٥\١٢\٢٠١١
جیاوازییەکانی
نێوان
دەسەڵاتی مەسعود
بارزانی و سەدام حوسێن لە کوردستاندا.
عامر سابیر
سەدام و بەعسەکەی لەگەڵ مەسعود و پارتییەکەی،
لە دڕندەیی و سەکوتدا هێندە لەیەکئەچن دۆزینەوەی جیاوازی لە نێوانیاندا
کارێکی ئاسان نییە.
لێرەدا ئەتواندرێ هێما بەم جیاوازیانە بکرێ
یەکەم: لەسەردەمی سەدامدا کرێکاران و فەرمانبەرانی مووچەخۆر، ئەو
مووچەیەی وەریان دەگرت، بە ئاسانی بەشی کڕێی خانوو وە بەسەربردنی
ژیانێکی ئاسایی دەکرد. بەڵام لەسەردەمی مەسعوددا بۆ زۆربەی خەڵک مووچە
بەشی تەنها کرێی خانووش ناکات، بۆیە زۆر لە مووچەخۆران ناچارن دوو سێ
ئیش بکەن تا پێداویستی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن.
دووەم: سەدام لەداهاتی گشتی وڵات، بەناوی باوکی یان بەناوی گوووندەکەی
و خێڵەکەیەوە، ڕێکخراوی خێرخوازی دروستنەکردبوو. بەڵام مەسعود بەناوی
قەبیلەکەیەوە ڕێکخراوی خێرخوازی دامەزراندووە و بە پارەی دزراوی خەڵک
خێرخوازی دەکات. لە کوردستاندا ئەگەر داهاتی خەڵکەکەی لەلایەن مەسعود و
پارتییەکەی و هاوشێوەکانییەوە نەدزرێت، ئەوا ئەم وڵاتە هەژاری تیانابێت
تا پێویستی بە خێری قەبیلەکەی مەسعود هەبێت.
سێیەم: سەدام نەیارانی سیاسی خۆی بە ئاشکرا ئەگرت و ئەکوشت، هەرگیز
ئینکاری لە زیندانیکردن و ئیعدامکردنی نەیارانی سیاسی خۆی نەدەکرد.
بەڵام مەسعود و پارتییەکەی نەیارانی سیاسی خۆیان ئەدزن، پاشان
لاشەکانیان فڕێدەدەن، بەردەوام ئینکاری لەتاوانەکانیان دەکەن وەیان
ئەیدەنەپاڵ تاقم و گروپ و کەسانی تر.
چوارەم: سەدام کە لێبووردنی گشتی دەردەکرد، هەموو جارێک چەندین نەیاری
سیاسی خۆی و حیزبەکەی ئازاد ئەکرد، بەڵام مەسعود کە لێبووردنی گشتی
دەردەکات، نزیک بەهەموو ئەوانەی ئازادی ئەکات ژنکوژەکانن لەبابەتی
سالەموزەلی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لێبووردنی گشتی تەنها لەو وڵاتانەدا
دەردەکرێ کە یاسا و دادگاکەی شانۆگەری ڕیسوایی دەسەڵاتە و دکتاتۆری وەک
مەسعود و سەدام خۆیان سەپاندووە بەسەریدا و بەڕێوەیدەبەن.
پێنجەم: لەسەردەمی سەدامدا جەندرمەی تورکیا مۆڵگەی نەبوو لە قووڵایی
خاکی کوردستاندا و جەیشی تورکیا تەنها ئەیتوانی 5 کیلۆمەتر سنوری
ئاسمانی ببەزێنێ بە پێی ڕێکەوتنی نێوانیان. بەڵام لەسەردەمی مەسعوددا
فڕۆکەی تورکیا ئەگاتە قەزای ڕانیە و سۆران و ئاڵای تورکیا لەسەر ناقیلە
و مۆڵگەی جەندرمە ئەشەکێتەوە لە قووڵایی خاکی کوردستاندا و پاراستن و
زێرەڤانییەکانی مەسعود بارزانیش پارێزەریانن.
شەشەم: سەدام باسی (دیموکراسی و هەڵبژاردن و مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی)
هێندە نەدەکرد و خەڵکی زۆر ئیزعاج نەدەکرد. بەڵام مەسعود مێشکی سەری
خەڵکی کوردستانی بردووە بە قسەکردنی زۆر و بێناوەڕۆک دەربارەی ئەم
زاراوانەی سەرەوە. مەسعود و قەبیلەکەی کە تەمەڵ و تەوەزەل دانیشتوون و
ئەدزن و یاری بە کێشە و چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە ئەکەن، هێندە منەت
بەسەر خەڵکی کوردستاندا ئەکەن هەر ئەڵێی ڕۆژ تا ئێوارە ئەوان کرێکاری
ئەکەن و کرێکەیان ئەدەن بە خەڵکی کوردستان.
حەوتەم: لەسەردەمی سەدامدا لەیەکێک لەساڵەکانی دەیەی هەشتاکانی سەدەی
ڕابردوودا، لە بانکی ڕەشیدی سلێمانی لە حیساباتی جەردی ساڵانەدا دوو
فلس دیارنامێنێ، بۆیە سێ ڕۆژ هەموو فەرمانبەرانی ئەو بانقە مەشغوڵی
بەسەرداچوونەوەی فایلەکان دەبن تا دەیدۆزنەوە لەکوێدا هەڵەکراوە. بەڵام
لەسەردەمی مەسعوددا بە ملیۆن و بە ملیار لە دینار و لە دۆلار
دیارنامێنی، هەر باسیشی ناکەن و هەر خۆیان دیزە بە دەرخۆنەی ئەکەن.
هەشتەم: لە عێراقی سەردەمی سەدامدا موئەسەسات بەڕێوەدەبرا، تەنانەت
ئێستا سەدام کە خۆی و ڕژێمەکەشی نەماوە بەڵام یاساکانی تا ئێستا لە
کوردستانی سایەی مەسعود و عێراقدا کاری پێدەکرێ. بەڵام مەسعود ئەوە
بیست ساڵە باسی دامەزراندنی موئەسەسات دەکات، بەڵام تا ئێستا یەک
موئەسەساتیان نییە لە کوردستاندا، وە هەرگیز ناشتوانن دایمەزرێنن و
هەیانبێت. تا ئێستا هێزەکانیان میلیشیایە و حکومەتەکەیان عەشیرەتییە.
نۆیەم: مەسعود و حیزبە منداڵ کوژەکەی بۆ هەندێ لە تاوانەکانی ئەنجامی
ئەدەن، لەژێر فشار و ناڕەزایەتی خەڵکی ناڕازی کوردستاندا زوو زوو
لیژنەی لێکۆڵینەوە دروستئەکەن، بەڵام تا ئێستا ئاکامی لێکۆڵینەوەی هیچ
لیژنەیەکیان نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان قانع بکات. سەدام ڕاستگۆتربوو،
لیژنە و شتی وای دروستنەدەکرد بۆ خۆ لێبەریکردن و پەردەپۆشکردنی تاوان
و خۆڵکردنە چاوی خەڵک.
دەیەم: لەسەردەمی سەدامدا شتی ئێکسپایەر نەدەفرۆشرا، دەوڵەت هەموو
شتێکی ئێکسپایەری کۆدەکردەوە و تەعویزی تەواوی ئەدایەوە بە وەکیل و
دوکاندارەکان، وە باشترین جۆری هەموو شتێک هاوردە دەکرا. بەڵام لە
سایەی دەسەڵاتی مەسعوددا کوردستان بووە بە زبڵخانە، هەرچی شتی خراپ و
ئێکسپایەرە ئەڕژێتە ناوی.
یازدەیەم: لەسەردەمی سەدامدا وەک ئێستای سەردەمی مەسعود، بازاڕ و نرخ
بەرەڵا نەبوو.
٤\١٢\٢٠١١
ماڵپهڕی عامر سابیر
|