په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٧

چەند هەواڵێکی کرێکاریی و گرانیی و هێرش بۆ سەر لاوان لە بەریتانیا.


سالار حەمەسەعید   

نیو ملیۆن ژنی گەنج و لاو بێکارن لە بەریتانیا.


ژنن و گەنج و لاون و فەرامۆش کراون.


وەزعی ژنانی بەریتانیا لە زاری میدیا و رۆژنامەکانی بەریتانیاوە.


رۆژنامەی دەیلی تێلێگراف ی ئەمڕۆ ٨ی مارسی ٢٠١٧ بەم شێوەیە باس لە ڕەوشی ژنانی گەنج و لاو دەکات لەکۆمەڵگای بەریتانیادا.


زیاتر لە نیوەی ژنانێک کەلە بەریتانیا دەژین ئەمڕۆ ترسی ئایندەیان هەیە وە ئەمەش زۆرئاسانە هۆکارەکەی بزانرێ. بەپێ ی سەرژمێریەکی سەراسەری کە لەمانگی شوباتی ئەم ساڵ دا ئەنجام دراوە نیشانی دەدات کە ئەگەرچی ژنانی سەرکار هەن بەڵام ژمارەیەکی زۆربەرچاو زیاتر لەئاستی تێکڕا (معدل) دوورن لەبازاری کار و کارکردنەوە.


هەربەپێ ی ئەم رۆژنامەیە زیاتر لە ٥٠٠،٠٠٠٠ ژنی گەنج ولاو بێکارن ئەگەرچی بەڵگە لەبەردەست دایە کە زۆرینەی زۆریان بەدوای کاردادەگەڕێن. وە بۆ ووردکردنەوەی ئەو ژمارەیەی سەرەوە ئەم لێکۆڵینەوە سەرژمێری یە بەبەڵگەوە دەیخاتە ڕوو کە ٢٢١هەزار ژنی لاو بێکارن و ٣٥١ هەزار ژنی تریش لەڕووی ئابووری یەوە ناچالاکن واتە لەخانەی ناچالاک دانراون لەڕووی ئابووری یەوە. ژنانی ناچالاک لەڕووی ئابووری یەوە زاراوەیەکە بەکاردەهێنرێ بۆ ئەو ژنانەی کەلەسەر کۆمەک ویارمەتیەکانی دەوڵەت دەژین و بێکارن و دابڕاون لەبازاری کار. وە ئەم ژمارەیە نە لەبەرخوێندن دان وە نەڕاهێنانیان پێدەکرێ بۆ ئامادەکردنیان بۆ چوونەسەرکار، کە ٧٠ هەزار زیاتر لە ژمارەی پیاوان پێک دەهێنن.


دکتۆر کارۆڵ ئیستن کە سەرۆکی تەنفیزی دەزگا وڕێکخراوی ژنانی لاوە تەئکید دەکاتەوە کە ئەم ووڵاتە لەحاڵەتی ئینکاری کردن دایە لە وجودی قەیرانێک کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەمە ووتەی کەسێکە کە لەم بوارەدا کاردەکات وپسپۆرە و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامگیری یە کە بۆرژوازی دان نانێ بە بوونی قەیرانێک کە بوون و وجودی دەرەکی و واقیعی هەیە لە کۆمەڵگادا و داتاکان بوونی دەسەلمێنن لەکاتێکدا دەسەڵاتی سەرمایەداری خۆی لەبوونی ئەو قەیرانەش دەدزێتەوە و دانی پێدانانێت. کە ئەمە بۆ خۆی کارەساتێکی ترە.


میدیاکان ناوبەناو بڵاوی دەکەنەوە کە ئاستی بێکاری هاتۆتە خوارەوە بەڵام ڕاستیەکان ناخەنەڕوو سەبارەت بەو چارەنووسەی کە ژنانێکی لاوی زۆری کۆمەڵگای ئەمڕۆی بەریتانیاڕووبەڕووی دەبێتەوە.


سەبارەت بە (سێنتەری کاریابی/ جۆب سێنتەر) تەنها لەسەدا ١٩٩ی ئەوژنانەی کەهاتوون بۆ ئەم سێنتەرانە یارمەتی دراون لەپەیداکردنی کاردا بەڵام لەسەدا ٥٩ ی ئەو ژنانە هەستیان بەشەرمەزاری وتەریق بوونەوە کردوە بە پەیوەندیکردنیان بە جۆب سێنتەرەوە، وە ٦٨٪ی ئەوژنانە ئەزموونیان لەو سێنتەرانەدا بە پڕ لە فشار و زەخت ناودەبەن وە ڕێژەیەکی تریش لەوژنانە دەڵێن کە بێ ڕێزیان پێ دەکرێ لەو سەنتەرانەدا.


یەکێک لەدەرهاویشتەکانی ئەم قەیرانە ئابوورییەی ئێستا بەریتانیای پێوە دەناڵێ کاریگەری ڕاستەوخۆیەتی بۆ سەر ڕەوشی ئابووری ژنان لە زیاتر بێکارکردنیان و زۆرتر چوونەدەرەوە لەبازاری کار بەهۆی دووگیان بوون بێت یا بەخێوکردنی مناڵەوە بێت، بازار کەمتر ئەوژنانە لەخۆی دەگرێ و زیاتر وزیاتر دووریان دەخاتەوە لە بەرهەمهێنان و بازار.

_____________________
سەرچاوە: دەیلی تێلێگراف.



بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی حکومەتی پارێزگاران لە بەریتانیا دەڵێ:

دەبێ خەڵک ناڵەناڵ و پرتەوبۆڵەی لێنەیەت.


بۆریس جۆنسن، هۆشداری دەدات بە خەڵک کە نابێ ناڵەناڵ وپرتەوبۆڵە بکەن لەبارەی وەزع و بارودۆخی دونیا.


بەڕێز جۆنسن دەڵێ هەندێ کات کە دەبیستم خەڵكی منگە مینگ وپرتەوبۆڵەیان دێت کەمێک سەبرم لێدەبڕێ. ئەم قسانەی لە ناوجەرگەی لەندەن دا کرد بۆ بەرێوەبەرانی کۆمپانیا و کارگە گەورەکان. ئەمە لەکاتێکدا چاوەروانی لێدەکرا کە قسەوباس بکات لەسەر وەزعی فەقر و نەهامەتیەک کە خەڵک تووشی بووە بەهۆی برێگزتەوە ( هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لەئەوروپای یەکگرتوو دا). جەنابی جۆنسن داوادەکات کە خەڵک نقەی لێنەیەت لەکاتێکدا هەڵاوسان تەواو کاریگەری داناوە لەسەر باری گوزەرانی خەڵکی، بەرزبوونەوەی نرخی شمەک وخواردەمەنی وجل وبەرگ لەلایەک و بەرزبوونەوەی بەردەوامی کرێی خانوو و خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ماڵ و خانوو ئەمانە هەمووی بەلایەک و بڕینی کۆمەک ویارمەتیەکان بە لاوان وپەککەوتەو پیرسالان بەلایەکی ترەوە. هەروەک گاردیانی ٦ ی مارسی ٢٠١٧ بە تایتڵێکی گەورە دەنووسێ و دەڵێ:


بڕینی کۆمەک ویارمەتیەکانی کرێی خانوو،لاوان دەخاتە بەر مەترسی بێ خانە ولانەبوونەوە بەپێ ی ئەم ڕێنمایی وڕێسا نوێ یانە لاوانی تەمەن ١٨ ساڵ تا ٢١ ساڵ ناتوانن داوای کۆمەک ویارمەتی بکەن لە دەوڵەت بۆ یارمەتیدانیان لە کرێی خانوو ئەمەش مەترسی یەکی گەورەیە بۆ ئەو لاوانەی تازە دەیانەوێ هەنگاوی یەکەمی ژیانیان بنێن بۆ بەرەو سەربەخۆبوون و پشت بەخۆبەستن . بەم بڕینی کۆمەک ویارمەتیە لاوان زەربەیەکی گەورەیان پیدەکەوێ لەجیاتی دەست گرتنیان بۆ بەرەو پێشبردنیان بەپێچەوانەوە ئومیدەکانیان لەگڵ دەنێن و ناچاردەکرێن دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ماڵی باوک ودایکیان و پشت بەستنیان پێیانەوە کە ئەوانیش ناتوانن چیدی یارمەتییان بدەن بەهۆی بڕینی یارمەتی پەککەوتەیی و فشارەکانی تری ژیانی رۆژانەیان لە بەرزبوونەوەی کرێ و شتوومەک بەگشتی.
ئەمانە و بەرزبوونەوەی نرخی غاز وکارەبا و بەنزین و تەلەفۆن . بەرزبوونەوەی نرخی شمەک لەمەدا نەوەستاوە بەڵکو تەئمینی ئۆتۆمبیلیشی گرتۆتەوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو بڕیاریان داوە بەرزی بکەنەوە. لەکاتێکدا نە مووچە زیاد دەکرێ ونەهەقدەستی رۆژانە زیادکراوە بەڵکو نرخی قیتار وشەمەندەفەر وهاتووچۆ زیادی کردوە. کە ئەمانە هەمووی کاریگەری زیادیان هەیە لەسەر ئاستی ژیان وگوزەرانی خەڵک. بەڵام جەنابی بۆریس جۆنسۆن هۆشداری دەدات و دەفەرموێ کە خەڵک نابێ پرتەوبۆڵەی بێت.

___________________________
سەرچاوە: ئیڤنینگ ستانداردی لەندەنی ٢٨ی شوبات و گاردیانی ٦ی مارسی ٢٠١٧.
 


بێکارکردنی کرێکاران.


٣٨٠ کرێکاری کارگەی چپسی (ۆکەرس) لەمەترسی دەرکردن دان.


کارگەی چپسی /کرسپی ۆکەرس کە کارگەیەکی زۆر بەناوبانگی کرسپ وچپسە ڕووبەڕووی داخستن دەبێتەوە ئەویش بە لەدەست دانی ٣٨٠پۆستی کار. خاوەنی (پێپسی کۆ)ی ئەمریکی دەڵێ کە پیشنیاری داخستنی کارگەکە لە (پیترلی)، کۆ دورهام ، بەشێک بووە لە پاڵنەری کارایی بە گواستنەوەی بەرهەم هێنان بۆ شوێنێکی تر لە بەریتانیا. هەروەک هەمیشە دەرکردنی کرێکاران و داخستنی کارگەیەک لەشوێنێکی وەک پیترلی بۆ شوێنێکی تری بەریتانیا تەنها پاڵنەرەکەی قازانجی زیاتر وکەڵەکەبوونی زیاتری سەرمایەیە. وە بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش کرێکاران ئاسانترین هەدەف و ئامانجن.


قسەکەرێکی کارگەکە دەڵێ کە ئەو جمووجۆڵ و جێگۆڕکێ یە پێویست و زەروور بووە بۆ دڵنیاکردنەوە لە گەشەی بەردەوام و درێژماوەی کەسب وکارەکەمان لە بەریتانیا. بێگومان پێویست بووە لەڕوانگەی بەرێوبەرانی کارگەکەوە کە پارێزەرانی بەرژەوەندی سەرمایەن، بۆ پاراستنی ئاستی قازانج کێشە نیە بۆیان بێکارکردنی سەدان کرێکار بەڵام دەرکردنیان زەروورە بۆ ئەوەی ئاستی کەسب وکاریان نەک تەنها وەک خۆی بمێنێتەوە بەڵکو دەبێ هەرلەزیادبوون دابێت، ئەگینا بە زەرەرو زیان لەقەڵەم دەدرێ بەلای بۆرژوازییەوە.

 
کۆی ٣٥٥ کرێکاری ناو کارگە و ٢٥ کاری کرێکاری گواستنەوە کارەکانیان لەژێر هەرەشەدان. گراهام مۆریس ئەندام پەلەمانی ئیزنگتن ئەم ڕایگەیاندەی وەک زەربەیەکی گەورە لەقەڵەم دا بۆ ناوچە کە. بەڵام لەڕاستیدا زەربەیەکی گەورەیە لەژیان وگوزەرانی ئەو سەدان کرێکارە بە بێکارکردنیان.

__________________________
سەرچاوە: میترۆی لەندەنی ٦ی مارسی ٢٠١٧.

 


مانگرتنی کرێکاران بۆ داواکانیان.


خاوەنی سەذرن ڕەیڵ دانی پیادادەنێ کە خزمەتگوزاری ئاسایی گواستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری سەذرن ڕەیڵ تاکۆتایی ٢٠١٨ دەست پێناکاتەوە.


ئەمڕۆ خاوەنی سەذرن ڕەیڵ دانی بەوەدانا کە خزمەتگوزاریە ئاسایی ونۆرماڵەکان دەگونجێ دووبارە نەگەڕێتەوە بۆ تۆڕی هێڵی شەمەندەفەر کە مانگرتنەکان شڕی کردووە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨. کە ئەمەش بەپێ ی ئەم ڕۆژنامەیە خەڵکی هامووشۆکەرانی بێزار و تووڕەکردووە.


سەرۆکی تەنفیزی گروپی ( گۆ ئەهێد) دانی پیدادەنیت و دەڵێت کە هیچ کۆتاییەک لە ئاسۆ دا بەدی ناکرێ بۆ ئەو مشتوومڕە دوورودرێژ و بەردەوامەی کەلەنێوان کرێکاران و دەزگای بەرێوەبردن دا هەیە. سەهمەکانی ئەم کۆمپانیایە بە ڕێژەی لەسەدا ١٤ دابەزیوە پاش هۆشداریەکانی گروپی (گۆ ئەهێد). ئەم تۆڕی شەمەنەفەرە لەمانگی پێشوودا بە خراپترین هێڵی خزمەتگوزاری ناوزەد کرا و بەبڕی ١٥ ملیۆن پاوەند لە قازانجی ئەمساڵی هێڵەکە دراوە. ئەو دانی پیانا کە پێشکەوتەکان لە گفتووگۆکان زۆر هێواشن، و هێشتا قسەوباس دەکەن لەسەر ئەو کێشەو مەسەلانەی مانگی حوزەیران ی ساڵی ڕابردوو.


خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان لەم هەواڵە زۆر تووڕە ونیگەرانن کە ئاسایی بوونەوەی خزمەت گوزاریەکانی سە‌ذرن ڕەیڵ. هێشتا خزمەتگوزاریەکان وەک خۆی نیە هەر لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا گەرچی خزمەتگوزاریەکانی ئەم هێڵی شەمەندەفەرە دەستی پێکردۆتەوە بەڵام ڕۆژانە بەلانی کەمەوە ٢٠ قیتار گەشتەکانیان ئیلغا کراوەتەوە (کانسڵ کراوە) لە کۆی ٢٥٠٠ گەشت کەم بۆتەوە بەنیسبەت جارانەوە کە لەکاتی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا ڕۆژانە ٦٠٠ گەشت ڕادەگیردرا و نەدەکرا بەلام تا چەند هەفتە لەمەوبەریش کە مانگرتنەکان کەمیش بۆتەوە وەیا بەهۆی دەستپێکردنەوەی گفتووگۆ ی نێوان سەندیکاکان و بەرێوبەرایەتی سەذرن ڕەیڵ ەوە کەم بۆتەوە بۆ تەنها ٢٠ گەشت لەڕۆژێکدا. کەواتە گەشتە رۆژانەکان هێشتا ئاسایی نەبوونەتەوە. ئەم هەلومەرجە بەردەوام دەبێت وەک بەرێوبەرانی هێڵەکە ئاماژەی بۆدەکەن تاکۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دەخایەنێ. پێش بینی مانگرتنی تردەکرێ لەچەند هەفتەو مانگی داهاتوودا ئەگەر وەزع وبارەکە بەچارەنەکراوی بمێنێتەوە.


هێڵی سەذرن ڕەیڵ ڕۆژانە لە لایەن ٣٠٠،٠٠٠ کەسەوە بەکاردێت لەناوچەکانی (سەسێکس، ساری، باشوری لەندەن)ە وە و بەهۆی چارەسەرنەبوونی کێشەی نێوان ئیتحادیەی (ئار ئێم تی) و بەڕوبەرایەتی سەذرن ڕەیڵەوە لەماوەی ساڵی ڕابردوەوە ٢٩ رۆژ مانگرتن ئەنجام دراوە وە لەنێویاندا داخستنی تەواوەتی هێڵەکە بۆماوەی ٣ رۆژ لەمانگی دیسەمبەری ساڵی رابردوو.

_________________________
سەرچاوە: میترۆی لەندەنی ٥ی مارسی ٢٠١٧.

 

ماڵپەڕی سالار حەمەسەعید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک