په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٨\٢٠١٠

بەیاننامەی ناڕەزایی لقى کەرکوکى سەندیکای رۆژنامەنووسانى کوردستان
دژی بەرتەسککردنەوەى ئازادی کاری رۆژنامەوانی.

 

 


ماوەیەکە بەهۆى کەمتەرخەمیی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تەشەنەکردنی گەندەڵیی لە زۆربەی دامودەزگا حکومییەکاندا، تادێت درزی نێوان دەسەڵات و جەماوەری خەڵک لە زیادبوونێکی لە رادەبەدەردایە، بەجۆرێک کە خەڵکى، دەسەڵات بە هێزێکی نامۆو دوور لە خۆى بزانێت، کە ئەمەش دەرئەنجامێکى ترسناکی لێچاوەڕوان دەکرێت. خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەمدواییانەی کەرکوک و شارۆچکەکانى دەوروبەری وەکو چەمچەماڵ و پردێ و ناڕەزایی جەماوەرییانەى هەندێ لە گەڕەکەکانى خودی ناوشاری کەرکوکیش نیشانەی زیاتر ئاڵۆزبوون و هاتنەکایەى تەنگژەی ترسناکی ئەو دۆخەن. وەڵامدانەوەی توندی دەسەڵاتیش بۆ جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەر و پەلاماردان و لێسەندن و شکاندنى کامیراى راگەیاندنکاران و رۆژنامەنووسان و سوکایەتی کردن پێیانەوە، دەرهاویشتەیەکى ترسناکی دیکەى دۆخەکەن و رۆژ لەدواى رۆژیش هەست بە زێدەبوونی دەکرێت و پێویستی بە چارەسەرێکى بەپەلەیە.


ئێمە لە لقى کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانى کوردستان، وێڕای پشتیگریی تەواومان لە مافى خۆپیشاندانى جەماوەری و داواکارییە سەرەتاییەکانى خەڵک، رووماڵکردنێکی بێلایەنانەى ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەش لەلایەن رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانەوە، بە مافێکى رەوای رۆژنامەنووسان دەزانین و زۆر بە توندیش ناڕەزایی خۆمان دژی ئەو رەفتارە نابەرپرسیارێتیانە دەردەبڕین کە دەرهەق بە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکاران پەیڕەوو پیادە دەکرێن و ئەو دەستدرێژیانە بە پێشێلکردن و سەرکوتکردنى ئازادى خەڵک دەزانین. ئەمە لەکاتێکدایە کە چاوەڕوانی دەرفەتی زیاتری پیادەکردنی ئازادی کاری رۆژنامەگەریی لە کوردستان و ناوچە داگیرو دابڕاوەکانی وەکو کەرکوک و شوێنەکانی دیکە دەکرا، کەچی بەداخەوە ئەوەى لەم یەکدوو رۆژەى دوایی روویاندا، جێگای هەڵوەستەو قسە لەسەرکردنەو بەهیچ شێوەیەک ناکرێ تاسەر لێی بێدەنگ بین. ئەوەی زیاتریش نیگەرانی کردووین سەرنجدان و مامەڵەکردنی دەسەڵاتە لەگەڵ رۆژنامەنووس و راگەیاندنکاران، بەجۆرێکى نائاسایی و نایاسایی، وەک ئەوەى رۆژنامەنووسان هۆکاری ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییانەی خەڵک بن لە داواکردنی مافە سەرەتاییەکانى وەکو کارەباو ئاوو رێگاوبان ...تاد، نەک خودى دەسەڵات!!


هەر لێرەشەوە داوا لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندکاران دەکەین کە لەکاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و رووداوەکانی دیکەدا بنەما سەرەکییەکانى کاری رۆژنامەوانی و ئیتیکی کارەکەیان لەبەرچاو بێت و هەتا بۆیان دەکرێت خۆیان لە هاتنەپێشی رووداوو بارگرژی لەگەڵ پۆلیس و ئاساییشدا بەدوور بگرن و زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن، بەجۆرێک کە پاساو نەدەنە دەستی کەسەوە، تا کامیراو پێداویستییەکانی دیکەى کارى رۆژنامەوانییان لێبسێنرێت –کە هەرگیز نابێ لێیان بسەنرێت-.


هەروەها نەبنە هۆى ورووژاندنی زیاترى رووداوەکانیش کە بەداخەوە لە زۆربەی رووداوەکاندا دەسەڵات دەیەوێ ئەو جۆرە پاساوە بۆ پەلاماری سەر رۆژنامەنووسان بهێنێتەوەو رەوایەتی بداتە پۆلیس و لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی لەکاتی ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانیدا هێرش بکەنە سەر رۆژنامەنووس و راگەیاندکاران و کامیراو پێداویستییەکانى دیکەى کارەکەیان لێبسێنن کە تەواو دژی بنەماکانى مافى مرۆڤ و یاساى کاری رۆژنامەوانییە لە کوردستان.


بەڵێ.... بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەى جەماوەری و ئازادیی کاری رۆژنامەوانی..
نا....... بۆ بەرتەسککردنەوەو رێگرتن لە داواکردنی مافە رەواکانى خەڵک.

 


لقى کەرکوکی
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
12\8\2010