سەرچاوەى خیانەتکردن لە ژیانى هاوسەرى لە چییەوە هەڵدەقوڵێت .
فەرهەنگ جهلال ژیانى هاوسەرێتى بریتییە لە پێکەوە ژیان و ڕێز و وەفادارى و ڕاستگۆیى لەگەڵ یەکترى ، بەڵام هەندێکجار ئەم ڕێز وخۆشەویستییە تووشى لەنگ و لادان دەبێت لە ڕەوتى ڕاستى خۆى واتە ژنەکە یان پیاوەکە تووشى خیانەت کردن دەبن لە یەکتری، هەڵبەت ئەمە کۆمەڵێک هۆکارى هەیە ، کە من لاى خۆم چەند هۆکارێکى سەرەکى دەخەمە بەردەست:
1. گرنگى نەدانى ژنەکە بە خۆى / ژنان دواى ماوەیەک لە پێکهێنانى ژیانى هاوسەرییەوە پاک و خاوێنى و جوانى ڕووکەشى خۆیان گوىچ پێنادەن ، چونکە هەندێک لە ژنان بڕوایان وایە کە ئیتر مێردەکەى سەیرى کەسى تر ناکات و بیر لە هێنانى ژنى تر ناکاتەوە ، لەبەر ئەوەى چەند ساڵێک بەسەر ژیانى هاوسەرییان تێپەڕیووە و منداڵیشیان بووە ، بەڵام ئەم بیر کردنەوەیە هەڵەیە کە لاى زۆربەى ژنان دروست بووە.
2. نا ئومێدى لە ژیانى هاوسەریدا / ڕۆتینى ژیان و بێ ئومێدى دووژمنى ژیانى هاوسەرێتین ، هێندەى تێبینى دەکرێت ئەم نائومێدییە لە لاى پیاوان زیاترە وەک لە لاى ژنان هەر بۆیە پیاوەکە هەوڵى تازەکردنەوەى دەدات لە دەرەوەى ماڵ.
3. گرنگى دانى لە ڕادەبەدەر بە منداڵەکان / ژنان دواى پێکهێنانى ژیانى هاوسەرى و منادڵبوون ئیتر وا هەستدەکەن کە کارى ئەوان بریتییە لە کارى ناو ماڵ و منداڵەکانیان ، هەر بۆیە پیاو وا هەستدەکات کە ژنەکەى گرنگى پێنادات و پشت گوێى خستووە ئەمەش باروودۆخەکە خراپتر و دژوار تر دەکات ، بە بڕواى من پێویستە ژنەکە گرنگى بدات بە منداڵ و مێرد و ماڵ و هاوڕێ و خزمانى هەردوو بنەماڵە.
4. بێئاگاى ژن بۆ پڕکردنەوەى پێویستیە سۆزدارەکانى پیاوەکەى / کاتێک ژنەکە لەبەر هۆکارێک بێ ئاگا دەبێت لە پڕکردنەوەى پێداویستیە سۆزدارییەکانى پیاوەکەى ئەویش بە پێدانى خۆشەویستى و سۆز و چاودێرى ، ئیتر پیاوەکە وا هەستدەکات کە ژنەکەى سۆزى پێنابەخشێت یان ئامادەنییە سۆزى لێوەرگرێ کە ئمەش جۆرێک ئەبێت لە کاڵبوونەوەى خۆشەویستى .
5. ئاسوودەیى و نا ئارامى لە ژیانى هاوسەرێتیدا بەهۆى زۆرى جیاوازییەکانەوە / هەندێک جار ژن و پیاو بیرو بۆ چوونیان لەسەر بابەتێکى دیارى کراو زۆر جیاوازە لە یەکترى یاخوود بۆ چونیان جیاوازە جا چ بگەڕێتەوە بۆ پلەو پایە یاخوود ئاستى ڕۆشنبیرى یان تەمەن ... تاد ، هەموو ئەم جیاوازیانە وا دەکات کە ئەو ژن و پیاوە بە یەکەوە ئاسوودە نەبن ، هەر بۆیە لە یەکترى وەڕز دەبن و ئەمەش وایان لێدەکات کە بیر لە پێکهێنانى پەیوەندى بکەنەوە لە دەرەوەى ژیانى هاوسەرى.
6. نزمى ئاستى ڕۆشنبیرى و بوونى جیاوازى زانستى لە نیوان هاوسەرەکاندا / هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا هەندێک لە ژنان وا دەزانن ئیشى ئەوان تەنها بریتییە لە بەخێو کردنى منداڵ و کارى ناوماڵ ، هەر بۆیە ژنان خۆیان گۆشەگیر دەکەن و پیاوەکانیش سەرقاڵى کارو فەرمانن لە دەرەوەى ماڵ،ئەمەش وا دەکات کە هاوسەنگى نەبێت لە نێوان کارەکانیان یان پێدەچێت کوڕەکە کچێکى نەخوێندەوار بهێنێت یان بە پێچەوانەوە.
7. کێشەى سێکسى / ئەم تەوەرەیە بە هەستیار ترین و گرنترین باس و خواس ئەژمار دەکرێت ، کیشەى نێوان ژن و پیاو لە ڕووى هاوسەنگى سێکسەوە ، مەبەستم ئەوەیە کاتێک ژنەکە ئارەزووەکانى پیاوەکەى تێر نەکات یاخوود بە پێچەوانەوە بە تایبەتیش دواى ئەوەى چەند سالێک تێدەپەڕێت بەسەر ژیانى هاوسەرێتیدا .
سلێمانى farhang_jalal@yahoo.com Farhang_jalal@hotmail.com
|