په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٠

گۆشه‌ی '' رۆژه‌ک نا رۆژه‌ک ''. (٥)

دەبێ هەموومان دوو به‌رابه‌ر باجى یاساى
(وەبەرهێنان) بدەینە تاتڵیساز ئاغا..!!


شێرزاد عومەر مەحمود


دەڵێن لە سەردەمانێکى زوو، ئەو کاتانەى کە هێشتا کوردە جولەکەکان لە کوردستان مابوون، رۆژێ لە رۆژان چەند جولەکەیەک، دەچنە لاى یەکێ لە ئاغاکانى دەشتى هەولێر. ئاغا لێیان دەپرسێت: فەرموون بۆچ کارێک هاتوونە هەتا بۆتان جێبەجێ بکەم.؟


جولەکەکان دەڵێن: جەنابى ئاغا هاتووینە هەواى ناوچەکەت بکڕینەوە.!!


ئاغاش هەتا پێى دەکرێ پێدەکەنێت و پێیان دەڵێت: ئاخر هەوا چۆن دەکڕدرێت، کە هیچ سوودێکى نیە بۆ ئێوە..؟!!


ئەوانیش دەڵێن: تو بیفرۆشە ئێمە، ئێمە خۆمان دەزانین چۆن بەکارى دەهێنین.!!


ئاغا دەڵێت: کاکە گیان.. ئەو قسە و داواکاریەى ئێوە لە نوکتە بترازێت هیچ شتى تر نیە، ئێوە چۆن جورئەت دەکەن گاڵتە لەگەڵ ئاغایەکى بەناوبانگ و دەسەڵاتدارى وەک من بکەن..؟!


ئەوانیش بۆ رازى کردنى ئاغا و نیشاندانى جدیەتى کارەکەیان کۆمەڵێک زێڕ و لیرە و پارە دەردەکەن و سوێند بۆ ئاغاش دەخۆن کە ئەوان قسەى جدى دەکەن و دوورە لە نوکتە و گاڵتە و ئەو شتانە. بۆیە ئاغا باوەڕیان پێدێنێت. بە پێکەنینەوە دەڵێت: دە باشە ئەوا من هەواى ئەو ناوچەیەم فرۆشتە ئێوە، ئێوەش بێنن پارەکەتان. ئەوانیش دەڵێن: ئێمە بەبێ پەیمان نامە هیچ شتێک ناکڕین، واتا دەبێت بەڵێن نامەیەکمان لەگەڵ مۆربکەیت کە تۆ هەواى ناوچەکەى خۆتت بە ئێمە فرۆشتووە. ئاغاش بە داواکارییەکەیان رازى دەبێت و بەڵێن نامەمۆر دەکات. جولەکەکانیش پارەکە دەدەن بە ئاغا. ئیتر مانگ دێ و مانگ دەڕوات تاوەکو وەرزى دروێنە دەست پێدەکات و ئیتر جووتیارەکان خەریکى شەنەباى خۆیان دەبن، ئەو شەنەبایەش بۆ ئەوەیە کە گەنمەکە یاخود جۆیەکەیان خاوێن بکەنەوە لە پوش و زیوان و ئەو شتانە. ئیتر لەو کاتە جولەکەکان پەیدا دەبن و دەچنە لاى جووتیارەکان و بەڵێن نامەکەى نێوان خۆیان و ئاغاى ناوچەکە نیشان دەدەن و دەڵێن: ئێمە هەواى ئەو ناوچەیەمان لە ئاغاتان کڕیوە بەپێى ئەو بەڵێن نامەیە، ئێستا هاتووینە بۆ کرێى بەکارهێنانى هەواکەى ئێمە. ئیتر جووتیارەکانیش رازى نابن باج بدەن. بۆیە دەچن بۆ لاى ئاغا و سکاڵاى ئەو کێشەیە دەکەن. بەڵام جولەکەکان بە ئاغا دەڵێن: ئێمە بە پێى مۆر و بەڵێن نامە هەواى ئەو ناوچەیەى ژێردەستى تۆمان کڕیوەتەوە بۆیە دەبێت هەموو جوتیارەکان باج بدەن. ئاغاش پارەى کڕینى هەواکەى خەرج کردووە ئیتر ناچار پشتى جولەکەکان دەگرێت و باج و سەرانەش لە تەواوى جووتیارەکان وەردەگرێت بۆ جولەکەکان.


لەسەر و بەندى ئەم بەسەرهاتە ئەمڕۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان کەوتۆتە تەڵەى کۆمەڵە سەرمایەدارێک کە رۆژگارێک بووە تبرعاتیان بەخشیوەتە شاڵاوەکانى ئەنفال لە باشوور و ئۆپەراسیۆنەکانى رەشەکوژی کوردان لە باکور و جیهادى خومەینى لە رۆژهەڵات، ئیبراهیم تاتلیساس و عادل موتەحدە و سەدان کۆمپانیاى تورکى و فارسی و عەرەبی ئەمڕۆ لە کوردستان بەو مەنتیقە سیاسەت دەکەن و (یاساى وەبەرهێنانى وڵاتێکى سیاسەت ناسەربەخۆی ئابورى سەربەخۆ)یان قۆرغ کردۆتەوە و هەر هەند بزانن رۆژێک گوندەکان و شارەکانمان پێ چۆڵ بکەن، کە ئێستا واى لێهاتووە لە شارەکانى ئۆزال و دەشتى بەهەشت و شارى خەونەکان و ناز سیتى و مۆدێرن سیتى و گەنجان سیتى و شارى زێڕین و ...هتد دەیان و دەیان پڕۆژەى ترى(هەوا کڕینەوە)یان لە پلان دایە بۆ ئەوەى لە ئایندە(باجى شنەباى هەوا) فرۆشراوەکانمان لێ بسەننەوە بە دووقات، ئێستا لەو شار و گوندە مۆدێرنانە تەنانەت هەواش بە پارەیە لەگەڵ بوونى باجى سەدان خزمەتگوزارى، ئێمە نەمانتوانى سوود لە توانست و هێز و بازووى خۆمان ببینین، نەمانتوانى سەرخان و ژێرخانى نەتەوەکەمان بەکاربەرین و هاتین هەموومان خستە دەست عەرەب و تورک و فارس و ئەوانیش لەپێناو سەدان ئامانجى سیخوڕی و لێدانى ئابورى وڵات و ...تد هاتوونەتە گۆڕەپانى(وەبەرهێنان) لە کوردستان، کێشەکەى ئێمە لەوەدایە کە نەک بەتەنها سیاسەت بە عەتف دەکەین بەڵکو بازرگانیشمان هەر بەعەتفە، کەچی لە هەموو یاسا و رێسا و فەلسەفەیەک دوو شتى لێک ناکۆک هەیە کە بەیەکەوە گونجانیان مەحاڵە ئەویش(سیاسەت و ئابورى و بازرگانى بە هەست و سۆزى ناسک).


ئینجا حکومەت گلەیی لەوە دەکات کە بەرهەم و وەبەرهێنانى ناوەخۆ لاوازە، لەهەمان کاتیش حکومەت لەوە دڵنیایە کە ئەگەر سیاسەتى هەرێم سەربەخۆ نەبێت ئەوا یاساى وەبەرهێنان شتێکى بێ مانایە، من دەپرسم ئایا حکومەت لەوە دڵنیایە کە ئەو کۆمپانیایانەى وڵاتانى دراوسێ(داگیرکەرانى پارچەکانى ترى کوردستان) تاکە ئامانج و مەبەستیان وەبەرهێنانە..؟!! ئایا حکومەت لەوە دڵنیاترە کە ئایندەمان وەکو ئاغا و جوولەکەکان و خەڵکى گوند لێ نایەت..؟! ئیتر ئەوە کات لە پێشمانە و هەموو چەمکەکانمان بۆ شی دەکاتەوە..!!
 


کەرکوک
s4632628@gmail.com