٢٠\١٢\٢٠١٢
دارشەقەکانیان
زەوت مەکەن
مافەکانی بدەن.
کاردۆ محەمەد
نزیکەی مانگێکە ژمارەیەک لەخاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەھۆی
فەرامۆشکردنی مافەکانیان لەلایەن حکومەتەوە مانگرتنیان
راگەیاندووە،کەچی حکومەت نەک وەڵامی داواکارییەکانیان ناداتەوە بەڵکو
پۆلیس دەنێرێتەسەریان و دارشەق و عەرەبانەکانیان لێ زەوتدەکات و بەزۆر
شوێنی مانگرتنەکەیان پێ چۆڵدەکات،ئەوەی ئەمڕۆ ١٩/١٢/٢٠١٢ لەپایتەختی
ھەرێمی کوردستان دەرھەق بە خاوەن پێداویستییەتایبەتییەکان روویدا مایەی
شەرمەزارییە بۆ حکومەتێک کە بودجەیەکی زەبەلاحی لەبەردەستدایە و
بڕیاریشە لەساڵی ٢٠١٤ پایتەختەکەی بکرێتە پایتەختی بازرگانی وڵاتانی
ناوچەکە ،بەڵام ئامادەنییە بیر لە باشکردنی گوزەرانی کەم ئەندامان و
کەسانی کەمدەرامەتی ئەم ھەرێمە بکاتەوە، نزیکەی مانگێکە ئەوان لەبەر
سەرماو بارانی ئەم وەرزەدا لەبەردەرگای حکومەت و پەرلەمان و
دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان لەسەر مافەکانیان پێداگری ئەکەن،
بەشێوەیەکی مەدەنییانە داوادەکەن ،داوای کورسی دەسەڵات و ئۆتۆمبێلی
قەڵغان ناکەن شەڕی بودجە و ئاڵوگۆڕی پۆستەکان ناکەن ،ئەوان داوای مافی
ئینتیما ئەکەن ،ئەگەر ھاووڵاتی ئەم ھەرێمەن ،ئەی مافی ژیانیان کوا؟
بەداخەوە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی بچێتە پێشوازییان
و خودی خۆی داوای لێبوردنیان لێ بکات کە ئەو ماوەیە سەردانی نەکردوون و
داواکارییەکانیانی بەھەندوەرنەگرتووە،کەچی پۆلیس دەنێرێتەگیانیان بۆ
ئەوەی بەزۆر بڵاوەیان پێ بکات ،پۆلیسەکانیش بەبەرچاوی کامێراکانەوە و
بەبێ ھیچ شەرم و ویژدانێک مامەڵەی ناشرینیان لەگەڵ دەکەن و دارشەق و
عەرەبانەکانیان لێ زەوتدەکەن ، من بەزەییم بە دەسەڵاتێک دێت کە پێیوایە
کەمئەندامان وابەستەی عەرەبانە و دارشەقەکانیانن و نازانێت ئەوان
ئیرادەیەکی بەھێز و وزەیەکی بزوێنەریان لەناخدایە بەرەو گەیشتن بە ویست
و ئامانجەکانیان ،بۆیە باشتروایە دارشەقەکانیان لێ زەوتنەکەن و لەبری
ئەوە مافەکانیان بدەن.
ماڵپهڕی کاردۆ
محەمەد
|