Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

بۆ بەردەم وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان .

 


سالار بابەشێخ



بیگۆمان لە سەرلەبەرى ئەم جیهانە پان و بەرینەداو لە زۆربەى وڵاتانى پێگەیشتووى دنیا، پەروەردەو لە سەرووى هەموویانەوە قوتابى و مامۆستا، رۆڵێکى هەرە مەزنیان لە پێشکەوتن و پەرەسەندنى تەکنۆلۆژى و بە پیشەیى کردنى وڵاتەکەیاندا هەیەو هەر حکومەتێکیش حیسابى تابەتییان بۆ دەکات، بەڵام بە داخەوە لە وڵاتى ئێمەدا لە جیاتى ئەوەى مامۆستا چەکى سپیى بانکى پێبدرێ، یان لانیکەم هەموو پێداویستییە سەرتاییەکانى ژیان و بژیوى رۆژانەى بۆ دابین بکرێت، لە کەمترین مافەکانیشى بێبەش کراوە و تەنانەت کرێى هاتووچۆیان بۆ دابین ناکرێت!!
لە کۆمەڵگەى سێبیران هەتا هەنووکە قوتابخانەى ناوەندى و دواناوەندى، مامۆستایان نییە و مامۆستایان ناتوانن هەموو رۆژێک لە سەر حیسابى خۆیان لە پۆلەکانیان ئامادە بن و وانە بڵێنەوە، ئەمەش تەنها گرفتى کۆمەڵگەیەک یان شارۆچکەیەک نییە، بەڵکوو هەزاران شوێنى تر هەن کە کێشەوگرفتى هاوشێوەیان هەیەو هەتا ئێستا چارەسەر نەکراون.
بەڕێزانى کار بەدەست لە وەزارەتى پەروەردە و لایەنى پەیوەندیدار دەبێت ئەوە بزانن کە هەموو مامۆستایەک، قوتابخانەکەى لە تەنیشت خانووەکەیدا نییە، هەتا کرێى هاتووچۆى رۆژانەى لەسەر نەبێت و بە مووچەیەکى زۆر کەم، گرانترین ئەرکى سەر شانى مرۆڤایەتى راپەڕێنێ... کە پەروەردەى نەوەکانى داهاتووە.
کەس نییە لەم وڵاتەى ئێمەدا کە ئاگاى لە نرخى سووتەمەنى و هۆکارى گرانى کرێى هاتووچۆکان نەبێت، گومانیشم نییە خودى بەڕێز وەزیرى پەروەردە ئەگەر تەنها جارێک ببێتە سەرنشینى تەکسییەک یان بە نەفرات سەردانى گوندێک بکات، دەتوانێت حیسابى بکات کە مامۆستایەک، چ رێژەیەکى نزیک بە گشتیى لە مووچەکەى، دەبێت بۆ کرێى هاتووچۆى تەرخان بکات!!
گرانى نرخى کرێى هاتووچۆ تەنها لە سەر چینى کەمدەرامەت بارگرانى دەکات و هەندێک لە قوتابیانیش ناچارن بۆ خۆ دەرباز کردن لە گرانى کرێى هاتووچۆ ببنە سەرنشینى "کەروعەرەبانە"!!! ئایا وەزارەتى پەروەردە ئاوڕێک لەم قوتابییە هەژارنە و ئەو هەموو مامۆستا بەڕێز و کەمدەرامەتە دەداتەوە؟ ئایا بەوە رازى دەبێت کە مامۆتایانیش بە عەرەبانەى لەمجۆرە بڕۆنە قوتابخانەکانیان یان کێشەى هاتووچۆیان بۆ چارەسەر دەکات؟ وەڵامى ئەم پرسیارانە لە لاى کاربەدەستان و لایەنى پەیوەندیدارە؟


تێبینى: ئەم بابەتە لە لاپەڕەى 7ى ژمارە 314ى رۆژنامەى کوردستان راپۆرت لە رێکەوتى 21/10/2007 بڵاو بۆتەوە.