په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١١\٢٠١٤

چۆن مرۆڤ دەبێتە قارەمان؟


دارا مەحمود      

 

نزیک بە دوو مانگە سەردێڕی زۆربەی هەواڵەکانی جیهان کوبانێیە و لە هەر ناوهێنانێکی کوبانێشدا باس لە قارەمانێتیی شەڕوانانە. و گەلێکان ئەم پرسیارە لەخۆیان و خەڵکی تر دەکەن، کە لە ژێر کاریگەری کێهە فاکتەردا کچان و کوڕانی کوبانێ بەرخۆدانێکی وەها قارەمانانە دەنوێنن؟ و بە گشتیی چی وا لەمرۆڤەکان دەکات لەشوێنێک ترس لەخۆ نیشان بدەن و لەشوێنێکی تریش نەترسیی..؟ بۆچی سوپای عیراق، لە موسڵ و تکریت، بە مۆدێرنترین چەکوچۆڵی سەربازیی ئەمریکاییەوە بەفیرقەو فەیلەق خۆیان لەبەر داعش نەگرت، کەچی شەڕوانانی کوبانێ بەسادەترین چەکی سوکەوە ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند؟ بۆچی کورد بەگشتی و بەدیرۆکی خۆی نەتەوەیەکی ئازاو شەڕکەرە، و لەناو کوردیشدا بۆچی گروپێک لەیەکێکی تر دلێرانەتر دەجەنگێت...؟


مرۆڤی قارەمان، یان دلێرو نەترس، لەهەموو قۆناغەکانی دیرۆکی مرۆڤایەتی، و لەهەموو کۆمەڵگایەکدا، بەئاست و واتاو چەندایەتی جۆراوجۆر هەبووەو دەبێت. و بوون بەقارەمان شتێکی سروشتکرد نییە. بەڵکو لەژێر کۆمەڵێک فاکتەردا بەدیدێت. و هەرکات ئەم فاکتەرانە و بارودۆخی کاراییان لەئارادابێت، مرۆڤی قارەمان درووست دەبن.


قارەمان، لەپێناسەی سادەی کۆمەڵگادا، بەمرۆڤی نەترس و لەخۆبردوو، گیان لەسەردەست... دەگوترێت. بەڵام لەپێناسە ڕاستەقینەکەیدا مرۆڤ بەتەنیا بە ئازایەتی نابێت بە قارەمان، هەروا هەموو قارەمانێکیش پێویست نییە ئازاو نەترس بێت، چونکە گۆڕەپانی قارەمانێتی تەنیا بەجەنگ و ڕوبەڕوبوونەوەی مەرگ سنووردار نابێت.


ئەندامی باندەکانی مافیا، زۆربەیان مرۆڤی شەڕکەرو نەترسن، بەڵام نابن بە قارەمان، چونکە بۆئەوەی نەترسی ببێتە سەرچاوەی قارەمانێتی، مەرجێکی تریشی پێویستە کە بەئامانجی ئەو ئازایەتییەوە گرێدراوە. بەم واتایەی خاوەن ئامانجێکی پیرۆزبێت. بەڵام ئامانجی پیرۆز، بۆخۆی چەمکێکی لاستیکییەو هەرکەس ئامانجەکەی خۆی پێ پیرۆزە. کەواتە لانیکەم کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی پێویستە تا ئامانجێک بچێتە خانەی پیرۆزییەوە. بۆنموونە هیچ دەستدرێژکارێک ناتوانی خاوەن ئامانجی پیرۆزبێت. هەروا ئەوئامانجە مەزهەبیانەی لەسەر بنەمای خورافات، یان بەپشتبەستن بەتێکست و ڕێنمایی و فتوایەک کە هەرکەس دەتوانێ بۆخۆی دایانبنێت و سەرچاوەکەی بۆخواوەند بگێڕێتەوە ودژی لۆژیکی مرۆڤایەتیی بن، ناتوانن پیرۆزبن.


لەگەڵ ئەمەدا مەزهەبیش دەتوانێ خاوەن پەیام و ئامانجی پیرۆزبێت و مەزهەبگەرایانیش بەپێوانەی مرۆڤایەتی ببن بەقارەمان. بەومەرجەی خۆی دەستدرێژکار نەبێت و لەپێگەی بەرگریی لەخۆی و خەڵک و خاک و ئابڕوومەندییەکانیدا بێت.


قارەمان نازناوو پێگەیەکی مەعنەوی بڵندە کە کۆمەڵگا بەو مرۆڤەی دەبەخشێت کە خاوەن شایستەیی تایبەت بێت. ئەو شایستەییەش یان لەڕێگای نواندنی ئازایەتیی و بەختکردنی گیانی و یانیش بەدەستهێنانی ئامانج و دەستکەوتێک کە لەتوانای هەموو کەسدا نییەو بشبێتە مایەی سەرفرازیی و شانازی گەلونەتەوە.
چەتەکانی داعشیش نەترسن، پێشیانوایە خاوەن پەیام و ئامانجی هەرە پیرۆزن و بەلای لایەنگرانی خۆشیانەوە قارەمانن.بەڵام ئەوانلەگەڵ ئەو مرۆڤە خۆفرۆشانەدا بەراورد دەکرێن کەلە فەرهەنگی کوردیدا بە جاش ناودەبرێن. بەجیاوازییەکی بچوکەوە: جاش، خۆیبەپارەو دەستکەوتی مادی دەفرۆشێت، کەدەستبەجێ، یان بەزوویی وەریدەگرێت. بەڵام چەتەکانی داعش و تەواوی ئەو مەزهەبگەرایانەی لەپێناوی بەهەشتدا ئازایەتی دەنوێنن، پێیانوایە پاشان (دوای مەرگ) وەریدەگرن. و ئەگەر ئەو باوەڕە ساختەیان نەبێ کە ئارەزووە مادییەکانی ئەم جیهانەیان لەبەهەشت دەستدەکەوێت، نەڕەزامەندیی خوا جێگای ڕێزو و نەمەرگیش لەپێناوی خوادا واتایەکی دەبێت.


بەڵام جێگای خۆیەتی بپرسین، ئەگەر مۆتیڤی مەزهەبگەرایان لەقوربانیدان و نواندنی ئازایەتی، حۆری چاوگەشی ڕووتوقوتی بەهەشت و یانیش بەگشتیی پادەشتەکانی خواوەندیی بێت. ئەدی پاڵنەری ئەو مرۆڤانە چییە کەلەدەرەوەی باوەڕە مەزهەبییەکاندا دلێرانە و بەشادمانییەوە بەرەو مەرگ هەنگاودەنێن و هەندێ جاریش مەرگی حەتمی هەڵدەبژێرن؟


شتێکی بەڵگە نەویستە کە مرۆڤ بەسروشتی خۆی هیچ کارێک بێ دەستکەوت و بەرابەری مادی یان مەعنەوی ئەنجام نادات. کەواتە قارەمانیش هەروا بەخۆڕایی بێ دەستکەوت، درووست نابێت. و لانیکەم دەبێ یەک یان چەندلەم پاڵنەرانەی خوارەوە ڕۆڵیان گێڕابێت:


١- چیژی ویژدانی: کە بریتییە لەو چیژو خۆشیەی مرۆڤ بەر لەمەرگی دەگاتە ئەم باوەڕەی کە مەرگی ئەو لە پێناوی بایەخێکدایە. کەدەتوانێ بۆ پێشگرتن لەمەرگی ژمارەیەکی زۆرتر لەمرۆڤ یان لەناوبردنی زوڵم و ستەم، یان پاراستنی خاک و چارەنووسی خەڵک، یانیش بەگشتی بەدەستهێنانی بەختەوەری بۆخەڵکانی تر... کارییگەر بێت. و وەڵامدانەوەی ویژدانیش، هەمیشە بەپرسە سیاسییەکان و بەگۆڕەپانی جەنگ، یان زیندان و ژێر پەتی سێدارە سنووردار نەبووە. بەڵکو دەکرێ لەهەر بوارێکی ژیاندا. پزیشکێک، وپەرستارێک، کە لەڕێگای چارەسەری تووشبوانی ئیبۆلا، بۆخۆی نەخۆش دەکەوێت. ئاگرکوژێنەرەوەیەک کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی منداڵێک و هەندێجار ئاژەڵێکدا بۆخۆی دەسوتێت. تەنانەت فڕۆکەوانێک کەفڕۆکەکەی خەریکی کەوتنە، بەڵام ئەو لەبیری ئەوەدایە کە نەکەوێتە سەر شارێک یان گوندێک و لەشوێنێکی بەتاڵدا بەربێتەوە. مەلەوانێک کەخۆبەخشانە بۆڕزگارکردنی کەسێک کە لەئاودا خەریکی خنکانە، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە... و چەندان نموونەی تر هەموو قارەمانن.


٢- بیروباوەڕو پرەنسیپ: بیروباوەڕ ئەو فاکتەرە کاریگەرەیە، کە پێشتر مرۆڤ ئامادە دەکات و ڕایدەهێنێت لەسەر پابەندبوون بەکۆمەڵە پرەنسیپێکەوە، و تاکی مرۆڤ لەوەی موڵکی خۆی بێت، بەرەبەرە دەبێتە موڵکی شتێکی لەخۆی گەورەترو ئەگەر ئەوشتە گەورەیەش بیروباوەڕی مرۆڤدۆستی بێت ئەوە بەخۆشویستنی مرۆڤایەتیی گەشەدەکات و ئەم باوەڕە لەمێشکیدا دەچەسپێت کە ژیانی تاک بایەخدارترین شتێک نییە لەجیهانداو ژیانی زۆرینەو کۆمەڵگاو پاراستنی بایەخ و دەستکەوتەکانی، بەپلەی یەکەم دێن و هەرکات پێویست بێت، لەنێوان تاک و کۆمەڵگادا، یەکێکیان لەناو بچێت، هەمیشەو لەهەموو قۆناغەکانی دیرۆکی مرۆڤایەتیدا ئەوە تاک بووە کە پێویست بووە ببێتە قوربانیی. کەزۆربەی جارەکان ئەم کارە بەزۆر بووە، جاری تریش خۆبەخشانەو قارەمانانە. کە لێرەدا باسی ئێمە لەسەر لایەنە خۆبەخشانەکەیە. ئەوخۆڕاگرییەی خەباتگێڕان لەزیندانەکاندا لەڕووبەڕووبوونەوەی شکەنجەدا دەینوێنن، وبەرگەی شکەنجەدەگرن بەڵام واز لەباوەڕەکەیان ناهێنن، و یان نهێنییەکان ئاشکرا ناکەن و ناوی کەسانێک ناهێنن کە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە... لەئاکامی پتەوی بیروباوەڕ بەو کۆمەڵە پرەنسیپانەیە. کۆمۆنیستەکانی یەکیەتی سۆڤیەت، لەبەرانبەر سەربازانی نازیدا، جەنگاوەرانی ڤێتنام لەبەرانبەر سەربازانی ئەمەریکاییدا، ئازادییخوازانی ئیسپانیاو ئیتالیاو یونان لەبەرانبەر فاشستەکانداو ئەمڕۆش شەڕوانانی کورد لەکوبانێ لەژێر کاریگەریی ئەم فاکتەرەدا خۆبەخشانە دەجەنگن. ئەم شتەش کە قوربانیدان لەسنووری تاکەوە دەگوازێتەوە ناو سنووری گروپ و کۆمەڵ بریتییە لە ڕێکخستن و دیسپلینی بەرز.


٣- ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی: بەگشتی ڕۆڵی سەرکردایەتی لەئاراستەکردنی تاک و گروپ بەرەو ئامانجی دیارییکراو، و بەدەستهێنانی سەرکەوتن، حاشاهەڵنەگرە. و تا ئەو سەرکردایەتییە پتر مایەی خۆشەویستی و متمانەی خەڵک بێت، مرۆڤەکانی ژێر فەرمانی پتر ئامادەیی و شێلگیرییان تێدا دروست دەبێت کە بێ ئەوەی بیر لە پاراستنی ژیانی تاکەکەسی خۆیان و چێژە ئانییەکان بکەنەوە، خەباتکردن و قوربانیدان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بەپلەی قارەمانێتی چ بەزیندوێتی یان شەهیدبوون بۆخۆی ببێتە ئامانجی هەرەگەورەو لەهەمان کاتدا لوتکەی چیژو خۆشیی دەروونی. چنکە نواندنی کاروچالاکی لەپێناو باوەڕێکی پتەودا چێژەکەی لەسەروی هەر چێژێکی ترەوەیە. و جێگای گوتنە کە مەرج نییە هەمیشە هەر سەرۆکێک خۆشەویستی خەڵک بێت و لەهەندێ قۆناغی دیرۆکیدا توانای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هەبێت، سەرکردەیەکی باش و خاوەن پەیامێکی ڕەوای مرۆڤانەبێت. هێتلەر، ستالین، سەدام حوسێن، ئەبوبەکربەغدادی... نموونەی ئەو سەرکردانەن، کەلەقۆناغێکی ژیانیاندا، توانای خڕکردنەوەی خەڵکێکی زۆریان لەدەوری خۆیان هەبووە. بەڵام لە هەرە دڕندەو خوێنڕێژەکانی دیرۆکیشن.
هەروا بەدوور لەڕۆڵی باش یان خراپی سەرکردە، هەمیشەو لەهەموو قۆناغە دیرۆکییەکاندا، پاراستن، یان خۆشنوودی و پێزانینی سەرکردەو ڕێبەر، بۆگەلێکان لوتکەی قارەمانێتی بووە.


فڕۆکەوانە ژاپۆنیەکانی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی کە بە کامیکازی ناسراون بە خۆیان و فڕۆکەکانیانەوە هێرشی خۆکوژیان دەکردە سەر کەشتییە جەنگییە ئەمریکاییەکان،و ئەم کارەیان بەپلەی یەکەم بۆ ڕازەمەندیی و لەپێناوی ئیمپرتۆردا، کە پێگەی خواوەندیی هەبوو، دەکرد. و لەقۆناغە جیاوازەکانی ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردیشدا، خۆبەختکردن و مردن لەپێناو پاراستن، یان لەبەرخاتری ڕێبەرو بەڵکو تەنیا بۆ پێزانینی ئەو ڕێبەرە هەبووە. و لەحەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی سەردەمی بەعس، کاتێک ئەندام و پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان حوکمی ئیعدامیان دەردەچو، وەسیەتیان دەکرد، و دەیانخواست کەمام جەلال لە ئیستگەکەیانەوە ناویان بهێنێت. ئەمە بۆخۆی مۆتیڤێک بوو بۆخۆڕاگریی بەڵام بێگومان ناتوانین وەک تاکە فاکتەر ناوی بهێنین. هەروا ساڵی ١٩٩٩ کاتێک عەبدوڵا ئۆجالان ناچارکرا سوریا جێبێڵێت و بێتە ئەوروپا، و مەترسی دەستگیرکرن و تەنانەت لەناوبردنی ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی دەسەند لایەنگرانی دەستیانکرد بەخۆسووتاندن. هەرچەندە ئوجالان تکای لێدەکردن ئەم کارەنەکەن، چونکە هیچ سوودو دەستکەوتێکی بەدواوە نییە، بەڵام ژمارەی ئەوانەی خۆیان دەسووتاند هەرڕۆژ پتر دەبوو. ئەوان دەیانخواست بۆسەرۆکەکەیانی بسەلمێنن و بەرلەوەی ئەو بگیرێت یان لەناو ببرێت بابزانێت کەئەوان تاکۆتایی بەوەفاداریی بۆئەو مانەوە. و ژیانی سەرۆکەکەیان پێ لەژیانی شەخسی خۆیان بایەخدارتربوو. بێگومان هەبوونی فاکتەرو هۆکاری تری وەک بێهیوایی، توڕەبوون، هەوڵدان بۆ پتر ڕاکێشانی سەرنجی جیهانیش لەم پرسەدا ڕەتناکرێتەوە.


٤- ناوداربوون و بەدەستخستنی خۆشەویستیی خەڵک: مرۆڤ بەگشتی وەک سروشتێکی خۆی هەمیشە خولیای ناوبانگ و هەمیشە بۆی گرنگ بووە، کاروچالاکییەکانی ببنە مایەی سەرنج و ڕێزو پێزانینی خەڵک. و بەتایبەتیش لەم سەردەمەداو بەهۆی ئاسانبوونی پەیوەندییکردن لەڕێگای تەکنیکی جۆربەجۆرەوە، بڵاوبوونەوەی خێرای وێنەو فیلم و ڕیپۆرتاژو گواستنەوەی کاروچالاکییەکان، مرۆڤی قارەمان زووترو کارییگەرانەتر بە جیهان دەناسێنرێت و ئەمانە بۆخۆیان دەبنە هاندانێکی زۆر کارا بۆ ئەوەی والەمرۆڤ بکەن بەرەو قارەمانبوون هەنگاو هەڵێنێتەوەو بیرلەگەڕانەوە بۆدواوە نەکاتەوە. و بەواتایەکی تریش دەتوانین بڵێین پشتیوانی خەڵک بەشێوازێکی زۆر لەهەر کارو چالاکییەک، سەرچاوەو پاڵنەرێکی کاریگەرو هەندێجار یەکلاییکەرەوەیە لە ورەوەبەرنان و هاندان بۆ خۆڕاگریی و نەبەزین.


سەرەڕای ئەمە، ڕیزگرتن لەشەهیدو خانەوادەکەی، بەناوکردنی کۆڵان و شەقام و گوندو قوتابخانە... پەیکەر بۆدروستکردن و ناوهێنانی شەهیدان لەسرودوگۆرانییەکاندا، وهاوکاریی هەمەلایەنەی خانەوادەکانیان... دەتوانن ڕۆڵیان لەهانداندا هەبێت. لەمڕووەوە باکور، وڕۆژئاوای کوردستان زۆر بەبایەخەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم فاکتەرەدا دەکەن. بەڵام لەباشووری کوردستان، لەترسی ئەوەی نەوەک ورەی خەڵک بڕوخێت، ژمارەو ناوی شەهیدەکان دەشارنەوە. و تەنیا ئەو شەهیدانەش ناویان دەهێنرێت ویادیان دەکرێتەوە کە خاوەن پلەی بەرپرسیارێتی بوون. و ئەم کارانەش ئاکامی پێچەوانە دەدەن بەدەستەوە.


٥- بەکارهێنانی قارەمانێتی وەک چەک: لەفەرهەنگی خۆرئاوایی و ئەمەریکاییدا، چەمکی قارەمان بەمجۆرەی لەناو ئێمەو کۆمەڵگاکانی هاوشێوەماندا هەیە، نییە. چونکە ئەو ئامانجەی کە ئێمە بەقوربانیدان و گیانفیدایی بەدەستی دەخەین ئەو لەڕێگای تەکنیک وچەک پێیدەگات. بۆنموونە، ئەگەر پێنج کەس لەشەڕڤانانی کورد بەچەکی سوکەوە بخوازن ڕووبەڕووی سەد چەتەی داعش بنەوە، ئەوە بێ قوربانیدان، ونواندنی قارەمانێتی ئەنجام نادرێت. بەڵام وڵاتێکی وەک ئەمەریکا بەئاسانی و لەڕێگای فڕۆکەوە بێ ئەوەی قوربانیدانی مرۆیی پێویست بێت دەتوانی کاریگەرانەتر هەمان کار، واتا پێشگرتن و لەناوبردنی ئەو سەد چەتەیە ئەنجام بدات. و بەواتایەکی تر هەتا چەک و تەقەمەنی قورسترو کارییگەرتر بەدەستەوەبن کەمتر پێویست بەنواندنی ئازایەتی دەبێت و پێچەوانەکەشی دەبێتە پێویستییەکی حەتمی و یانیش تێشکان و هەندێجاریش کارەسات. و کوردیش کە بەدرێژایی دیرۆکی خۆی ڕووبەڕووی گەلێک هێرشی داگیرکارانە بۆتەوەو زۆربەی هەرەزۆری جارەکانیش لەڕووی هێزی سەربازیی و چەکوچۆڵەوەو بەبەراورد لەگەڵ هێرشکاراندا لاواز بووە، ناچاربووە بەقوربانیدان و فیداکاریی و قارەمانێتی ئەم لاوازییە پڕکاتەوەو هەبوونی خۆی بەسەر خاکەکەیەوە بپارێزێت.


٦- بەشدارییکردنی ژن: سەرەڕای ئەو فاکتەرانەی سەرەوە یەکێک لەتایبەتمەندییە گرنگەکانی کوبانێ سەبارەت بەرخۆدانی قارەمانانەی، هەبوونی فاکتەری ژنە. چ وەک، بەشدارییەکی ڕاستەوڕاستی خۆی، وەک فاکتەری مرۆیی، لەڕووی ژمارەوە، و یانیش وەک فاکتەری پشتیوانی و ورەوەبەرنان. کە ئەمە لەدیرۆکی مرۆڤایەتیدا بەم ئاست و کاریگەرییەوەوە بێوێنەیە.چونکە ڕۆڵی ژن بەشێوازە کلاسیکییەکەی، تائاستێک نێگەتیڤە لەجەنگ و خوێنڕشندا. و پیاو کاتێک بیری بەلای ژن و منداڵی خۆیەوە بێت، و هەمیشە لەلایەن خانەوادەوە لەبری هاندان، سارد بکرێتەوە، ورەی لاوازدەبێت، و شەڕی پێناکرێت. بەواتایەکی دیکە زۆربەی هەرەزۆری ژنان لەگەڵ ئەمەدان پیاوان قارەمانێتی و فیداکاریی بنوێنن و نەتەوە بگەیەننە لوتکەی سەرکەوتن، بەڵام بەو مەرجەی قوربانییەکان کەسوکارو پیاوە نزیکەکانی ئەوان نەبن. بەڵام کوبانێ ئەم نەریت و شیوازی بیرکردنەوەیەی لەناوبرد. لەکوبانێ، ژن ومێرد، خوشک و برا، باوک و کچ، وەک چەندان نموونەی زیندوو لە گۆڕەپانی شەڕ و لەسەنگەرەکانی هەرەپێشەوەدا پێکەوە شەڕیانکردو شەڕدەکەن. و لەمڕوەشەوە سەرکردەکان بەناردنی کچ و خوشک و هاوسەرەکانی خۆیان بۆ بەرەکانی شەڕ... بوونە دەستپێشخەر بۆئەوەی سەنگەرەکان ببنە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گەل، نەک تەنیا پیاو.


بەڵام گۆڕەپانی قارەمانێتی بواری تریش دەگرێتەوە کە مەرج نییە نواندنی ئازایەتی تێدا پێویست بووبێت. پشبڕکێ وەرزشیەکان، بوارەکانی داهێنان لەئەدەب و هونەرو زانستدا، بەهاناوەچونی لێقەوماوان، بنیاتنان... بەهەمان ئەندازەی گۆڕەپانەکانی شەڕ دەتوانن مرۆڤی قارەمان بەرهەم بهێنن و ببنە مایەی سەرفرازیی نەتەوەو دەستکەوتی بایەخداری وەهای بەدواوە بێت، کە بەڕێبازی جەنگ، لەتوانادا نابێت.

 

ماڵپه‌ڕی دارا مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک