په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١١

زگورتى.


ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

- به‌شی سێیه‌م - دواى زگورتیەکان و لەیلا.


دواى رۆیشتنى قەلەندەرترین کوڕ*ى ناو خوێندنکارە دەرەکییه‌کان، بە ماوەیەک زگورتیەکانى دیکەیش یەکە یەکە لەبەر کۆتاییهاتنى دوا وەرزى خوێندن جانتاکانیان و پەڕاوەکانیان و مێشکیان پڕ دەکرد لە یادەوەریی و دەڕۆیشتن، کە ماوەیەک بە هۆى هەواڵپرسینەوە ببوومه‌ هاوڕێیان، ئیدى ئاپارتمانەکە تا ئەو کاتەى ئێمەى لێ بووین بووه‌ شوێنى نیشەجێبوونى خێزان و زگورتى لێ نەمان...، وەک عاشقە ڕۆحییه‌کانى ناو فیلمە رۆمانسییه‌ خەیاڵییه‌کان، ئەوەندە بە کاغەز فڕۆکه‌ی باڵدارم دروست کرد، ئەوەندە هەواڵى ئەوانم لە باران لە با لە هەورى هاتووى شارەکەیانەوە پرسى، کەسیان شتێکیان لە بارەى ئەوانەوە پێ نەگوتم...، چۆن منداڵێکى لاسار خوو دەگرێ بە شتێکى پێویستى گەورەکانەوە وا تێدەگا یارییه‌کى جوان و پڕ چێژە، منیش بێ ئەوەى هیچ لە بارەى عەشق و ئەوینەوە بزانم یەک لایەنە بێ بوونى مەعشوق، تاسەر ئێسقان عاشق ببووم...


ماوەیەکى پێ نەچوو لە خوارەوەى ئاپارتمانە پڕ جووله‌ و گۆڕانکارییه‌ خێراکە، رێک بەرامبەر مەنزڵى رۆژنامەفرۆشانى حیزبە دەسەڵاتدارەکە، کە رۆڵێکى زۆر باشى لە تەشەنەکردنى بارودۆخى ناهەموارى شەڕه‌ ناوخۆییه‌ نامرۆڤانەکە و کوشتوبڕ و ونکردن و بێ سەروشوێنکردنی رۆڵەکانی گه‌لدا دەبینى، سەرچاوەى ئەو رووبارى خوێنڕێژییه‌ش تەنیا ئەوەبوو: کە هەر یەک لەو ماڵوێرانانە سەر بە باڵى ئایدۆلۆژیایەکى جودا بوون.


مام سەعدى تەشریب فرۆش لە دوکانێکى رووبەر (٣ به‌ ٤)ى دەرگه‌ و پەنجەره‌ی شوشەدا پەیدا بوو، ماوەیەکى زۆرى نەبرد، لە رێگەى هاتوچۆى قوتابخانەى قۆناغى ناوەندییمدا، رۆژانە لەناو ئەو جەنجاڵییه‌ى تەشریب خۆرانى بەیانیانى شار، بە نهێنى و لەژێر چاوانەوە چاودێریی چۆنێتیی هەڵسوکەوت و چوونە قوتابخانە و گەڕانەوەی ماڵەوه‌می دەکرد، کە من ئەو کات زۆر لە رادەبەدەر شەرمن و بێدەنگ بووم، لە کاتى قسەکردنم لەگەڵ بێگانەیەکدا، روخسارم سۆر هەڵدەگەڕا وه‌ک بڵێی خوینی تێزابێ...، تەنانەت بە ئاستەم ئەو رێگه‌یەى پێش خۆشم دەبینى و پێیدا بەرەو قوتابخانەکەى گەڕەک دەڕۆیشتم کە هەر(٥٠ - ٦٠) مەترێک لێمانەوە دوور دەبوو، لێ ئەوەندە بە شەرمەوە سەرم دادەخست تەنیا دوو هەنگاو پتر چاوم ئاراستە نەدەکرد و سەرم هەڵنەدەبڕى، بەو شێوەیە مام سەعدى شەیداى ئەوە بوو رۆژێک لە رۆژان خوازبێنییم بکا بۆ کوڕە جوانە باڵابەرزەکەى پۆڵی شەشى ئامادەیی، من ئەو کات ته‌نیا یەکى ناوەندییم خوێندبوو، هەرگیز بۆ چرکەیەکیش تەنانەت لە خەیاڵیشمدا، نەمدیتبوو...


شەوێکیان ژنێکى باڵابەرزى قژ رەشى رووخۆشم بینى بە خێرایى خێو ئاسا، به‌سەر قاتى سەرەوەى ئاپارتمانەکە کەوت، بێ هیچ دیباجه‌یەک لە ئامێزى گرتم و ئەملاوئه‌ولاى ماچکردم، سەیرم لێهات و پرسیارم لە خۆم کرد: چۆن درکى بەوە کرد کە من هەمان ئەو کچەم مام سەعدى بۆ کوڕەکەى لە خەیاڵى خۆى دایناوە، ئێ ئاخر چۆنى زانى من لەسەر بانى ئاپارتمانەکەم...؟


خەریکى گوێگرتنى رادیۆیەکى نێوخۆیی بووم و قەڵەمێکى خۆڵەمێشى و کاغەزێکى رەشنووسم بە دەستەوە بوو، هاوکات چاودێریی خوشک و برا بچوکەکەمم دەکرد کە خەریکى گەمەى منداڵانەى خۆیان بوون، رێک لە بەرامبەرمەوە دانیشت و هەندێک پرسیارى زۆر تایبەتیی و کەسیى لێکردم، من کە تا ئەو کات بە هیچ شێوەیەک بیرم لە شتى لەو بابەتە نەکردبۆوە بەڵام یەکسەر لە مەبەستەکەى تێگەیشتم، چون پێشتریش چەند جارێک بە پێکەنینێکى پڕ مەبەستەوە پەلارى ئەوەى لێدابووم گوایە بۆ کوڕە گەورەکەى که‌ لە دوا قۆناغى ئامادەیی دەخوێنێ، رۆژێ دەبێ خوازبێنییم بکا، ئەوسا ئەویش رێک لەناو ئەزموونەکانى ئەو قۆناغە گرنگ و سەختەدا بوو، لێ من فەرامۆشم کردبوو، بە شێوەیەک وابەستە بووم بە خوێندنەوە هەرگیز بیرم لەو جۆرە بابەتانە نەکردبۆوە...


کە لەیلا لەم بارودۆخە سەختەدا بۆ یەکجارەکى رۆیى و نەگەڕایەوە، لە قۆناغى دووەمى ناوەندیی (ساکار) بووە هاوپۆڵ و هاوڕێى نزیکى خوێندنم، لێ سەرەتا ئەوەندە سەلیقەى هاوڕێیەتیم لەگەڵیدا گەرموگوڕ نەبوو، تاقەتى ئەو باسوخواسانەم نەبوو کە رۆژانێک لەگەڵ لەیلا لە هەمان پۆڵ و لەسەر هەمان مێز و کورسیدا که‌ پێشتر هەمبوو، ئا... لەگەڵ لەیلا پێکه‌وه‌ لە وانەى سروود و گۆرانیدا دەستى یەکدیمان دەگرت و یەک دوو جار بە ئحم ئحمێکى پڕ شەرمنانه‌، قوڕگى خۆمان بۆ چڕینى گۆرانى (چەندى گەڕام لە شاران، نەمدى کەس وەک تۆ جوان بێ**) سازدەکرد.


لەیلا پاش ساڵێک دواى جێهێڵانى قوتابخانە، بە یەکێک لە خوشکە بچووکەکانى، کە هاتە قۆناغى خوێندنى ناوەندییه‌وە، ئەوەندە نامەى هەواڵپرسینى بۆ دەناردم، ئەوەندە بە ریتمێکى خەمناکانەوە دەینووسى: (غەریبیت دەکەم هاوڕێ).. لە پشتى دێڕەکانیەوە فرمێسکە زیوینه‌‌کانیم دەبینى، هەستم بە لەرزى پەنجە سپیەکانی دەکرد، لێ من بە هەستى بێخەبەرێکەوە زۆر بە کەمتەرخەمییه‌کى سەیرەوە وەڵامى کورت کورتم لە لاپەڕەیەکى پەڕاوى ماتماتیک یان زمانى عەرەبى بۆى دەنووسى و لێمدەکردەوە و دوو سێ جار بەسەر یەکدا دەقم دەکرد و دەمخستە ناو زەرفێکى زەردى ماندووى بەکارهاتوەوە، ئەو هەمیشە لە نامەکانیدا گلەیى دواکەوتنى وەڵامدانەوەکانى منى دەکرد، نازانم لەبەرچى بوو هەر جارەى نازناوێکى نوێى بۆ شیعرەکانى هەڵدەبژارد و دەینووسى: ئەمە ناسناوێکى نوێمە و ئەمەش شیعرێکى تازەمە باش بیخوێنەوە و راى خۆتم بۆ بنووسە...


من نە وەکى ئەو زوو زوو ناسناوم بۆ خۆم دادەنا، نە زوو زوو شیعریشم دەنووسى و بۆشم نەدەنارد، بەڵکو دواى رۆیشتنى لەیلا، من دووبارە هەوڵى ئاشتبوونەوەمدا لەگەڵ پێنووسی ڕەنگ و کاغەزى بێ هێڵی نیگارکێشان، کە دەمێک پێش هاتنە بەرخوێندن باوکم لە خاڵیبوونى پاکەتى جگەرەکانیەوە فێرى کردبووم بۆشاییەکان رەنگ بکەم، نادیارەکان وێنە بکێشم و هێندەى هەناسەیەکیش بێ رۆشناییان پێبدەم...، لەبەر ئەوەى هەمیشە شەرمم لە لاوازیی شیعرەکانم دەکردن و دەمزانى شیعرەکانى ئەو زۆر لە هى من باشتر و بە بڕشتترن، دواى ئەو دڵم نەیدەهێنا بچمەوە سەر شیعر...، لێ ئێوارەیەک لە پەنجەرە تاریکە***کەوە پێنووسی رەنگ و ئەو وێنانەى لە چەند ده‌می جوداجودادا کێشابوونم، به‌رمدانه‌ ده‌م با و هەریەک بە لایەکدا باڵیان گرت و بۆ تاتایى ئازادبوون، لەو ساتەوە شیعر دووبارە وەک دایکێکى فرە خاس و میهرەبان لە باوەشى خۆی گرتمەوە...، زۆرى ویست تا بڕیارمدا شیعرێکم لە یەکێک لە رۆژنامەکانى ئەو کاتى حکومەت بڵاوبکەمەوە، کە ئێستاکێش هەمان رۆژنامە لەسەر هەمان ریتم بەڵکو بگرە چەند هەنگاوێکیش لەدواتر، لە شێوەى گۆڤارێکى مانگانە بڵاودەبێتەوە...

_____________________________________________________
* لە بەشى یەکەم و دووەمى زگورتیەکان ئاماژەم بۆ ئەم کەسێتییه‌ کردووە.

** گۆرانیەکى پڕ چێژى هونەرمەند زگار رەنجەڕۆ)یه‌.

*** مەبەستم لە پەنجەرەى تاریک، پەنجەرەیەک بوو بەسەر زەویەکى تەختى بێ سەوزایى دەیڕوانى و بەردەمیشى بە (کەتیبە)ى گەورەى ژەنگاویی گیرابوو، ئەو پەنجەرەیە هەر لەناو بەلەکۆنەکەى ماڵدا بوو، سەرچاوەى وەدەستهێنانى سرتەیەک جوانییش نەبوو، بۆیە زۆرجار دەمگوت نەبوونى ئەو جۆرە پەنجەرانە باشترە لە هەبوونیان.

 

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک