڵ و ھاودەرد و ھاوئامانجی کرێکارانن ].


ھاوڕێ دەڵێت" ...پرسیارەکە ئاوا بووایە 'ئایا ھەموو کرێکاران / ئایا ھەر کەس کرێکار بێت شۆڕشگێڕە؟'،.." من ئەو تایتڵەی ھاوڕێ بۆ سەروتارەکەم بە گونجاو نازانم ، چونکە وتارەکەی من زۆر شتی دیکەی گرتۆتە خۆی و ویستوشمە وەکو چین باس لە کرێکاران بکەم ، واتە وەکو گشت نەک وەکو ئەفرادەکانی ناو چینی کرێکاران، کە قسەکردن لەسەر تاک و بەشێکیان گرفتێکی زۆر دروستدەکات. .


ھەر لەو بڕگەیەدا ھاوڕێ دەڵێ " ". ئەگەر چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین، ئەدی چین؛ دژەشۆڕش، ھەلپەرست، ھاوبەرژەوەندی چەوسێنەرانی خۆیان و ...تد ؟ " باشە من لە کوێی وتارەکەمدا وتومە کرێکاران دژە شۆڕشن؟ ئەمە شێواندنی نوسینەکەی منە . ناکرێت ھاوڕێ ھەژێن ئەوە بە من ببڵێت چونکە ئەو من دەناسی کە ھەر ڕەش و سپی نابینم. قسەی من لە سەر شۆڕشگێڕێتییە ، من کرێکاران بە دژە شۆڕش نازانم مەرج نییە ئەوەی کە شۆڕشگێڕ نەبێت ئیتر دژە شۆڕش بێت ، توێژاڵێکی زۆر لەو نێوانەدا ھەن کە نە شۆڕشگێڕن و نە دژ بە شۆڕشیش. دیسانەوە دەبێت ئەوە بڵێمەوە کە پێناسەی شۆڕش بۆ من شۆڕشی کۆمەڵایەتییە کە کۆمەڵی سۆشیالیستی بەرھەم دەھێنێت.


وەکو لە سەرەتاشدا وتم ، لەتەک ھاوڕێ ھەژێن-دا دێمەوە کە پێناسەکەی 'کامبریج' ناڕاستە . بەڵام لەوەی کە کەسێک بە پارچە کاردەکات ، یا کاری دروستکردن و چاکردنی خانوو دەکات، یا تەنانەت ھەر دیکۆرەیشن دەکات، من سەرنجی خۆمم ھەیە . لێرەدا ئەو کەسەی کە ئەو کارە دەکات مەرج نییە کە کرێکار بێت چونکە لەو کەسانە زۆرن کە کەسانی دیکە دەگرن بە پارەیەکی کەم و دەیانچەوسێننەوە. کە بەڕای من ئەوانە کرێکار نین ، خاوەن بزنسی بچوکن ھەروەکو چۆن کابرا دوکانێکی ھەیە بەڵام یەکێک یا دووانی تر کاری بۆ دەکات ، گەرچی ھاوکات خۆشی ھەر کاردەکات بەڵام من ئەو بە کرێکار نازانم . خاڵێکی دیکەش لێرەدا ھەیە ئەویش بوونی پشکە ' سەھم' لە دووکانێکد، لە شوێنێکی سەر کاردا وەکو لە شۆپی جۆن لویس- بریتانی ( John Lewis ) دا کە دەستمایەکەی ملیار پاوەنە و ھەزاران کرێکار و فەرمانبەرریی ھەیە بەڵام ، کەسەکانی کە کاری تیادادەکەن ' پشکیان' ھەیە سەرەڕای موچەکەشیان ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ ناکەم ھیچ جۆرە بڕیارێکی گەورە یا بچوکیان لەدەستدا بێت . ئەمە تۆزێک ئاڵۆزە ، بەڕاستی سەرمایەداریی لە ھەموو ڕویەکەوە ھەوڵ دەدات کە کەسەکان ھەرچی بن گەندەڵیان بکات ، مێشکیان بشواتەوە.


سەرنجی من بۆ گۆڕینی چینی کرێکاران ، ئەوەی کە ھاوڕێ باسی دەکات، تا ڕادەیەک یەکە ، پێگەی کرێکاران نەگۆڕاوە و نەبوونەتە بورجوازیی . بەڵام ھاوکات لە زۆر لایەنی دیکەوە کرێکاران گۆڕاون ، ھەم ژیانیان ، چوونێتی کارکردنیان ، ئامرازەکانی کارکردنیان ، بەشبوونیان بە گوێرەی شارەزایی و تایبەتمەندیی کارەکانیان ، ئەو نەقابانەی کە ئەندامن تیایاندا، شوێنی ژیانیان، ھەژموونی میدیا لەسەریان، بایاخدان بە بازاڕییکردنی زۆر، ھەروەھا بوون بە کۆیلەی بانق و ...گەلێکی دیکە کە ھەر ھەموو ئەمانەش بمانەوێت و نەمانەوێت کارایی خۆیان لەسەر بیرکردنەوە و ئامادەبوونیان بۆ کردنی چالاکییەکی بچوک تا گەورە ، داناوە . ھەر کەس بخوازێت کە بزانێت چۆن ئەمانەی سەرەوە کرێکاریان، گۆڕیوە من دەتوانم دەیەھا نموونەی بخەمە بەردەست.


ھاوڕێ دەڵێت " ئەگەر کەسێک ھەبێت و ئاوا بیربکاتەوە، کە زۆری ھەژمار شۆڕشگێڕی کەسەکان و چینەکان دیاریدەکات، بەبێ گومان گرفتی بیرکردنەوە و دیتن و خاڵیبوونی پاشخانی زانیاریی ھەیە".


بەدڵنیاییەوە نە من و نە ئەنارکیستانی دیکەش ئاوا بیرناکەنەوە ، چونکە لە کایەی شۆڕشدا ژمارە بڕیار نادات بەڵام ڕەنگە سەرەنجام دیاریبکات، بۆ نموونە ئەگەر شۆڕش شۆڕشی بە تەنھا کەمایەتییەکی کۆمەڵ بێت، بۆ نموونە با بڵێین تەنھا کرێکارانی پیشەسازیی ، ئەوە نەک ھەر شۆڕشەکە ناتەواوە بەڵکو بەری شۆڕشەکەش ھەر بۆ کەمایەتییەکە دەمێنیتەوە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی و جددی ناکرێت.


لە لاپەڕەیەکی دیکەدا ھاوڕێ ھەژێن دەڵێت " کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین؟ ئایا ھیچ چینێک تەنانەت بۆرجوازیش ھیچ کات یەکگرتوو بووە، تاکو کرێکاران یەکگرتوو بن؟ ئایا مامۆستایان، فەرمانبەران، جوتیاران، خانەنیشینان، خوێندکاران، دوکانداران، دەڵاڵان، سەربازان، سیخوڕان، ...".


باسەکەی من لەسەر کرێکارانە ، نەک بورجوازی ، ھاوکاتیش ئەوە دەڵێم کە سەرکەوتن لە یەککەوتن و یەکگرتندایە . دڵنیام لەوەی کە ھاوڕێ ھاوڕامە لەمەدا. دوای ئەوەش ، بورجوزازی و کرێکار پەرستەکان و ناحەزانی ئەنارکیزم ھەرچی دەڵێن، ئازادن ، بەڵام واقیع پێجەوانەی ئەوان قسەی کردوە لە ڕابوردووش و لە ئێستاشدا.


" من ھەرگیز لەتەک ئەوە یەکناگرمەوە، کە کرێکاران کەمینەیەکی ناکار بن، ھەر ئاوا لە چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانی دیکە نایەکگرتووتر و بێدەنگتر و ملکەچتر نین." بەداخەوە ئەمە حەقیقەتەکەیە و واقیعیش تا ئێستا ھەر ئەوەی پیشانداوەو بورجوازی لەمان یەکگرتووترن ، ئەی ئەگەر وانییە دەوڵەت بۆ لە خزمەتی کۆمپانیاکاندایە ، من بە دەیەھا نموونەت بۆ دەھێنمەوە کە بورجوازی لە بریتانیادا زۆر یەکگرتووترن تاکو کرێکاران ، ھەڵبەتە ئەمەش ھۆکاری خۆی ھەیە و شێوەی تایبەتی کارکردن لەسەر یەکگرتنی نێو خۆیان ھەیە.


ئەوە دەسەلمێنم کە کرێکاران و ڕۆڵیان لە ئەرجەنتینا زۆر زیاتر و بەبایەختر بوو تاکو یۆنان و زۆرێک لە شوێنەکانی دیکە ، گەرچی لە ئەرجەننتیناش کرێکارە سۆشیالیستەکان و چەپەکانی ناو حیزبەکان و ئەنارکیستەکان ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبوو . ھەرچی یۆنان بوو ڕۆڵی چەپ کاریگەر بوو ، ئەو بارودۆخەی لە یۆنانا خولقابو لە ڕوی خراپییەوە ، کەلە کاتێکدا بزوتنەوەی ئەنارکیستەکان و سۆشیالیستەکان زۆر بەھێز بوون، گەر لە ھەر وڵاتێکی ڕۆژاوی دیکە بوایە جگە لە وڵاتانی پیشەسازییە گەشەکردووەکان ، شۆڕش بەرپا دەبوو بەڵام چەندێک دەوامی دەکرد ئەوە دەکەوتە سەر ھاریکاریی نێونەتەوەیی. بەلام بەداخەوە کە لە یۆنانا گەورەترین تێشکانی بەدەستھێنا.


لە خاڵێکی دیکەدا ھاوڕێ ھەژێن دەڵێت " بۆ من وەک خوێنەر نازانم پەیوەندی "دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا" وەک دروشمی چەپ و وردەبۆرجوازی چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و سەلماندنی "شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار" ھەیە؟".


ھاوڕێ گیان من وتارەکەم پەیووەستکردۆتەوە بە چەمکەکەی مارکسەوە بۆ شۆڕش کە لە کاتێکدا ئەو ' دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتایا' بەو ئامرازە دەزانێت کە بەرەو کۆمەلی سۆشیالیستیمان دەبات، ئەو چینی کرێکاران تا ئەو ڕادەیە بە شۆڕشگێڕ دەزانێت کە ڕژێمیان پێدەگۆڕێت و دەوڵەتێکی پڕۆلیتاریان، پێ دادەمەزرێنێ . بەڵام من وتومە ئەوە ھەرگیز پلانی چینی کرێکاران نییە و ناشبێت. دیارە ناڕوونی ئەو خاڵە لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە خۆێنەر تەواوی وتارەکەم بەیەکەوە گرێنەداتەوە و بە پارچە پارچەیی بیبینێت.


" ؟ چۆن بەبێ گوێدانە پاشخانی چینایەتی بەشداری تێکۆشان دەبین، ھاندەرەکان چین، بێجگە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر پێگە و پاشخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیمان؟".


پرسیارەکەی ھاوڕێ ھەژێن دروستە گەر ھەر ھەموو کەسێک بە کرێکار بزانین بەڵام لای من ھێشتا خەڵکی لە کۆمەڵدا دەکرێن بە سێ چینەوە کرێکاران ، پڕۆلیتار ، چینی ناوەڕاست کە پڕۆفیشناڵەکانن ، چینی باڵادەست و دەستەبژێر . دوای ئەوەش گەر شۆڕش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بزانین کە ھەرە زۆرینەی خەڵکی بەشداریدەکات و بە قازانجی ھەموان دەگەڕێتەوە ، ئەوە تەنانەت کەسانێیک کە پێگەی چینی کرێکارانیشیان ، نییە بەشدارن لە ھەنگاوە شۆڕشگێڕییەکانا.


ھاوڕێ ھەژێن دەڵێت " بەبۆچوونی من، ھەم گوتەکە [ مەبەستی گوتەکەی مارکسە- زاھیر] ڕاستە و ھەم ئەنجامگیرییەکەشی. چونکە کرێکاران وەک خوارترین چینی کۆمەڵ و سەختی ڕۆڵ و گرنگی ڕۆڵی چینایەتییان دەبنە شۆڕشگێڕ و زیاتر لە ھەموو چین و توێژێکی دیکە خوازیاری گۆڕانی ئاوا سیستەمێک دەبن".


لیکدانەوەی من بۆ چەمەکەی مارکس ئاوایە کە نوسیومە ، ئەو سەرنجامگیرییەشم لە واقیعدا کردوە ، کە کرێکاران لە ھەوڵی باشکرنی ژیانی خۆیانان، نەک گۆڕینی سیستەمەکە بەو سیستەمەی کە من و تۆ دەمانەوێت. دوای ئەوە وەکو باسم کردوە کرێکاران زۆر باشتر دەژین لە بێکاران ، لە خانەنشینکراوان لە قوتابییان [ دیارە ئەمانە من ھیچیان بە کرێکار دانانێم بەلام بە پرۆلیتاریا، کە چەوساوە و بێدەرەتان و ھەژارن ] ئا لەم بارەدا باری ژیانی کرێکاران لەمانەی کە من ناونوسم کردووە خراپتر نییە ، ھەر لەبەر ئەمەشە کە من کرێکاران لە قوتابیان و ئەوانی دیکە بە شۆڕشگێڕتر نازانم، ھەر بۆیەش من چەمکەکەی مارکس لەگەڵ خۆیدا بە ناکۆک دەبینم . سەرەڕای ئەمانەش تۆ ئەوەت لەبرکردووە کە تەنھا بارودۆخی خراپی ژیان نابێتە خولقاندنی نە شۆڕش و نە شۆڕشگێڕێتیش گەر ھۆشمەندی لەگەڵدا نەبێت. گەر وابوایە لە گەلێک وڵاتدا دەمێک بوو شۆڕش کرابوو.


" من ئاوا لە دێری یەکەمی ئەو پەڕەگرافە تێدەگەم، کە ' تێکۆشانی ئابووریی ھیچ نییە و نیگەتیڤە'، 'کۆششی ڕامیاریی و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیڤە'. دیسان 'تێکۆشانی سەندیکا نیگەتیڤە' و 'ئەگەر لە شانی پارتییە ڕامیارییەکان بووایێن، شۆڕشگێڕ دەبوون' . ' کرێکاران بە قسەی مارکس دەکەن، لەبەرئەوە خەریکی سەندیکان'".


ھاوڕێ ھەژێنن غەدرێکی یەکجار زۆرم لێدەکات چونکە ئەمە شێواندنی مەبەستەکە و نوسینەکەی منە ، من لە کوێدا وتومە کە ئەوانە ھیچ نین؟ ، ئەی باشە گەر ھیچ نین لای من، بۆچی من ھاریکاریی و ھاوکاری ئەو لایەنانە دەکەم کە بۆ پولێک زیاتر ناڕەزایی دەکەن ؟ یاخود ھی ئەوانە دەکەم کە غەدریان لێدەکرێت؟ من لەکوێدا وتومە کە دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیفە ؟ گەر خوێنەر بییەوێت مەبەستەکەم پێچەوانە بکاتەوە ئەوە زۆر لەوە زیاتریش دەتوانێت بکات کە تۆ دەیڵێیت . ھەموو کەس دەتوانێت شتێک لە وتاری کەسێکی دیکەدا دەربێنی و بە ئارەزوی خۆی بە لاڕێدا بیبات و بە خواستی خۆی قسەی لەسەر بکات . من ھەر ئەوەی پێشتر دەڵێمەوە کە وەڵامەکان لای من ڕەش و سپی نین ، تاکو ئەوەی کە کرێکاران دەیکات بخرێنە خانەی نێگەتیڤییەوە ، بەڵام زۆربەیان ئامانجیان لابردنی سیستەمەکە نییە کە من وتۆ دەمانەوێت.


دیارە لە ھەندێک حاڵەتیشدا موچە و باری دارایی ناکرێتە پێوانەی شۆڕشگێڕێتی و ناشۆڕشگێڕێتی. ئا لێرەدا ھەموومان نمونەی یەکجار زۆرمان لەبەردەستدایە ھاوکاتیش ئەگەر دەنگدان بۆ پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان کە تا ڕادەیەک کرێکاران و نقابەکان بە خۆیان و نوێنەری خۆیانیان، دەزانن ، ھەنگاوێکی پێشکەوتوانەو شۆڕشگێرانە بێت ، بەڵام کە نایەنە سەر حوکم لەبەئەوەیە دەنگی تەواوی کرێکاران و پڕۆلیاتاریای وڵات ناھێنن، ئیدی بە ھەر ھۆکارێک بێت، بەڵام دڵنیام ھۆکارەکەی ئەوە نییە کە کرێکاران، سیستەمی کرێگرتەیی ڕەتدەکەنەوە ، بەڵام دەبینن کە ئەم حیزبانە پێچەوانەکەی دەکەن.


ھاوڕی ھەژێن پرسیار دەکات و دەڵێت " ئایا دادپەروانەیە کرێکارێکی کورەخانە یان پۆڵاسازی و بارکردن ڕۆژانە ھەشت سات کار و چەند سات ھاتووچۆی کار و سووکایەتی خاوەنکار و سەرکاریگەر...تد ھێندەی بیمەی بێکاری یان بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرمانی و خانەنشینییەکەی من وەربگرێت، کە بەیانی تاکو ئێوارە لەنێو فەیسبووک خەریکی وڕێنەکردنم؟".


ئێ باشە من لە کوێدا وتومە ئەوە دادپەروەریانەیە؟ نیشانەی پرسیارکردنەکەی ئەو وا دەگەیەنێت کە من ئاوام وتبێت. قسەی منیش ھەر ئەوەیە ئەوەی گەر پێگەی ئابوریی باشتر بێت ، گۆڕینی ئەو بارودۆخە بۆ ئەو کەمتر واقیعیانە ترە تاکو بێ کارێک ، قوتابییەک، پەککەوتەیەک یا خود خۆت وتەنی کەسێکی سەر فەیسبوکی وەکو تۆ ....


ھاوڕێ ھەژێن دەڵێت " بە بۆچوونی من، ئەگەر لێنینیستێک یان ئەندامی پارتییەکی چەپ بیگوتایە " گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە." ھیچ شاییشتەی لۆمە نەدەبوو، بەڵام بۆ کەسێک کە ھەردەم خەریکبێت خۆی لەو ئاراستەیە جیاواز نیشانبدات، ئیدی ناکرێت کەمگرتنی تێکۆشانی ئابووریی و بەرزنرخاندنی "تێکۆسانی ڕامیاریی".


ئەمەی کە ھاوڕێ ھەژێن دەیڵێت ھەڵگێڕانەوەی قسەکانی منە ، من گەر ئەو نەناسم دەکەومە گومانەوە لە ھۆکارەکەی. ھەر لەبەر ئەوە دەڵیم کە بە دیقەت وتارەکەمی نەخوێندۆتەوە یا ھەر دەوەن بەئشکردنە. من ڕام وایە کە ھەمو ناڕەزاییەکی ئابوریانە ، لەسەر کێشەی خانوبەر ، کێشەکانی قوتابییان ، ھاریکاری پەنابەران و کۆچبەران و ھەموو جۆرە کەمپەینێکی دیکە لە پێناوی باشکرنی ژیانی گروپێکدا ، گەر ' بە سیاسی نەکرێت' دەچێتە خانەی کاری کۆمەڵە خێرخوازییەکانەوە ، چونکە تۆ پەیامێکت نابێت جگە لە چاککردنی حاڵی ئەوان نەبێت بێ ئەوەی پەیامی ئەوە بدەیت کە دەبێت ئەو کێشەیە ببەسترێتەوە بە سیستەمەکەوە ، ڕەگو ڕیشەکەی بگریت . گەر وا کێشەکە نەبینیت و مامەڵەی لەگەڵدا نەکەیت بەڕای من ئەوە لە قازانجی سیستەمەکە دەگەڕیتەوە . من لە وتارێکمدا کە بە ئینگلیزی نوسیم ، پەنجەم بۆ ئەمە ڕاکێشا ، گەلێک کۆمێنتی باشم بۆ ھات و گەلێکیش لێدوانم بە ئیمەیل لەتەک ھاوڕێیانی ئینگلیزی زماندا کرد . داخوازی ئابوریانە گەر نەکرێتە داخوازی سیاسیانە ، ئەوە لە سنورێکی تایبەت تێپەڕناکات و ئەو پرسە ھەر لەوێدا لەبار دەچیت چونکە کرێکاران یا ھەر کەرتێکی دیکە لە ھەوڵی خۆڕێکخستنا نابن ، تاکو بەرگریی باشتر بکەن لە ھێڕشی ئایندە. [ بە سیاسیکردنی کێشەیەک یا بەستنەوەی بە سیاسەتەوە مانای داخوازیکردنی دەسەڵات نییە.].


" توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی نێو کرێکاران کێ بوون، مەگەر کرێکار نەبوون؟" ئەوانە کرێکارە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانن . ئایا خوێنەرێک ھەیە کە بگاتە ئەو قەناعەتەی کە من باس لە بورجوازی بکەم. سەرنجی ھاوڕێیانە ئەوە بوو گەر ناڕۆشنییەک لەو بڕگەیەدا ھەبوایە، دەبوایە ئەو کە من دەناسێت و دەزانێت ڕام چۆنە ، لە ڕەخنەکەیدا بینوسیایە " گەر چی من دەزانم کە ڕای زاھیر ئاوا نییە بەڵام بۆ خوێنەر ناڕۆشنە" . لەمە ڕۆشنتر چییە کە من نوسیومە " توخمە ... نێو کرێکارەکان " باشە ئەمە ئەوە ناگرێتەوە کە ئەو توخمانە خۆیان کرێکارن ، نە شتێکی دیکەن . وەکو پێشتریش وتم ھەر کەس ئەو پرسیارەی بکردایە دەبوایە ھاوڕێ نەیکردایە چونکە ئەو ڕای من دەزانێت ھەم کوردییەکەشی زۆر لەوەی من باشترە.


"بەدوا داچوونی شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزووتنەوەی کرێکارییە نەک کەلەسەری ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجواز... ئەگەر ئێستاش سەڕەرای ھەموو شکستەکان و نائومیدییەکان، لە دەرەوەی...".


بۆچوونی من لەسەر ئەوەی سەرەوەی ھاوڕێ جیاوازە من دەقاو دەق ئەوە بە ڕای مارکسیانە دەزانم [ من دڵنیام کە ھاوڕێ ھەژێن مارکسیانە ناڕوانێت ، بۆیە ئەو بڕگەیەی ڕونکردنەوەی دەوێت] . من وای دەبینم کە شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزوتنەوەی بەشەرییەتە لەو کاتەوەی کە کۆمەڵی ھیراشی و دواتریش کە گەشەی کرد بۆ کۆمەڵی چینایەتی، نەک کرێکاران.


کێشەی من لەگەڵ مارکس و مارکسییەکانا ئەوەیە کە ئەوان شۆڕشی سۆشیالیستی بە کرێکارانەوەو بە تایبەتیش کرێکارانی پیشەسازییەوە دەبەستنەوە چونکە ئەوە تیورە ئابورییەکەی مارکسە و ھەموو ژیانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کرد تاکو بیسەلمێنێ : شۆڕشی سۆشیالیستی ھەر دەبێت لە سەر دەستی کرێکارانا بێت، بۆ ئەمەش دەبێت وڵات پیشەسازیی بکرێت، پڕۆلیتاریا زیاتر بێت ، تەکەنەلۆجیا پێشتربکەوێت ، دونیا بە عەولەمە بکرێت و لەم شتانە. من لەم بارەیەوە لە کۆتایی وتارەکەم و لە وتارەکانی تریشما چ بە کوردی و چ بە ئینگلیزی زۆرم لەم بارەوە نوسیوە ، گەر کەسانێ دەیانەوێت بزانن بۆ من لەگەڵ ئەو برگەیەدانیم بابێن تەنھا دوا دوو بڕگەی کۆتایی وتارەکەم " ئایا چینی کرێکاران شۆڕشگێڕن؟" بخوێننەوە ، ئەو کات ھۆکارەکانی من دەزانن . لیرەدا تەنھا ئەوە دەڵێم ئەوەی مارکس بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی سۆشیالیستی وەھمە، بەڵام وەھمەکەی مارکس لە لایەن سەرمایەدارییەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە ھاوکاری بەلشەفی و پارتە کۆمۆنیستیەکانی تری دونیا کرا بە واقیع .


ھاوڕێ ھەژێن دەڵێت " لێرەدا ھەم ھەست بە ستەمکردن لە کاڕڵ مارکس بەوەی ھەموو خەتاکان بخرێنە سەرشانی ئەو و ھەم ستەمکردن لە خودی کرێکارانی کۆمونیست دەبینم. تاکو..".


ئەوەی کە من نوسیومە ستەمکردن لە مارکس، نییە ، من ھەموو نەھامەتی چەرخی ڕابوردومان سەبارەت بە بزوتنەوەی کرێکاران و سۆشیالیستی دەگەڕینمەوە بۆ لینین و حیزبی بەلشەفی وە لینین، ھاوکاتیش تیورەکانی لینین لە ھەموو بوارەکانیا بە کارل مارکسەوە گرێدەدەمەوە . لینین شتێکیی نەکردوە بەدەر بێت لە روانگەی مارکس . من ھەوڵدەدەم کاتێک کە قسە لەسەر پرسەکان بکەم بیانگێڕمەوە بۆ ڕەگوڕیشەیان . کەواتە لای من ئەسڵی سەرچاوەکە مارکسە ، دوای ئەوەش ئەوەندەی مارکس ناسراوە و فکر و تیورەکانی ئەو کارایی خۆی داناوە و دایدەنێت لەسەر سۆشیالیست و چەپ و ھەندێکیش لە ئەنارکیستەکان ، ئەوەندە بیردۆزەکانی دیکە کە ھاوڕێ ھەژێن ناونوسی کردون دایان نەناوە . بۆ کەسێکی وەکو ھاوڕێ ھەژێن کە نزیکە لە منەوە پێشموایە سەرجەمی پۆست و وتارەکانم ڕەنگە بخوێنیتەوە ، دەبوایە لە مەبەستی من باشتر بگەیشتایە و لەو پرسیار و برگەیە، خۆی بپارستایە.


کاتێکیش کە قسە لەسەر ھەر یەک لەو بیردۆزانە دەکەین ، مەسەلە سەرکۆنەکردن و تەشقەلەکردن نییە پێیان ،بەڵکو پشکنینی واقیعە کە ئایا ئەو شتانە بە عەمەلی ڕوویداوە یا ھەر لە منداڵانی خۆیاندا لەبارچوون ، بەڕای من تیورەکەی مارکس کاتی خۆشی تیورێکی نەزۆک بوە ،دەنا بە درێژایی ١٦٠ساڵ بەرێکی دەدا.


" گۆڕانکارییەکان چی بوون، خۆیی و پووکانەوە و ملکەچبوون و سوپاسگوزاری کۆیلەوارانە بۆ سیستەمی سەرمایەداری، یان گۆڕانکارییەکان بابەتی بوون و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی بە ھەموو شێوەیەک تیرۆرکراوە؟ ھەموومان گۆڕانکارییە بابەتییەکان دەبینین، بەڵام ھەموومان ھۆکارەکان نابینین و ناکرێت بەبێ خوێندنەوە و دەستنیشانکردنی (خۆییبوون یان بابەتیبوون)ی ھۆکارەکان".


من لێرەدا ھاوڕێھەژێن بە ناکۆک دەزانم لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر لەھەمان ڕەخنەدا وتی، ھەروەھا لە زۆرێک لە پۆسەتەکانیشیا، کە لەو بوارەدا دەدوێن . لێرەدا باس لە تییرۆرکردنی بزوتنەوەکە دەکات. باشە ئەگەر تیرۆرکرابن لە لایەن کێوە و بە بەکارھێنانی چەکی کێ تیرۆر کراوەن؟ لای من ئەوە ڕاستییە کە ئەوەندەی لە لایەن چەپەکان و کۆمۆنیستەکانەوە تیرۆرکراون ئەوەندە لەلایەن سسەرمایەداریەوە، نەکراون . لە لایەکی دیکەشەوە ھاوڕێ ھەژێن لە ھەندێک لە پۆستەکانی سەر فەیسبوکیدا ئەو،خەڵک ، خۆمان ، لۆمە دەکات کە بوینەتە ھەموو شتێک ، تەنانەت بە سیخوڕیش بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە.


" بەڵام شکانەوەی جەنگ و کوژرانی خەڵک بە قازانجی کرێکاران، ناتوانم بڕوابکەم، چونکە ئەوانەش دەکوژرێن یان خودی کرێکارانن، یان منداڵانی کرێکاران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوانن. خۆ بڕواناکەم قوربانیانی جەنگ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و منداڵانی ئەوان بن، تاکو کرێکاران پڕشکی ئاگری جەنگیان بەرنەکەوێت و بە ق....".


لێرەدا واھەست دەکەم کە بۆ چەندینجارە ڕاو وتارەکەی من شێوێنراوە . چونکە من نەم وتووە کە ئەو جەنگانە لە قازانجی کرێکارانە ، بەڵکو پێچەوانەکەیم وتووە، دوای ئەوەش من نەموتوە کە کرێکاران بە ئەنقەست دەچنە جەنگەەوە دژ بە کرێکارانی وڵاتەکانی دیکە. من وتومە کە پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی کریکاران سیسیتەمەکە بەھێزتردەکات ، ئەوە کرێکارانن کە قازانج و سەرمایە زیاتر دەکەن ، چەک و تەقەمەنی دروست دەکەن . کەواتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کرێکاران پارێزگاریی سیستەمەکە دەکەن . ٨ تاکە ساڵ جەنگی نێوانی عیراق و ئێران بەردەوام بوو لەم وڵاتەی بر یتانیادا ڕۆژێک نقابە مانی نەگرت دژی ، ئەوەندەی من بزانم لە ھیچ وڵاتێکی ئەوروپای خۆرئاوادا ئەوە ڕوی نەدا. ئەوەیە کەمن دەڵێم کرێکاران لەم وڵاتانەدا ژیانی خۆیان لەسەر ژیانی کرێکاران و چەوساوانی دیکەی دوونیا بنیاتنراوە و دەنرێت. من و ھاوڕێ ھەژێن پێشتر قسەمان لەسەر ئەمانە بە درێژی کردووە و ھەردووکیشمان ھاواڕا بوین .
" زۆر بەداخەوە، چ ھوشیارانە و چ ناھوشیارانە، چ خوازراوانە و چ ناخوازراوانە، ھاوڕێ زاھیر لەنێو ئەو چەند دێڕە خەریکە جەنگ وەک زادەی سرووشتی سیستەم و سەروەریی چینایەتی و وەک پێداویستی لە سووڕھێشتنەوەی بازار و وەک ئامرازی کوشتنی بەرەنگاری و تێکۆشانی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی، دەیگۆڕێت بۆ خواست و قازانجی کرێکاران؟".


لێرەدا مەبەستەکەی من لەو پەڕەگرافە بەو لایەنەدا براوە کە تاکو خوێنەر خوێندنەوەی ھەڵە بۆ نوسینەکەی من بکات، یا بەو بارەدا دەخرێتە دەمی خوێنەر . من ئەوەم وتووە ، کە ئەوەی ئەم سیستەمەی راگرتووە و بەھێزی کردووە و بوەتە ھۆی جەنگ و ئەم کارەساتانەی کە دەیبینین خولقاون ئێمەین ، خۆمانین ، ئێمە بەشە سەرەکییەکەین لە سیستەمەکە کە سەرمایەدارییە چ لە ڕوی چەندایەتییەوە و چ لەڕوی چونایەتییەوە ، ئێمە بناخەی سەرەکی دروستکەری ئەم کۆمەڵ و سیستەمین، بورجوازی، سەرمایەداریی بە بێ ئێمە نەیان دەتوانی و ناتوانن جەنگ، ڕەوکردن ، ماڵکاولکردن ، وێرانی دروستکردنی سەرمایە و ..ھتد دروست بکەن . ھەڵبەت ھاوڕێ ڕاست دەکات کە خودیی سیستەمەکە و سەروەری چینایەتییە [ بەڵام سەروەری چینایەتی بەوانەی سەروە دروست دەکرێت] ، کە دونیای بەم حاڵە گەیاندوە ، باوەڕناکەم کە من ڕایەکی جیاوازام لەو ھەبێت ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەوە کێیە کە ئەو سیستەمەی بەھێزکردووە ؟ ئەوە کێیە کە ئەو قودرەت و توانایەی داوەتە دەست سەرمایەداریی ، بورجوازیی، تاکو ئەو جەنگ و نەھامەتیانە ڕووبدەن ؟ وەڵامەکەی: ئێمەین ، بێ دەربەستییە لە ڕێکنەخستنی خۆمانا ، نەبوونی یەکێتیمان ، غائیببوونی ڕۆحی شۆڕشگێڕانە ، ئیدی بە ھەر ھۆکارێک بێت. من ویستومە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە نەک ئەوەی کە ھاوڕێ ھەژێن [ ناتوانم بڵێم ھەڵیگێڕاوەتەوە] بەڵام دیقەوتی لەسەر نەداوە.


ھاوڕێ ھەژێن پرسیارێکی زۆر جوان دەکات ، من ئەوەم قەبوڵە لە دەمی خوێنەرێکەوە بەڵام نەک خۆیەوە چونکە ئەو من دەناسێت و دەبێت وەکو خوێنەرێکی وردا لە مەبەستی من گەیشتبێت لە نوسینی ئەوەدا . دەڵێت " بۆ من وەک خوێنەرێک، ئەو پرسیارە دێتە پێش، پەیوەندی ئەوەی ئەنارکیزم چییە و چی نییە، بە سەلماندنی "شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران" چییە؟ ئەوەی ئەنارکیزم ھزرە ....".

 
بۆ ئەمە من دەڵێم بەڵێ ھەندێک لە ئەنارکیستەکان پێ لەسەر شۆڕشگێڕێتی کرێکاران دادەگرن و بە چەدمکی کرێکارانی وڵاتانی پیشەسازیی گەشەکردوو، دەبینرێت، کە ئەم جۆرە تێڕوانیینە کورت دەھێنێت چونکە ئەی چی دەڵێن سەبارەت بەو وڵاتانەی وەکو لای خۆمان و ئەفەریقا و ئەمریکای لاتین و .. ھتد ، کە کرێکارن بە تێگەیشتنی ئەوان ھێشتا ھەر کەمایەتییەکی زۆر کەمە ، کە لەو بارەدا ئەوە دەداتە دەست من، کە شۆڕش ھەر شۆڕشی کرێکارانە نەک ھی سەراپای کۆمەڵ و کۆمۆنێتییەکەن. بەڕای من ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی نێوانی ئەنارکیستەکان و مارکسییەکانە بە خودیی مارکسیشەوە و خاڵی لێکترازانیانە . حەز دەکەم خوێنەر ئەوە بزانێت من نامەوێت ڕەخنە لە حیزبی کۆمۆنیستی کارگەریی بگرم گەر پەنجە بۆ بنج و بناخەی یا سەرچاوە تیورییەکەی کە لینینە ، ڕانەکێشم ، من ناتوانم ڕەخنە لە لینین بگرم ، گەر بەڕاستی پەیوەستی نەکەمەوە بە مارکسەوە . لە کاتێکدا کە مارکس وڕۆحی مارکس و تیورەکەی تا ئێستاش زاڵە و لە خزمەتی سەرمایەدارییدایەھەر ئاواش دەمێنێتەوە. لای من بەشێک لە خەباتی ئەمڕۆ دەبێت لە ھەڵوەشاندنەوەی چەمکە ئابوریی و سیاسییەکانی مارکسەوە دەستپێبکات ، گەرچی ڕەنگە کەسانێکی زۆری ئەنارکیست لەمەدا لەگەڵما نەیەنەوە [ ئەمە بۆ ئێمەی کورد زەروورییە چونکە ھەموان دەبینین تازە کتێبی سەرمایەی مارکس دەکرێت بە کوردی و وانەی لەسەر دەوترێتەوە یاخود کتێبەکانی لینین و ترتسکی دەکرێنە کوردی و خەڵکیان پێ دەبەنگدەکرێت] . بەڵام ئەوە ئاشکرایە چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و کۆمۆنیست و سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان تا ئێستا ھەژمون و کارایی خۆیان ھەیەو لە ھەموو ھەنگاوو کارو پلانێکیانا پەنا بۆچەمکەکانی مارکس و لینین دەبەن. ھاوڕێ ھەژێن خۆی باش دەزانێت گەلێک لە مارکسییەکان ناتوانن یەک لاپەڕە بنوسن گەر پەنا بۆ قسەیەک ، بڕگەیەکی مارکس ، ئینجلس ، لینین، ترۆتسکی نەبەن . بۆیە دەڵێم لە پاڵ کارەکانی دیکەمدا ئەوەش بەشێک دەبێت لە کارم، من ئازادم لێرەدا چۆن بیر لە مارکسی و ماکسییە-لینینییەکان دەکەمەوە ئەوەندەی پرسەکەم نەبەم بەڕێی درۆکردن و بوختانکردن و شکاندنی کەسایەتییەکانیان، ھەر ئاواش ھەموو ھاوڕێیانی دیکەش بەھەمان شێوە ئازادن . ئەوەشی کە بە من دەڵێت ڕوانگەی من بۆ چینی کرێکارن و کۆمەڵی ئایندەی سۆشیالیستی، ڕاست نییە، فەرموو با لە شوێنیکدا [ مەبەستم ھاوڕێ ھەژێن نییە بەڵکو ئەو خۆێنەرانەیە کە ئەو ناوی ھێناون ] ڕۆشناییان بخەینە سەر. بەڵام گەر ئەو ھاوڕێیانە ئامادە نەبن ئەمە بکەن بە ھەر ھۆکارێک ، کەچی خۆم و ئەنارکیزمیش تاوانبار بکەن لەژێر لێوەوە ، ئەوەیان دەسەڵاتی من نییە.


جەمکی پڕۆلیاتاریا بەو شێوەیەی کە ھاوڕێ بەکاری ھێناوە و لە تەک ئەوەشی کە دەمێنێتەوە جگە لە باڵادەستان و دەستەبژێر ، من ناکۆکیم لە گەڵیدا نییەو ھەر ئەوانەن کە شۆڕش دەکەن . دەبێت ئەوەش بڵێم گەر شۆڕش بە تەنھا ھەر ھی کرێکارانێک بێت کە لەسەر کارن ، بە واتایەکی دیکە گەر ئەو کرێکارانە خۆیان بە تەواوی خەڵکانی دیکە لەناو کۆمۆنێتییەکە، کۆمەڵەکە ، دەڤەرەکە ، بەندنەکەنەوە و تەنھا خۆیان دەستبگرن بەسەر کارگە و کارخانەکان و مەزرەعەکانا و شورای کرێکاران یا کۆمیتەی کرێکاران دروستبکەن ، ئیتر ئەو کاتە خۆیان بەرھەمھێنەر و دابەشکەر و بڕیادەر دەبن ، بەدەر لە سەرجەمی خەڵکانی دیکە ، سەرەنجامەکەی دروستکردنی دەسەڵاتە ، نە شتێکی تر.


" ...چونکە تەنیا لەنێو ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە، "جیھانی سێیەم" شۆڕشگێڕ نییە و پڕۆلیتاریای تێدا نییە. ئەوەی داڕێژەرانی ئەو تیئۆرییە چی دەڵێن، چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و کرێکاران و سەلماندنی "شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران" ھەیە؟ کێ گوتوویەتی کاتی شۆڕش نەھاتووە؟".


ئەوەی کە لەو دوو کەوانەدا ھاتوە، ڕای من نییە ، ئەوە ئەو تیورەیە کە بوو بە چەمکێک، ئەسڵەکەی بۆ مارکس دەگەڕیتەوە نەک بۆ سیتالین و لینین. ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە کە مارکس بە دەق ئاوای وتووە ، بەڵکو لە لێکدانەوەی چەمەکەکانی ئەوەوە مارکسییەکان گەیشتنە قەناعەتی ھەبوونی ئەو ٣ جیھانە. ئەمەش لە دابەشکردنی قۆناخی ھاتنی کۆمەڵەوە بە ٥ کۆمەڵ، دیارە ئەوە ڕاستە لە ھەر یەکێکیانا چەوساندنەوە بووە واتە چەوسێنەر و چەوساوە ھەبووە ، ھیراشییەت بەردەوام بووە بەڵام ئەمانە لە ھەر قۆناخێکیانا شیوازێکی جیاوازی بەخۆوە گرتووە . ئا لەم بارەدا مارکس و مارکسییەکان کۆمەڵی سۆشیالیستی ڕەتدەکەنەوە ئەگەر کۆمەڵەکە بە قۆناخی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا، تێنەپەڕێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانییش و مارکسیش ھیچ بایاخێکیان بۆ کێشەی ھیراشییەت نەبووە . داوای لێبوردن دەکەم کە دیسانەوە دەبێت سەری خوێنەری پێوە بییەشێنم چونکە ھەم لەم سەرنجانەدا باسم کردووە ھەم لە وتارەکانی دیکەشمدا بە درێژی لەوە دواوم . مارکس و مارکسییەکان چینی کرێکاران بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن ، بۆ ئەمەش باوەڕیان بە چەندایەتی کرێکارانە، بە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و سەرمایەداریی گەشەکردوو ھەبووە، ئەویش بۆ دوو ھۆ: یەکەم : تاکو چڕبوونەوەی (ئیستیقتابی) چینایەتی دروست بێت. دوو: مارکس باوەڕی وابووە کەمی بەرھەم و خواردن کێشەی گەورەی کۆمەڵ بووە ، بێ گومان لای ئەو گەشەکردنی سەرمایەداریی ھەردوو کێشەکە مەیسەر دەکات . لەبە ئەوەش سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمیان کردوە بە دوو بەشەوە . ئەو تێڕوانینەی مارکس و مارکسییەکان ھەم چەمکی ٣ جیھانی داھێنا و ھەم کۆمەڵی سۆشیالیستیشی پلە بەند کرد و بەستییەوە بە کۆمەڵانێک کە سەرمایەداریی تیایدا گەشەیسەندووە . کە بەڕای من کۆمەڵی سۆشیالیستی سەرنجامی ھەبوونی زەمینەی بونی چەوساندنەوە و ھەبوونی پلەبەندی ھیراشیانەیە ، ھەر لەبەر ئەمەش ھەر لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵی چینایەتییەوە ، خەبات بۆ کۆمەڵی سۆشیالیستی بووەتە پێویستی و ئامانج.


کێشەی ئیکۆلۆجی ھەرگیز نەبووەتە کێشەیەکی بناخەیی لای مارکس ئەوەندەی لای پرۆکتکین و بوکچین بووە ، بگرە بە پێچەوانەوە مارکس باوەڕی وابووە کە دوو ململانێ ھەیە. یەکەمیان ململانێی نێوانی چنیەکان و دووەم ململانێی نێوانی بەشەرییەت و سروشت ، ئەو بۆ ئەمە ڕای وابووە بۆ ئەوەی بەشەرییەت خۆی ڕزگار بکات دەبێتب پاوانەی سروشت بکات . کێشەی ژینگە و ئیکۆلۆجی بەداخەوەم کە بڵێم ، زۆرینەی کورد بە چەپ و کۆمۆنیست و ڕاستییەوە ، تەقەی سەریان دێت و نەبوەتە بەرنامەیەکی سەرەکی لایان ، کە لای من کێشەی ئیکۆلۆجی بەشێکی گەوەرەی شۆڕشە.


سەرنجی من بۆ پەڕەگرافەکەی دوای ئەوەی سەرەوە. من ھەرگیز نەموتوە کە کرێکاران دژە شۆڕشن ، من باس لە ئێستاو ڕابوردوو دەکەم کە ڕاستییەک ھەیە کە ئەویش ئەوەیە کە کرێکارن خۆیان گونجاندووە لەگەڵ سیستەمەکەدا ، ھاوکاتیش دڵنیام کە لە ئایندەدا زۆربەیان ئاوا بێ دەربەستانە نامێننەوە.


" بەڵام (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یان (کۆمەڵایەتییبوونی شۆڕش) بە واتای ھەموو خەڵک نییە، بەڵکو بە واتای بزووتن و گۆڕانە لە دەرەوەی نەخشە و قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتییەکان و ڕامیاران، خۆبەخۆیی خەڵک،..".


لەگەڵ ئەو بڕگەیەی سەرەوەدا من گرفتێکم نییە بەڵام لە پرۆسەی شۆڕشدا لە بەرھەمی شۆڕشدا گەر ھەموو شتێک بە کۆمەڵایەتی نەکرێت ، ئەوە توێژاڵێک دەبێتە ھەموو شتێک . من پێشتر ئەمەم ڕونکردۆتەوە لەبەر ئەوە خۆم دووبارە ناکەمەوە.


لە کۆتایدا دەڵێم من زۆر سوپاسی ھاوڕێ ھەژێن دەکەم بۆ ڕەخنەکەی ، گەرچی من نازانم ھەموو خوێنەرێکی بابەتەکەم ھەر وەکو ئەوی دەخوێنێتەوە ، یا نا، بەڵام ، ھاوڕێ ھەژێن ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندم تاکو من خۆم باشتر ڕۆشنبکەمەوە، نەکا خوێنەرانی دیکەش ھەمان ئەنجامگیریی لە وتارەکەم بکەن.

________________________
* خوێنەری بەڕیز گەر خوازیاری خوێندنەوەی وتارەکەی من و ڕەخنەکەی ھاوڕێ ھەژێن-یت، تکایە سەردانی ئەم دوو لینکەی خوارەوە بکە:

- بەڵێ کرێکاران شۆڕشگێڕترن. ھەژێن: www.emrro.com/belekrekaran.htm
- ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن؟
زاھیر باھیر: www.emrro.com/ayakirekaranc.htm

 

لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک