په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\۴\٢٠١٠

دەمەتەقێى نێو هوتێلەکان.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


دوو هوتێل رووەو یەکتر بەرزبوونەتەوە، لەنێو پەنجەرەى یەکێک لە هوتێلەکاندا کچێک کە نیوەى جەستەى بەدەرەوەیە،بەردەوام چاوەکانى بەچواردەورى خۆیدا دەگێڕێت و بەهیچ شتێکەوە ناگیرسێتەوە، هەرچەندە بیرى دەکردەوە نەیدەزانى بۆ کێ و بەدواى چیدا دەگەڕِێت، هەستى دەکرد کە دواتر لەسەر شتێک دەگیرسێتەوەو ئیتر ناتوانێ خۆى لێ دوور بگرێت و ژیانى پێیەوە پەیوەست دەبێت.


دواى ماوەیەک تێڕامان لە شتەکانى دەوروبەرى و ئاپۆراى خەڵکەکە، کە بەبەردەوامى گۆڕانیان بەسەردا دەهات و بۆ چەند چرکەیەک کەسانى تر دەکەوتنە بەرچاوى و دواتر بۆ هەمیشە بزر دەبوون.


لەنێو یەکێک لە پەنجەرەکانى هوتێلەکەى بەرامبەریدا، چاوەکانى گیرسایەوە، لەنێویدا کوڕێکى بینى کە بەهۆى دوورى هوتێلەکانەوە لە یەکدى بەتەواوى رووخسارى دیار نەبوو، کوڕەکە بێ ئەوەى ئاوڕ لە کەس بداتەوە یان بۆ جارێکیش چییە لە پەنجەرەکە تەماشاى خوارەوە بکات، بەردەوام بەنێو ژوورەکەیدا پیاسەى دەکرد.


هەندێجاریش پەردەى پەنجەرەکەى دادەدایەوە، بۆ ماوەیەک بزر دەبوو. لەپڕێکدا بەهەمان شێوەى جاران دەستى دەکردەوە بە پیاسەکردن.


بۆ ماوەیەکى زۆر بەدیار سەیرکردنى کوڕەکەوە چاوەکانى مۆڵەق ببوون، بەپێچەوانەوەى ئەوەوە کوڕەکە تەماشاى ئەوى نەدەکرد.


هێدى هێدى... لەسەیرکردنى بێزار بوو، کەوتە نێو دڵەڕاوکێوەو بۆ چەند لەحزەیەکى کورت پەردەکەى دادایەوە. هەرکە گەڕایەوە لاى پەنجەرەکە، بەخێرایی پەردەکەى کردەوە، بینى پەردەى پەنجەرەى کوڕەکە دادراوەتەوە.


دووبارە پەردەکەى دادایەوە، بەشڵەژانەوە، زۆر بەخێرایی بەرەو ئەو هوتێلەى کە کەوتۆتە بەرامبەر هوتێلەکەى خۆى، بەمەبەستى بینینى کوڕەکە، هەنگاوى گرتەبەر.


لەبەردەم دەرگاى هوتێلەکە هەڵوەستەیەکى کردو پاش کەمێک بیرکردنەوە ئیدى بە پەیژەکەدا بۆ ئەو نهۆمەى کە ژوورى کوڕەکەى تێدایە، سەرکەوت. کاتێ خەریکى سەرکەوتن بوو بە پەیژەکەدا رووبەڕووى کوڕێک بۆوە، چەند لەحزەیەک بەرامبەر یەکتر وەستان. دواتر بێ ئەوەى قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن هەر یەکەیان بەرەو لایەک هەنگاویان هاویشت.


تەواوى دەرگاکانى نهۆمى سێیەمى بەسەر کردەوە، نەیتوانى چاوى بە کوڕەکە بکەوێت، چونکە هیچ یەکێک لە دەرگاکانى بەڕوودا نەکرایەوە. شڵەژا.. هێواش هێواش خەریک بوو دڵى دادەخورپا. ماوەیەک هەستى لە خۆى راگرت، پاشان گەیشتە ئەو راستیەى کە ئەو کوڕەى لە نهۆمى دووەمى هوتێلەکەدا تووشى هات، هەمان ئەو کوڕەى نێو پەنجەرەکە بوو کە وەکو سەراب خۆى لەبەر چاوى ونکرد.


جگە لەدەنگى پاژنەى بەرزى پێڵاوەکانى خۆى، هیچ دەنگێک لەنێو هوتێلەکەدا بەر گوێى نەدەکەوت، هێدى هێدى هەستى بەترس و تەنیایی کرد، دووبارە خەرکى دەرگاکان بۆوە، هەمدیسان کەس بەروویدا نەیکردەوە، زیاتر رۆچووە نێو ترسەوە، پاشان زۆر بە خێرایی بە پەیژەکەدا چووە خوارەوە.


شەقامێکى قەڵەبالغ کەوتۆتە نێوان هەردوو هوتێلەکە کە بەدەیان عەرەبانەو منداڵى دەستگێر و بۆیاغچى گرتۆتە خۆى کە بەردەوام بەدەنگى بەرز بەپیشەو شتەکانى خۆیاندا هەڵدەدەن تا سەرنجى رێبوارەکان بە لاى خۆیاندا راکێشن و هەرچى زووە بژێوى ژیانى ئەمڕۆژەیان دەسکەوێت و هەوڵدەن شتى دیکە ساغبکەنەوە.


بەهیواى دۆزینەوەى ئەو کوڕەى کە بۆ جارى یەکەم لە نزیکەوە لەنهۆمى دووەمى هوتێلەکەدا یەکتریان بینی، تەماشایەکى دەوروبەرى خۆى کردو بەرەو شۆستەکە هەنگاوى هەڵێناو تێکەڵ بە ئاپۆراو جموجۆلى خەڵکەکە بوو کە بەپێچەوانەى یەکترییەوە دەڕۆیشتن.


دەنگى فرۆشیارەکان بەشێوەیەکى زۆر بەرز دەهاتە گوێى، بەئاراستەى هەندێ لە رێبوارەکان دەڕۆیشت و بەوردى چاوى دەگێڕا.


رۆچووە نێو بێزارییەوە، خەریک بوو مێشکى گیر بخوات. لەپڕێکدا هێندەى زانى هێزێکى خەیاڵى تواناى دایەوە بەر کە بەدواى دۆزینەوەى کوڕەکەدا بڕوات. بەنێو ئاپۆراى خەڵکەکەدا کەوتەوە رێگا بڕین.


لەبەردەم یەکێک لە دووکانەکاندا، چەند پۆلیسێک کە جلەکانیان بەهۆى عارەق و پیسییەوە بۆردەچوونەوە، چواردەورى هەرزەکارێکى دەستگێڕیان دابوو، جار جارێکیش بەردەبوونە گیانى و تا هێزییان لەبەر دابوو تێیان هەڵدەدا. دواتریش دایانە پێش خۆیان و کەس نەیزانى بەرەو کوێ بردیان.


بەدوایاندا رۆیشت، جار جارە شتێکى بەمێشکدا دەهات کە چیدیکە بەدوایاندا نەڕوات و خۆى خەریکى دۆزینەوەى کوڕەکە بکاتەوە. بەڵام نەیتوانى! بەردەوام بوو لەسەر رۆیشتن بەدواى پۆلیسەکاندا.


دواتر پۆلیسەکان پێچیان کردەوەو چوونە کۆڵانێکى پڕ لە ژن و منداڵ و عەرەبانەى شکاو کە پیشەوەرەکان فڕێیاندابووە کۆڵانەکەوە، دواتر زۆر بەخێرایی بزربوون.


لە کۆتایی کۆڵانەکەدا چاوى کەوت بە پیاوێک کە کەوتبووە گیانى ژنێک و بەقژ ڕاکێشان بەدواى خۆیدا دەیبردە ماڵێکەوەو پاشان بەتوندى دەرگاکەى لەدواى خۆیەوە داخست.

*  *  *  *  *

رۆژى دووەم، بەهەمان شێوەى رۆژى رابردوو، چۆیەوە بەردەم پەنجەرەکەو زۆر بە پەرۆشەوە لەپەنجەرەى کوڕەکەى ڕووانیەوە، هەمدیسان نەیبینى، رۆچووە نێو قوڵایی خەم و دڵتەنگییەوە. هێدى هێدى ئاو بە چاوەکانیدا هاتەخوارەوە، لە ماوەى کاتژمێرێک لە چاوەڕوانی بینینى کوڕەکەدا چەندین جار پەردەى پەنجەرەکەى خۆى دادایەوەو دەچۆوە نێو پێخەفەکەیەوە، هەرچەندى دەکرد خەو نەدەچووە چاوەکانى و ئارام نەدەبۆوە.
چاوى بڕیبووە سەر پەردەکە، کەسى نەدەبینى، هەر هێندەى زانى بەهێواشى پەردەکە کرایەوە، کوڕەکە لە نێویدا دەرکەوت.


زۆر بەخێرایی دەرگاى ژوورەکەى خۆى کلۆمداو ئیدى بۆ لاى کوڕەکە کەوتەرێ، لەبەردەم هوتێلەکەدا هەڵوەستەیەکى کرد، موچڕکێکى گەرم لەشى داگرت و هێدى هێدى رۆچووە نێو خۆشییەوە.
بەپەیژەکەدا سەرکەوت، نەیدەزانى چۆن چۆنى لەدەرگاى ژوورى کوڕەکە بدات کە تا ئێستاکە لە نزیکەوە یەکتریان نەدیبوو، بە چ شێوەیەکیش قسەى لەگەڵدا بکات و چۆن رازى دڵى خۆى بۆ بخاتە سەر پشت.


چەند چرکەیەک بیرى لەم شتانە کردەوە، دواتر هێزێکى خەیاڵى تواناى دایەوەبەر کە دەبێت بەهەر شێوەیەک بێت چاوى بە کوڕەکە بکەوێت و قسەى لەگەڵدا بکات.


لەم بیرکردنەوانەدا بوو، هێندەى زانى یەکێک لە دەرگاکان کرایەوە، دڵى داخورپا، بێ ئەوەى هیچ قسەیەکى لەگەڵدا بکەن، ژن و پیاوێک کە پێدەچوو تازە چووبێتنە نێو مانگى یەکەمى هاوسەرگیرییەوە، لەنێو ژوورەکەدا هاتنە دەرو بەرەو لاى پەیژەکە رۆیشتن و لەپڕێکدا بزربوون.


ئەمجارەیان دەرگایەکى دیکە جیڕەى لێوە بەرزبۆوەو دووبارە دڵى داخورپایەوە، هەمان کوڕەکەى نێو پەنجەرەکە بوو کە بۆ جارى یەکەم لە نزیکەوە لەسەر پەیژەکەدا یەکتریان بینى. هەندێک تەماشاى یەکتریان کرد، چاویان مۆڵەقى یەکترى بوون، بێ ئەوەى قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن، بەهێواشى رووەو یەک هاتن، لەگەڵ هەر چرکەیەک زیاتر لێک نزیک دەبوونەوە، هەرچەندێکیش نزیکى یەک ببوونایەتەوە هێندەى تر رۆدەچوونە نێو شەرمەوەو هەناسەکانیان ئاوێتەى یەکترى دەبوون. لەنێو چاوانیاندا ئەوە دەخوێندرایەوە کە هەردوولایان زۆر پەرۆشى قسەکردن بوون لەگەڵ یەکتریدا، بەڵام بەهۆى شەرمەوە بە ئاسانى نەیاندەتوانى بکەونە قسەکردنەوە، بۆ چەند لەحزەیەک چاوەڕوانى یەکترى بوون کە بێدەنگییەکەى نێوانیان نەمێنێت.


پاش ئەوەى کە کچەکە دڵنیابوو لەوەى کە کوڕەکە ئەو بێدەنگییەى نێوانان ناشکێنێ. ئینجا خۆى بڕیایدا کە دەبێ دەستپێشخەرى بکات و ئەو بێدەنگییە کاتییەى نێوان تێکبشکێنێت.
دواتریش زۆر بەئەدەبەوە گوتى:
بێ زەحمەت دەتوانم چەند قسەیەکت لەگەڵدا بکەم؟


هەرکە گوێى لەم قسەیەى بوو ، لەجاران زیاتر چاوى بڕییە نێو قوڵایی چاوەکانى، هێواش هێواش تەزوویەکى گەرم جەستەى راچڵەکاند و کەوتە بیرکردنەوەیەکى قووڵەوە، پاش چەند چرکەیەک لە بێدەنگى، دواتر بەدەنگێکى نزم و لەسەرخۆ گوتى:
زۆر ئاساییە، دەتوانى هەرچییەکت هەیە بیڵێى، لێرە قسەکانمان بکەین یان بچینە شوێنێکى دیکە؟


کچەکەش دەستى بۆ ژوورەکەى درێژکردو گوتى:
ئەگەر حەز بکەى دەچینە ژوورەوە، قسەکانمان دەکەین؟
هەرکە لەدەرگاکە چوونە ژوورەوە، یەکەم شت کە سەرنجى کچەکەى راکێشا، وێنەى کوندەپەپۆیەک بوو کە لەتەک کاتژمێرێکەوە بەدیوار هەڵواسرابوو، باڵەکانى کردبۆوە، نێو چاوەکانى تیشکى دەدایەوەو ترسى دەخستە نێو دڵییەوە. دواتر چاوى کەوتە سەر مێزێکى دارین کە چەند کتێبێکى لەسەر بوو، لەگەڵ یەک دوو پێنووس و چەند پەڕەیەکى نەنووسراو. یەکێک لە کتێبەکانى گرتەدەست و تەماشایەکى ناوونیشانەکەى کرد، دواتر بەنەرمى داینایەوە شوێنەکەى خۆى و ویستى قەسەیەک بکات، بەڵام لەپڕێکدا چاوى کەوتە سەر چەند وێنەیەک و بێ ئەوەى تەماشاى هیچ یەکێکیان بکات، ئاراستەى چاوەکانى کەوتە سەر ئەو بوتڵە شەرابەى کە لەسەر مێزەکەدا بەتەک "زۆربا"کەوە داندرابوو. لەپڕێکدا کوڕەکە فەرمووى دانیشتنى لێکرد لەسەر یەکێک لەو دوو کورسییە دارینەى کە ساڵانێکە ئەم ژوورو ئەو ژوورى هوتێلەکەیان پێ دەکرێت و بەهۆى کۆنیانەوە جیڕەیان لێ بەرز دەبێتەوە.


رووبەڕووى یەکتر دانیشتن. دووبارە بێدەنگى دایگرتنەوە، بەڵام دواى چەند چرکەیەکى کەم ئەمجارەیان کوڕەکە بێدەنگییەکەى نێوانیانى شکاندو گوتى:
بمبوورە، کەمێک ژوورەکەم بێ سەروبەرە، چونکە چاوەڕوانى هیچ کەسێک نەبووم بێتە لام، حەوسەڵەى ئەوەشم نەبوو کە ژوورەکە پاک کەمەوە.


کچەکەش زۆر بایەخى بەم بابەتە نەداو گوتى:
زۆر ئاساییە، پیاو بە تەنا بێت ئەم جۆرە شتانە روو دەدەن، بیرى لێمەکەرەوە، هەروا دەبێت.
دواى ئەوەى ئەو چەند قسەیەى کرد، راستەوخۆ چووە لاى دەرگاکەو بەهێواشى کلۆمیدا. کوڕەکەش بەم هۆیەوە هەڵوەستەیەکى کردو تەماشایەکى وردى نێو چاوى کچەکەى کردەوە، هیچ شتێکى ترسناکى لەچاوەکانیدا هەست پێنەدەکرد.
کچەکە تەماشایەکى ترى وێنەى کوندەپەپۆکەى کردەوەو گوتى:
دەتوانم چەند قسەیەک لەبارەى ئەم وێنەیەوە بکەم؟
کام وێنەیان؟
ئەم وێنەى کوندەپەپۆیە.
دەزانم بەلاتەوە شتێکى سەیرە، چونکە لەوانەیە زۆر بەکەمى وێنەى کوندەپەپۆت لە ماڵان بینى بێت!


کچەکە بەئەدەبەوە درێژەى بەگفتوگۆکەى نێوانیان داو گوتى:
بەراستى شتێکى زۆر سەیرە! لەم هەرێمەدا تۆ تەنیا کەسێکى کە وێنەى کوندەپەپۆ بەدیوار هەڵدەواسیت، ئەمە چ نهێنییەکى تێدایە، پێدەچێت کوندەپەپۆت زۆر بەڵاوە جوان بێت؟


کوڕەکە زۆر بەڕاشکاوییەوە گوتى:
تا ئێستاکە جوانترین باڵندە کە من بینیبێتم چ لە وێنەو راستیدا، کوندەپەپۆیە.
کچەکە هەرکە گوێى لەم قسەیە بوو، ماوەیەک خۆى بێدەنگ کرد.


کوڕەکە دەستپێشخەرى کرد لە شکاندنى بێدەنگییە کورتەکەى نێوانیان و گوتى:
بۆ قسەناکەیت؟ خۆ هیچ قسەیەکى وام نەکردووە، نیگەرانى کردبیت؟


ئەویش دواى ئەوەى کە چاوى بڕییە نێو قوڵایی چاوەکانى و گوتى:


نازانم چۆن چۆنى کوندەپەپۆت بەلاوە باڵندەیەکى جوانە، کوندەپەپۆ باڵندەیەکى شوومە، چۆن دەبێت لەلایەن مرۆڤەوە بەخێو بکرێت، یان وێنەى لە ماڵان و شوێناندا هەڵبواسرێت، چونکە دەبێتە هۆى وێرانکردنى ئەم شوێنە. هەرچى زووە ئەم وێنەیە داگرە، تکایە نەکەى کوندەپەپۆ بە باڵندەیەکى جوان تێبگەیت، چونکە فڕندەیەکى شوومە!


دواى ئەوەى کەمێک بەم قسانەى پێکەنى، ئینجا گوتى:


راستە ئەم جۆرە قسانەى لەبارەوە دەکرێت، بەڵام لەراستیدا کوندەپەپۆ باڵندەیەکى شووم نییە، بەڵکو تا بڵێى جوانیشە، ئیتر بۆ دەبێ بەشوومى تێبگەین، ئەمە قسەى باوک و باپیرانمانە، مەرج نییە هەر قسەیەک لەوانەوە بۆمان مابێتەوە راستبن، زۆرێک لەو قسانەى کە لەسەرزارى ئەوانەوە دەکرێن، دوورن لە راستییەوە.


زۆر شت هەن کە لەسەرەتادا مرۆڤ بەهەڵە خوێندنەوەى بۆ کردوون و ئێستا وەکو راستییەک تەماشایان دەکرێت.


تکایە لێم تێبگە، کوندەپەپۆ باڵندەیەکى شووم نییە. بمبوورە لەوەى ئاراستەى قسەکانم پێچەوانەى قسەکانى تۆیە، بڕوابکە کوندەپەپۆ شووم نییە!


نازانم هۆى چى بوو کە کچەکە زیاتر لەسەر کوندەپەپۆکە هەڵوەستەى نەکردو وەکو ئاماژەیەک بۆ راستى قسەکانى ئیدى سەرى بۆ لەقاندو گوتى:


با بچینەوە سەر بابەتە سەرەکییەکەى خۆمانەوە، چیمانداوە لەم بابەتە، ئەمە کەى پەیوەندى بە ئێمەوە هەیە.


نازانم نهێنى لەوەدا چییە کە یەکەم جار لەنێو پەنجەرەى ئەم هوتێلە تۆم بینى، هێزێکى خەیاڵى بەرەو لاى تۆ کێشیدەکردم، شەوان تا درەنگانێک لەم هوتێلەى بەرامبەرتدا تەماشاى تۆ دەکەم ، چۆن پیاسە دەکەیت، کەى دەخەویت، جارى وا هەیە بەدیار سەیرکردنتەوە خەوم لێدەکەوێت و لەگەڵ کەوتنم بەزەویەکەدا بەئاگادێمەوە. تۆش پەردەکەت داداوەتەوە.


کوڕەکە قسەکانى پێبڕى و گوتى:


تۆ لەم هوتێلەى بەرامبەر ئێرەدا دەژیت، ئەو کچە تۆیت کە بەردەوام سەیرى ئێرە، نێو ژوورەکەى من دەکات، لەراستیدا ئەگەر هەمان کچیش بیت من ناتناسمەوە، چونکە بەهۆى ئەوەى کە کەمێک چاوەکانم کزبوونەو لە دوورەوە بەباشى نابینم.


وەکو ئەوەى کە نهێنیەکى گەورەى دۆزیبێتەوە، بەخۆشییەوە گوتى:


بەڵێ، لەنێو یەکێک لە ژوورەکانى ئەو هوتێڵەى بەرامبەر تۆدا دەژیم، ئەو کچەى کە بەردەوامیش سەیرت دەکات منم، زۆر جاریش حەزم دەکرد بێمە لات، بەڵام هێزێکى خەیاڵى ڕێگەى نەدەدام کە بتبینم، دوێنێ بڕیارمدا کە بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت بێمە لات.


ئەمجارەیان کوڕەکە گوتى:


بەڵام دوێنێ لێرە نەبووم، تا درەنگانى شەو لەدەرەوەى شار بووم، ئەویش بەهۆى ئەوەى کە من لەهەفتەیەکدا دوو جار دەچمە دەرەوەى شار و تا درەنگانێکى شەو لەنێو باخچەیەکى گەورەدا پیاسە دەکەم و بیر دەکەمەوە. لەوانەیە بەمزووانە بەیەکجارى بچمە نێو ئەو باخچە گەورەیەى کە باوکم لەدواى کوژرانیدا بۆمى جێهێشتووە. ئەگەرچى دڵنیام لەوەى کە ژیان لەو باخچەیەدا بەسەربەرم ئەوا رووبەڕووى بارودۆخێکى نائاسایی دەروونى دەبمەوە. بەڵام ناتوانم نەچم، چونکە هێزێکى خەیاڵى بەردەوام بەرەو نێو ئەو باخچەیە کێشمدەکات.


دواى ئەوەى ئەم چەند قسەیەى کرد، بۆ ماوەیەک بێدەنگى کەوتەوە نێوانیانەوە. هەستى بە ئاڵۆزى ژیانى کوڕەکە کرد کە بەنێو ژیانێکى نالەباردا گوزەردەکات.
دواتر بەتاسەوە گوتى:


گوتت باوکت کوژراوە؟ دەکرێت کەمێک لەبارەى کوژرانی باوکتەوە قسەم بۆ بکەیت؟


دە ساڵ لەمەوبەر باوکم لە یەکێک لەو شەڕە ناوخۆیانەدا کە هەرێمەکەمانى گرتەوە، بەناشیرینترین شێوە بەدەستى یەکێک لەلایەنە شەڕکەرەکان کوژرا، لەهەمووى ناخۆشتریش ئەوەبوو کە دواى مردنەکەى تەرمەکەیان ئەتککرد بوو.


کەللەى سەریان لە جەستەیدا جیاکردبۆوەو چاوەکانیان دەرهێنابوو، قاچ و دەستەکانیان بەیەکەوە بەستابۆوەو لەخەرەندێکدا هەڵیاندابووە خوارەوە. ئیدى نەماندۆزییەوە، دایکیشم بەم هۆیەوە سەری نایەوە، چونکە تارادەى پەرستن باوکمى خۆشدەویست و بێ ئەوەى شەرم لەمن بکەن لەبەر چاوى مندا باوەشیان بەیەکدا دەکردو نێو دەمى یەکتریان ماچدەکرد، تا ئەو کاتەى کە بێ هۆشدەکەوتن بەسەر زەویەکەدا، یەکتریان رادەموسى.


ئەى ئەگەر تەرمەکەى باوکتتان نەدۆزییەوە چۆن زانیتان بەم شێوە ناشیرینە تەرمەکەى شێوێندراوە؟


یەکێک لە هاوڕێکانى باوکم کە لەگەڵیدا بەشداربوو لەشەڕەکەدا ئەم هەواڵەى پێداین، بەڵام هەرچەندى کردمان لەگەڵماندا نەهات بۆ هێنانەوەى تەرمەکەى، زۆر بەدوایدا گەڕاین، بەڵام نەماندۆزییەوە، خەرەندەکە زۆر لەوە ترسناکتربوو کە ئێمە بێ هاوکارى و رێنیشاندەرى هیچ کەسێک بتوانین لەنێویدا بیدۆزینەوە. ئەویش بەهۆى ئەوەى کە هێزەکانى دوژمن لەم ناوچەیەدابوون هاورێکەى باوکم نەیدەوێرا لەگەڵماندا بێت. دڵنیام بهاتبووایە دەماندۆزییەوە، چونکە هاوڕێکانى باوکم بینیبوویان کاتێک هێزەکانى بەرامبەریان فڕێیاندابووە نێو خەرەندەکەوە.


دواى دوو ساڵ چەکدارەکان ئەم ناوچەیان جێهێشت و ئێمەش لەگەڵ هاورێکەى باوکم چووین بۆ شوێنى تەرمەکە، بەڵام هیچ ئاسەوارێکى دیار نەبوو، پاشان بەیەکجارى لەدۆزینەوەى نائومێدبووین.


کچەکە چاوەکانى پڕ لە فرمێسک ببوون، هەستى دەکرد یادەوەرییەکى ناخۆشى بیرخستۆتەوە، بۆیە بەداواى لێبووردنەوە گوتى:


زۆر داواى لێبوردن دەکەم کە ئەم یادەوەرییە تاڵەم بیر خستییەوە، بمبوورە نەمدەزانى چیرۆکى کوژرانى باوکت بەم شێوەیە دەست پێدەکات، بەڵام دڵنیابە لەم هەرێمەى ئێمەدا دەیان چیرۆکى تری لەم شێوەیە هەن، کەس باسیان ناکات، مەگەر تەنیا کەس و کاریان وەکو چۆن ئێستا تۆ چیرۆکى باوکت دەگێڕییەوە، ئەوانیش باسیان لێوە بکەن، ئەگینا خەریکە لەبیر دەچنەوە، لەوە ناخۆشتر نییە مرۆڤ تراژیدیاى هاوڕەگەزەکانى خۆى بیر بچێتەوە.


بەپێچەوانەوە سوپاست دەکەم کە ئەم یادەوەرییەت بیرخستمەوە، نابێت هیچ کاتێک بیرم بچێتەوە، چەندى بیرم دێتەوە هێندەى تر هەست بە بوونى خۆم دەکەم و نەفرەت لەم زەمەنە دەکەم کە ئێمەى تێدابووین، ئەم یادەوەرییە تەنیا یادەوەرى من نییە، بەڵکو یادەوەرى تەواوى مرۆڤایەتییە. چۆن دەبێت بیرمان بچێتەوە، شتێک کە بووە موڵکى تەواوى مرۆڤایەتى، ئیدى نابێت تەنیا کەسێک خۆى بەخاوەنى بزانێت. راستە ئەم چیرۆکەى ئێستا بۆتم گێڕایەوە، پاڵەوانەکەى باوکمە، بەڵام لەراستیدا دەبێت هەموومان خۆمان بەخاوەنى ئەم چیرۆکە بزانین و هەمیشە بۆ یەکترى بگێرینەوە تا لەبیر نەکرێت، نا بەهیچ شێوەیەک نابێت لەبیر بکرێت.


چاوەکانیان مۆڵەقى یەکتر ببوون، هێدى هێدى ئاو بەچاوەکانیاندا دەهاتە خوارەوە. دەستى بۆ بوتڵە شەرابەکەى سەر مێزەکە برد، پەرداخێکى پڕکردو نایە سەر لێویەوە، دواتریش لەژێر مێزەکەدا گیتارێکى هێنا، داواى لە کچەکە کرد کە ئەگەر حەز بکات کەمێک گیتارى بۆ بژەنێت. ئەویش رەزامەندى نیشانداو بەبێدەنگى گوێى بۆ گرت.


نزیکەى نیو کاتژمێر خەریکى ژەنینى گیتارەکە بوو، رۆچووبوونە نێو خەیاڵەوە، خۆشترین ساتەکانى ژیان ئەو دەمە بوو کە لەگەڵ لەرینەوەى دەنگى گیتارەکەوە دەهاتە گوێیەوە و بیرى لەوە دەکردەوە کە تازە ناتوانێ ئەم کوڕە بۆ یەک چرکەش چییە بەجێ بهێڵێت و دوور لەو بژێت.


چەند جارێک بانگى کوڕەکەى کرد، بەڵام بەهۆى رۆچوونى بەنێو خەیاڵ و خەریکبوونى بەژەنینى گیتارەکەوە ئاگاى لە بانگکردنەکانى نەبوو. دووبارە بانگى کردەوە، ئەمجارەیان گیتارەکەى داناو تەماشاى نێو چاوى کچەکەى کردەوە.


تازە ناتوانم جێت بهێڵم، من لەگەڵ تۆدا هەست بە بەختەوەرى دەکەم و ژیانم پڕدەبێت لە ئارامى، ئەگەرچى دەزانم ژیانى تۆ پرٍِیەتى لە ئاڵۆزى و ناخۆشى، بەڵام بڕوام پێبکە ناتوانم لێت دوور کەومەوە، ئەمە قەدەرى منە و دەبێ تۆش قەبووڵى بکەیت لەگەڵ تۆدا هاوبەش بم لە هەرچى چرکەکانى ژیانت هەیە، بەهەرچى ناخۆشى و خۆشیەکانتەوەیە. دەمەوێت لەنێو تۆدا بتوێمەوە، بۆ ئەوەى هەست بە بوونى خۆم بکەم، ئەوەى ساڵانێکە بەدوایدا دەگەڕێم لەم چەند چرکەیەدا دۆزیمەوە، ژیانم بەتۆوە جوانە، نازانم بۆ لەپڕێکدا پێتەوە پەیوەست بووم، هەرچەندى بیر دەکەمەوە ناتوانم بێ تۆ بژیم. تکایە وەکو هاوبەشى ژیانى خۆت قەبووڵم بکە، بۆ ئەوەى خۆم بدۆزمەوە و چیتر خۆم بزرنەکەم.


هەرکە کوڕەکە گوێى لەم قسانەى بوو ، خۆى بۆ نەگیراو دەستى کرد بە گریان، تا ئەو ئاستەى کە لەنێو رۆحی کچەکەدا هەستی بە بوونى خۆی دەکرد.
دواتر وەڵامى دایەوە:


دەزانم تازە ناتوانى بێ من بژیت، بەڵام من ناتوانم خۆشبەختت بکەم، ژیانى من پڕیەتى لە ئاڵۆزى و نالەبارى، من خۆشبەختى بۆ تۆ لەکوێ بێنم کاتێ خۆم نەمدیبێت. حەز بەتەنیایی دەکەم و لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەمدا بوونى خۆم دەدۆزمەوە، بۆیە تکات لێدەکەم خۆت بەمنەوە پەیوەست مەکە، چونکە خۆشبەخت نابیت، ژیانى من وەکو تابلۆیەک وایە بۆ تەعبیرکردن لە ئازار کێشرابێت.

*  *  *  *  *

دواى ئەوەى کە چەندین گفتوگۆى تریان لەنێو ژوورەکەدا کرد، هەستییان بەماندووبوون کرد، دواتر بڕیاری ئەوەیاندا کە پیاسەیەک بەنێو بازارەکەدا بکەن و بڕێک لە خەم و نالەبارییەکانى دەروونییان بڕەوێننەوە.


بەسەر شۆستەکەدا رێگایان دەبڕى، هەندێ لەشتەکانى نێو بازارەکە ڕامان و بەدەم رێوەش خەریکى قسەکردن بوون. لەپڕێکدا چاویان کەوتە سەر مێزێکى کۆنین کە چەند کتێبێک و هەندێ رۆژنامەى کۆن و نوێى لەسەر کەڵەکەکرابوو کە هەندێکیان بەهۆى کۆنیانەوە زەردهەڵگەڕابوون و کونى بچووک بچووکیشیان تێکەوتبوو ئەویش بەهۆى ئەوەى کە کەسانێکى زۆر لاپەڕەکانیان هەڵدابوونەوەو تەنیا مانشێتەکانیان خوێندبونەوەو ئیدى لەشوێنەکەى خۆیان دانابوونەوە.


بە وردى سەیرى رۆژنامەکانیان کرد، یەکێک لە رۆژنامەکان سەرنجى کوڕەکەى راکێشاو گرتیە دەست و سەیرى مانشێتەکانى کرد.
دوێنێ ئێوارە لەگەڕەکى.... نێو شارى.... گەنجێک بەهۆى دەرنەچوونى لەوانەکانیدا خۆى خنکاند.
لەم قۆناغەدا وڵات بەنێو کۆمەڵێ قەیرانى جۆراوجۆردا گوزەردەکات.
گەندەڵى رووى لە زیادى کردووە.
کچێک بەهۆى پەیوەندى خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێکدا، بەدەستى باوکى کوژرا.
چارەنووسى کوڕەکەم بەکوێ گەیشت.


دواى ئەوەى کە سەرپێیی چاوى بەو مانشێتانەدا گێڕا، دەستى کرد بە گیرفانى و پارەى رۆژنامەکەى دایە دەست رۆژنامەفرۆشەکەو ئینجا بەرەو هوتێلەکە کەوتنەوە رێگا بڕین. تا گەیشتنەوە لاى هوتێلەکان تیشکى رۆژ لەسەر هوتێلەکان بزربوو، هێدى هێدى دونیا بەرەو خۆرئاوابوون هەنگاوى دەهاویشت، لەبەردەم هوتێلەکان هەڵوەستەیەکیان کردو لە نێو چاوى یەکتری رامانەوە، لەنێو چاوەکانیاندا ئەوە دەخوێندرایەوە کە نەیاندەویست ماڵئاوایی لەیەکترى بکەن ، هەرچەندى دەیان کرد نەیاندەتوانى جیاببنەوە.


تکایە لەگەڵم وەرە بۆ ژوورەکەم، تا شتەکان کۆکەمەوەو بەیەکجارى بێمە لات، بڕوا بکە ناتوانم لێت جیاببمەوە، هێزێکى خەیاڵى بەرەو لاى تۆم کێشدەکات، تکات لێدەکەم لەگەڵم وەرە، دەترسم جارێکى تر نەتبینمەوە، چونکە من ساڵانێکە بێ ئەوەى بتناسم بەدواتدا دەگەڕام.


هەرکە گوێى لەم جۆرە قسانەى بوو، بێ هیچ قسەیەک دەستى خستە نێو دەستى کچەکەو ئاماژەى رۆیشتنى بۆ نێو دەرگاى هوتێلەکە کردو دواتر بەپەیژەکەدا سەرکەوتن. دەرگاکەى کردەوەو بەهێواشى چوونە ژوورەوە. وێنەى پیاوێکى ڕیشن بەدیوارەکەوە هەڵواسرابوو، لەگەڵ چەند وێنەیەکى دیکەى کچە هونەرمەندە بیانیەکان کە نیوەى جەستەیان بەدەرەوەبوون، چەند گۆڤارێکى کۆنى عەرەبیش کە بەوێنەى جۆراوجۆرى رێکلامى کاڵاو کچە هونەرمەندەکان ڕازێندرابۆوە لەسەر جێگاکەى بەپەرش و بڵاوى کەوتبوون. چرکەى کاتژمێرى قەد دیوارەکە ئاسایی لێیدەدا. ئەوەى کە زیاتر سەرنجى کوڕەکەى راکێشا، وێنەى پیاوە ڕیشنەکە بوو کە تفەنگێکى بەشانەوە بوو، چاوى بڕیبووە نێو زوومى کامێراکەوە، لە پاڵەوانى فیلمە سینەمایەکانى دەکرد، ئەوەى ترس بوو بەرووخسارییەوە نەدەبینرا. هێدى هێدى رۆچوونە نێو بێدەنگییەوە، دواتر کوڕەکە گوتى:


تۆ بەتەنیا لێرە دەژیت؟
بەڵێ، من لەم هوتێلەدا کار دەکەم، بەشەوانیش لێرە دەمێنمەوە.
دیارە کەست نییە، وا بەتەنیا لێرە دەژیت.


دایکم ئەمڕۆژەى من لەدایک بووم، ئەو بەسەر منەوە مردووە. پورم ئەرکى سەرپەرشتى کردنى منى گرتۆتە ئەستۆى تا گەورەبووم، هەر لەلاى ئەویش چوومەتە بەر خوێندنەوە، دواتر بەهۆى ئەوەى کە پورم دووبارە شووى کردەوە، من لەو دابڕام، لەبەر ئەوەى کە پیاوەکەى رازى نەبوو کە من لەگەڵیاندا بژیم، بۆیە باوکم خانووێکى بەکرێ گرت و ماوەى چەند ساڵێک بەهەژارى لەو خانووەدا ژیانمان گوزەراند.


رۆژێکیان باوکم نەهاتەوە، زۆر چاوەڕێى بووم، بەڵام هەر نەهاتەوە، شەوەکەى بەتەنیا بووم، بۆ بەیانیەکەى زۆربەى دەزگا پەیوەندیدارەکانى شار بەدوایدا گەڕام، نەمدۆزییەوە، ئیدى لە دۆزینەوەى بێ ئومێد بووم، خاوەنى خانووەکەش چەندین جار هاتەسەرم بەبیانووى ئەوەى کە ناتوانم کرێى خانووەکەى بدەمێ، دەبێ لە خانووەکە دەرچم، دواتر لەنیوە شەوێکى باراناویدا هاتەسەرم، داواى هەرچى کرێ قەرزەکان هەبوو کردى، بەڵام نەمبوو بیدەمێ، دواتر ویستى دەستدرێژى سێکسیم بکاتە سەر، بەڵام بەهەرچى شێوەیەک بوو نەمهێشت. بۆ بەیانیەکەى بەرێکەوت هاتم بۆ ئەم هوتێلە بۆ ئەوەى کارێک بدۆزمەوە، ئەوەبوو خاوەن هوتێلەکە لە چێشتخانەکە دایمەزراندم، بەڵام دواى ماوەیەک لە کارکردنم هەستم کرد داواى شتى دیکەم لێدەکات، ئەوەبوو لە چێشتخانەکە دەریهێنام و زۆر جار شەوان وەکو کەسێکى تایبەتى بۆ میوانە تایبەتییەکانى خۆى دەیدامە دەست کەسانێکەوە. منیش لەبەر ئەوەى کە هیچ شوێنێک نەبوو تێیدا بژیم داواکەیم قەبووڵکرد.


تکات لێدەکەم وا تێمەگە کە من لەشفرۆش بم، نا من لەشفرۆش نیم و هیچ لەزەتێکیش لەم کارە نابینم، بەڵام لەناچاریدا ئەم کارە دەکەم، تکایە لێم تێبگە، من لەشفرۆش نیم، کاتێ لەگەڵ یەکێک رادەبوێرم وا دەزانم لەگەڵ مردووێکدا جووتدەبم، دەبمە پارچەیەک گۆشتى بێ گیان و بێ هیچ ئارەزوویەک خۆم بەدەستەوە دەدەم.


کاتێک کوڕەکە گوێى لەم قسانەى بوو، چاوەکانى پڕبوون لە فرمێسک و بەروومەتەکانیدا رێچکەیان بەست. هەندێک بیرى لەم قسانەى کردەوە، هەستى کرد کە ئەم کچە ژیانێکى ئاڵۆزتر لەو دەژیێت و لەشفرۆش نییە، بەڵام لەناچاریدا ئەم ئەم کارە دەکات.


لەم بیرکردنەوانەدا بوو، لەپڕێکدا یەکێک لەدەرگاى ژوورەکەیدا و دواى ئەوەى کە کچەکە کردییەوە، یەکێک لەخزمەتگوزارەکانى هوتێلەکە بوو، گوتى:


ئەندێشەخان، بەرێوەبەر کارى پێت هەیە، وابزانم هەندێ میوانى تایبەتى هاتوون، دەیانەوێت چاوان پێتبکەوێت، ئەگەر زەحمەت نییە تا ژوورى بەرێوەبەر بچۆ، ئێستا چاوەڕێى تۆن.


ئەندێشەش بەخزمەتگوزارەکەى گوت: بە بەرێوەبەر بڵێ ناتوانێ بێت، چونکە کارى زۆر لەوەى ئەو گرنگترى هەیە. خزمەتگوزارەکە هەندێک تەماشاى کرد، حەپەسا. ئەندێشە دووبارە پێى گوت: پێت دەڵێم نایەم.


دواى چەند لەحزەیەکى کەم بەرێوەبەرەکە خۆى کرد بەژوورەکەداو بەتوندى قیژاندى بەسەر ئەندێشەدا: تۆ چۆن دەتوانى من بانگت بکەم نەیەیت، دیارە تۆ حساب بۆ من ناکەیت، خۆت بیرچۆتەوە کە لەمن پاڕایتەوە تا کارێکت بدەمێ تەنانەت بێ بەرامبەریش ، بەڵکو تەنیا بهێڵم شەوان لە هوتێلەکەمدا بمێنیەوە.


ئەندێشە رێگاى نەدا لەوە زیاتر بەرێوەبەرەکەى قسە بکات، زۆر بەخێرایی کلیلى هوتێلەکەى دایە دەست و بەتوندى هاوراى بەسەردا کرد، کە چیتر لەم هوتێلەدا کار ناکات و هەر ئێستاش دەڕوات.


من لەشفرۆش نەبووم، بەڵام تۆ فێرت کردم، چەند ساڵە لەگەڵ خۆمدا شەڕدەکەم کە رۆژێک بێت و لە نائینسانێکى وەکو تۆ دوورکەومەوە، لەبەر ئەوەى گەوادى بەجەستەى منەوە دەکەیت بۆ ئەوەى بگەیتە ئامانجە پیسەکانى خۆت، تۆ ئینسان نیت. دوور کەوە لەبەر چاوم، تا نێو چاوەکانتم پڕ نەکردووە لە تف.


دواى ئەوەى کە ئەم قسانەى بە بەرێوەبەرەکەى گوت، بەخێرایی وێنەکەى باوکى لەدیوارەکە کردەوەو بێ ئەوەى کە هیچ قسەیەک لەگەڵ کوڕەکەدا بکات، گرتى بەقۆڵى و لەژوورەکەدا دوورکەوتنەوە. چووە بەردەم ژوورى بەرێوەبەرەکەی و خۆى کرد بەژوورەکەدا، لەبەرچاوى میوانەکاندا تفێکى کردە نێو چاوى بەرێوەبەرەکەو ئیدى بێ ئەوەى قسەیەک بکات لە ژوورەکەدا دەرچوو.


کاتێک گەیشتنەوە نێو ژوورى کوڕەکە، بێ ئەوەى هیچ قسەیەک لەگەڵ یەکتریدا بکەن، کوڕەکە وێنەى کوندەپەپۆکەى لەدیوارەکە داگرت و کتێبەکانى کۆکردەوەو جلەکانى خستە نێو نایلۆنێکى گەورەوەو خۆى ئامادەى رۆیشتن کرد. ئەندێشە هەستى بەوە کرد کە ئەویش دەیەوێت بۆ یەکجارى ئەم هوتێلە جێ بهێڵێت. کوڕەکە بێدەنگیەکەى نێوانیانى شکاندو گوتى:


ئەندێشەخان، کەمێک چاوەڕێم بکە تا لاى بەرێوەبەرەکەم دەچم، منیش وەکو تۆ چیتر لەم هوتێلەدا کار ناکەم، هەرچەندە من لێرە هیچ گرفتێکم نییە، بەڵام حەزدەکەم لەگەڵ تۆدا بۆ یەکجارى بچمەوە نێو باخچەکەى باوکم و لەو تەنیا ژوورە بچووکەى کە لەنێو باخچەکەدایە ژیانێکى تازە دەست پێبکەین.

 

 

ئەیلولى 2008