٨\٧\٢٠١٧
بۆ دەڵێم (نا) بۆ
ئەم گشتپرسییە!؟
عەبدوڵا ساڵح
دوای کۆبونەوەی بارزانی لەگەڵ بەشێک لە حیزب و
لایەنەکان ڕۆژی ٧/٦/٢٠١٧، بڕیاری دا لە ٢٥ی ئەیلولی ئەم ساڵدا
گشتپرسییێک بەرپا بکا بۆ جیا بوونەوەی کوردستان و پێکھێنانی دەوڵەتی
سەربەخۆ!
سەرەتا پێویستە بڵێم من بێ ھیچ قەیدوشەرتێک لەگەڵ جیابونەوەی کوردستان
و پێکھێنانی دەولەتێکی سەربەخۆی سیکویلاری غەیرە قەومیم وەک مافێکی بێ
ئەملاو ئەولای ھەموو میللەتێک ، ئەوە مافێکی حاشا ھەڵنەگرە و بە ھەموو
شێوەک پێویستە بەرگری لێبکرێ ، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم
گشتپرسییە بۆ ھەمان ئەو مەبەستەیە کە باسم کرد؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە باشتر وایە چەند ڕاستیەک بخەینە بەر چاو:
١- گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک لە پرسێکی ئاوا چارەنوسازدا کارێکی پێویستە
،بەڵام:
مەگەرھەڵبژاردنی پەرلەمان پرسێکی چارەنوساز نەبوو!؟ ، مەگەر بە
فەرمانێکی بارزانی بەھەوادا نەچوو !؟ وە ئەوە دوو ساڵە ھەر چوار
حیزبەکەی تر دەستەو دوعا لەبەر بارەگای بارزانی دەپاڕێنەوە تاکو کارای
بکاتەوە ! ئەوە جیا لەوەی کاتێک ئەو پەرلەمانە کاراش بوو پرسە
چارەنوسازەکان ھەر لە دیوەخاندا یەکلا دەکرانەوە ! بۆیە مەسەلەی کارا
کردنەوەی پەرلەمان کە ھەندێک لایەن پێداگری لەسەر دەکەن ،وەک مەرجێک بۆ
بەرپاکردنی گشتپرسیی، جگە لە گاڵتەجاریەک بەو لاوە ناتوانێ ھیچی تر بێ
، کارا کردنەوەی پەرلەمان مانای ئەوەیە دەبێ ئەو پەرلەمانە مەرجەع بێ،
واتا باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان بێ ، بەڵام لەکوردستان یاسا وەک
ھەموو چمکەکانی دیکە بە حیزبی کراوە، واتە دەبێ لەخزمەت دەسەڵات و
پڕۆژەکانی دابێ دەنا چ یاساکە خۆی و چ ئەو لایەنەی دەری کردوە ئاوایان
بەسەردێ کە بەسەریان ھات ! باس لە شەرعیەت دەکەن ، لە کاتێکدا ھەموو
دەزگایەک و دامەزراوەیەکی ئەم ووڵاتە مۆرکی حیزبی پێوەیەو کون و
کەلەبەرێک نەماوە بە حیزبی نەکرێ و نەخرابێتە ژێر چاوەدێری و
بەرژەوەندی حیزب ، پەرلەمان زەقترین نمونەیەتی.
٢- تۆ بڵێی خەڵکی کوردستان لەماوەی ٢٦ ساڵ حاکمیەتی ئەو دەسەڵاتە ئەو
ڕاستیەیان بۆ ئاشکرا نەبووبێ کە وادەو بەڵێنی ئەم دەسەڵاتە وەک بڵقی
سەر ئاو وایە ؟ یا وەک کارەبا ٢٤ سەعاتەکەی ئاشتی ھەورامی وایە ؟ تۆ
بڵێی ئەو خەڵکە پێویستیان بەوەبێ جارێکی کە بچنە پای تاقی کردنەوەیەکی
دیکەی ئەو دەسەڵاتە ، ئەویش لە پرسێکی ئاوا چارەنوسازدا ؟ دەسەڵاتێکی
ئاوا فشەڵ ، ئاوا گەندەڵ ، ئاوا مافیایی و ئاوا بێدەربەست لە ئاقار
سادەترین پێداویستی خەڵک ئەوە چۆنە ئەمڕۆ کەوتۆتە غەمی ئەوخەڵکەو
دەیەوێ ئایندەی نەوەکانی داھاتووی بۆ مسۆگەر بکا ؟ لە کاتێکدا بە بەڵگە
ئاشکرا بووە لەسەری، وەک د. شێرکۆ جەودەت ،کە ئەندامێکی پەرلەمانە
پەکخراوەکەی کوردستانە ، لە بەرنامەیەکی ئێن ئار تی دا ئاشکرای کرد
لە ٥٣٪ زەوی کوردستان کەدەکاتە ٤١٥٩٧ کم دووجا بۆ ٢٥ ساڵ
فرۆشراوە و ئەوەشی نەفرۆشراوە شارو لادێکانن و خانویان لەسەرە!
٣- ئەگەر من کاریکاتێرستێک بام بۆ ئەم گشتپرسییە وێنەی شەمەندەفەرێکم
دە کێشا فارغۆنی یەکەمی، واتە مەکینەکەی ، پارتیەو شۆفێریش بارزانی ،
فارغۆنی دوای ئەو گالیسکەیەکە ئەو ڕایدەکێشێ ئەویش یەکیەتیە ، ئەمجا
حیزبەکانی کە، وە دوا فارغۆنیش ئەو چەپ و لایەنە کۆمۆنیستانەن کە دوای
ھەڵلا کەوتون و نایانەوێ وەک چەپی حاشیەیی لەقەڵەم بدرێن ، وە یا
ھەندێکیان بە خەیاڵی ئەوەی کوردستان جیا بێتەوە ھیچ بەھانەیەک بەدەست
ناسیونالیزمی کوردو حیزبەکانیەوە نامێنێ تا شان خاڵی بکەنەوە لە ئاقار
داخوازیەکانی خەڵک و ئەو کاتە کێشەی چینایەتی شەفاف تر دەبێ وئەوان
دەتوانن ئێخەیان بگرن وقۆڵی لێھەڵماڵن بەرەو سۆسیالیزم ! ئەم بیانوە
جگە لەڕاکردن لە بەرامبەر مەسئولیەتێکی مێژوویی کە ئەوان لە ڕاستایدا
بێدەسەڵاتن شتێکی دیکە نیە ! ئەو کۆمۆنیستانەی ئێستاس بەو دەسەڵاتە
دەڵێن مافیایی، گوایە دوای پێکھێنانی دەوڵەتەکەیان لە مافیایی بوون
دەشۆرێن ؟ کلکایەتی کردنی سیاسەتەکانی ئەو دەسەڵاتە ، وە لە پێشیانەوە
پارتی ، وەک بازدانە لە بۆشاییدا!
٤- لەو گشتپرسییە ، ئەگەر سەربگرێ ، دەسەڵات کارتێکمان دەخاتە بەردەم
دوو ئیختیاری تێدایە (بەڵێ یا نا) بۆ جیابونەوە ، پرسیارەکە ئەوەیە ئەم
کارتە چ پێویست دەکا ، مەگەر کەس ھەیە دژی جیابوونەوە بێ ؟ مەگەر لە
ساڵی ١٩٩٥ دا ھەمان پرس بە شێوەیەکی نایاسایی، وەک ئەوەی ئێستا بەتەمان
ڕێکی بخەن، نەخرایە دەنگدانەوە و ڕای زۆرینەی ڕەھای نەھێنا ، ئەی بۆ
جیا نەبوونەوە ؟ بەڵام ئەوان لەم ھەل و مەرجەدا ھاتون ڕێگای
گشتپرسیییان گرتۆتە بەر چونکە لەو ڕێگایەوە دەتوانن بەھرەبەرداری سیاسی
خۆیانی لێبکەن، قۆناغی دوای داعش و ھەوڵی سونەکان بۆ پێکھێنانی
ئیقلیمێکی سەربەخۆ وەک ئارایشێکی نوێ ، دەسەڵاتی کوردی ناچار دەکا ئەو
کارتە بخاتە گیرفانی بۆ موساوەمەو پچڕینی نفوزی زیاتر لە بەرامبەرەکەی،
دەنا کارتەکە بخەنە ئەرشیفەوە بۆ ڕۆژی مەبادا!
٥- ئەوەی جێگای سەرنجە دەزگا ئیعلامیەکانی ئەو حیزبانە ، بەتایبەت
پارتی ، دەنگۆیەک جاڕدەدەن گوایە ھەرکەس بەبەڵێ بەشداری نەکا ` خائینە
` لێرەدا جێگای خۆیەتی ھەندێک بگەڕێنەوە بۆ مێژوویەکی نە چەندان دوور و
بپرسین تەعریفی خیانەت چی یەو دەبێ بە کێ بگوترێ `خائین `!؟، ئەوە
لەلایەک ، لە لایەکی دیکە ئێوە کە گشتپرسیی دەکەن و لە کارتەکەدا دوو
بژاردە دەخەنە بەر دەم خەڵک (ئا یا نا) ئیتر بۆ پێشوەخت فەرزی دەکەن
بەسەر دەنگدەردا کە دەبێ حەتمەن بە دڵی ئێوە دەنگ بدا دەنا ` خائینە `
،تکایە بیکەن بە یەک بژاردە و با ھەردووک (ئا) بێت، ئەوەش وەک تازەترین
مۆدێلی دیموکراتیەت بە ھەموو ئەو وڵاتانەی بفرۆشنەوە کە حاکمەکانیان لە
شێوەی ئێوەن !
٦- ھەمان ئەو کارتە وەسیلەیەکە بۆ بێدەنگ کردنی ھەر ناڕەزایەتیەک کە
دەمێکە پەنگی خواردۆتەوەو خڵافاندنی خەڵکە بە بابەتێک کە لەسەر دەستی
ئەوان نەک جێگای ھیچ ئومێدێک نیە ، بگرە دووبارە دواخستنی ویستێکی بەر
حەققی ئەو خەڵکەیە بۆ جیابونەوە لە عێراق و پێکھێنانی دەوڵەتێکی
سەربەخۆ.
٧- سەرانی ئەو حیزبانە ، تەئکید لەوە دەکەنەو کە ئەم گشتپرسییە بۆ
جێبەجێ کردنی ڕاستەوخۆ نیە ، وەک لێدوانەکەی ئەم دواییەی بارزانی بۆ
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بەڵام گریمان دەوڵەتیشیان دروست کرد، کێ دەبێتە
حاکمی ئەو دەوڵەتە؟ مەگەر ئەو ھەزاران کۆچبەرانەی ڕۆژانە بەبەردەوامی
خۆیان بە ئاوەکاندا دەدەن و زوربەیان دەخنکێن، ووڵاتیان نیە!؟ ئەی بۆ
لێی ڕادەکەن ؟ ئەو خەڵکە چ لە وولاتێک بکا ئایندەی خۆیی و نەوەکانی
داھاتوی نەک مسۆگەر نەبێ، بگرە بەبەردەوامی لە ژێر فشاری برسی کردن و
سەرکوت و دڵە ڕاوکێ دابێ!
٧\٧\٢٠١٧
a_salih١١@hotmail.com
|