په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٢

کوردستانی عیراق:

بڕگەکانی قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە پڕۆژە یاسایی توندوتیژی خێزانی جێبەجێ نەکراوە.

پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر یاساکە، ھێشتا ئەنجامدانی ئەم دیاردەیە بەردەوامە.

 

 

 

مامانی نەریتیی لە کوردستانی عێراق خۆڵەمێشی دابێژراو بەسەر برینی ئەو کچە وەردەکا پاش ئەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینەی دەشێوێندرێ. © 2009 سامر مەسقەتی / چاودێری مافەکانی مرۆڤ

     

بابەتی پەیوەستدار:
بردیانم و ھیچیان پێ نەوتم.

www.hrw.org/reports/2010/06/16/they-took-me-and-told-me-nothing-0

------------------------------------------------------------------------

بە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایی توندوتیژی خێزانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گەورەی بەرەو پێشەوە نا. ئێستا لەسەر دەستەڵاتدارانی حکومەت پێویستە پرۆسە قورسەکە دەست پێبکەن ئەوەش بە ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیرو تۆکمە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە ڕێگەی ھۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە و پۆلیس و پسپۆڕانی تەندروستی سەبارەت بە قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە.


جۆو ستۆرک، جێگری بەڕێوەبەری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست


(ھەولێر) ـ ھیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر خستنە بواری جێبەجێکردنی بڕگەکانی قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە یاسای توندوتیژی خێزانی، ھێشتا ئەنجامدانی ئەم نەریتە لە کوردستانی عێراق بەردەوامە، چونکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە. لە ١١ی ئابی ساڵی ٢٠١١ دا، یاسای توندوتیژی خێزانی کە چەند بڕگەیەک لەخۆدەگرێت بە مەبەستی کۆتایی ھێنان بە دیاردەی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە، خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. پەیڕەوکردنی ئەم نەریتە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی وەک شێوازێکی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ناسراوە.

ھیومان ڕایتس وۆچ تێبینی کرد کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە ھەڵمەتێکی ھۆشیار کردنەوە لەسەر ماددەکانی پرۆژە یاسایی توندوتیژی خێزانی لە ڕێگەی مەشق پێکردنی دادوەرەکان و ناردنی نووسراوی فەرمی بۆ بنکەکانی پۆلیس. بەڵام وادیارە کە ھەنگاوی ھاوشێوە نەنراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە. لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە ، ھیومان ڕایتس وۆچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە ٦٠ گوندنشین و پۆلیس و پارێزەرو بەرپرسانی حکومی و چالاکەوانانی مافی مرۆڤ لە ناوچەکانی چەمچەماڵ و چۆمان و ھەولێرو پێنجوێن و پشتدەرو ڕانیە و سۆران و شەقڵاوە سەبارەت بەم کێشەیە ئەنجام داوە.

جۆو ستۆرک، جێگری بەڕێوەبەری ھیومان ڕایتس وۆچ لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ووتی،" بە تێپەڕاندنی پڕۆژ یاسایی توندوتیژی خێزانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گەورەی بەرەو پێشەوە نا. ئێستا لەسەر دەستەڵاتدارانی حکومەت پێویستە پرۆسە قورسەکە دەست پێبکەن ئەوەش بە ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیرو تۆکمە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە ڕێگەی ھۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە و پۆلیس و پسپۆڕانی تەندروستی سەبارەت بە قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە."

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٠ دا، ھیومان ڕایتس وۆچ، ڕاپۆرتێکی ٨١ لاپەڕەیی بە ناونیشانی "بردیانم و ھیچیان پێ نەووتم: شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە کوردستان" بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەیدا ھیومان ڕایتس وۆچ، داوا لە دەستەڵاتدارانی حکومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات ھەنگاوی بە پەلە بنێن بۆ کۆتایی ھێنان بەم دیاردەیە. ڕاپۆرتەکە باس لە بەسەرھاتی ئەو کچ و ژنانە دەکات کە خەتەنەکراون و ئەو ئاسەوارە جەستەیی و دەروونیانەی لە ئەنجامی ئەم دیاردەیەوە دووچاری بوونەتەوە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١١دا، پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی تێپەڕاند.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ھیومان ڕایتس وۆچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ گوندنشین کرد کە کچەکانیان لە نێوان تەمەنی ٤ تا ١٢ ساڵیدا خەتەنەکراون. ھەندێکیان ووتیان چیتر بە نیازنین کچەکانیان خەتەنە بکەن، ئەمەش لە ژێر کاریگەری ئەو ھەڵمەتانەدا بووە کە نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومیەکان بۆ ھۆشیار کردنەوەی ئەو گوندنشینانە لە ناوچەکانیان ئەنجامیان داوە. بەڵام ھەندێکی کەمیشیان ووتیان، بەردەوامن لەسەر پەیڕەو کردنی نەریتەکە. ھەموو ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا ووتیان کە ھیچ ھەنگاوێک یان ھەوڵێکی حکومەتیان بەدی نەکردووە لە ھۆشیار کردنەوەی خەڵکی لەسەر ئەم دیاردەیە.

ژنێکی خەڵکی ڕانیە ووتی، "باشە، لەبەرەوەی ئێستا یاساکە ھەیە، خەڵکی زۆر باسی دیاردەکە ناکەن، بەڵام ئەگەر کەسێک لە گوندەکەی من یان ھەر گوندێکی تر بیەوێت کچەکەی خەتەنە بکات، ئەوا زۆر بە ئاسانی بە نھێنی دەتوانێ ئەنجامی بدات."

چەندین پۆلیس بە ھیومان ڕایتس وۆچیان ووت کە ھیچ ڕوون کردنەوەو فەرمانێکیان لە بەرپرسەکانیانەوە سەبارەت بە قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە پێ نەگەیشتووە. بەڕێوەبەری بەشی بەدواداچوونی تووندوتیژی دژ بە ژنان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھیومان ڕایتس ووچی پشت ڕاستکردەوە کە ھیچ جۆرە زانیاری و ڕوونکردنەوەیەک لەسەر قەدەغەکردنی دیاردەکە بۆ بنکەکانی پۆلیس نەنێرراوە.

لە تەمووزی ٢٠١٠ دا، لیژنەی فتوای یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانی فتوای دەرکرد کە خەتەنە کردنی مێینە لە ئیسلامدا فەرز نیە. بەڵام ھەر لەدوای تێپەڕاندنی یاسای توندوتیژی خێزانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، مەلا ئیسماعیل سۆسێی لە ووتاری ھەینیدا داوای لە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێم کرد کە پرۆژە یاساکە ئیمزا نەکات. ھەرچەندە مەسعود بارزانی پرۆژە یاساکەی ئیمزا نەکرد، بەڵام لە بەرواری ١١ی ئابی ٢٠١١ دا، بەڵام ڕێگەیدا پرۆژە یاساکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی یاساکە لە ژمارە ١٣٢ی وەقائع، رۆژنامەی فەرمی حکومەت. ھەندێک پێیان وابوو ئەمە ھەوڵێکی بارزانی بوو بۆ خۆبەدوور گرتن لە ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ مەلا ئاینیەکانی وەک سوسێی، بەڵام ئەم شێوازە ناردنی پەیامێک بوو بۆ ئەو کەسانەی دژی یاسا دەوەستنەوە دەتوانین بەردەوامبن لە کەمکردنەوەی بەھای ئەو یاسایە.

ئەندامانی پەرلەمان و چالاکەوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەخنەی ئەوەیان لە حکومەت گرت کە ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکە. ھەروەھا ووتیان دیاردەی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجام دەدرێت بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک ڕانیە و حاجی ئاوا و قەڵا دزە.

کوێستان عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی کاروباری ژنان لە پەرلەمانی کوردستان، ووتی، "تێپەڕاندنی یاسا لە کوردستان ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی مەسەلەیەکی ترە بە تایبەت یاسایەکی لەو جۆرە کە لەلایەن ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە قبوڵ ناکرێت." کوێستان ووتی، "یاسای توندوتیژی خێزانی بە ھەموو لایەنەکانیەوە ھێشتا نەیتوانیوە لە ڕووی پراکتیکیەوە پشتگیری لە ژنان بکات، بەتایبەت بڕگەکانی قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە. ھیچ شتێک لە ئارادا نیە و لە ڕاستیدا ھیچ کەسیش باس لە پلانەکانی جێبەجێکردنەکەی ناکات."

ھیومان ڕایتس وۆچ رایگەیاند کە پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی جدی بنێت لە پێناو جێبەجێکردنی بڕگەکانی قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە ئەمەش لە ڕێگەی مەشق کردن بە پۆلیس و دادگاکان و لێپرسراوانی حکومی . ھەروەھا ھیومان ڕایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەدات کە ھەندی لە مامانەکان، ئەوانەی ھیچ خولێکی زانستیان نەبینیوەو مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستیان نیە بەردەوامن لە خەتەنەکردنی کچان، ھەر ھەوڵێک بدرێت بۆ بنبڕ کردنی بۆ ئەم نەریتە پێویستە مامانەکانی لێ بێ بەش نەکرێت و سەرچاوەیەکی دارایی دیکەیان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.

ھیومان ڕایتس وۆچ ووتی، پێویستە لەسەر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێمی کوردستان مەشق و ڕاھێنان و خولی ھۆشیار کردنەوە بۆ مامۆستایانی ئاینی دابین بکات لە پێناو کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بەتایبەت نەھێشتنی نەریتی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە. پێویستە لەسەر وەزارەتەکە زانیاریەکانی فتواکەی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٠ بخاتە نێو بەرنامەی ئەو خول و ڕاھێنانانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە وەزارەتی ئەوقاف کەناڵێکی گەیاندنی ناڕەزایی دابمەزرێنرێت تا لەم ڕێگەیەوە خەڵکی بتوانن وەزارەتەکە ئاگادار بکەنەوە لەو مەلایانەی بەردەوام لە ووتارەکانیاندا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە فەرزێکی ئاینیە.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ گوندنشینان و لێپرسراوانی حکومی ھەروەھا ئەو گرووپانەی لە ناوچەکەدا کاردەکەن، تکایە تەماشای راپۆرتەکەی لای خوارەوە بکە.

بەربڵاوی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە کوردستانی عیراق.


بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە بریتیە لە "بڕینی بەشێک یان تەواوی بەشی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە یان بریندارکردنی بەشەکانی تری کۆئەندامی زاوزێی مێینە بەبێ بوونی ھیچ ھۆکارێکی تەندروستی." شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە پێشێل کردنی مافەکانی ژیان و تەندروستی و جەستەیی و جیاکاری ڕەگەزیە بۆسەر ژنان، ھەروەھا دەچێتە قاڵبی مامەڵەکردنی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان و کەمکردنەوەی بەھاکانی ئەو کەسە. سەرەڕایی ئەمانەش لەبەرئەوەی ئەم نەریتە لەسەر کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ئەنجام دەدرێ بۆیە دەچێتە خانەی پێشێل کردنی مافەکانی ژیان و جەستە و تەندروستی بۆسەر منداڵان.

بەر لە دەرچوونی پرۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی، توێژینەوەی ڕێکخراوە حکومی و ناحوکمیەکانەوە دەریان خست کە لانی کەم لە %٤٠ ی ژنان و کچانی ھەرێمی کوردستان دووچاری شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە بوونەتەوە، توێژینەوەکان دەریان خست لە %٨٠ ی کچان و ژنانی ناوچەی گەرمیان خەتەنەکراون. پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی ھیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵی ٢٠١٠ دا، وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە راپرسییەکدا کە ٥٠٠٠ ژن و کچ بەشدارییان تێداکرد، رایگەیاند کە %٤١ ئەو ژن و کچانە خەتەنەکراون. ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد کە بەربڵاووی ئەنجامدانی نەریتەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە.

لە مانگی نیسانی ٢٠١٢دا، ڕێکخراوی وادی، گرووپێکی ئەڵمانیە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ کە چەندین ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی دژی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە کوردستان ئەنجام داوە، بەھاوکاری سەنتەری "پەنا" بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتبوو کە شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە نێو نەتەوە جیاوازەکانی کەرکوکدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوە، ڕێژەی ٦٥.٤% ژنانی کورد ٢٥.٧% ژنانی عەرەب ھەروەھا ١٢.٣% ژنانی تورکمان.

نەبوونی ھەنگاوی فەرمی.

کوردە عومەر، بەرێوەبەری بەشی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٨ی ئابی ئەم مانگە بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، "بە گشتی، یاساکە جێبەجێ نەکراوە." ھەروەھا ووتی، "تا ئێستا نزیکەی ٦٨ نامیلکەی بچووکمان لەسەر بڕگەکانی یاساکە ئامادە کردووەو لە نێو ئەفسەرەکانی پۆلیس و قوتابخانە و کۆلێجەکاندا بڵاومان کردونەتەوە. ھەروەھا خولی ڕاھێنانمان بۆ ئەفسەرانی فەرمانگەکەمان کردۆتەوە تا بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بکەن. کوردە ووتی،" فەرمانێک ھەیە بۆ دامەزراندنی نزیکەی ١٠٠ فەرمانبەر لە فەرمانگەکەی ئێمە و فەرمانگەکانی تری حکومەت بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم کێشانەدا. بە نیازین زۆرێک لەوانەی دایان دەمەزرێنین لە ڕەگەزی مێ بن.".

سەبارەت بە جێبەجێ کردنی بڕگەکانی قەدەغە کردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە یاسای توندوتیژی خێزانی، کوردە ووتی، "وەزارەتەکەیان ھێشتا ھیچ ڕێنمایی و فەرمانێکی لەسەر ئەم بابەتە دەرنەکردووە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی ٨ی ئابی ئەم مانگەدا، نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، "پێداگری لەسەر جێبەجێ کردنی یاساکە کردووە." ھەروەھا ووتی، نێچیرەڤان بارزانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی تری وەک داد، کە بەرپرسیارە لە دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە یاساکە، کۆبووەتەوە.

کوردە ووتی، "بەرپرسانی وەزارەتی داد بڕوایان وایە بە دەستھێنانی پلانێکی لەو جۆرە ئاسان نیە و پێویستی بە دادوەرو فەرمانبەری زۆر شارەزایە،" ھەروەھا ووتی، "خەڵکی سکاڵاکانیان لەسەر شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە بۆ ئێمە ناھێنن. ئەگەر کەسێک بینی یان بیستی ئەم نەریتە لە شوێنێکدا پەیڕەو دەکرێ و پۆلیسی لێ ئاگادار بکاتەوە، ئەوکات پۆلیس ڕێوشوێنی تایبەت دەگرێتە بەر.".

لە ١٣ی حوزەیراندا، ئەفسەرێکی پۆلیس بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، کە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان ھیچ تێبینی و ڕێنماییەکی سەبارەت بە جێبەجێ کردنی یاساکە پێنەگەیشتووە. ئەفسەرەکە ووتی،" ئێمە دەربارەی یاساکە دەزانین، چونکە ساڵی پار کاتێک یاساکە دەرچوو زۆرێک لە میدیاکان باسیان کرد." ئەفسەرەکە ووتیشی، "لە ڕاستیدا نازانم ئەو شتانە چین دەبێت قەدەغە بکرێن. ھیچ فەرمانێکمان لەسەر یاساکە پێنەگەیشتووە.".

لە ٢٥ی حوزەیراندا، ئەفسەرێکی پۆلیس لە سلێمانی بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، "پێمان ووترا کە فەرمانێکی تازە ھەیە بۆ گرتنی ئەو پیاوانەی بە خراپی لە ژنەکانیان دەدەن، چونکە ئەم یاسایە دەرچووە، بەڵام ھیچ شتێکمان لەسەر شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە پێنەگەیشتووە.".

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان ووتیان بەپێی ئەزموونیان، ئەوانیش بەردەوام ئەم جۆرە وەڵامانە وەردەگرن.

لەنێو ئەو دادوەرو فەرماندانەی پۆلیس، کە ژمارەیەکی کەمن و ئاگاداری ناوەرۆکی یاساکەن، ووتیان ھیچ ڕوون کردنەوەو ڕێنماییەکیان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێ کردنی یاساکە پێنەگەیشتووە.

ھەڵمەتی ھۆشیار کردنەوەی لەلایەن گرووپە ناحکومیەکانەوە.

فەلاح مورادخان، ڕێکخەری پڕۆژەکان لە ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، ووتی،" ھەڵمەتی ھۆشیار کردنەوە لەلایەن حکومەتەوە بۆ بڕگەکانی تری یاسای توندوتیژی خێزانی ھەبووە، بەڵام ھیچ ھەڵمەتێکی لەو جۆرانە بۆ بڕگەکانی قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە ڕێک نەخراوە چونکە ئەم بابەتە بە تابوو تەماشا دەکرێت." ھەروەھا ووتی، " وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەوە ھیچ ھەڵمەتێکی ھۆشیار کردنەوەیان لەسەر ئەم بابەتە ڕێک نەخستووە.".

"ئێمە تێدەگەین مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم کێشەیەدا ھەندێک کاتی پێویستە، بەڵام نابینین حکومەت ھیچ شتێک لەم بارەیەوە بکات. ئەو مامانانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە مۆڵەتیان پێدراوە دووبارە مەشقی نوێیان پێنەکراوەتەوە ھەروەھا ھیچ ڕێنماییەک بە پۆلیس نەدراوە بۆ جێبەجێ کردنی یاساکە.".

تارا عەلی، ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی ژنان لە سلێمانی (WOLA)، بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، "یاسایەکی باشە، بەڵام ھیچ ھەوڵێکی جدی لەلایەن حکومەتەوە نادرێت بۆ جێبەجێ کردنی یاساکە- تەنانەت لە قۆناغی سەرەتایشدا نین.".

تارا بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەی بە یاسای توندوتیژی خێزانی کردوو ووتی، "یاساکە دەڵێ پێویستە فەرمانبەری ژن لە بنکەکانی پۆلیس دابمەزرێنرێن تا کارئاسانی بکەن لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم کێشەیەدا. " ھەروەھا ووتی، "لە کۆی شەش بنکەی پۆلیس لە سلێمانی کە سەردانمان کردوون، ھیچ کام لەم بنکانە ھیچ فەرمانێکیان پێنەگەیشتووە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەری ژن لە بنکەکانیان.".

ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، ئەم بارودۆخەی ئێستا تەنھا ھاندەرە بۆ پەیڕەو کردنی نەریتەکە بەشێوەیەکی نھێنی. فەلاح ووتی، "لە ڕابردوودا زۆر ئاسانتر بوو، وا لە ژنێک بکرێت باس لە دیاردەکە بکات." ھەروەھا ووتی، " ئێستا کە زۆرجار پێیان دەڵێین، پەیڕەوکردنی نەریتەکە قەدەغەکراوە، دەترسن و چیتر نایانەوێت ھیچ لەو بارەیەوە بڵێن.".

ئێستا ئەگەر ژنێک دان بەوەدا بنێ کە کچەکەی خەتەنە کراوە پێمان ناڵێ کێ خەتەنەی کردووە." فەلاح ووتیشی، "ئێستا نەریتەکە بە نھێنی پەیڕەو دەکرێ تەنانەت لەو ناوچانەشی کە بە ئاشکرا دژی یاساکە دەوەستنەوە لە دوای دەرچوونیەوە.".

ئامینە ڕەسول موسا، لێپرسراوی ھۆبەی گوندنشینەکان لە یەکێتی ژنانی کوردستان، ئەنجامدانی نەریتەکەی بە نھێنی پشت ڕاست کردەوە. بەپێی زانیاریەکانی ئامینە ، شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە ھێشتا بەشێوەیەکی بەربڵاوو لە ناوچە گوندنشینەکان پەیڕەو دەکرێ. ئامینە بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، "کاتێک زانیاری لەسەر ژنێک وەردەگرین کە خەریکی خەتەنەکردنی کچانە، سەردانی دەکەین و پرسیاری لەسەر بابەتەکە لێدەکەین. بەڵام ژنەکەو دراوسێکانیشی نکۆڵی لە ڕاستیەکە دەکەن. ئیتر ئێمە دەستمان دەبەسترێتەوە. ئێمە پۆلیس نین. خەڵکی ھەست دەکەن پۆلیس لێکۆڵینەوە لەم بابەتە ناکات ئەگەر بە نھێنی ئەنجام بدرێت، لەبەرەوە ئێستا زۆرێکیان ھیچ ناڵێن لەسەر شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە، بەڵام بەردەوامن لە پەیڕەو کردنی نەریتەکە."

چاوپێکەوتن لەگەڵ گوندنشینەکان.


ئەو گوندنشینانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ھیومان ڕایتس وۆچ کرد ووتیان ئەو زانیاریانەی لەسەر یاساکە بیستوویانە لە ڕێگەی نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە بووە کە سەردانی ناوچەکانیان کردوون وەک بەشێک لە ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە.

ھەموویان ووتیان کە چاوەڕوانی ئەوە نین ڕووبەڕوی سزایی یاسایی ببنەوە لە ئەنجامی نەریتەکەوە. ژنێکی خەڵکی ڕانیە ووتی، "باشە، لەبەرەوەی ئێستا یاسایەک ھەیە، خەڵک زۆر باسی ئەم بابەتە ناکەن، بەڵام ئەگەر خەڵک لە گوندەکەی من یان لە گوندەکانی تر بیانەوێت کچەکانیان خەتەنە بکەن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن بە نھێنی ئەنجامی بدەن." ھەروەھا ووتی، "کەس بیر لەوەناکاتەوە کە ڕووبەڕوی سزایی یاسایی ببێتەوە، چونکە ھیچ شتێک نە لە تەلەفیزیۆنەکانەوە نە لەلایەن پۆلیسەوە ناوترێ.تەنھا ئەوانەی بە ئاشکرا باسی ئەم دیاردەیە دەکەن مەلاکانن ئەوانیش دژی یاساکە قسەدەکەن. "

ھەندێک لە ژنەکان ئاماژەیان بەوەکرد ھەڵمەتی ھۆشیار کردنەوە لەلایەن حکومەتەوە کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیارەکانیان سەبارەت بە دیاردەکە.

ژنێکی خەڵکی ناوچەی پشدەر بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، "ئەم ڕێکخراوە ناحکومیانە دێن بۆ ئێرەو پێمان دەڵێن خەتەنەکردن بۆ کچەکانمان خراپە، بەڵام مامۆستایانی ئاینی لە مزگەوتەکانەوە پێمان دەڵێن شتێکی باشە." ژنەکە ووتی، "نازانم باوەڕ بەکێ بکەین." لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا یاسای قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە کاریگەری ھەبووە لەسەر بڕیارەکەی، ژنەکە ووتی، "ڕێکخراوە ناحکومیەکان پێمان دەڵێن پەیڕەو کردنی ئەو نەریتە دژی یاسایە، بەڵام لە ھیچ کەسی تر ئەمەمان نەبیستووە جگە لەوان نەبێت.".

ژنێکی تری خەڵکی ڕانیە بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، ھێشتا بڕیاری نەداوە کە کچەکەی بۆلای مامان بەرێ بۆ خەتەنەکردن، "لە ناخی دڵمەوە نامەوێت ئەمە بکەم، بەڵام زۆربەی خەڵکانی دەووروبەرم پێم دەڵێن زۆر گرنگە لەسەر تەقالیدی کۆمەڵگەکەمان بەردەوام بین." ژنەکە ووتیشی، "تا ئێستا، ھیچ شتێکم لە حکومەتەوە نەبیستووە. لەبەرەوە ئێستا ناتوانم بڕیار بدەم، بەڵام ئەگەر کەسێک لە حکومەتەوە بێت و پێمان بڵێ ئەنجامدانی ئەم کارە قەدەغەیە و ھۆکارەکانیمان بۆ ڕوون بکاتەوە، ڕەنگە ئەمە یارمەتیم بدات لە پاراستنی کچەکەم لە خەتەنە کردن.".

ژنێکی تر لە ڕانیە بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت کە ھیچ کام لە دوو کچەکەیی ئەنجام خەتەنەنەکردووە، بەڵام ئەمەی لە خزم و دراوسێکانی شاردۆتەوە. ژنەکە ووتی، "نامەوێت ھیچ کەسێک قسە بکات و کێشەم بۆ دروست بکات لەلای دراوسێکانم و مامۆستایانی ئاینی.".

لە ٩ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، ھیومان ڕایتس وۆچ ئامادەی سیمینارێکی پەروەردەی بوو لەسەر یاسای توندوتیژی خێزانی کە بۆ ژنانی ناحیەی حاجی ئاوا سازکرابوو. حاجی ئاوا یەکێکە لەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی ھەر لە کاتی دەرچوونی یاساکەوە بە ئاشکرا دژایەتی بڕگەکانی قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینەیان کرد. سیمینارەکە بە ھاوکاری ھەردوو ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی و یەکێتی ژنان سازکرابوو. بەپێی ئەو پرسیارانەی ژنانی ئامادەبووی سیمینارەکە دەیان کرد لەسەر قەدەغەبوون یان قەدەغەنەبوونی بەشوودانی بەزۆر یان بەشوودانی منداڵ، توندوتیژی خێزانی و ئەنجامدانی نەریتی خەتەنەکردنی کچان، وا دەردەکەوت ئەو ژنانە ھیچیان دەربارەی یاساکە نەدەزانی ئەوە یەکەم جار بوو لەو سیمینارەدا ووردەکاریەکانی یاساکە ببیستن.

ھیومان ڕایتس وۆچ تێبینی کردووە کە ھەندێ لەو مامانانەی ھەڵدەستان بە خەتەنەکردنی کچان، وازیان لە کارەکەیان ھێناوە لەو ناوچانەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەیان ئەنجامداوە دەربارەی یاساکە، بەڵام بێدەنگی و قسەنەکردن لەسەر بابەتەکە وادەکات سەلماندنی ئەم بۆچووونە ئاسان نەبێت. لە ١٤ی حوزەیران، ژنێکی ناوچەی پشدەر بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، "ئەگەر بمەوێت کچەکەم بەرم بۆ خەتەنەکردن، ھیچ مامانێک ناناسم لەم ناوچەکەیەدا. بۆیە دەبێت بڕۆم بۆ ڕانیە یان شوێنێکی تر تا کەسێک بدۆزمەوە.".

قەدەغەکردنی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە و دژایەتی کردنی لەلایەن خەڵکانی ئاینیەوە.

لە ٦ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٠ دا، پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی ھیومان ڕایتس وۆچ لەسەر شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە حوزەیرانی ھەمان ساڵدا، لیژنەی باڵای فتوای یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، کە باڵاترین دەستەڵاتە بۆ دەرکردنی فەتوا ئاینیەکان، فتوایەکی دەرکردو تێیدا ڕایگەیاند شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە ئیسلامدا فەرزنیە. فتواکە بە ئاشکرا داوای قەدەغەکردنی نەریتەکەی نەکرد بەڵام ھانی دایکان و باوکانی دا کە ئەم نەریتە لەسەر کچەکانیان پەیڕەو نەکەن بەھۆی دەرەنجامە خراپەکانی لەسەر تەندروستی لەشیان. بەڵام لەبەرەوەی گوندنشینەکان تەنھا لە ڕێگەی ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە فتواکەیان بیستووە، بۆیە ھەندێکیان گومانیان لە دروستی فتواکە ھەیە و ڕێگرنەبووە لەسەر بڕیارەکانیان بۆ خەتەنەکردنی کچەکانیان.

لە نێوان کۆتایی مانگی ئایار تا ناوەڕاستی ئاب، ھەموو ئەو کەسانەی ھیومان ڕایتس وۆچ لە ھەرێمی کوردستان قسەی لەگەڵ کردن، زۆربەیان ھاوبۆچوون بوون لەسەر ئەوەی کە ئاستەنگی ھەرە سەرەکی لەبەردەم جێبەجێ کردنی یاسای توندوتیژی خێزانی دژایەتیەکانی مامۆستایانی ئاینیە. بۆیە پشتگیری ئەوان لە داھاتوودا کلیلی سەرەکیە بۆ سەرکەوتنی یاساکە. بەڵام ھەروەک چالاکەوانێکی مافی مرۆڤ ووتی، "مامۆستایانی ئاینی ھەموویان مووچە لە حکومەتەوە وەردەگرن، بۆیە حکومەت ناتوانێت بڵێ کە بێ دەستەڵاتە لە دروست بوونی کاریگەری لە سەریان.".

 

 

٢٩\٨\٢٠١٢

چاودێری مافەکانی مرۆڤ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک