|
چەند سەرەنجێک لە
یادى راگەیاندنى حوکمدارێتى یەکەم پاشاى کورددا .

سالار بابەشێخ
کورد بۆچى نابێ بە خاوەن دەوڵەت؟ لەمێژووى سەرلەبەرى گەلانى جیهاندا،
رەمز و فاکتەکانى بەدەوڵەتبوون و دامەزرانى حکومەت و دەوڵەتى نەتەوەیى،
روون و ئاشکرایە. هەر نەتەوەیەک ئاو و خاک و زمانى هاوبەش و مێژووى
شەفاف و کلتوورى خۆی هەیەو گەلانى دنیا ئاڵاو ماڕشى نەتەوەییان دیارە و
هەموو هێماکانى نەتەوەیى خۆیان ساغ کردۆتەوە، مۆڵەت بەکەسیش نادەن
دەستدرێژى بکاتە سەر سەروەرییەکانیان و ئەوەى هێڵە سوورەکانیان ببەزێنێ،
رووبەڕووى دەبنەوە. بەڵام نەتەوەیەکى لێقەوماو هەیە کە وێراى
پێشینەیەکى پڕ لە سەروەرى، هێشتا بە مافە رەواکانى خۆى شاد نەبۆتەوە.
لەهەزارەى سێهەمى زایینیدا، لە سەدەى داڕمانى کۆشک و تەلارى
دیکتاتۆرییەکان و لەچاخى سەقامگیرکردنى ئازادى و دیموکراسیدا،
گەورەترین نەتەوەى سەرگۆى زەوین کە لە بە دەوڵەتبوون بێبەش کرابێت،
یاخود ئەم مافەى لێ زەوت کرابێت، نەتەوەى کوردەو هۆکارەکانى نەبوونى
دەوڵەتێکى سەربەخۆى کوردییش بۆ کوردى هەرگیز خۆشى نەدیو گەلەک زۆرن.
بێگومان هیچ نەتەوەیەک خۆى بە دەستى خۆى، خەون و ئاواتەکانى لە گۆڕ
نانێت، بەڵام ئایا وەدینەهاتنى خەون و ئاواتەکانى کورد، تەنها
پەیوەندیى بە لایەنى دەرەکییەوە هەیە یان کێشەو گرفتە ناوخۆییەکانیش
رۆڵى نێگەتیڤیان لەم بوارەدا گێڕاوە؟ ئایا جگە لە دەستتێوەردانەکانى
دەرەکى و خۆتێهەڵقورتاندنى زلهێزەکانى دنیا لە سەر دیاریکردنى
چارەنووسى سیاسى نەتەوەى کورد، کۆمەڵگەى کوردى خۆى بە دەستى خۆى کفنى
بە بەر داوا رەواکانى خۆیدا نەکردووە؟!
جگە لە چوار کەرتى کوردستانى بە زۆر دابەشکراو، لە زۆر شوێنى دیکەى ئەم
جیهانە پان و بەرینەدا، تاکى کورد بە بێ ویستى خۆى پەراکەندە کراوە،
پتر لە 40 ملیۆن کورد، نە سەرکۆمارێکیان هەیەو نە پاشایەکیان وەک
سیمبۆلى حاکمییەتى کوردى هەیە و نە نیشانەیەک لە دەوڵەتێکى سەربەخۆ لە
ئارادایە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە نەتەوەى کورد یەکێکە لە گەورەترین و
کۆنترین نەتەوەکانى دنیا کە هەتا ئێستاش خاوەنى کیانێکى سیاسى سەربەخۆ
نییە و دەوڵەتى نەتەوەیى خۆى دانەمەزراندووە. هۆکارەکانی ئەم
ناکامییانەى کورد چییە؟
ئەز سەرباسى نووسینەکەم بە پرسیارێک دەستپێکردووە(کورد بۆچى نابێ بە
خاوەن دەوڵەت؟)، ئەم پرسە دەیان پرسیارى دیکەى لێدەکەوێتەوە: ئایا کورد،
خاک و ئاو و زمانى هاوبەش و مێژووى تایبەت بە خۆى نییە؟ ئایا تاکى کورد
لە دامەزرانى دەسەڵاتى سیاسى و حکومەت و دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى بێزارە؟
ئایا فامى سیاسى کورد، کرچ و کاڵەو لە ئاستى دیپلۆماسیى نێو نەتەوەییدا
نییە؟ ئایا راى جیهانى و سیاسەتى نێو دەوڵەتى، نەتەوەى کوردى پشت گوێ
خستووە و زلهێزەکان هەر بە نیازن کورد بکەنە قوربانى سات و سەوداکانى
خۆیان؟ ئایا فام و هەست و هۆش و بیرى نەتەوەیى تاکى کورد لاوازە؟ ئایا
کورد هێماکانى نەتەوەیى خۆى ساغ کردۆتەوە؟ ئایا ئاڵا و زمانى فەرمى و
ماڕشى نەتەوەیى خۆى یەکدەست کردۆتەوە؟ ئایا خۆى لەوەدا ساغ کردۆتەوە کە
کوڕى کاوەى ئاسنگەرە یان کوڕى میدیا و کەیخسرەو؟ ئایا بنەماکانى مێژووى
خۆى لە شکڵێکى گۆترەیەیى رزگار کردووە؟ ئایا کورد توانیویەتى کێشەى
چارەنووسى خۆى وەک کێشەکیەکى جیهانى پێناسە بکات؟
ئەو پرسیارانە و دەیان پرسى لەو بابەتانە هەویرێکەو ئاوى زۆرى گەرەکە،
بۆیە وەڵامەکانى بۆ خەڵکى پسپۆر بەجێدەهێڵًم و تەنها بە شیکردنەوەى یەک
دوو پرس، پەسەندە دەکەم، ئەویش نەبوونى مێژوویەکى شەفاف لە لایەک و لە
لایەکى ترەوە، زیندوو رانەگرتنى سیمبول یان هێماکانى دەسەڵاتى کوردییە.
بۆچى کورد مێژووى خۆى نانووسێتەوە؟ ئایا جیهانگەڕ یان گەشتەوانێک کە بە
سەردانێک هاتۆتە کوردستان و مێژووى سەدەیەکى بۆ نەتەوەکەمان نووسیوتەوە،
ئەمە دەکرێ ببێتە بنەمایەکى پەسەند کراوى متمانەپێکراو؟؟؟ ئایا
دیاریکردنى 700 ساڵ پێش زایین وەک بنەمایەکى مێژوویى بۆ سەرهەڵدانى
کورد، شتێکى گونجاوە؟ لە حاڵێکدا ئاسەوارە دۆزراوەکان لە ناوچە و
دەڤەرە جیاوازەکانى کوردنشیندا، باسى تواندنەوەى ئاسن دەکەن و تەورى
دەمەزەرد کراو، دەدۆزرێتەوە کە پێشینەیەکى 8000 ساڵەى هەیە!!!
کەواتە مێژووى ئێمەى کورد شیکارى زیاترى پێویستە و ئەرکى سەر شانى
مێژوونووسى کوردە کە بابەتییانەتر کارى لەسەر بکات و بە رێچکەیەکى
ئەکادیمى وبە رەهەندێکى زانستی تر پاڵفتەى بکات تا واى لێبێت تاکى کورد
و تەنانەت دۆژمنانى دۆزى کوردیش نەتوانن نکۆڵى لێبکەن.
بۆ مێژووى دوور ناگەڕێمەوە کە کواکسارى کورد شەڕى ئیمپراتۆریەتە
ناودارەکانى دەکرد و شکستى پێ دەهێنان، ئێمەى کورد رێبەر و سەرۆکى
رزگاریخوازو لە مردن نەهاتوومان گەلەک زۆرن، لە سەدەى رابردوودا پیران
و نەهرى و شێخى حەفید و قازى و بارزانى و قاسملوو، ئۆجەلان و سەعید
یەزدانپەنا هەنگاوەکانى بەدەوڵەتبوونى کوردیان هەڵگرت، بەڵام کورد بە
گشتى سونبولەکانى شۆڕشى رزگاریخوازى خۆى بەتاقەوە ناوەو بەرامبەر بە
ئەزموون و فیدارییەکانى ئەوان کەمتەرخەمە؟
ئێمە لە ژێر کاریگەرى سیاسەتى چەوتى هەریەک لە نەیاران و داگیرکەرانى
کوردستان، سەرکردەکانمان لێک جیادەکەینەوە، دامەزرانى حوکمڕانى شێخ
مەحموودى حەفید و دامەزرانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد بە شۆڕشەکانى
ترەوە گرێ نادەین!!1جیا لەوانەش سەرکردە حیماسەت خولقێنەرەکانمان
فەرامۆش کردووەو هەندێکجاریش تەنانەت لە سەر زاری رۆشنبیرى کورد، بە
جۆرێک سووکایەتى بە باوەڕپێکراوى کوردان کراوە، کە پێنووسی هەر
خەمخۆرێکى کورد شەرم دەکات بیهێنێتە سەر کاخەز...!!!
رۆژى (17/11/1918)ى زایینى رۆژى راگەیاندنى حوکمدارى شێخ مەحموودى
حەفیدە. (حەفید زادە مەحموود) کە لە هەموو نامەکانیدا وەک باوەڕپێکراوى
کوردان خۆى دەناساند دەوڵەتى عوسمانى و بەریتانیاى گەورە و تەنانەت
رووسیاى ئەوکاتى ناچار کردبوو داواى برایەتى و دانوستانى لێبکەن.
وەچەى یەکەم پاشاى کورد، دەبوا وەک پاشا و مەلیکەکانى بەریتانیا و سوید
وڵاتانى تر..، تەنانەت لە سەردەمى دیموکراسییەت و ئازادیخوازیدا وەک
سیمبولێک هەر جێگاى رێز و تەقدیرى تاکى کورد بان، چونکە ئەمە هێمایەکەو
وڵاتانى تر کەڵکیان لێوەر گرتووە، بەڵام ئێمە لە فستیڤاڵێکى
یادکردنەوەى پاشاکەماندا، ناتوانین هەقى خۆى پێبدەین و تەنانەت بۆ
بانگهێشتکردنیش نەوەکانى پاشاکەمان فەرامۆش دەکەین!!
ئیتحادییەکان و پلانى توانەوەى کورد و ئەرمەن و دواتر جێنیش کردنى 10
کورد لە نێوان 100 ترک و کوشتنى شێخ سەعیدى حەفید و هاوڕێیانى لە موسڵ،
کارێکى کرد، شێخ محەمەد قورعانەکەى باوکى بۆ خۆى هەڵبگرێت و تفەنگەى
باوکى بدات بە شێخ مەحموودى براى. ئەم شان وەبەر چەک دانەى شێخ مەحموود،
کارێکى واى لێکەوتەوە کە نامەى سەرۆکى حکومەتى کوردستان بگاتە
سەرۆکایەتى کۆنگرەى ئاشتى جیهانى لە پاریس (20/3/1919). ئەمەش
سەرهەڵدانێک بوو لە بەرامبەر رێککەوتننامە شوومەکانى ئەو کات کە
بەردەوام بۆ دابەشکردنى کورد، بە نەشتەر کەوتبوونە گیانى خاکى کوردستان.
شێخى گەورە لە ژێر رەهێلەى گوللە و تەرزەى بۆمب و تەق و کوتدا، دەوڵەتى
کوردى راگەیاند و لە زۆر سەنگەرى رووبەڕووبوونەودا چۆکى بە سوپا و
هێزەکانى داگیرکەران داهێنا، بەڵام ئایا کوردى هەموو پارچەکانى
کوردستان و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان تا چەند بە شیرپاکى پشتیوانییان لە
شۆڕشەکەى شێخ مەحموود کرد؟ هەر ئەوانەى پشتیان تێکرد و بوون بە گۆپاڵى
دەستى دوژمن و بوون بە عەبدى زێڕ و زیو، هەزاران تۆمەتى ناڕەوا و
داتاشراویان خستە پاڵ پاشاى کوردو هەتا هەنووکەش هەموو شکستەکانى کورد
بە درۆیەکى بێ بنەماو تەوقەیەکى (مێجرسۆن)ى بەریتانییەوە دەبەستنەوە کە
گوایە شێخ مەحموود تەوقەى لەگەڵ نەکردووە!!!
بۆچى باسى فیتواى شێخ حیسامەدینى باخەکۆن ناکەن، کە ترکی کرد بە هاودین
و کوردی کرد بە خەمخۆرى دەسەڵاتى عوسمانى، هەر فتوا نەگونجاوەکانى
مفتییە کوردەکان بوو کە دوو دەوڵەتى نوێى عێراق و سوریاى لە سەردەستى
بەریتانیا و فەرانسە دامەزراند و کوردى تووشى شەڕى ئاوباریک و کوشتارى
بەر دەرگاى سەراى سلێمانى کرد، دەنا شێخ مەحموود و جەنگاوەرەکانى بۆ
راگرتنى ئاڵاى سەربەخۆیى کورد شەڕى دەستەو ئێخەیان کرد.
ئەز شێخ حیسامەدین بەرى باپیرانمە و شێخ مەحموود پاشاى وڵاتەکەم بووە،
شێخ حیسامەدین (باباعەلى باخەکۆن) شێخێکى دنیاى عیرفان و سووفیگەرى و
بلیمەتێکى ئایینى سەردەمى خۆى بووە، ئەگەر باسى فیتواى شێخ حیسامەدین
دەکەم کە نەگونجاو بووە لەگەڵ بەرژەوندى سیاسى کورد، ئەمە بەو مانایە
نییە کە پشتم لە باپیرى خۆم کردبێت و بمهەوێ لە پلەو پایەى ئەو گەورە
مرۆڤە کەم بکەمەوە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە بیسەلمێنم دین و سیاسەت
دوو شتى زۆر جیاوازن و پێویستە هەر کامیان جێگە و پێگەى تایبەت بە
خۆیان هەبێت.
هەر ئەوانەى کە کورد وەک براى دینى شەڕى مان و نەمانى بۆیان کردو لە
سەرووى هەموویانەوە ترکى عوسمانى ئەمڕۆ بێوچان هەڕەشە لە دەستکەوتەکانى
کورد لە باشوورى کوردستاندا دەکەن، چونکە دواى رزگارى باشوورى کوردستان،
کورد لە سیاسەتى نێو دەوڵتیدا سەرکەوتوو بووە، کێشەکانى بردۆتە نێو
سیاسەتى جیهانى و لە نێو کۆشکى سپى و رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکاندا،
رێبەرانى سیاسى کورد بە زمانى نەتەوەیى خۆیان لێدوانیان هەبووە، بۆیە
رژێمەکانى ترکیا و ئێران چاویان بەم سەرکەوتنانەدا هەڵنایێ و بەردەوام
پیلانى لەدژ دەگێڕن و ماوەیەکە چاوچنۆکانەو بە بیانووى جۆراوجۆرەوە،
میلیشیا وهێزەکانى نیزامى خۆیان لە سنوورى باشوورى کوردستان نزیک
کردۆتەوەو گوندەکانى سەر سنووریان داوەتە بەر پەلامارى بوردمانە
قورسەکانیان و بێ بەزەییانە جارێکى تریش دەیان و سەدان خێزانى کوردیان
ئاوارە کردۆتەوە.
شەڕ و ماڵوێرانى و ئاوارەیى هەرگیز خواستى تاکى کورد نەبووە، دەبوا
داگیرکەرانى کوردستان پەندیان لە رابردوو وەر بگرتبایە، دەبوا فامى
ئەوەیان بوایە کە نەتەوەى کورد شەڕخواز نییە، دەبێت لەوەش دڵنیا بن کە
کورد لە بەرامبەر دەستدرێژیدا دەستەوسان نامێنێ و کوردستان دەکاتە
گۆڕستانى دوژمنان.
Salar_hisami@yahoo.com
|