په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٢

داھاتووی نادیاری عێراق.


     دیرک ئادریاینسنس                                                                                        لە ھۆڵەندییەوە: یوسف عەلی پور


بە بۆنەی شەڕی کەنداوەوە و لە ساڵی ١٩٩١دا وەزیری ئەوکاتی کاروباری دەرەوەی عێراق جەیمز بەیکر روو بە تاریق عەزیز وەزیری ئەو کاتی کاروباری دەرەوەی عێراق وتی: "ئێمە دەمانھەوێت وڵاتەکەتان خاپور بکەین و بیگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین". ئەو وتەیەش وەدی ھات. پاوڵ وۆڵفۆویتز، جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٢دا رایگەیاند کە "وڵاتەکەی دەیھەوێت کۆتایی بێنێت بەوانەی کە پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکەن". بەڵام عێراق بۆ خۆی تەفر و تونا بوو. سەربازانی ئەمریکی لەو کاتەوە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ەوە بڕیاری پاشکەشەیان لەو وڵاتە بۆ دەرکرا، وەڵاتێکی عەیب داریان لە دوای خۆیان بەجێھێشت. بە گوێرەی مافە نێونەتەوەییەکان، ئەمریکا دەبێ لە بواری یاسایی و ئەخلاقییەوە غەرامە و نۆژەنکردنەوەی عێراق بگرێتە ئەستۆ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ھیچ ھەنگاوێکی بۆ ھەڵناگیرێت.

ئەمڕۆ پاش نزیکەی ٩ ساڵ لە داگیرکاری و "دێموکراسی" ئەمریکا بۆ عێراق، بارودۆخی عێراق زۆر خرابترە بە بەراورد لە گەڵ پێش ھێرشی ئەمریکا. پەروەردە و تەندروستی لە عێراقدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە نەک ھەر باشتر نەبووە، بەڵکو بە رادەیەکی بەرچاویش دابەزیوە. بە میلیۆن کەس لە خەڵکی عێراق لە کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە بێبەشن. کەم نین ئەو ژن و مناڵانەی کە بەشێوەیەکی دڵھەژێن تووشی کارەساتی جۆراوجۆر دەبنەوە. فێندەمینتالیزمی ئایینی لە رژێمی عێراقدا - ئەو رژێمەی کە بە پشتیوانیی ئەمریکا دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت - جێگە و پێگەی ژنانی زۆر نالەبارتر کردوە و بەشێوەیەکی بەرچاو دەستی ئەوانی لە پەروەردە و دامەزراندندا کورت کردوەتەوە.


لە لێکۆڵینەوەیەکی دوکتۆر سەعاد ئەلعەزاویدا دەردەکەوێت کە لانیکەم ٨٥٪ی ئەو ژنانەی کە خوێندنی باڵایان تەواو کردوە، بێکارن. ژنانی عێراق بەر لە ساڵی ١٩٩١ وەکو گەورەترین پارێزەری مافە بنەڕەتیەکانی ژنان و باڵاترین کەسەکان لە بواری فێرکردن و بارھێنان لە ھەموو ناوچەکەدا دەناسرانەوە. ئەگەر لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی عێراقدا بمانھەوێت رۆڵی ژنان ھەڵسەنگێنین، دەتوانین زۆر بەھاسانی وەکو کارەساتێک ناوی بەرین. بەسەدان ژن لەم عێراقە بەناو ئازاد کراوەدا دەکوژرێن تەنیا بە ھۆی ئەوەیکە چالاکییە پیشەییەکانیان، رۆڵی سیاسیی ئەوان لەم وڵاتەدا و یان شێوازی جلوبەرگ پۆشینیان بۆ نمونە لەچک بە سەردا دانیان لە گەڵ ستانداردە باسکراوەکانی ئەوان نایەتەوە.


کەم نین ئەو ژنانەی کە رایانکردووە یان پیشەکانیان لە دەست داوە، کە ئەوەش بۆتە ھۆی ھەڵاتنی مێشکەکان و بەھۆی ئەوەشەوە تەندروستیی کۆمەڵگا ئیفلیج بووە. لەشفرۆشی ژنان پەرەی سەندووە، رێژەی بێوەژنەکان لە عێراقدا بە ٣ میلیۆن کەس دەخەمڵێندرێت و ٥ میلیۆن مناڵی بێ دایک و باوک واتە یەک لە پێنجی مناڵانی ئەم وڵاتە لە بارودۆخێکی زۆر دژواردا دەژین. ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ٤ میلیۆن کەس لە خەڵکی عێراق تا ھەنووکەش ئاوارە و دەربەدەرن، چ ئەوانەی کە تەریدەی ھەندەران بوون و چ ئەوانەش کە لە ناوی خۆی وڵاتدا ئاوارەن.


پاش تووندوتیژییە تاقمی و عەشیرەییەکانی ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٧ زۆربەی ئەو ئاوارانە ناتوانن رووبکەنەوە شوێنە پێشوەکانی خۆیان. ئابووریی عێراق داڕماوە و کارگاکانی بەرھەمھێنانیش لەناو چوون. ئەم بەناو دێموکراسییەی کە ئامریکا بەدیاری ھێناوە، لە راستیدا گاڵتەجاڕێکە کە تێیدا شیعەکان دەستێکی باڵایان لە دەستێوەردانی سیاسەت و گەندەڵیدا ھەیە. ٩٠٪ی جەماوەری عێراق لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا بەشێوەیەک لە شێوەکان تووشی خەسار بوون، زۆربەی مرۆڤەکان شایەتی کوشت و کوشتار، تەقینەوە و تووندوتیژیەکانی تر بوون. خۆتەقاندنەوە، قەتڵ و چاندنی بۆمب لە عێراقدا لە رۆژی ١٨ی دیسامبری ٢٠١١ەوە (لەو رۆژەوە کە ئامریکا زۆربەی سەربازەکانی خۆی لە عێراق کێشایەوە) ھەتا ئێستا، بوونەتە ھۆی گیان لە دەست دانی بە سەدان کەس لە جەماوەری عێراق.


راگەیەنەرە نێونەتەوەییەکان لێرەدا زیاتر لە پێویست سەرنج دەدەنە راپۆرتی حیزبە شیعەکان. ھەواڵەکان بە بەردەوامی باسی راھێنان لە دژی گروپی سوننە و تیرۆریستیی ئەلقاعیدە دەکەن، ھەر ئەوانەی کە ھێرش دەکەنە سەر شیعەکان.


بە بڕوای کارناسانی بواری ئاسایش، لە راستیدا گروپی ئەلقاعیدە لە عێراقدا رێکخراوێکی زۆر بچوکن، بەڵام دیسانەوەش لە مانگەکانی رابردوودا چەندین تەقینەوە لە شارەکانی موسڵ، تکریت، فەللوجە، بەغدا و روویداوە. زۆربەی ئەو شوێنە ناوبراوانە شوێنی نیشتەجێبوونی سوننەکانن، کەواتە شەپۆلی تەقینەوەکان خۆی بەسەر ھەموو وڵاتەکەدا دەکێشێت. ئەگەر وایە بۆچی پێشێتی(اولویت) راگەیەنەرەکان ئەوەیە کە بانگەواز بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ئەلقاعیدە و خەڵکی شیعە بکەن و خەڵکی شیعە وەکو قوربانیانی سەرەکی ناو بەرن؟ بۆچی ھیچ قسەیەک سەبارەت بە ھەزاران سوننەی تر ناکرێت کە لەم دواییانەدا لە سەرتاسەری وڵاتدا لە لایەن رژێمەوە دەست بەسەر دەکرێن؟ ئەی بۆچی ھیچ شتێک سەبارەت بە رژێمی توڕە و تۆسن و سێکتاریستیی نوری مالیکی نانووسرێت کە ماوەیەک لەمەوبەر "ئایینی شیعە"ی وەک شوناسی سەرەکیی خۆی ناو برد؟!

سێدارە و دەستبەسەرکردن.

لە ٢٨ی مانگی مەی ساڵی ٢٠١١دا، ئەمنێستی ئەنترناشیۆناڵ راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاو کردەوە کە تێیدا نووسرابوو: مافی مرۆڤ زۆر بە توندی لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی عێراق و سەربازانی ئەمریکیەوە پێشێل دەکرێت. لە راپۆرتەکەدا ھاتووە: بە ھەزاران کەس دەست بەسەر کراون بێ ئەوەیکە تاوانێکیان لە سەر سەلمابێت یان دادگایی کرابن و کەم نین ئەو کەسانەی کە ساڵانێکە لە بەندیخانەکاندا بەسەر دەبەن. ئەشکەنجە و شێوازەکانی تری ئەزیەت و ئازار لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی عێراقەوە ئاسایی بۆتەوە. بەرپرسانی قەزایی پاش دادگاییەکی ناعادڵانە سزای لەسێدارەدان بە سەر کەکسانی گومانلێکراودا دەسەپێنن و لانیکەم ١٣٠٠کەس لە چاوەڕوانی سێدارە دان.


رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ٩ی مانگی فێوریەی ٢٠١٢دا ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵدا ٦٥کەس لەسێدارە دراون و وتەبێژێکی حکومەتی عێراقیش رایگەیاند کە ھێشتا کەسانی تریش ماون کە سێدارە بکرێن. لە گەڵ دەسپێکی چوونەدەرەوەی سەربازانی ئەمریکی لە دیسامبری ٢٠١١دا لە عێراق، بە شێوەیەکی بەرفراوان دەست بە سەر کردنی خەڵک لە سەرتاسەری عێراقدا دەستی پێکردبوو. بە پێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ، ھێزە ئەمنیەکانی حکومەت لە مانگی دیسامبری ٢٠١١دا، لە ١٤ پارێزگادا ٢٢٠ ئۆپەراسیۆنیان رێکخستووە و لە ئاکامدا ١٧٢٦ کەس و لەوانە بە دەیان ژنیشیان دەستگیر کردووە. لە مانگی ژانویەی ٢٠١٢دا ٢١٠ ئۆپەراسیۆنی سەربازی رێکخراوە کە بە ھۆیەوە ١٣٨٨ کەس قۆڵبەست کراون. لە مانگی مارسدا ١٩٣جار ھێرش کراوەتە سەر شوێنە جۆراوجۆرەکان و بە ھۆیەوە ١٤٦٥ کەس قۆڵبەست کراون و چارەنووسی بەشێکی زۆر لە دەستبەسەر کراوەکانیش نادیارە و بنەماڵەکانیشیان بێ ھیوابوون لە گەڕان بەدوای ئازیزانیاندا. (لەم ئامارەدا قۆڵبەست کردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن یەکەکانی دژی تیرۆر، عەشایرەکان، ھیزی پێشمەرگە لە کوردستان و ھێزە چەکدارەکانی تر لەبەر چاو نەگیراون).


لە راستیدا عێراق یەکەمین وڵاتە لە جیھاندا کە خەڵکانێکی زۆری تێدا بێ سەر و شوێن کراوە و ئامارەکانیش باسی زیاتر لە ١ میلیۆن بێ سەروشوێن دەکەن.


بە لەبەرچاوگرتنی ئەم کارەساتە دڵھەژێنانە ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە کە پرسیارێک لە خۆمان بکەین: براوەی ئەم شەڕە شێتانەیە کێ بوو؟ عێراقیەکان تا ئەمڕۆش ھەر جەژنی گەڕانەوەی سەربازانی ئەمریکی دەگێڕن. نوری مالیکی سەرۆک وەزیران لە رێکەوتی ١٨ی دیسامبری ٢٠١١دا دوای گەڕانەوەی سەربازانی ئەمریکی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی عێراق کرد و پەیامی سەرکەوتنی بە گوێی خەڵکی عێراقدا دا. بەڵام بە داخەوە عێراق و جەماوەرەکەی گەورەترین دۆڕاوی ئەو کوشت و کوشتار و کاولکاریەن کە لە ساڵی ١٩٩١دا و بە شەڕی کەنداو دەستی پێکرد، بە ئابڵۆقە نێونەتەوەییەکان لە ساڵانی ٩٠دا قوڵتر بۆوە و بە ھێرشی ئەمریکا و بریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەوپەڕی خۆی گەیشت. ٩٩٪ی خەڵکی ئەمریکاش ناتوانرێت وەکو براوەی ئەو شەڕە ناو ببرێن. شەڕێک کە بە وتەی ئابووریناس و پرۆفیسۆر ژۆزێف ستیگلیتز زیاتر لە ٤٠٠٠ میلیارد دۆلاری لە باجی خەڵکەکەی دابین کراوە. بێگومان تێچووی ئەو شەڕەش یەکێک لە ھۆکارەکانی قوڵتربوونەوەی قەیرانێکی ئابووریی بووە کە ئەمریکا لەم ساڵانەی دواییدا تووشی بووە و بەو ھۆیەشەوە خەڵکانێکی زۆر بێکار و بێ خانە و لانە بوون.

 


wsu_57@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک