په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠٠٩

جێبدوکان و باڵندەی چەند باڵی و یەک دەنووکی!

سەلام عەبدوڵا 


لەم وەڵاتە هەموو شتێک دەگوترێت، بۆ نموونە سیاسەتمەدارێک وتی: (دەکرێت لە بەغدا چەند باڵێک بین، بەڵام یەک دەنووکمان هەبێت). کاتێ وێنەی باڵندەیەکی چەند باڵ و یەک دەنوکم لەبەر چاوم وێناکرد، تەیرێکی پێکەنیناوی وەک"حەیوانەکەی" گۆڕەپانی حەمەعەلی بینی. ئەو بۆچوونە تۆزێک ئارەزووی بەکارهێنانی زاراوە لاتینییەکانمی کردەوەو نامەوێ ڤۆلگیرانە ئەم بابەتە بنووسم:


دیتەرمەنیزم یان موغالیستی تیوکراتی و بۆرژوایی چیتر وەک فێنومێنگەلێکی هزراندن ناتوانن وەڵامی پرسیارە هەنووکییەکان بدەنەوە. هەردووکیان فۆرماتسیونی خۆیان لەدەستداوەو بەئاشکرا دەوترێت(هەژاری وەک ئۆبێکتێکی مەتەری، پێشتر کەس لەناوچەوانی مرۆڤ نەینووسیوەو لەئاستیدا سیستێمێک بەرپرسیارەو هەرگیز بەشێوەیەکی خۆڕسکی چارەسەر ناکرێت). بۆ رووبەرووبوونی ئەم دیاردەیە، ئەقڵگەرایی سکتاریستی، کودەتایی، هەڵچوون و ڤۆلۆنتاریستی لەبەردەم جەماوەر سوک و رسوابووە: خەڵکی ستەمدیدە سوژەیەو بۆ لەناوبردنی ئەو فێنومینە، جڤاتیانە کاری لەسەر دەکرێ.


لە وەڵاتەکەم شەورۆژ باسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بە خوێی دیموکراسی و بیبەری لیبڕاڵی و تەماتەی مەدەنییەت و بەهاراتی مافی ژنئافرەت دەکرێت و لەناو فەرفوری ئازادی پێشکەش بە خەڵک دەکرێ، بەڵام عەدالەت"خۆی"زوێر بووە، دیموکراسی واتە پاشقوڵدان و گاڵتەجاڕی ئینتخابی، لیبڕاڵیزم، خەڵکی خستووتە بان ساجی عەلی، مەدەنییەت، واتە دێوەخانی ئاغا و شێخ و سەرۆک عەشرەتەکان، مافی ژنئافرەت، واتە یەک دادە وەزیر لە کابینەی شەشەم و ئازادیش مانای گیرفان بەتاڵی و قەرزکردن لەلای هەموو کاڵافرۆشێک.


بۆ نەگبەتی ئیمڕۆ رووبەڕووی4 ژنئافرەت بوومەوە(2سواڵکەر، دایکێکی نەخۆش پارەی سەردانی پزیشکی نەبوو و، دایکێکیش پارەی نەبوو منداڵەکەی بۆ لای پزیشک ببات)و2جێبدوکان(ئۆتۆمبیلی جێبی رووسی وەک دوکانێکی کەڕۆک بەکاردەهێنرێت)، 1ماتۆردوکان.


ژیانی رۆژانەی زۆربەی خەڵک بووە بە دۆزەخ، بەڵام هێشتا بەتەمای ئەوەن"خوا هەقیان" بۆ بستێنێ، بەڵام ئەگەر هەر بەو شێوەیە بیربکەنەوە، ئەوا تا ئەو رۆژە کە لە بوونێکی مەتەری بۆ بوونێکی مەتری تر دەگۆڕێن، هەروا دەمێننەوەو مافی مرۆڤێش تەنها بۆ ئەو مرۆڤانەیە کە بە ساختەچێتی ماڵ و حاڵی خەڵک فەرهوود دەکەن و لەهەموو هەڵبژاردنەکانیشدا کڵاو دەنێنە سەر هەژارەکان ودەیبەنەوە!