٩\١\٢٠١١
چ وشهیهک شایستهی
پێگهی (هۆشیار زێباری)یه!؟
جهمال عهزیز
ئەوەی لە جیهانی
سیاسەت تێگەشتبێ دەزانێ سیاسەت گەمەیەکە بۆ مەرام، بەڵام نەک گەمەیەکی
هەمیشە دۆڕاو.
خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و پاراستنی
زمان و سنوور و فهرههنگی نەتەوەیی خەباتێکی ڕەوایە بۆ گەلی کوردە،
هەر ڕوانگەی ئهو خەباتەوە کورد توانیویهتی زۆر لە ناوداران و
ئازادیخوازانی جیهان بکا بە دۆستی کورد و داکۆکیکەر لە داوا رەواکانی
گەلەکەی، تەنیا گەلیش لە جیهاندا بەو ڕێژە زۆرە کە تاکو ئەمڕۆ خاوەنی
قهوارهی سەربەخۆ نەبێ تەنیا گەلی کوردە، راستە هۆکارە دەرەکییهکان
کاریگەرن، بەڵام هۆکارە ناوخۆییەکانیش کەم نین.
زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئەو راستییه دەزانن هۆشیار زێباری رۆبۆتێکی
قورمیش کراوە، ئەو راستیەش دەزانن کە هۆشیار زێباری توانای هەڵگرتنی
تاقە بەردێکی نییه به رووی دوژمنانی گەلی کوردی بهاوێژێ، هەر
دانیشتوویەکی نێو خاکی کوردستان بە هیوای بەدیهاتنی ئاواتەکانی کورد بێ
لەسەر دەستی هۆشیار زێباری و هوشیارەکانیتری وەک ئەو.. ئەوە من زۆر بە
راشکاوی دەیڵێم ئەو کەسە کەسێکی نا هۆشیارە، ئەم هۆشیار زێبارییە لە
یەکەم گەڕانەوەی لە بەریتانیاوە بۆ کوردستان پاش کۆبوونەوەی هێزە
بەرهەڵسکارەکانی رژێمی پێشووی عێراق خێرا خۆی گەیاندە تورکیا و هەموو
باس و خواسێکی ناو کۆبوونەوەکەی بۆ تورکەکان باس کرد، خاڵیکی زۆر گرنگ
وەک ئهمهکێک بۆ تورکان لە لایەن هوشیار زێبارییهوە هاتە ئاشکراکردن
باسی چارەنووسی کورد و کوردستان بوو لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، ئەو
بەرنامەیە هێندە گرنگ بوو بۆ کورد و چارەنووسەکەی کە تورکەکانی
شپرزەکرد و خێرا خۆیان گەیاندە لای ئەمەریکایی و ئینگلیزەکان بۆ ئەوەی
دژایەتی خۆیان بۆ مافەکانی کورد دووپات بکەنەوە، ئامادەشبوون هەموو
داواکارییهکی وڵاتانی زلهێز جێبەجێ بکەن بە مەرجێ باس لە دەوڵەتی
کوردی نەکرێ پاش رووخانی ڕژێمی بەعس، وڵاتانی زلهێز سەرسوڕمانی خۆیان
لە چۆنێتی گەیاندنی ئەو هەواڵە بۆ تورکەکان دەربڕی، من دەپرسم ئایە لە
فەرهەنگی هەموو جیهاندا ئەگەر مرۆڤێک ئەمە کردهوهی بێت چ ناوێکی لێدهوهشێتهوه!؟
یاخود دەبێ چۆن سەیر بکرێ؟ لە ریزی گەل دادەنرێ یان لە بەرەی دژ بە گەل؟
سەرۆکی پارتەکەی هۆشیار زێباری کە دەکاتە خوشکەزای ئهو.. لە هیچ جێیەک
و لە هیچ گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ناڵێ خەباتی گەلی کورد - لە
هەرپارچەیەکی کوردستان بێ - خەباتێکی ناڕەوایە، وشەی تیرۆرست
رەتدەکاتەوە بەرامبەر بە خەباتی رەوای گەلەکەمان جا هەر کەسێک بیڵێ.
لێرەدا جێگهی خۆیەتی بڵێین مەرج نییه هەر کەس سمێڵی زل بوو ئیتر
ئاغایە، باوەڕناکەم هۆشیار زێباری یان ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە
مۆرکی کوردایەتیان پێوەمابێ، گرنگ نییه گەر بە کوردیش بتوانن قسە بکەن
هەروەک تەها یاسین رەمەزان، یان وەک تەها محێدین مەعروف که هەردوکیان
کورد بوون بەڵام تاسەر ئێسقان دژی کورد بوون، کورد دەڵێ قسەیەک بکە
گوێت لێبگرن، جێگهی خۆیەتی بپرسین لە هۆشیار زێباری ئایە لە هاوتا
ئێرانییهکەتت پرسی هۆی ئەو هەموو لەسێدارەدانەی هاوڵاتیانی کورد کە
رۆژانە کۆماری ئیسلامی ئێران چەندبارەیان دەکاتەوە؟ ئایە توانیت لە
تورکەکان بپرسی بۆچی وشەی پیرۆزی کوردی یاساخ دەکەن؟ ئایە توانیت لە
هاوتا ئێرانیەکەت بپرسی بۆ رۆژانە کوردستان تۆپباران دەکەن؟ کەواتە گەر
ناتوانی کەمێک سۆزت بۆ کورد هەبێ، پێویسته بێدهنگ بی و لەبەر خاتری
خاترداران ناوی کورد و شۆڕشەکەی بە تیرۆرست ناوزەند نهکهی.
هەرچەندە تۆ شالیاری دەرەوەی حکومهتی عێراقی و جێگهی کوردێکی دڵسۆز
بە کوردستانت گرتووە لە حکومهتی عێراقدا، بهڵام هێندهی دهکهم جگه
له وشهی (داگیرکهرپهرست) هیچ وشهیهکیتر نادۆزمهوه بتوانێ پڕ به
پێستی ئهو کاره بهناو دیبلۆماسییه پڕ له شهرمهزارییانهت بێ که
له چورچێوهی کاری شالیارییهکهت دژ به خهباتی گهلی کورد و
ئامانجهکانی ئهنجامیان دهدهی و سبهی دهبنه مێژوویهکی رهش بۆ
نهوهکانی داهاتوومان، تۆ ناتوانی بڵێی ئەمە سیاسەتە و کاری شالیاریی
ئهو جۆره دیبلۆماسییهتهی پێویسته، گەر واش بێ ئهوه هەر
دیبلۆماسییهت و سیاسەتێکی دۆڕاو و دژ به گهله.
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|