په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٥\٢٠١١

 دەسەڵاتى یاسا بێکەسە و یاساى دەسەڵات حوکمى کوردستان دەکا.


پێشڕەو حەمید    


سیاسەتى چەواشەکارى و دەسەڵاتخوازى سیاسیەکانى کورد لە ماوەى ئەم دوو دەیەدا بەهۆى دوبارەکردنەوەى چەندین هەڵەى سیاسى و ئیدارى پارتى و یەکێتیەوە ، کاردانەوەیەکى نێگەتیڤى لاى مرۆڤى کوردى دروستکردو گیانى نیشتمان پەروەرییانى بەرەو هەڵدێربرد و نەمانى ئەوڕۆحیەتەش هۆکارێک بو خاوبونەوەى قوربانى دان لەپێناوى نیشتماندا و لەبرى ئامادەبونى نەتەوەیەک بۆقوربانى دان تەنها چەند کەسێک ئامادەبون لەپێناو نیشتمان بمرن ؟ چونکەکوردستان لەماڵى میللەتەوە بیست ساڵە کراوە بە ماڵى حیزب و ( حیزبیش خاوەنى یەکەمى نیشتمانە ، بیست ساڵە خەلکى کوردستان دەزانن کە کوردستانى ئەوان بوەتە نیشتمانى حیزبەکان و نیشتمانى گەندەڵکاران کوردستانى پڕلــەناعەدالەتى کۆمەڵایەتى و سیاسى و دیوەخانى بازرگانەکانى شەڕو چەتەو لەیاسا گەورەترەکان و... تد .


لاوازبونى هەستى نیشتمان پەروەرى لاى خەڵک ، نوقسان بونى خەیاڵى نەتەوەییە و نەتەوەش بەرپرسیارى یەکەمى ناهۆشیاریەکانى خۆیەتى و تموحاتە نامۆراڵیەکانى دەسەڵاتى کوردیش هەمیشە هۆکارى نـائامادەگەى ئەوخەیاڵەبووەو هەرگیز نەهێشتوە بۆتەنها جارێکیش بەرژەوەندییەباڵاکانى میللەت بخاتە پێش بەرژەوەندیە بچوکەکانى خۆیەوە .


هەستى نیشتمان پەروەرى بەرلەڕاپەڕین وپێش شەڕى ناوخۆى مانایەکى گەورەى هەبو،بەڵام لەدواى ڕاپەڕین و گەمەى ناو سەنگەرەکانى شەڕى حیزبەکان و بەپرۆژەکردنى گەندەڵى و بچوککردنەوەى ( یاسا ) لەبەردەم یاساى دەسەڵات و بـەرپرسەگرگنەکاندا مانایەکى ترى بەخشیە ئەو هەستەو شوناسێکى ترى بۆدیارى کرد ؟ چونکە لەوەى یەکەمیاندا کوردستان بەدەستى سیاسەتى عارەبە شۆڤینزمە بەعسیەکانەوە ئەتک دەکرا ،بەڵام لەمەى دوهەمیاندا ( کوردستان ) بەدەستى ئەو کەس و تاقمانەوە کاول دەکرا کە پێشتر ئامادەبون لەپێناوەیدا بمرن ؟!


بەرلە ڕاپەڕین سیاسەتە دوژمونکاریەکانى بەعس و هەوڵەنەزۆکەکانى بۆ قرکردنى تەواوى خەڵکى کوردستان ، چەکى بەرگرى کردنى پێهەڵدەگرتین و دەچوینە چیاکان بۆ پاراستنى شەرەف و پیرۆزییەکانمان،بەڵام لەدواى ڕاپەڕین سیاسەتى حیزبى کوردى و پەروەردەنـاتەندروستەکانیان وتموحاتە نائـەخلاقییەکانى دەسەڵاتى کوردى ، ناهۆشیارى سیاسى و مەعریفەى میللەتیان ئیستیغلال دەکردو فێرى دوبارە چەک پێهەڵگرتنەوەى کردینەوە ، بەڵام ئەمجارەیان بۆگیانى خۆمان وبۆ سوتاندنى ( هەولێرو سلێمانى ) و شارەکانى ترى کوردستان.


ئەگەر بەهێزبونى گیانى نیشتمان پەروەرى و پچێەوانەکەى لەو دووقۆناغەى دا کەباسکران و بەوشێوەیە خۆى بەرجەستەکردبێت کەچەند ئاماژەیەکى کورتى پێدرا ، ئەوادەبێت ئەوڕۆحییەتە تۆراوەى ( نیشتمان پەروەرى ) لەم قۆناغەدا لاى مرۆڤى کوردى چۆن بێت کە قۆناغێکى تەواو جیاوازە لە هەردو سەردەمەکەى پێشخۆى ؟ دیارە جیاوازبونى ئەم قۆناغەش بەماناى ئەوەنا کە پارتى و یەکێتى وازیان لە ( عەنتەریات ) ى خۆیان هێنابێت و بەتەواوەتى تێکەڵاوى خەڵک بونەتەوە و پەیوەندەى یەکى تەندروستیان لەتەک تەواوى کۆمەڵگاى کوردیدا دروستکردو وەتەوە ؟ بەڵکو جیاوازى ئەم قۆناغە ئەوەیەکە میللەت ئێستا هۆشیاریى یەکى سیاسیانەى هەیە و لە تەواوى گەمەکانى دەسەڵاتى کوردى بەئاگاهاتوونەتەوە و بەئاسانى مژدەو گوتارە سۆز ئامێزەکانى دەسەڵات فریویان نادات .


ڕوداوەکانى 17 ى شوبات ئیتر کۆتاى پربونى جامى سەبەرى خەڵک بوو، تورەبونى جەماوەربوو لەو فەسادیانەى بیست سالە درێژەى هەیە، لەدواى 17 شوبات و تائەمڕمان کە شارەکانمان پرەلە هێزى سەربازى و چەنیدن گروپى ترى ئەمنى دەمامکدار ، تەواوهاوکیشەکانى پێچەوانەکردەوەو ئەو خەوەنەى کە پارتى و یەکێتى لەماوەى 20 ساڵدا کاریان بۆدەکرد تابۆئەوەى هەمیشە مرۆڤى کوردى کویلەى دەستى سیاسەتە چەوتەکانیان بێت بۆهەمیشە سەردەمەکەى بەسەرچوو، ئێستا میللەت دەیەوەیت دەسەلاتى کوردى لەخەونە ترسناکەکەى خۆیان راچەنن و بێنەوە بەهۆش و لەبرى دوژمونایەتى کردنى داخوازیەکانى خەڵک و بە سەربازگە کردنى شارەکانیان ، ڕێزلەئیرادەى میللەت بگرێت و لەوەزیاتر خۆى فریو نەداتو بێباکانە لولەتى تفەنگەکانیان نەخەنە سەردڵى ئەو خەڵکەى کە پێشتر نانى سەرسفرەکەیان لەگەڵدا دابەش دەکردن .
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک