په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١٢\٢٠١٣

بۆ داوای لابردنی یاسای زینا دەکەین؟

ئاسۆ کەمال      


لە دیمەنی زیندانی ئەو ژنانەی هەندێکیان منداڵەکانیشیان لەگەڵدا بوو تووآی سەرسوڕمان بووم و خەریک بوو مێشک بوەستی لەوەی کە هێشتا یاسای کۆیلایەتی سزادانی سێکس لە کوردستاندا لەژێر ناوی مادەی ٣٧٧ی یاسای ژمارە ١١ ی یاسای سزادانی عێراقیدا کاردەکا. ئەم یاسایە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەلایەن خەلافەتی ئیسلامی و کەنیسەی ڕۆمانیەوە دانراوە و پیادەکراوە. بەڵام لەمەش ڕاچڵەکێنەرتر بۆ من ئەو پاساوە بوو کە کاتێک ژنان یان پیاوانێکی ئازادیخواز باسی نامەیەکی کراوەمان لەگەڵ کردن بۆ لابردنی ئەم یاسا شەرم هێنەرە بۆ ئازادی و شکۆمەندیی مرۆڤ پاساویان بۆ پێویستی ئەم یاسایە دەهێنایەوە کە بەسەر سێکسی مرۆڤەکاندا چاودێر بێت. لێرەدا بۆم دەرکەوت کە چ کۆنەپارێزیەکی هزریی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردستانی داگرتوە و چ ترسێک لە شۆڕش و داوای گۆڕینی ئەم فەرهەنگ و یاسا دژە مرۆییانەی چاخەکانی ناوەڕاست هێشتا لە لای دەستەبژێر و ڕۆشنبیر و ئازادیخوازانی کوردستان هەیە!

پێوەری رەوشتیی.


ئەم یاسای زینایە مەسەلەی پەیوەندی سێکسی ژن و پیاویک کە هاوسەرگیریان کردوە دەکاتە ڕیکەوتنێک کە لە دەرەوەی ئەم دوو مرۆڤە بڕیاری لەسەر دەدرێ. واتە لێپرسینەوە لە حەز و ئارەزوی سێکسی ژن یا پیاو دەبێتە کاری هەموو ڕۆژەی کەسانێکی تر کە لەدەرەوەی ژیانی پێکەوەیی ئەم دووکەسەن کە ناویان پۆلیس و حاکم و زیندانەوان و وەزیر و سەرکی حکومەت و دەوڵەتە. ئیتر کاری سێکس ماف و مەسەلەیەکی تایبەت و کەسیی نییە، بەڵکو گشتی و فەرمیی و دەوڵەتی و دینی و عەشیرەتی و باوک و برا و خزم و هەموو کەسێکە جگە لەو دوو کەسەی پەیوەندی سێکسیان هەیە و هاوسەری یەکترن. بێگومان هەردوو مرۆڤیک کە ژیانی پیکەوەییان هەبێ و کار و پەیوەندی سێکسی ئەوان هەموو ڕۆژە بخرێتە بەردەم ئەم دادگا گشتی و حکومیەوە ئەوا نەک چیتر ناتوانن پەیوەندیەکی مرۆیی و خۆشەویستی و حەزی سێکسیان بۆیەک هەبێ بەڵکو داڕمانی کەسایەتیی و شکۆمەندیی و ماف و ئازادیەکانیانی بەشوێنەوە دەبێ. ئەمە رەوشتێکە کە کۆمەڵگەی پیاوسالاریی لەسەر شکاندنی کەسایەتیی ژنان و نامۆکردنی پیاوان لە ڕفتاری مرۆیی لەسەری ڕاوەستاوە و توندوتیژیی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و کوشتاری هەزاران ژن لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردودا لە کوردستان بەرهەمی زاڵ بون و پتەوی ئەم فەرهەنگ و یاسا پیاوسالارانەیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.

 

لە وتاری دوالیزمی خۆشەویستی و توندوتیژیی باسی قەیرانی ئەم ناکۆکیەی نێوان دابونەریت و شەریعەت و یاساکانی کوردساتنم کردوە لەگەڵ چونەسەری ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکی ئازادیخواز و ژنان لە ژیانێکی مەدەنی و خۆشگوزەران و فاکتەرە ئابوریەکان و دەوری ژنان لەمەیدانی کار و خویندن و گڵوبالیزمی فەرهەنگی و کۆمینیکەیشن و سۆشیال میدیا. ئەم گۆڕانکاریانە ئاڵوگۆڕی لەژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی سێکسی نێوان مرۆڤەکان و شێوازی ژیانی پیکەوەیی و خێزان و مانا و ناوەرۆکی رەوشتی کۆمەڵگەی کوردستان دروستکردوە . هەربۆیە یاساو شەریعەتی هاوسەرگیریی منداڵی سەروو نۆ ساڵ و کوشتنی شەرەف دەسەڵات ناتوانێ ڕێگەی پێ بدا وەک ئەوەی لە عێراق و حکومەتە ئیسلامیەکانی ناوچەکەدا دەیبینین. بەڵام فرەژنیی و یاسای زینای هێشتۆتەوە تاکو بنەماکانی کۆنەپاریزی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەسەلاتەبنەماڵەیی و میلیشیاییەکەی ڕاگرێ.


کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بەگۆڕێنی ئەم یاسا وفەرهەنگەی چاخەکانی ناوەڕاستە بە یاسای دنیای مۆدێرنی ئەمڕۆ . لابردنی یاسای سزای سیکس کردن یەکیک لەو یاسانەی چاخەکانی ناوەڕاستە کە دەبێ لاببرێ . ئەم یاسایە دژی پرەنسیبی مافی سەرەتایی مرۆڤە کە لەسەروو١٦ ساڵەوە پێویستە سێکس کردن بە تاوانی یاسایی هەژمار نەکرێ و کەس لەسەر سێکس کردن زیندانی نەکرێ بە مەرجێ زۆری تێدا نەبوبێ و لەسەر خواستی هەردوو لا بێت.


ڕێگای مامەڵە کردن لەگەڵ کاری سێکسی دەرەوەی دوو هاوسەر کاری کەسیی نێوان دوو هاوسەرە کە خۆیان بڕیاری چارەسەری ئەو کێشەیە دەدەن بە جیابونەوە یاخود بەلێبوردن یا هەر ڕێگەیەکی تر کە لەسەری ڕێک دەکەون. بەپێچەوانەوە دانانی یاسا و دەستێوەردانی دەسەڵات و دادگا لەکاری کەسیی نێوان دووکەس بەشێک لەو پاکێجەیە کە بەناوی یاساوە ڕێگا بۆ توندوتیژیی دژ بەژنانی ئاواڵاکردوە و وەک پێشتر لەپاڵ مادەی ٤٠٩دا دێت کە کوشتنی ژنانی لەسەر شەرەف بە تاوانێکی سوک دادەنا کە تەنیا زیندانی کردن بوو بۆ چەند ساڵێک کەم و لەکوردستان لە ئەنجامی ناڕەزایەتی ژنان و خەڵکی ئازادیخوازەوە کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرفدا گۆڕدا بەتاوانی گەورە.

پێوسیتە پیاو یان ژن ژیانی پێکەوەیی تەنیا لەسەر بنەمای خۆشەویست و حەزی سێکسی بەرامبەر بەیەکتر دامەزرێنن و هەرکاتێک ئەم بنەمایە نەما ئەوا ئەو پێکەوە بونە هەڵوەشێتەوە و پێکەوە بوونێکی تر لەسەر بنەمای دڵداری - سێکس جێگای بگرێتەوە. ئیتر ناچاریەک بۆ درۆ و خیانەت لەیەکتر نەمێنێ لە نێوان دوو مرۆڤدا کە ڕاستگۆیی و وەڵامدانەوە بە خۆشەویستی یەکتر پێوەری رەوشتیی ژیانێکی بەختیاری پێکەوەییان بێت.

یاسای زینا و دەسەلاتی پیاوسالاریی.


ئەم یاسایە باسی پشکنینی ژووری نوستنی پیاو و ژن دەکا و ئەگەر یەکێکیان لەگەڵ کەسی تردا نوستبێتن ئەبێت پۆلیس و دادگا و حکومەت بچن بیانگرن و بیانخەنە زیندانەوە.


دانانی یاسا بۆ لێرسینەوە لە پەیوەندی نێوان دوو مرۆڤ کە ژیانی پێکەوەییان هەیە دەستیوەردانی ڕۆژانەیە لەلایەن دەسەڵات و پۆلیس و دادگاوە لە ژیانی کەسیی و ڕۆژانەی ئەو مرۆڤانەدا. هەموو ڕۆژێک بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لە هاوسەرەکەت دەبێت ترسی هاتنی پۆلیس و دادگا و دەسەڵاتی بیر بخەیتەوە. ئاشکرایە کە زیندانەکان ئێستا تەنیا ژنانی تێدان کە لەسەر زینا تاوانبارکراون. بەڵام بازاڕی لەشفرۆشیی بۆ پیاوان کراوەیە. یاسای فرەژنیی مەگەر زینای فەرمیی و شەرعی پیاوان نییە و چ جیاوازیەک لە نێوان سێکسی پیاوێکدا هەیە لە گەڵ چوار ژندا بەئاشکرا لەگەڵ سێکسی کردنی پیاو یا ژنێکدا بەنهێنی . ئایا هەست و شکۆمەندیی و مافی ئەو چوار ژنەی سێکسیان لەگەڵدا دەکرێ لەلایەن یەک پیاوەوە چ شتێک لە ناکۆکی دەرونی لە نێوان ئەو مرۆڤانەدا دروست دەکا سەبارەت بە پەیوەندیان لەگەڵ ئەو پیاوەدا و پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا. ئایا سێکسی یەکێک لەو ژنانە لەگەڵ پیاوێکی تردا بۆ بەتاوان دادەنرێ و ئەم لێپرسینەوە و یاسای زینایە بۆ ئەم پیاوەش ناگرێتەوە کە خاوەنی چوار ژنە ناکا؟


وەڵامەکەی ئاشکرایە ئەم پاکێج و کۆکتێلەی یاسای زینا و فرەژنیی و کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف یەک شت کۆیدەکاتەوە ئەویش چۆنیەتی پاراستنی دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژندایە لە خێزانی پیاوسالاریدا. یاسای زینا ڕیکخستنی پەیوەندی ژن و پیاوە لەسەر بنەمای مانەوەی ژن لە چوارچیوەی خێزانێکدا کە پیاو تیایدا باڵادەستە و لەپاڵ ئەم خێزانەدا پیاو بۆی هەیە سێ خێزانی تری بەهەمان مەرجەکانی یاسای زیناوە هەبێ و کڕینی سێکسیش لە بازاڕدا جا ڕەش بێت وەک ئێستا یاخود فەرمیی بێ یاسای زینا نایگرێتەوە چونکە لەدەرەوەی ژوری نوستنی ژن و مێردایەتیە. کەواتە یاسا و پۆلیس و دادگا و حکومەت لە ناوخێزاندا دەسەلاتەکانی خۆیان داوە بە پیاو تا نوینەرایەتیان بکا و دەستی پیاو ئاواڵایە بۆ تەسلیمکردنی ژنان بە دەسەلات ئەگەر خۆی نەیویست سزای کەسیی ژنەکە بدات.


هەر بۆیە ئەم یاسایە پشتیوانی دەسەڵاتی پیاو لەخێزاندا دەکا تاکو کۆنترۆڵی ژن زیاتر بکا و ڕێگای توندوتیژیی خێزانی بۆ پیاوان یاسایی کردۆتەوە.


کوشتنی ژنان یەکێک لە شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئەو دەسەڵاتی سزادانەیە کە پیاو لەلایەن ئەم یاسا و فەرهەنگەوە پیی بەخشراوە.

یاسای زینا و ژنکوژیی.

مەسەلەیەکی تر کە لەکاتی بەرزکردنەوەی ئەم داوایە بۆ ئازادکردنی ژنانی تاوانبارکراو بەزینادا هاتەگۆڕێ، مەسەلەی کوشتنی ژنان بوو. دەگوترا مانەوەی ئەو ژنانە لە زیندان پارێزراوترە بۆیان چونکە ئازاد بکرێن لە لایەن میرد و کەسوکاریانەوە دەکوژرێن.


بەڵام بە لامەوە سەیرە کە چارەسەری زیندانی بۆ کەسانێ کە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە پێشنیار دەکرێ! ئەمە خۆدانەدەست و بێدەنگی کردنە لەبەرامبەر ئەو یاسایە و دەسەڵاتێ کە ئەو یاسایە و پیاوسالاریی دەپارێزێ. ڕێگای پاراستنی ئەو ژنانە زیندان نییە بەڵکو دانانی یاسای زیندانی کردن بۆ ئەو ژنانەی سێکسیان لە دەرەوەی خێزان کردوە ئەوە ئەو هەڕەشەیەیە کە دەستی پیاوسالاریی ئاواڵا کردوە لەدەرەوەی زیندانیش هەڕەشە بێت لەسەر گیانی ژنان. دەبێت چۆن قوربانیانی ئابڕووپەرستیی لە کوشتن دەپارێزین و داوای شێڵتەر و دابینکردنی شوێنی سەلامەت و کۆمەڵایەتی ژیانیان دەکەین ئاواش بۆ ئەو ژنانەی کێشەی سێکس کردنیان لەدەرەوەی خیزان کراوەتە هەڕەشە بپارێزین و دەسەڵات ناچارکەین بیانپارێزێ. ئەگەر ئەم پێشنیارە بۆ باشتربوونی زیندان بەگشتیی بکەین بەسەر کەیسەکانی ئابڕووپەرستییدا ئەوا ئەو ژنانە دەبێ ژیان لەزینداندا بەرنە سەر. ئەمە توشی پاسیڤیزمان دەکا لەبەرامبەر دەسەڵاتێکدا کە ئێستا ژنانی خستۆتە زیندان و بە تاوانباری زانیون و ئێمەش دەبێ دەستخۆشانە لەدەسەڵات بکەین کە زیندانی کردون و گیانی پاراستون! پەیامی سوپاسگوزاریی بۆ خاوەن زیندانەکان کە حکومەتی هەرێمە بنێرین. چیمان بۆ قوربانیانی یاسای کوشتنی ئابڕوو کرد لە نامە و کەمپین و خۆپیشاندان و بانگەوازی ڕێکخراوە نیودەولەتییەکان و گوشار بۆسەر یەکێتی و پارتی ئەبێت بۆ قوربانیانی زینا کە ئێستا لە زینداندان هەمان کار بکەین.


هەر بۆیە یاسای سزادانی زینا نەک ژنکوژیی کەم ناکاتەوە بەڵکو زیادی دەکا و پیاو هان دەدا تاکو ئەو سزای زیندانی کردنەی لە یاسادا هاتوە بگۆڕێت بۆ سزای کوشتنی "دەرەوەی یاسا" کە تا ساڵی ٢٠٠٠ لە کوردستانیش وەک ئێستای عێراق کوشتن بە ناوی ئابڕووپارێزیی یاسایەک بوو بەعس هێنابووی و تا ئێستاش لە کوردستان بکوژانی ژنان بە یاسای لێبووردنی گشتیی ئازاد دەکرێن و زۆربەشیان بە (سوڵحی عەشایری نووسینگە کۆمەڵایەتیەکانی یەکێتی و پارتی ئازاد دەکرێن. کوشتنی ژنان و یاسای سزادانی زینا یەک پاکێجی پاراستنی خێزانی پیاوسالاریین و هیچ پیاوێک لەسەر ئەم یاسایە لە زیندان نییە و دەیان ژن ئێستا لە زینداندا ژیان دەکەن. کەمکردنەوە و کۆتایی هێنان بە ژنکوژیی بە یاسایەک ناکرێ کە بۆرەوییدان بە سزای ژنان دانراوە و ژیان و ماف و حەزی سێکسی ژن بە تاوان دادەنێ ئەگەر لە دەرەوەی هاوسەرگیریی روویدا. ئەگەر سێکسی پیاو یان ژن هاوسەرگیریی و پێکەوەبوونی ئەو دوو کەسە تێک دەدا بۆ خۆیان وەک دوو کەسی بڕیاردەر لەسەر ژیانیان بڕیاری جیابونەوە نادەن یان بڕیاری لێبوردن و دووبارەنەکردنەوەی یا هەر بڕیارێکی تر، بۆ شوێنێکی تر بڕیاریان بۆ بدا لەسەر چۆنیەتی پەیوەندییان؟! ئەم یاسا بۆ پێشێلکردنی شکۆمەندیی و کەسایەتیی و مافی تاکەکەس و بەتایبەت ژنان دانراوە و پشتی بە شەریعەتی کۆنەپارێزیی و پیاوسالارانە بەستوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک