په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٠

چەمکی نووسین و عەقلانییەتی ئازاد.


غەمگین بۆڵی    


نووسەرمان ھەیە لای وایە بەرگی کلاسیکی فرێ داوەو بەرگی مۆدێرن بەلایان دەبرسکێتەوە، وەھا کۆتری خەیاڵی دەفڕێنێت، کە خۆی لە ھەموو کۆت ئایدیالیستیەکان و کەلتورو ئاین و سیاسەتێک قورتار کردووە و ئازادی تا سەر قورگی ھاتووە، وەلێ ژنەکەی زیندانی کردووە و ھەموو ئازادییەکی لێ زفت کردووە، تەنانەت ژن لە لای((دابەستەیە)) کە ئەمەش مانایەکە بۆ نامرۆڤی و مرۆڤدۆستی دیارە پیاوی خۆرھەڵاتی ھەرچەند بانگەشەی ئازادی بکات، زیندانییەک لە دڵیدا ھەر دەمێنێت، سەختە ڕزگار بوون لێی، یەکێک لە گرفتەکانی کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە کەوا چەمکی ئازادی تێکەڵ بە چەمکی (بەرەڵڵا)) سەرەڕۆیی بووە.


لێرەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی فاکتەری سەرەکی ئەم تێکەڵ و پێکەڵکردنەن، مومکینە ھەموو نووسەرێکی مەزن، ئافرەتێکی جوانی بە سەلیقەو شیاو لەتەکیا بێت، وەلێ مومکین نییە ھەموو ئافرەتێکی مەزن، پیاوێکی شیاوی ھەبێت، چۆن لە نێو دڵی نووسەرگەلێک لەم چەشنە زیندانییەک ھەیە بۆ زیندانی کردنی ئافرەتەکانیان، دەشێت ئەم نووسەرانە تەنیا لەم حالەتەدا نووسەر بن، کە دەنووسن، چۆن پەیامی نووسەر بوون ھەموو شتێک لە خۆیدا کۆبکاتەوە، لەوە بەدەرە کە ژنەکەی لەماڵ زیندان بکات و ئازادییە سەرەتاییەکان لێ زیندە بەچاڵ بکات، زیندانی تەنیا لە رووی جەستەیەوەش نییە، زیندانی ئەقڵ و ھەڵسوکەوت زۆر لە زیندانی جەستە کارەساتترە، تۆ وەرە خۆت پێ نووسەر بێت و بە ژنەکەشت بڵێی ((دابەستە)).

پرۆسەی ھاوسەرگیری ، واتا ھاوبەشبوونی ئەوکەسەی ھەڵتبژاردووە بە نیوەی ژیانتا، لە کۆمەڵگەی ئێمە ئەوە باوە کە کچ مێردی کرد، لە ماڵی خۆیدا دوای ئەوەی کە ژنبوونی خۆی داگیر بکەی، کارەساتەکە لێرەوەیە تۆ وەرە ئافرەت بێت و ئەو کەمە ئازادییەی ھەشتە لێت داگیر بکرێت ئەو نووسەرانەی تەنیا لەکاتی نووسین، نووسەرن مرۆڤی جەلادنن، جەلاد بوون ھەر ئەوە نییە تۆ بێی مرۆڤێک بەچەک بکوژی، جەلادبوون ھەر ئەوە نییە ڕێگە لە خەڵک بگری و بیان ڕووتێنییەوە، ئەوانەی کەوا ھیچ بەھاو ئازادییەک بۆ خێزانەکانیان دەستەبەر ناکەن ئەوا ئەوە ئەوپەڕی جەلادییە، مرۆڤی ئازاد لە ژیانیدا تەنیا جارێک دەمرێت.

وەلێ مرۆڤی ژێردەستەو کۆیلەی کەسێکی تر دووجار دەمرێت، جارێک لە دەست کۆیلە بوون ،جارێک لە دەست ئەو وادەیەی کە بۆی دانراوە، دەشێت نووسەرگەلی لەو چەشنە ئەوەندەی حەز بە بەرەڵڵایی کۆمەڵگەیان بکەن مومکین نییە ئەوەندە حەز بە ئازادی کۆمەڵگە بکەن، ئەخەر نووسەرێک ئازادی و بەرەڵڵایی لێک جیا نەکاتەوە جەلاد نییە لە نێو پرۆسەی نووسیندا، ھەر بۆیە لەمەڕ ئازادییەوە باکگراوەندی خراپی ھەیە، نووسەرێک تامی ئازادی نەچێژتبێت، تێناگات بەرەڵڵایی چییە، نووسەرێکیش بەرەڵڵایی ھەوێنی ھەموو شتەکانی بێت، مومکینە کە خێزانەکەی کۆیلەیە.


تەواوی نووسەرانی کورد، تەنانەت بەخۆشمەوە، کە گوایە نووسەرم! باسی خۆشەویستی و عەشق و ئەو شتە قۆڕ قۆڕانە دەکەین ، وەلێ تا ئێستا کام نووسەری کورد بەیانی ئەوەی کردووەو درۆی لەگەڵ خۆی و دەورو بەری نەکردووە و بڵێین: کچەکەی من ئازادە چۆن عاشق دەبێت و کە زەواج لەگەڵ لە عاشقەکەی دەکات، باخود خوشکەکەی من سەربەستە کێی خۆشبوێ و پیاسە لەگەل کام کوڕدا دەکات ، ئایا ئەمانە ئازادییەکی سەرەتایین، یاخود دوا پلەی بەرەڵڵایی؟ ئایا کام نووسەر بەیانی ئازادییەکی ڕاستەقینەی داوە و بۆ دەوروبەرەکەشی نەبۆتە کۆسپ و بەربەست؟ ئایا کچی کام نووسەرمان بینیوە لە ڕۆژنامەیەک، یاخود تیڤییەک، لەگەڵ خۆشەویستەکەی؟ بۆیە پێویستە ئێمە بەر لەوەی باسی ئازادی بکەین، لە چەمکی بەرەڵڵایی تێبگەین، بەر لەوەی دەورو بەرمان ئازاد بکەین، ئەو زیندانییەی ناوەوەی خۆمان نەھێڵین و خودی خۆمان ئازاد بکەین.

 

ماڵپه‌ڕی غه‌مگین بۆڵی