Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

  

 

دەربارەى سوڵتان هاشم .

 

 

بەهێز حوسێن   

 

 

ماوەیەکە و پاش کۆتایهاتنى ڕێَوڕەسمى دادگایی کردنى تاوانبارانى ئەنفال و دەرچوون و پاشان پەسەندنکردنى کۆتایى بڕیارەکەکانى ئەو دادگایە کە لەسێدارەدانى ( سوڵتان هاشم ئەحمەد ) ى وەزیرى بەرگرى ڕژێمى پێشووشى تێدایە ، کە سەردەمى ئەنفال سەرکردەى فەیلەقى پێنجى سوپاى عێراق و سەرپەرشتیارى قۆناغى دووەمى ئەنفال بووە ، مقۆیەکى زۆر و ڕاگەیاندنى دژ بەیەک و جۆراو جۆر دەربارەى تاوانبارێتى سوڵتان هاشم و مەسەلەى لە سێدارەدانى هاتۆتە ئاراوە ، ئەم تێڕوانینە جیاوازانەش ناوەندە سیاسیى و تەنانەت یاساییەکانى کردووە بە چەند بەرەیەکە و ئەم مەسەلەیەش وەک هەر مەسەلەیەکى تر گەمەى تایەفەگەرێتى و مەزهەبى پێ گەرم دەکرێت .

منیش وەک تاکێکى کورد و هاوڵاتییەکى عێراق و ڕژنامەنووس و چاودێر دەمەوێت لەم بارەیەوە ڕاى خۆم بڵێم و ئومێدەوارم بەهەڵەش لێکنەدرێتەوە . سەرەتا من بۆخۆم لە ڕوانگەى مرۆڤایەتى و یەکجار ژیانکردنى مرۆڤ و بە بەنرخترین سەرمایە تەماشاکردنى مرۆڤ و فرسەتدانەوەى ژیان بە مرۆڤەکان دژى لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدان و کوشتن و ژیان لێسەندنەوەى مرۆڤم لە هەرچ ڕەگەز و نەتەوە و وڵاتێک بێت ، لە لایەکى تر و تایبەت بە سوڵتان هاشمیش پێموایە بانگکردنى بۆ دادگاى ئەنفال گەر بۆ لێکۆڵینەوە و شایەتیدان نەبوایە لەبەر ئەوەى فەرماندەیى پرۆسەى جێبەجێکردنى ئەنفالى لە ئەستۆبووە ، ئەوا بانگکردنى وەک تاوانبار بە هەڵە دەزانم و  پێموایە هەڵە مامەڵەکردنێکى سیاسى تۆڵەسێنەرانەى نا واقیعى بەرامبەر کراوە ، لەبەر ئەوەى خوێندنەوەیەکى بابەتیانە بۆ کەسایەتى و مەوقیعییەتى سوڵتان هاشم نەکراوە ، گەرنا کەسێکى سەربازى بە تاوانێکى سەربازى چۆن بانگدەکرێتە بەردەم دادگایەکى مەدەنى ؟ و ئەگەر لەسەر تاوانە سەربازییەکانیشى دادگایى بکرێت و تاوانباربکرێت ئەوا دەبێت سزاى مردنەکەى بە گوللەباران

کردن بێت نەک خنکاندن بە پەت !.

 

سوڵتان هاشم کە دواپلەى سەربازى فەریقى یەکەمى ڕوکن بووە ، کەسایەتییەکى سیاسى نەبووە و هەروا و لەخۆڕاش بەو پلەیە نەگەیشتووە ، ئەم کابرایە ئەفسەرێکى کۆن و ناودارى سوپاى عێراقە و لە پێش گرتنە دەستنى دەسەڵات لە لایەن سەدام حسێن و عەلى کیمیاوى و عێزەت دورییەوە لە نێو سوپادا بووە و وەک ئەفسەرێکى نیشتمانى بە ئومێدى بەرگریکردن لە خەڵک و وڵاتى عێراق لە ڕیزەکانى سوپادا ماوەتەوە ، هەمووشمان دەزانین کە ئەرکى سەربازى بۆ هەر سەرباز و ئەفسەر و دەرەجەدارێک فەرزە و هەر گوێڕایەڵى نەکردنێکیش سزاى توندى سەربازى بەدواوە دێت ، لە هەموو دونیاشدا هەروا بووە کە سوپا دەزگایەک بووە بەدەست حوکمڕانە سیاسییەکانەوە و فەرمانەکانیانى جێبەجێکردووە ، ئێستاشى لەگەڵدابێت هەر ئاوا تەماشاى سوپاکراوە کە هیچ بەرپرسیارێتییەکى سیاسى لە ئەستۆ نییە .

لێرەوە ئەمەوێت بڵێم کە ئەگەر سوڵتان هاشم وەک ئەفسەرێکى دڵسۆز و گوێڕایەڵى سوپا ئەو فەرمانانەى پێى کراوە وەک خۆى بەجێى هێنابن و ڕۆژێک لە ڕۆژان نە لە ( ئەنجومەنى وەتەنى عێراق و قیادەى سەورە و قوترى ) دا ڕۆڵ و بەشدارى نەبووبێت بۆچى دەبێت باجى هەڵە و دیکتاتۆرییەتى سیاسییەکان بدات !؟بەو پێیە بێت خۆ دەبێت هەموو ئەفسەر و دەرەجەدارەکانى سوپا و پۆلیسیش ( ئەوانەى سەردەمى ڕژێمى سەدام ) بهێنرێنە بەردەم دادگا و بەرامبەر بە گرتن و کوشتنى خەڵک کە لەسەر فەرمانى سیاسییە فەرمانڕەواکان بووە سزا بدرێن ! ئەمەش واقیعى نییە ، چونکە سوپا و پۆلیس لە هەموو دونیادا وەک دامەزراوەیەکى جێبەجێکار تەماشاکراوە !

بەپێى هەموو ئەو بەڵگانەى لە ڕێوڕەسمى داگاییکردنەکەدا خرانە ڕوو "سوڵتان هاشم " نە بیرکەرەوە و داڕێژەرى پرۆسەى ئەنفال بووە و نە ئاگادارى مەرامە سیاسییەکانى بووە ، جگە لەمەش ئەو لەسەرەتاى ئەو پرۆسەیەوە بەشدارنەبووە و لە قۆناغى دووەمیدا خۆی و فەیلەقەکەى فەرمانیان پێکراوە کە لەو پرۆسەیەدا بەشدار ببن ! خۆ ئەگەر بڕیاریشە بەشداربووانى سەربازى پرۆسەکە دادگایى بکرێن ئەوا دەبێت تەواوى ئەفسەر و دەرەجەدار و عەریف و سەربازە بێ پلەکانى فەیلەقى پێنجى سوپاى ئەوکاتى عێراق دادگایى بکرێن !.

پێموایە ئەگەر بەڵگە هەبێت لەسەر ئەوەى سوڵتان هاشم کەسێکى کوشتووە ئەوە ئاساییە دادگایى بکرێت بەڵام هەرگیز دادپەروەریى لەوەدا نابینم تەنها لەبەر ئەوەى سەرکردەى فەیلەق بووە و بەشدار بووە لە داڕشتنى پلانى چۆنێتى جێبەجێکردنى سەربازیانەى فەرمانە سیاسی و سەربازییەکان دادگایى بکرێت .

هەرەهاش واى دەبینم کە لەسێدارەدانى ناوبراو وەک کورد دەڵێت |( لووت شکاندنى) ئەفسەرانى نێو سوپاى عێراقە و تەنانەت کاریگەریى دەرونى خراپیش لەسەر ئەفسەران و دەرەجەدارانى خانەنشینى سوپاکانى پێشووى عێراق و ئەفسەرانى سوپاى نوێش جێدەهێڵێت چونکە ئەمانەى ئەمڕۆش کە لە سوپاى نوێى عێراقدا خزمەت دەکەن و فەرمانەکانى سەروخۆیان دڵسۆزانە جێبەجێدەکەن ، سارد دەبنەوە و دەکەونە دوو دڵى لەوەى کە هەر ئەرکێکى سەربازى کە پێیان دەسپێرێت دواڕۆژ سزاى جێبەجێکردنى دەدرێن و گەر ئەنجامیشى نەدەن ئەوا هەر سزا دەدرێن !

لەسەر ئاستى سیاسیش کە ئەمڕۆ عێراق پێویستى بە یەکڕیزى تایەفە و ڕەوتە سیاسییە جیکانى نێوخۆ هەیە و لە گفتوگۆدایە و سەرەڕێى دیالۆگ و ئاشتەوایى نیشتمانى گرتۆتەبەر ، ژیرانەتر و دووربینانەتر مامەڵە لەگەڵ مەسلەى سوڵتان هاشمدا بکات کە خەریکە لێکترازانى سیاسیدا بەدواى خۆیدا دەهێنێت ، بەوەى کە مام جەلال وەک سەرۆک کۆمار  و بەرەى تەوافوقى سوننە و ئەمریکاییەکانیش لەگەڵ لەسێدارەدانیدا نین ، عێراقییەکان سەدان هەزار قوربانیان داوە و دەیدەن لە پێناو یەکڕیزیدا ، دەکرێت لە پێناو هێشتنەوەى ئەو یەکڕیزییەدا لەمڕۆدا وەک ئەو هەزاران تاوانبارەى تر لە سوڵتان هاشم خۆش ببن و لانى کەم سزاکەى بۆ سوک بکەن ، بە ئومێدى ئەوەى کە لە عێراقیشدا بەهیچ جۆرێک سزاى لەسێدارەدان نەمێنێت .

داواى لێبووردنیش لە هەموو ئەو خۆشەویستانەش دەکەم کە کەسوکارى ئەنفالکراوەکانن و ڕەنگە لە دڵگەرمى و بەهۆى ئەو داخەى لە دڵیاندا هەیە ئەم ڕایەى من نیگەرانیان بکات

 

Bahez2006@hotmail.com