٢٣\۴\٢٠١٠ دەبا هەندێک لە رۆژنامهنووسانمان هەناردەى دەرەوە بکەین!
رزگار کۆچەر
نزیککەوتنەوەى رۆژنامەنووسى کوردى لە ئاقارى ئازادیی رادەربرین پەیوەستە بەوەى کە ئاخۆ خودى ئەو بڵاوکراوەى کە رۆژنامەنووسەکە کارى تێدا دەکا چەند لە بەرژەوەندیی و گرفت و کێشەکانى خەڵک نزیک بۆتەوە، لە کاتێک زۆرجار هەندێ لەوانەى رۆڵى رۆژنامهنووس دەبینن بەهۆى بەرژەوندیی تەسکى کهسیی خۆیان نەوەک نەبوونەتە ئەو پردە بۆ گەیاندنى زانیاریی بۆ خەڵک بەڵکو زۆرجار رۆڵى چاوەشاکاریی خۆیان لە وونکردن و شوونبزرکردنى راستییهکان بۆ خەڵک بینیەوە.. بەڵکو هەندێک لەو بەناو رۆژنامەنووسانەى کە ئێستا لە هەموو بۆنەیەک بە دهستهیهک مکیاژ یا بە بۆیناباخێک یا بە کارتێکى پێنج دۆلارى خەڵات دەکرێن تەواوى رەوتى کارى رۆژنامەگەرییان شڵۆق کردووە.
تا ئێستا خودى سەندیکاى رۆژنامهنووسانى کوردستانیش نەیتوانیووە پێوەرێک بۆ دەستنیشانکردنى رۆژنامهنووس دابنێ، ئەوەى تەزکیەکى دەستگایەک بێنێت دەبێتە رۆژنامهنووس بۆیە، رۆژ لە دواى رۆژ ژمارەى رۆژنامەنووسانیش لە کوردستان زێدە دەبێ، لەنێو ئەو رۆژنامەنووسانەى کە من پێم وایە هەندێک لەوان خودى دەسەڵات دروستى کردوون.. زۆرجار کەسانێک بێ ئاگاداربوون لە رهوشتی رۆژنامهنووسیی و پرەنسیپەکانى کارى رۆژنامهنووسیی دەنووسن هەر ئەوانیش هەندێک جار رۆڵى راپۆرتنووس و چاوباشقاڵى ئەو بەرپرس و ئەو بەرپرس دەبینن.. بەڵکو کەسانێک کە ئێستا بەرگى رۆژنامەنووسیان هەر بە رێکهوت لەبەرکراوە بوونەتە بەشێک لە شەڕى دەزگا نهێنییەکان و تۆمهت بۆ ئەم و ئەو دروست دەکەن و بەناوی خوزارو هەڕەشە و سووکایهتیی بە هەموو کەسێک دەکەن تا بەرژوەندییهکانى خۆیان کە لاى هەندێ بەرپرسە لە کیس نەچێ.
لە هەمووش حاجباتى تر لاى من ئهوهیه کاتێک هەموو ساڵێک لەم رۆژانە کەسانێک خەڵات دەکرێن کە تا ئێستا نە وشەیەکیان نووسیوە نە جارێکیش تاقەتى ئەوەیان هەبووە کارى رۆژنامهنووسیی بکەن!
|