په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠١٢

بەیاننامەی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی لە کوردستان

سەبارەت بە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

 


یاسای پەسەندکراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە دژی کرێکارانە.


بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەژێر سایەی حکومەتی خۆماڵیدا بەبێ یاساکارێکی پێشرەو ئێمە کارو ژیانمان کردوە. دوای ٢٠ ساڵ لە بێدەربەستی دەسەڵاتداران، ئێمە کرێکاران، لە تەواوی مافەکانمان بە دەستبەری کۆمەڵایەتیشەوە بێبەش کراوین. بۆماوەی٢٠ ساڵ لە دزینی بەرھەمی رەنج‌و داھاتی کاری ئێمە درێغیان نەکردوە. ھیچ کام لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤیان وەکو ھاوڵاتی یەکسانی ئەم ووڵاتە بە ئێمە رەوا نەبنیبنوە. داواکردنی مافی ئازادی رێکخراوبوون‌و خانەنشینی ‌و بیمەی بێکاری، پەککەوتەیی، تەندروستی بۆ ئێمە بەشتێکی شتێکی ناواقعی ناوزەدکراوەو شتێکی دوورەدەست بووە. ھەموو ئەمانە ژیانی ئێمەی لەنێو مان‌و نەماندا راگرتوە. لەوپەڕی ستەم‌و بێمافیدا ژیانمان کردوە. ھە تا توانیویانە چینی کرێکار، بەتایبەتی کەرتی تایبەتیان پەراوێز خستوە. ئەم ھەلومەرجە لەکارو ژیان بۆ دەسەڵاتداران‌و سەرمایەداران‌و کۆمپانیاکان بۆتە خێرو خۆشی ‌و کەڵەکەی ھەرجی زیاتری سودو قازانج.


دوای ٢٠ ساڵ تازەبەتازە یاسای ناوزڕاوی بەعسیەکان کە دەگەرێتەوە بۆ ٤٠ ساڵ لەمەوبەرو بۆسەردەمی خۆشی باش نەبوە، دەھێننەوەو تۆزی ٤٠ ساڵەی لەسەر دەتەکێنن‌و چەند بەندێکی لەبەرژەوەندی خۆیان کە تایبەتە بەدەستەبەری کۆمەڵایەتی لێ ھەموار دەکەن!. خەریکن بەشان بادانەوە دەرخواردی ئێمە کرێکارانی دەدەن. دیارە کۆمەڵێک ھۆکار ئەم دەسەڵاتە ناچار دەکا ئەوکارە بکا؛ یەکەم: ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەم چەند ساڵەدا روویداوە، فراوان بوون‌و بەرینبوونەوەی کۆمەڵگا لەلایەک‌و گەورەبوونی چینی کرێکار لە کوردستان، لەلایەکی ترەوە بوونی بازارێکی گەورە لە کوردستان‌و روتێکردنی ھەزاران کۆمپانیا لە دنیا کە کردویەتیە شوێنی بەرھەمھێنان‌و سەرمایە گوزاری و سود لە ھێزی کاری ھەرزانی ئێمە دەکەن. خاڵێکی تر: بەرینبونەوەی نارەزایەتیەکانی ئێمە کرێکارانە کە پێی ناوەتە قۆناغیکی تازەوەو لە دەوری ئازادی رێکخراوبوون، کرێ‌و دەرماڵە خۆی دەنوێنێ. ئەم نارەزایەتیانە سەرتاسەری کوردستانی گرتۆتەوە. بۆ وەڵامدانەوە بەم ئاڵوگۆرە تازانە، بۆ رێکخستنی دوبارەی پەیوەندی کارو سەرمایە، بۆ دورستکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەی زیاتری سەرمایە لە کوردستان و کۆنترۆڵکردنی ژیانی کرێکاران‌و بێبەشان‌و ھێشتنەوەمان لە ئاستێکی نزمدا، حکومەت‌و پەرلەمان ئەم یاسایەی ھەموارکردوەو بەدەستکەوت ھەژماردی دەکەن.


بەڵام ئێمە کرێکاران ھەرزوو لەناوەرۆکی ئەم یاسایە حاڵی بووین و بەبڕوای ئێمە ئەم یاسایە تەنیا لە بەرژەوەندی حکومەت‌و سەرمایەداران‌و کۆمپانیاکانە. ئەوەی داویانە بە کرێکاران تەنھا بۆ رازیکردن‌و بێدەنگ کردنیەتی، کە دەکرێ بەچەند خاڵێک ئاماژەی پێ بکەین:


١. دەسەڵات لەباتی دانانی یاسای کار ھاتوە بەشێک لەو یاسایەی ھەموارکردوە و بەشە سەرەکیەکانی تری وەلاناوە وەکو کرێ، سەعاتی کار، ئازادی رێکخراوبوون، بەرەسمی ناسینی نوێنەرانی کرێکاری.
٢. ئەو پرۆژەیە بەبێ بەشداری ئێمە نوسراوەو ئەو مافانەیان لێ سەندوین .
٣. کرێکار وەکو ھاوڵاتی خاوەن مافی یەکسان چاو لێ ناکا، تەنیا بەکارو ماندوبون‌و خزمەت‌و ساڵ ماف بە کرێکار دەدات.
٤. دەستەبەرکردنی تەواو مافێکی بێ ئەملاولای کرێکارانەو ئەم مافە لە دنیای پێشکەتوودا بەرەسمی ناسراوەو لەجارنامەی مافی گەردونی مرۆڤیشداھاتوە.
٥. دەسەڵات کەمترین بەرپرسیارێتی خۆی بۆبەشداریکردن لە سندوقی کۆمەڵایەتی دیاریکردوە کە ٣٠% یە، لەباتی ئەوەی ٧٠%بێت. ئەمەش بێجگە لە خۆ دزینەوە ھیچی تر نیە.
٦. دیاریکردنی ئاستی خانەنشینی بەکام ئاست‌و پێوانەو کام بنەمایە دەکرێ!؟ کە لێرەدا ئەوە نارۆشنەو دەبێ لەسەر بنەمای دوا کرێ‌یەک دیاریبکرێ کە کرێکار وەری دەگرێ پێش خانەنشین بوون.
٧. دیاریکردنی ١٥٠ ھەزار دیناری تۆڕی کۆمەلایەتی، کرێکاران دەخاتە ریزی لێقەوماوانەوە، نەک وەک مافی ھاوڵاتی یەکسان ئەم ووڵاتە چاویان لێبکرێ. . دەبێ کرێی کرێکار لەسەر بنەمای دیاریکردنی لانی کەمی کرێ بەپێی پێداویستیەکانی ژیانی ھاوچەرخ دیاری بکرێ.
٨. بەشێکی زۆری کرێکارانی بیناسازیی کە تەمەنیان بەرەوسەرە ‌ودەستەبەر نەکراون. تێپەڕیون مەگەر ١٥٠ ھەزاری لێقەوماوان بیان گرێتەوە.
٩. بەپێی یاسا بەرکەوتوانی شوێنی کار گۆڕاوە بۆ ٧٥% ئەمە ناتوانێ پێوەربێ بۆ واقعی ژیانی کرێکار کە دەیان نەخۆشی وەکو فەقەرات‌و حەساسیەت‌و نەخۆشی درێژخایەن.
١٠. مەعلوم نیە چۆن تەعویزی بێکاری کرێکارانی بیناسازیی دەدەنەوە کە لەساڵدا ٦-٧ مانگ بێکاردەبن
١١. ژنانی کرێکاری مناڵبەر ساڵێک بەنیوەمووجە مۆڵەتن دەبێ دواتر بڕۆنەوە نێو کار. دەسەلات دەبێ لەسەداسەد بەرپرسیارێتی ژنانی مناڵەبەر لەئەستۆ بگرێ، لە دایەنگا، کاتی شیردان‌و ھەموو پێداویستیەکانی ئەو نەوە نوێ‌یە. بۆیە ئەم بەندە ھەڕەشەی بێکارکردنی ژنانە.
کرێکاران!


ئێمە جارێکی تر رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی رایدەگەیەنین کە ئەم یاسایە خەسڵەتی دژی کرێکاری لەخۆگرتوە. دەسەڵات‌و سەرمایەداران تەنیا لە بەرژەوەندی چینی سەرمایە ھەمواری کردۆتەوە، بۆیە ھەم رێگای بەئێمە نەداوە تا دەورمان بێ لەو رەشنوسەھو ئامادەکردنی ھەم بە بۆیاخکردنی ئەو یاسایە فڕی نەدانی بۆ زبڵدانی مێژوو دەیانەوێ کڵاوبنێتە سەرچینی ئێمە ھەربۆیە ھەموو ئەو پڕوپاگەندانەی دەیکەن لەمەڕ ئەو یاسایەو گوایە کەرتی تایبەتیان وەکو کەرتی گشتی لێکردوەو ھەموو حەق‌و ئیمتیازێکیان ھاوتاکردوە ناویان لێناوە چاکسازی کە ئەمە درۆیەکی پووچ‌و بێبنەمایەو دوورە لە راستیەوە. ھەموو ئەو سەروەت‌و سامانەی کە لەبەردەستی دەسەڵاتداران قۆرخ کراوە دەکرێ بەیاسایەکی کرێکاری پێشرەو وھاوچەرخ ئاستی خۆشگوزەرانی ئێمە ھەر ئەمڕۆ ببرێتە سەرەوە ئەمە بکرێتە بنەما نەک ئەوەی ژیانی ئێمەتان بە چارەنوسێکی نادیار سپاردو لەنیو ھەژاریدا راتان گرتووین بۆ درێژەدان بە ژیانی دزی و گەدەڵتان.


ئێمە بۆ وەستانەوە بە دژی ئەم یاسایە ھەموو ھەوڵێکی لێبڕاوانەی خۆمان دەخەینەکار بە ھاوپشتی کرێکارانی کوردستان وە بەھێنانی پشتیوانی نێونەتەوەیی ئەم یاسایە لەقاو دەدەین نابێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ھاوکات رێکخراوی ئێمە لیژنەیەکی دروست کردوە بۆ نوسینەوەی نەک دەستەبەر، بەڵکو رەشنوسی یاسایەکی کرێکاریی پێشرەو لە زوترین کاتدا.


نا بۆ یاسای دژە کرێکاریتان. بەڵێ بۆ یاساکاری کرێکاریی پێشرەو.
بۆ زانیاریی پتر دەتوانن پەیوەندیی بکەن بەم ژمارە تەلەفۆنەوە: ٠٧٧٠١٩٥٧٥٨٨.
 

 

رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی لە کوردستان
سەرەتای ئابی ٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک