په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١٣

دەهۆڵی هەڵبژاردنی کۆماری ئێران!

جەمالی عەلیالی    


هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران کۆتایی پێ هات، رووحانی بە سەروک کۆمار هەڵبژێردرا. ئەو پرۆسەیە لە سەرەتاوە تا کۆتایی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، رۆشنبیران، سازەکانی سیاسی و خەڵک هەڵوێستیان هەبوو بەڵام زڵهێزەکان چ هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەبوو جگە لەوەی کە "کێ لە سەر سەبرانە لەسەر خێرانە". نووسەر لەسەر ئەو باوەرەیە کە بەشێکی تاریکی ئەو هەڵبژاردنە وا بە هاسانی نایەتە بەر ڕووناکایی. ئەو بابەتە هەوڵێکە بۆ تیشک خستنە سەر لایەنی نادیاری ئەو دیاردە نادیارە.


با بڕوانینە چەند هەواڵی تازە کە بە خشکە خۆیان خزاندە پاڵ مێدیاکان. دۆێنێ ڕژێمی سوریا بە فەرمی باسی کرد کە ئیتر ناخوازێ لە دەسەڵات بکشێتەوە و دانوستان دەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن قەبووڵ ناکات. هەر دۆێنێ کۆریای باکوور بە مەبەستی بە ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی دەرەکی (زۆر سەیر!)، داوای دانوستانی دەگەڵ ئەمریکا کرد . بەربژێرەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لە تەبلیغاتی خۆیاندا بە هیچ شێوەیەک باسی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوینیان نەکرد. بە چ هۆکارێکەوە دەرفەتێکی باش بۆ موچەخۆرەکانی ئێران لە عێراق هەڵکەوت کە هێرشێکی نۆێ بەرنە سەر ناوەندی موجاهیدینی خەڵقی ئێران لە کەمپی ئازادی؟ ئەو هەواڵانە گشتییان ڕاستییەک ئاشکرا دەکەن کە تا ئێستا نەناسراوە. ئەو هەواڵانە گوزارە لە سیستەمێکی جیاواز دەگەڵ سیستەمی مەنشوور و ناسراو دەدەن.
چەند ساڵ لەمەو بەر ڕژێمی ئێران بۆ خۆ تەیار کردن پێویستی بە پشوویەک بوو، هەر بەو هۆیەوە خاتمی هاتە سەر کار. ئێستاش هەر ئەو سناریۆیە دووپات دەبێتەوە. گڵۆڵەی ڕژێم ئەوەندە سەرەوژێرو گرانە کە بێ پشوودان چارەی ناکرێ، ئەویش ئەگەر چارەی هەبێ. هەروەکی ڕژێم خۆی لە سەر "سەوز" بە ساحێب کرد، هەر بەو شێوە ڕژێم خۆی لە سەر "اێلاح گلبان" بە ساحێب کردەوە. لە پڕۆسەی هەڵبژارندا بینیمان کە هیچ کەس چ مرتقێکی لێوە نەهات، تەنیا بازاری دەنگۆ گەرم بوو، ئاتمۆسفەری پاش هەڵبژرادنەکە پڕ بوو لە پیرۆزبایی، نەک هی کەسایەتییەکانی ڕژێم بەڵکوو خەڵکیش کە بە گەرانەوە کفن دزی هەوەڵ شاد و شوکوور بوو. بەڵام ئەوەی کە تەڵەکەی ئەو سناریۆیەی وەدرۆ خستەوە هەڵوێستی رەفسنجانی بوو کە کوتی: هەڵبژاردنی ئێران دێمۆکراتترین هەڵبژاردنی جیهان بوو!!! دەنگی ئەو دەهۆڵە پاشان دەبیسرێ.


کۆریای باکوور، سوریا ، ئێران و چەند ڕژێمی تر لە جیهاندا، ئەستووندەی پلاتفۆرمێک پێک دێنن کە شایانی لێکۆڵینەوەیە، پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ. ئەو سێ کوچکەیە لەو ساڵانەی کۆتاییدا چوارچێوەیەکی "بزێو"یان بۆ خۆ پێک هێناوە. ئاڵووگۆری چوارچێوەی ئەو ڕژێمانە دەبێە هۆی گۆڕانکاری لە سەر "شۆێن و پێگەی" فاکتەرەکانی ناوکی ئەو ڕژێمانە. کاردانەوەی ئەو تایبەتمەندییانە دەبێتە بە دوور بوونەوەی هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی سیاسی و ڕۆشنبیران لە ڕاستییکانی سەر زەوی، تا ئەو جێگەیە کە [دوو دیاردەی "جمک" چ جیاوازێک لە ناوەرۆکدا پێک ناهێنن تەنانەت ئەگەر یەکیان سپی بێ و ئەوی تریان زەرد! ئەوە رەسمێکی لەمێژینەی مەنتیقە] ناکەوێتە بەر چاو.


١٧\٦\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک