|

الاتحاد العام للاجئین العراقیین
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی
INTERNATIONAL FEDERATION OF IRAQI REFUGEES-IFIR
بریار نامە دەربارەى نا ئەمنی و نا
جێگیری کوردستان و
رەتکردنەوەی
سیاسەتى دیپۆرتی پەنابەران بۆ کوردستان لەلایەن ووڵاتە ئەوروپی یەکانەوە.
1- لەماوەى رابردوودا دەوڵەتانى ئەوروپا و لەپێشیانەوە دەوڵەتى
بەریتانیا لەژیر ناوى ئەوەى "کوردستان ئارامەو دەسەڵاتێکى دیموکراسى
لەئارادایە" سیاسەتى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى کوردى عیراقىیان
بریارداوە. تائێستاش جگە لەوەى 3 وەجبە لەپەنابەران بەشێوازێکى
نامرۆڤانە ولەرێگاى فرۆکەخانەى سەربازى و بەدەستى بەستراوەوە
دیپۆرتکراونەتەوە، هاوکات ئەم سیاسەتە فشارێکى زۆرى بۆ پەنابەرانى
کوردستانى عێراق هێناوە و پەلامارێکى یەکجار نامرۆڤانەى بەدواوەبووە،
لەوانە راگرتنى وەڵامى کەیسەکان، لەسەر کار دەرکردنى پەنابەران، تا
لێگرتنەوەى بەنەفیت و خزمەتگوزارىیەکان و لەهەندێ جاریشدا حەملەى
شەوانە رۆژى بۆسەر پەنابەران و زیندانى کردنى بەدواوەبووە. بەم جۆرەش
ئەم سیاسەتە بارودۆخیکى ناهەمووار و نامرۆڤانەى بۆ پەنابەران پێکێهناوە
وئەوانى لەدڵەراوکىیەکى بەردەوامدا راگرتووە. هەموو ئەم سیاسەت و
هەنگاوانەش لەکاتێکدا بەرێوە دەچن کەجەنگ وتیرۆرو کوشتار لەشارەکانى
عیراق درێژەى هەیە و چارەنوسى کوردستانیش بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
2- ئەم سیاسەتەى دەوڵەتانى ئەوروپا بەرامبەر بە پەنابەرانى کوردستان
بەئاگادارى دەزگاکانى یوئین(UN) لەکاتێکدا دەستى بۆدەبرێت، کەخودى
دەوڵەتانە ئەوروپایى ئیمزایان لەرێکەوتن نامەى جنیف سەبارەت بە داواى
مافى پەنابەریتى داوە. کەچى دەزگابەرپرسەکانى یوئین نەک کاردانەوەیەکى
کاریگەریان لەراستاى دیپۆرتى پەنابەران و لێگرتنەوەى مافەکانى
پەنابەران نیشان نەداوە، بگرە زۆرکات شانى خۆیان لە هەڵوێستگرتن خاڵى
کردۆتەوە و گەلێ جاریش ئەم سیاسەتەیان تەبریرکردووە.
3- بەلام لایەنێکىتر لە چونەپێشەوە و داسەپاندنى سیاسەتى دیپۆرت و
ئاکامەکانى بەسەر پەنابەرانى کوردى عیراقدا، هاوکارى و دەستگرتنى
دەوڵەتانى ئەوروپایىیە لەلایەن حکومەتى عێراق و دەسەڵاتدرانى
کوردستانەوە. حکومەتى عێراق لەسەر و هەموو پرەنسیپێکى ئینسانێەوە،
هەموو راستیە تاڵ و ناهەمووارەکانى بارودۆخى ئێستاى عێراق وکوشتارگایەک
کەلەئارادایە ئینکار دەکاو بەخاترى دیموکراسى نیشاندانى"پرۆسەى سیاسى و
دەسەڵات"لەعیراقدا، بریارى کۆمەک کردن بەدەوڵەتانى ئەوروپایى داوە
بۆگێرانەوەى پەنابەرانى کورد وعیراقى. هاوکات دەسەڵاتداران
لەکوردستانیش جگەلەوەى کەژێر بەژێر لەهاوکارى کردنى دەوڵەتانى
ئەوروپادان بۆ دیپۆرتى پەنابەرانى کورد، بەئاشکراش فرۆکەخانەو زانیارى
لەسەر پەنابەرانیان خستۆتە ئیختیارەوە. ئەمە جگەلەوەى کەپەیتاپەیتا
باسى کوردستان وەک ناوچەیەکى ئارام و ئازاد بەدنیاى دەرەوە دەناسێنن.
لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەو ئەم تەبریراتانەدا فیدراسیۆنى سەراسەری
پەنابەرانى عیراقى رادەگەیەنێت کە:
پەنابەرانى کورد و عیراقى قوربانى هەڵومەرجى جەنگ و تیرۆرو کوشتارى
بەردەوام و لەسەر کاربوونى دەسەڵاتى میلیشیاى وسەروخەڵکین، کە وەک
ئاکامێک لە لەئیستراتیژى نەزمى نوى جیهانى و سیاسەتەکانى ئەمریکا
لەعیراقدا هاتوتەکایەوە. بارودۆخ لەعیراق و کوشتارگایەک کەلەلایەن
ئەمریکاو دەست وپیوەندەکانیانەوە بەسەر خەڵکى عیراقدا داسەپاوە، هیچ
جێگایەکى بۆ ئارامى و ژیانکردنى هاوڵاتیان نەهیشتۆتەوە. ئەمرۆ ئەوەى
روودەدات لەعێراق وئەورووداوانەى کە کارەساتە مەرگبارەکانى دینێتە
سەرشاشەى تەلەفزیۆنەکان بەسە بۆئەوەى کە نە دیموکراسى نەملف نە ژیانى
ئاسایى مانایەکى نیەو هەموو ئیدعایەک بۆ گێرانەوەى پەنابەران
بەدرۆدەخاتەوە. لەکوردستانیش کەبەرواڵەت لەچاو شارەکانى عێراقدا ئارام
دێتەبەرچاو، بەڵام بەهۆى ئەوەى کەکوردستان نەخۆى دەوڵەتێکى بەرەسمیەت
ناسراوى نیودەوڵەتىیەو نەبەشێکە لەدەوڵەتێکى سەقامگیر، چارەنوسى
خەڵکەکەى بەهەڵواسراوى وناجێگر، بەدیار دەسەڵاتى دوو حزبى میلیشیاى
چەکدارەوە راگیراوە. ئەم حیزبانە کەبەدریژایى 16 سالى رابردوو ماف و
ئازادى و موقەدەراتى خەڵکى کوردستانیان کەوتوتە دەست و بەزۆرى چەک
دەسەڵاتى خۆیان بەسەر خەڵکدا داسەپاندووە، نمونەى دەسەڵاتیکى گەندەڵ و
سەرکوتیان بەرامبەر بەخەڵکى کوردستان نیشان داوە. مەترسى هێرشى
دەوڵەتانى دراوسى بۆسەر کوردستان، شەرى ناوخۆى ئەحزابەکان و پەلامارى
بۆ هەر لایەنێک کە موخالەفەت بەسیاسەت و هەڵویستى ئەحزابى
دەسەڵاتداربکات، هاندانى کونەپەرستى و یارمەتى کردنى ئیسلام ورەوتە
سیاسىییەکانى، ئیغتیال و کوشتنى هەڵسوراوانى سیاسى سەرکوتى ئاشکراى
ئازادى سیاسى و رادەربرین، پەلاماردانى رۆژنامەنوسان و نوسەر و کەسانى
رۆشنبیر، پەرەسەندنى کوشتنى ژنان و بەردەبارانکردنیان، تا رادەى ئەوەى
کەئەم ئەحزابەنانە نەیان توانیوە لەماوەى 16 سالى رابردوودا تەنانەت
وەڵام بە سەرەتایىترین پێداویستىیەکانى ژنانى خەڵک بدەنەوە، کە ئەویش
ئاو و کارەبایە. بەدواى رووخانى رژێمى فاشیستى بەعسیشدا، ئەم حیزبانە
خەڵکى کوردستانیان کردۆتە پاشکۆى بارودۆخى ناهەموارى عێراق و بەدیار
شەرو تیرۆرو کوشتار وکێشمەکێشى نێوان دەستەوتاقمى ئیسلامى وبەعسىیەوە،
راگرتوون.. لەیەک وتەدا کارنامەى ئەم حیزبانە و ناجێگیرى کوردستان
تائێستا دەیان جارلەبەڵگەنامەکانى ئەمنستى ئەنتەرناسیۆنال و هومان رایت
وچ و تەنانەت لەراپۆرتەکانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاو
نەتەوەیەکگرتووەکانەوە عەکس بونەتەوە... ئەمە ئەو واقعیەتەیە کە لاوانى
کوردستانى لەسەرو ئێرادەو خواستى خۆیانەوە ناچار بەهەڵهاتن و
هەڵبژاردنى ژیانى پەنابەریتى کردووە، هەربۆیە فیدراسیۆنى سەراسەری
پەنابەرانى عیراقى رادەگەیەنێت کە:
یەکەم:
1- سیاسەتى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى کوردستان وهەرهێرشێکى دەوڵەتانى
ئەوروپایى بۆسەر پەنابەران ئیدانەو مەحکوم دەکاو بەسیاسەتێکى دژى
ئینسانى دەزانى و هاوکات هاوشانى خەڵکى ئازادى خواز و موتەمەدنى
ئەوروپا بەتەواوى تواناوە تێدەکۆشیت لەپێناو پوچەڵ کردنەوەى ئەم
سیاسەتەو بەدى هێنانى مافى پەنابەریتى بۆیان. هەروەها فیدراسیۆن هەموو
ئەو ئیدعایانەى کە تەبریرى ئەم سیاسەتە دەکات بەدرۆ دەخاتەوە و
ئامادەیە لەبەردەم مەرجەعێکى بێلایەنى نێودەوڵەتیدا، پێچەوانەکانیان
بەبەڵگەوە بسەلمینآ.
2- هەرلەمبارەوە فیدراسیۆن راستەوخۆ یوئین(UN) بەرامبەر بەسیاسەتى
دیپۆرتى پەنابەرانى کوردستان و مامەڵەى نامرۆڤانەى دەوڵەتانى ئەوروپایى
بەیەکێک لە لایەنە بەرپرسەکان دەزانى و بەتەواوى تواناوە تێدەکۆشیت تا
دەزگاکانی( یو ئین )لەئاستیکى فراواندا بخاتە ژێر فشارەوە و وادارى
بکات بەدەخاڵەتى کاریگەر لەراستاى راگرتنى سیاسەتى دیپۆرتى پەنابەرانى
کوردستان وسەلماندنى مافى پەنابەرایتى بۆیان.
3- لەهەمان کاتدا فیدراسیۆنى سەراسەری پەنابەرانى عیراقى، هەر جۆرە
هاوکارىیەکى حکومەتى عیراقى و دەسەڵاتدارانى کوردستان بەدەوڵەتانى
ئەوروپا بەمەبەستى رێگا خۆشکردن بۆ دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى کوردستان،
مەحکوم دەکاو بەسیاسەتێکى دژى خەڵکى دەیانسینى وتێدەکۆشێ راى گشتى
خەڵکى کوردستان ودنیا لەم هەڵوێستە ئاگادتار بکاتەوە.
4- فیدراسیۆن پشتیوانی لەهەر هێزو لایەنێکی ئازادی خواز دەکات کە بۆ
یەکلا کردنەوەی چارەنووسی کوردستان تێ دەکۆشێ .
فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراقى بانگەوازى سەرجەم پەنابەران دەکات بۆ
کۆبوونەوە ورێکخراوبوونیان لەدەورەى فیدراسیۆن و هێنانەمەیدانى ریزى
بزوتنەوەى سەربەخۆى خۆیان بەدژى سیاسەتى دیپۆرتى پەنابەران و بەدى
هێنانى مافەکانى پەنابەریتى..
تیبینی:ئەم بریار نامەیە لە کۆنگرەی یەکەمی
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی بە دەنگ گەیەنرا .
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی
24-10-2007
______________________________________________________________
POBOX1575،ILFORD IG1 3BZ ،LONDON،UK Tel:0044 7856032991 ،
00447895636633،0041787557786،004799387599،
ifir2007@yahoo.com d.jamal@ntlworld.com www.csdiraq.com
|