په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٢

بۆچی پارتی و بارزانی تەنها یەک رۆژ بەرگەی
خۆپیشاندانێکی بچووکی دەیان کەسیان نەگرت لە ھەولێر؟


عامر سابیر          


پارتی دیموکراتی کوردستان کە جەردەترین و دەوڵەمەندترین حیزبی سیاسی و دەسەڵاتی مافیایی کوردستانە، لە جیاتی وەڵامدانەوە بە داخوازی خۆپیشاندان و مانگرتنی کەمئەندامان، کە پاش ٢٩ ڕۆژ مانگرتنیان لە سلێمانی لە ١٨/١٢/٢٠١٢ دا ھاتنە ھەولێر بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتیەکەیان و وەرگرتنی وەڵامی داخوازییەکانیان، بەڵام لە ١٩/١٢/٢٠١٢ دا ئاسایش و میلیشیا چەکدارەکانی پارتی و بارزانی زۆر دڕندانە کەوتنە ناویانەوە و سووکایەتیان پێکردن و بە زۆر بۆ شوێنی نادیار فڕاندیان و بڵاوەیان پێکردن.


پارتی کە بە بلیۆنان دۆلار لە داھات و سامانی خەڵکی کوردستان ئەدزێ و ھەڵئەلوشێ. بۆ ئەو، وەڵامدانەوە بە ھەموو داخوازییە مادییەکانی کەمئەندامان کارێکی زۆر ئاسانە. جێبەجێکردنی ھەموو داخوازییەکانی کەمئەندامان تەنھا دڵۆپێکە لە دەریای ئەو دۆلارانەی پارتی دزیوێتی و ئەیدزێ و بە گەڕیخستووە بۆ سەرمایەگوزاری زیاتر.


بەڵام پارتی ئەم کارە ناکات و وەڵام بەداخوازی کەمئەندامان ناداتەوە و لەجیاتی ئەمە زۆر دڕندانە و زۆر بە ئاشکرا چەتە و چەکدارەکانیان ئەنێرێتە سەر مانگرتن و ناڕەزایەتی کەمئەندامان و سەرکوتیان ئەکات. پارتی کەمئەندامان سەرکوت ئەکات چونکە لە خۆپیشاندان ئەترسێت. پارتی ئەزانێ ئەگەر داخوازی ئەم خۆپیشاندەرانە جێبەجێبکات، ئەوا سبەی ھەموو بەشخوراوان و بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا چاویان لێدەکات و خۆپیشاندان ئەکەن بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان. پارتی لە خۆپیشاندان ئەترسێت بۆیە پارساڵ بە ٣٠ ھەزار لە میلیشیا چەکدارەکانی تەوقی شاری ھەولێریان کردبوو تا نەھێڵن تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک کە سلێمانی گرتبۆوە تەشەنەی ھەولێر بکات. پارتی لە خۆپیشاندان ئەترسێت بۆیە ئەگەر چوارکەس کۆببنەوە و سەربنێنبەیەکەوە لە ھەولێردا، ئەوا ئەمنەکانی پارتی بە جلی مەدەنییەوە چاودێریان دەکەن و بەزۆر بڵاوەیان پێدەکەن و بەرەو زیندان ڕاپێچیان دەکەن. پارتی ئەزانێ کە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە ئەمان ھەڵبژێردراوی خەڵکن و بارزانی دەنگی ٧٠٪ی خەڵکی بەدەستھێناوە لە لای خەڵکی کوردستان پڕوپاگەندەیەکی پووچە و ھەر ھێندەی ٩٩٪ەکەی سەدام حوسێن باوەڕیپێدەکەن.


پارتی ئەزانێ کە لەسەر بورکانی تووڕەیی خەڵکی کوردستان وەستاوە، بۆیە کە لە خۆپیشاندانێکی بچوکی چەند کەسی کەمئەندامانیش زەندەقی چووە و زۆر دڕندانە سەرکوتی ئەکات. پارتی ئەزانی کە بە داپڵۆسین و سەکوت و زیندان و دەستئاوەڵاکردنی میلیشیای جۆراوجۆر درێژە بە دەسەڵاتی ڕەشی خۆی دەدات، بۆیە لە خۆپیشاندان ئەترسێت. پارتی ئەزانێ کە ئەوەی نەیکڕیبێ لەگەڵیدا نییە، بۆیە لە خۆپیشاندان ئەترسێت.


٢١
\١٢\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک