په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 


بەشى یەکەم لە:چەند هەناســـــــەیەکى عاشقانە.

                              هۆشەنگ شێخ محەمەد
                


• لە عەشقدا روح لە قوڵایى ئەگەڕێت.
• لە عەشقدا تەنیا قوڵایى هەیە.
• ئەوانەى باس لە خیانەت و بێوەفایى و کۆچى یار و شتى لەو بابەتانە ئەکەن، ئەوانە غەریبن لە قوڵایى ناگەڕێن. روحیشیان ئاراستەیان ناداتێ بۆ قوڵایى.
• ئەوانەى لە عەشقدا دڵ دەدۆڕێنن، مایەى بەزەیى نین، بەڵکو نەفرەت.
• ئەوانەى لە عەشقدا سەر دادەنێن، مایەى پێکەنینن.
• لە عەشقدا عاشق و مەعشوق نین، حەبیب و حەبیبە نین، ئەو جۆرە زمانە بەکەڵکى عەشق نایەت، چونکە عەشق هەیە و هیچى نیە.
• وشەى عاشق، ئەگەر گەڕان نەبێت لە قوڵایى زماندا، هەر مانایەک بۆى سنووربەندى ئەکات.
• لە عەشقدا هەر چییەک هەبێت سنوور نیە، سنوور بۆ شەڕ و تاڵانکردنى یەکدى.
• لە عەشقدا، روح لە هیچ ناگەڕێت تەنیا لە قوڵایى خۆیدا نەبێت، جا ئەگەر هاتوو بە رێککەوت گریان، یان خەندە، یان پێکەنین یان شعر، یان هەر شتێکى دیکەى دیت، ئەوە لەوە نیە کە عەشق لەوانە گەڕابێت، بەڵکو ئەوانە لە روحدا جێگیرن.
• ئەوەى دەیوێ لە من فێرە عەشق بێت، حەتمەن ئەبێت لە من بێ ئاگاتر بێت لە حاڵى دڵ و دنیا؟!
• هەر عەشقە و رێى تایبەتى خۆى هەیە.
• عەشق رێگەیە مال َو مەنزڵگە نیە.
• ئەوانەى بۆ عەشق ئەچنە خەڵوەت، لە دەسەڵات ئەگەڕێن.
• عەشق گەڕانى جەستەیە لە قوڵایى خۆیدا.
• عەشق (من)ە (ئەو) نیە.
• عەشق لە خۆیدا بوونى هەیە، نەوەک لە دەرەوەى خۆى.
• تا جەستە عەشق نەدۆزێتەوە، عەشق بوونى نیە.
• عەشق جەستەیە.
• ئەوەى ئەڵێ عەشق پیرۆزە، پیرۆزى ئەباتەوە و عەشق لەدەست ئەدات،
• ئەوەى ئەڵێ عەشق خیانەتە، خیانەت ئەباتەوە و عەشق ئەدۆڕێنێ.
• ئەوەى ئەڵێت عاشقان رەنگ زەرد و لێو بەبارن، درۆ ئەکەن، ئەوانەى ئەڵێن عاشقەکان هەمیشە ئەمرن ، ئەوانیش درۆ ئەکەن.
• ئەوەى پێى وایە عەشق گریانە یان پێکەنینە یان هەردوکییانە ، ئەو هەمیشە ئەتوانێت پێبکەنێت و بگریەت، بەڵام با گومانى هەبێت کە عاشقە.
• ئەوەى ئەڵیت خوا سەروکارى لەگەڵ عەشق هەیە، رەنگە بچێتە بەهەشت، بەڵام ناگاتە عەشق.
• عەشق سەروکارى لەگەڵ بەهەشت و جەهەنەم نیە.
• عەشق میتافیزیک نیە، بەڵکو زەحمەتە بەتەواوى بێتە سەر زمان.
• عەشقى سۆفییانە، فۆڕمى گەڕانى هەستەکانە، لە خوا نەوەک لە عەشق.
• خەیاڵ لە عەشقدا، لە هەموو شتێک کورتترە.
• خەونەکانى جەستە، ئارەقە بە عەشق ئەکەن.
• (من) لە عەشق ناگەڕێت، لەناویدا ئەگەڕێت.
• من لەگەڵ عەشقدا رێ ناکەم. لە ناویدا رێ ئەکەم.
• رۆیشتن بەکەنارى عەشقدا، ماناى عاشقبوون نیە.
• نووسین لەسەر عەشق، نووسین نیە لە عەشقدا.
• زمان هەمیشە عەشق لە نووسین ئەشارێتەوە.
• ئەوانەى بە یار ئەڵێن ، نەیار، بەر نەفرەتى زمان کەون.
• ئەوانەى لە عەشقدا لە ئەخلاق ئەگەڕێن، رەنگە ئەخلاق بگرن و عەشق بەردەن.
• ئەوانەى ئەڵێن یار بێ وەفایە، مایەى پێکەنینن، و ئەوانەى ئەشلێن غەدرمان لە یار کرد، مایەى گریانن.
• عەشق فێربوون نیە، بۆیە وانەى عەشقم مەدێ.
• ئەوەى بیەوێت پیاوانە عەشق بکات، دەبێتە پیاو و نابێتە عاشق.ئەوەى ژنانەش عەشق ئەکات ئەبێتە ژن نابێتە عاشق.
• ژنایەتى لە عەشقدا، پیاوەتى لە عەشقدا، جەستەییان لێ دەرکەیت، هیچى دیکەیان بۆ نامێنێتەوە.
• بەدیار مانگەوە قەت تۆم نەدیووە، تۆش نابینم، لە دەنگى رووبارەکانیش قەت گوێم لە چرپەکانى تۆ نەبووە، لە تۆوەش هەر وا لە خۆت زیاتر و لە تۆ زیاتر تۆم نەدیووە.لە تۆوەش تەنیا جەستەى خۆم.
• من نازانم بۆ عاشقتم، ناشتوانم لێت بپرسم، باشترە ئەم پرسیارە لە جەستەم بکەیت؟
• من داگیرت ئەکەم، خۆم ئازادئەکەم.
• تا پێمبکرێ خەونەکانت، تاڵان ئەکەم، تۆش تا پێت ئەکرێ تاڵانم کە.
• هەموو موقەدەسەکانت، لاى من مایەى پێکەنینن، تۆش تا پێت ئەکرێ نەفرەت لە موقەدەسەکانم بکە.
• تۆ پیرۆز نیت، منیش پیرۆز مەکە.
• ئیدیال، وەهمێکە، هەرگیز لە عەشقدا جێگەى نیە.عەشقى ئیدیالیش، تەنیا ئیدیالە و عەشق نیە.
• بەو هەموو شعر و قسانەوە نابیتە عاشق، عەشق خۆى قسەى خۆیەتى و شعرییەتە.
• لە عەشقدا شعر ئەبێتە ئاماژە، لە شعریشدا عەشق ئەبێتە زمان.
• عەشق راپێچى ناو ژیانت مەکە، بە پێچەوانەوە.
• ئەدەبیات هێشتا نەیتوانیوە ببێتە جەستەى عەشق، لێ عەشق خۆى ئەدەبى جەستەیە.
• ئەتوخوا داوات لێئەکەم، بەس باسى مەم و زینم بۆ بکە.
• عەشق چەتر نیە، بەسەر جەستەتەوە، بەڵکو ئەوە جەستەیە بارانى عەشق ئەبارێنێ.
• ئەگەر بە ئەخلاقەوە عەشق بکەیت، تەنیا ئەخلاق ئەبەیتەوە.
• نا ئەخلاقگەراکان، پەیوەندییان بە عەشقەوە نیە، عەشق پەیوەندییان پێوە ئەکات.
• عەشق، تا ئەبەد، خۆى ئەگۆڕێ، لە بەستاوى هیچ وێرانەیەکدا خۆى نابەستێتەوە.
• ئەوانەى شەوان قسە بۆ مانگ و ئەستێرەکان ئەکەن، لەوێوە بانگى یارەکانیان ئەکەن، ئەوانە گاڵتە بە خۆیان ئەکەن.
• کە ئەزانى عاشق نیت، درۆ لەگەڵ یارەکەت ناکەیت، بەڵکو لەخۆتى ئەکەیت.
• هەى بارانى خوا بتگرێ، ئەگەر ویستت بەسەرخۆشى و بە گۆرانى عاشق بیت، بەفرى شەیتانیش رەقت کاتەوە ئەگەر ویستت لە نائاگایییدا خۆت ون کەیت، تا ببیتە عاشق، گێلە، بەو شتانە نابیتە عاشق، عەشق هەبوونە، ئینجا شتى تر.
• ئازادیت ئەوەیە، لە عەشق رانەکەیت، تا ببیەوە بە مرۆڤێکى بە ئەخلاق.
• سێکس لە عەشقدا، نە مایەى شانازییە و نە ئابڕووچوون، تەنیا نووسینەوەى خەونەکانە لەسەر جەستە، ئازادیشە لە بیرکردنەوە و هۆشى ئەخلاقگەراکان.
• کۆمەڵگە، هەمیشە دوژمنى عەشقە. چونکە ئەو لەکەرامەت و نامووس ئەگەڕێت نەوەک چێژ.
• کۆمەڵگە، سەخیفترین بوونەوەرە لە باسى عەشقدا، کەئیبترین زیندەوەرە کە ناتوانێت عەشق بە فانتازیا ببینێت.
• رۆڵە خەریکى چیت؟ عەشق بسەلمێنێت یان بسەپێنیت؟ توخوا لەوە زیاتر رەزاى خۆت گران مەکە و دەست لەو گەمەیە بەردە، کە یاساى هەموو دین و دنیا جێ بەجێ ئەکات و جەستە فەرامۆش ئەکات.
• هەر کەسێک پێمبڵێ، بە شعرێک یان بە رۆمانێک یان بەتەواوى فکرى مرۆڤایەتییەوە، بە ساڵێک یان بە سەدەیەک بۆت ئەسەلمێنم کە من عاشقم، ئەوە من تەنیا ئەتوانم پێبکەنم!
• هێى مرۆڤ، هەمیشە شتێک هەیە بیرت بێنێتەوە تۆ مرۆڤیت، کەواتە بیرمەکەوە تۆ عاشقیت.
• دەربازبوون لە نائومێدییەکانى عەشق، مەحاڵە، لە عەشق دەرباز ئەبیت و تەنیا نائومێدى ئەدۆزیتەوە.
• تێکەڵکردنى نائومێدییەکانى بیرکردنەوە بە نائومێدییەکانى جەستە، تێکەڵکردنى عەشقە بە شتێک کە پەیوەندییان بەیەکەوە نیە و ناتوانن ئاوێتەى یەکدى ببن.
• لەگەڵم مەبە، نا، لەناوم بە، ئاوێتەم بە، کە ناشتوانى ، بڕۆ وازم لێبێنە.
• کە رۆیشتیشى بزانە، هەرگیز ئاوێتەم نەبوویت.
• تۆ مرۆڤێکى بە نامووسى، و جوانى و زیرەکیت، دواى ئەوە چى؟ ئەبێت عاشقت بم؟ هەزاران کەس وەک تۆ جوان و بەنامووس و زیرەکن، بەڵام من ئەو کەسە ئاوێتەم بووە، کە نامووسى لە جەستە ستاندۆتەوە، جوانى لە روح دەرکردووە، زیرەکیشى دەمێکە فرۆشتۆتە شاعیر و رۆمان نووسەکان.
• مەگریێ حەیوان! تۆ وەرە من بگریێنە!
• بەقەد سەرە دەرزییەک رەحمت پێناکەم، پشک پشک ئاوى جەستەت ئەمژم، قەترە قەترە تێکەڵت ئەبم.
• عەشق شەڕە، هەى ناشیرین، عەشق شەڕى ئەو خاڵە ناشیرینانەیە کە تا ئێستا لە ئەدەبدا بە جوانى وەسفیان ئەکرێت و ئەو جوانیانەشە کە تا ئێستا ئەدیبەکان لەسەر جەستە نایبینەوە.
• شەرم مەکە و مەترسێ، بە رووتى تەماشاى روحم کە، بێ ئەوەى پەردەى دین و خوا و خواوەندەکانى فکر و کۆمەڵگەى بەسەردادەیت.
• خۆت بەڕەلڵا کە لە ناو لەپەکانمدا، بزانە چیت بەسەردێ؟
• عەشق بەسەرهاتە، ئەبێت رێ بدەین بێت و وەک خۆى، خۆى بنووسێتەوە.
• ئەگەر رێگەکانى عەشقت گۆڕى، عەشق ون ئەکەیت و رێگەکان ئەدۆزییەوە.
• تۆ چیت چیرۆکى عەشق بنووسیتەوە، بێدەنگ بە با ئەو خۆى ، خۆى حەکایەت کات.
• تۆ بە عەشق ناڵێى من عاشقم، ئەو ئەتوانێ پێت بڵێ من تۆم.
• ئەگەر من گووتم هۆشەنگێکى عاشقم، درۆ ئەکەم، تەنیا عەشق ئەتوانێت بڵێت من لە هۆشەنگدا رەگێکم هەیە.
• ئەگەر لە عەشقدا باست لە خێر و شەڕ کرد، ئەوە هەر ئەوانەت بۆ دەمێنێتەوە.
• ئەگەر باس و گریان و پێکەنینت کرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
• ئەگەر باسى جوانى و ناشیرینیت کرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
• ئەگەر باسى شەو و رۆژت کرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
• ئەگەر باسى پاڵەوانى و ترست کرد، ئەوە هەر ئەوانت بۆ ئەمێنێتەوە.
• ئەتوخوا ئەگەر عاشقیت خۆت لەو باسە توڕەهاتانە دەرباز کە.
• عەشق پاڵەوانییەتى نیە، پێغەمبەرایەتى نیە، شانۆگەریى نیە، شعر نیە، زەمەنێک نیە، هەقایەتێک نیە، هەتیم عەشق ئەوانە نیە نا؟!
• ئەگەر وا تێبگەیت عەشق جۆرە دینێکە، عاشقانیش جۆرە سۆفییەکى خوداى ئەو دینەن، یان باوەڕدارانى دەستورى ئەو دینەن، ئاى چەند گێلى؟!
• عەشق موعجیزە نیە، چاوەکەم.ئەگەر موعجیزە بوایە ئەوە تەنیا پێغەمبەرکان عاشق ئەبوون، عەشق زۆر لەوە گەورەترە کە پێغەمبەرکان بە سادەیى بیناسن.
• عەشق سادەیە وەک رۆیینى ئاو لە رووباردا.
• عەشق وەک بۆنى گۆڵ ئەڕوا و ئەڕوا.
• وەک دەنگ لە شەودا دێت و دێت.
• عەشق وەک تریفە تەنکە. وەک پەلکەکانیش نەرمە، وەک خۆیشى بێ شووناسە.
• باسى سەرەتا و کۆتایى عەشقم بۆ مەکە.
• بیر لە عەشق مەکەوە، عاشقانە بیر بکەوە.

 


Hoshang72@yahoo.com
16/12/2008