په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ده‌شتی جه‌مال:

لە کوردستاندا سیستەم و قانوونێک بەرێوەدەچێت کە سەرتاپا

بە دژی ژنانە، پەناگایەکە بۆ پیاوسالاری و بکوژانی ژنان.

سازدانی: عومه‌ر چاوشین

 

پ1: رەوشی پەنابەرانى کورد لەچ ئاستێک دایە؟ ئایا هەندەران چەندە توانیویەتى ببێتە دەروازەیەک بۆ بەختەوەرى تاکى کورد؟


ده‌شتی جه‌مال: لەماوەی ڕابردوودا شاهیدی هێرشێکی هەمەلایەنی دەوڵەتانی ئەوروپاین بۆ سەرپەنابەرانی کوردی عێراقی لەژیر ئیدعای ئەوەی "کوردستان ئارامەو دەسەڵاتێکی دیمکراسی لە ئارادایە"پەیڕەوی لە سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی کورد دەکەن ،بەو هۆیەوە بەشێوازێکی ئەوپەری نامرۆڤانە تا ئێستا دەیان بەنابەری کورد بەدەستبەسراوی ڕەوانەی فرۆکەخانەی بەغدا یان هەولێر و سلێمانی کراونەتەوە، حکومەتی عێراقی وحکومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرباری ئاسان کاری و هاوکاری بۆ ئەم حکومەتانە بەوپەری تواناوە پێشوازیان کردوە لە وەرگرتنەوەی پەنابەران.
هاوکات ئەم سیاسەتە زەخت و فشارێکی زۆری بۆ پەنابەرانی کوردستان هێناوە لەڕاگرتنی وەڵامی کەیسەکانیان، لێگرتنەوەی بەنەفیت و خزمەتگوزاریەکان، نەبوونی مافی کارکردنو خۆیندن و بیمەی تەندروستی ،دانانی ئیمزای پۆلیس هەفتانە یان مانگانە تا گرتنو زیندانی کردن، ڕاگرتنیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرتووخانە دەستبەسەرەکاندا بەم هۆیەوە بارودۆخێکی دژواری ڕووبەرووی پەنابەران کردۆتەوە تەنانەت حاڵەتی خۆکوژی لێکەتووتەوە ،بەرێوەچوونی ئەم سیاسەتە لەکاتێکدایە کە چارەنووسی خەڵکی کوردستان تا ئێستا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.
ئەوەی ئایە هاندەران دەتوانێت ببێتە دەروازەیەک بۆ بەختەوەری تاکی کورد وەڵامەکەی دوو لایەنە ، لەکوردستاندا بەداخەوە قانوونێک نیە کەمافو ئازادی وئارەزووکانی لاوان بسەلمێنێ، کوردستان دەولەت نیە بەوهۆیەوە تاکەکانی کۆمەڵگا هەمیشە لە چاوەروانی و قەلەقێکی کۆمەلایەتی ژیان بەسەر دەبەن کە لەباری سیاسیەوە ، ئایندەی بە نامعلومی وناجێگیری هێشتۆتەوە، ئەمە جگە لەوحاڵەتە فیدرالیزمە دوو فاکتۆیەی ئێستاش تاک ناتوانێت ژیانێکی جێگیر دابمەزرینێت، بەو هۆیەوە تاکی کورد لە ژیانێکی ناجێگیر ڕاگرتووە ،زۆر هۆکاری تر فەرهەنگی، پەروەردەی وفیرکردنومافەکانی تر کە ڕێگەگرن لەبەردەم بەختەوەری تاکی کورد ،ئەویش بەحکومی دەسەڵاتێک لەکوردستاندا هەیە.
تاکێک کەڕوودەکاتە هاندەران زۆریەک لەوماف و ئازادیانە بەرهەمی خەباتی خەلًکی ئازادی خوازو کریکارو زەحمەتکێشی ئەم ووڵاتانە بەدەستهاتووە ئەویش لی بەهرەمەند دەبێت دەتوانێت بە بە ختەوەری بژی ، جێگای خۆی بکاتەوە لەو کۆمەڵگایانەی ژیانی تیا بەسەر دەبات، ئەویش دەتوانێت دەستی ڕابگات بە هەموو ئەو زانستو ئازادی ومافو یاسا یانەی سود وەرگرێت ، بە پێچەوانەشەوە تاکێک لە هاندەرانیش لەچوارچێوەی بیروڕای کۆنەپەرستانە و ناسیونالیستانەوە مەزهەبیانەدا خۆی بهێڵێتەوە ئەوا خۆی پەروایزی کۆمەڵگا دەکات دەچێتەوە نیو خۆی خۆی ئەو بیروباوەرانە دەبوژینێتەوە ، ڕەنگە بێتە مایەی چەرمەسەریش بۆ کەسوکاری.


پ2: هیچ جیاوازی یەک دەکرێت لەنێوان پەنابەرانى کورد و عێراق نەتەوەکانی تر ؟ لەرووی مافەوە؟


ده‌شتی جه‌مال: هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان پەنابەرانی کوردو عیراقی ونەتەوەکانی تردا ئەمرۆ هەموویان لەبەرامبەر سیاسەتێکی ئەوپەری دژی ئینسانی ووڵاتانی ئەوروپادا قەراریانگرتووە، لەپاڵ هێرش بۆ سەر مافو ئازادیەکانی خەڵکی کریکارو زەحمەتکێشدا پەنابەران وەک بەشێک و حەلەقەیەکی زەعیفی ئەم کۆمەڵگایە لەوپەری بێ مافیدا ڕاگیراون، ووڵاتانی ئەوروپا سەرباری پشت کردنە تەواوی بڕیارنامە جیهانیەکان لەبارەی مافەکانی پەنابەرانەوە ئیمزایان لێداوە، هاوکات پەنابەرانیان لەپەراویزی کۆمەڵگا بەکۆتو بەندی تحقیرو نەژادپەرستانەو ملی و مەزهەبی ڕووبەرووکردۆتەوە.


پ3: ئەو کێشانە چین کەرووبەروى پەنابەرانى کورد دەبنەوە؟


ده‌شتی جه‌مال: بەهۆی وەرچەرخانێکی گەورە لەسیاسەت و تەنگەشەیەکی ئابووری کە ڕووبەرووی وڵاتانی ئەوروپا بۆتە ،ئەوە پەنابەرانی کورد نین بەتەنها کە ڕووبەرووی کێشە دەبنەوە بگرە بە هەزاران ئینسان ڕۆژانە لەم کۆمەڵگایانەدا بیکار دەکرێت وهێرش دەکریتە سەر ژیان گوزرەرانیان، زەریبەو خەرجیکانیان زیاد دەکرێت ،بیمەو خزمەت گوزرەیەکانیان لێکەم دەکرێتەوە ...پەنابەرانیش هەروەک لەسەرەوە باسمان کرد وەک بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەم کۆمەڵگایانە بەهۆی سیاسەتی جیاکاری ونەژادپەرستانەی ئەم حکومەتە ڕاستانە گەورەترین بەشی ئەو بێ مافیانەیان بەرکەتووە، لەنیو ئەم کێشانەدا لە ئێستادا نەسەلماندی مافی پەنابەری و پەیرەوی کردن لەسیاسەتی بەزۆر ناردنەوە و گرتن و ڕاونان وزیندانیکردن، برینی خزمەت گوزاریەکان ،سیاسەتی کەمپسازی وحیجزکردنی پەنابەران،بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی لەم ساڵانەدا داوای مافی پەنابەرییان کردوە ، بەڕەسمیت ئەو مافانەیان بۆ ناسەلمێنن ، تا زۆر کێشەی تر ڕووبەرووی ئەو پەنابەرانە دەبێتەوە کە ساڵانێکە لەم ووڵاتانە ژیانیان دامەزراندوە بۆ نموونە بەهۆی سیاسەتی راسیستی و فرە کەلتوری وولاتانی ئەوروپا ، خەریکی پاکانەکردنن بۆ کەلتۆری دینی ئیسلامو کەمایەتی نەتەوەیەکان، شانی خۆیان خاڵی کردوە بەرامبەر بەرپرسیاریتی لە پاراستنی مافو ئازادیەکان و سەلامەتی تاکەکانی کۆمەڵگا، خزمەتگوزاریەکان و یارمەتیەکان کە بڕیارە بەیەکسان بۆ هەموان فەراهەم بکرێت لەژیر سایەی ئەم سیاسەتەدا بەهەزاران ژن و مندالی لێ بێ بەری کراوە تا ئێستا بەدەیان ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون تاوانبارنیش وەک هەمیشە پەناگای سەلامەتی خۆیان لەکوردستان دۆزیوەتەوە تا کێشەی هێنانی خێزان هەڵوەشاندنەوەی یاسای شەملی عائیلە... قورسکرد وەرگرتنی مافی هاوڵاتی بوون(ستیزن)، ڕووبەرووبوونەوە بە ئیحساساتی ڕاسیستی و نەژاد پەرستانە وتوندو تیژی ،ئایزوولەکردنی (دابران)لە تێکەلاوبوون ئەو کۆمەلگایانەی پەنابەران ژیانی تیا بەسەر دەبات ،ئەم حکومەتانە بەگشتی بەدەیان مووئەسەساتو رێکخراوو ئیمکاناتی مادیان خستۆتە ئیختیاری بردنەوەی پەنابەران بۆ نیو فەرهەنگی خۆی ، ڕێگەگرن لەبەردەم تێکەلاوبوونێکی ڕەخنەگرانە پەنابەران لەم کۆمەڵگایانەدا....


پ4: زۆرجار پیاوانى کورد لەهەندەرانیش توندوتیژى بەارمبەر ڕەگەزى مێینە بەکار دەهێنن؟هۆى ئەمە چی یە؟


ده‌شتی جه‌مال: بەداخەوە لەکوردستاندا سیستەمو قانوونێک بەرێوەدەچێت کە سەرتاپا بە دژی ژنانە ، پەناگایەکە بۆ پیاوسالاری وبکوژانی ژنان. جێگایەکە لە 18 ساڵی ڕابردووا سەرباری ئەوەی ژنانی لەسەرەتاترین مافەکانی خۆیان بێبەش کردوە ،خۆکوژی وتیرۆرو، خۆسوتاندن و ئیختیساب و خەتەنەو ودیاردەی لەشفرۆشی و داسەپاندنی یاسای کۆنەپەرستانەوە ، دواین بریاری فرەژنی کردۆتە نسیبی ژنان لەکوردستاندا.
هەمان ئەو فەرهەنگی پیاو سالاری و دژی ژنی یە لەکوردستانەوە گۆێزراوەتەوە ئەوروپاش ژنانی ڕووبەرووی توندوتیژی زۆرجاری کوشتن کردۆتەوە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا چەندین ژن لەلایەن میردوە یان کەسوکاریانەوە لە ئەوروپادا خەڵتانی خۆینکراون وەیان بەپێ پیلانێکی دارێژراو براونەتەوە کوردستان کوژراون. لە ئەوروپادا ژنان لە زۆریەک لەدەستکەوتە ئینسانیەکانی خۆیان بەهرمەندن کەچی لێرەش فەرهەنگی پیاوسالاری وئەو فەرهەنگە ئیسلامیوناسیونالیستییە ڕێگە گرە ، ژنانی گیرۆدەی جیاکاری و هەڵاواردن و توانای دەستڕاگەیشتن بە فرسەتی کارو خۆیندن تەنانەت ڕێگەگری لە جلوبەرگو پۆشین وتێکەلاو بوونیان گرتووە ،ئەم دەمارگیریە بەهۆی دواکەتووی و دابونەریتی کۆمەڵگای پیاوسالاری و کاردانەوەی کۆنەپەرستی دینی لەسەر ژنان بەڕیوەدەچێ، بۆیە پێویستە لەکوردستان یاساو دەستورێک لەسەر بناغەی پێوانەی ئینسانی و یەکسانی هەمەلایەنی ژنان و پیاوان ومافی یەکسان دابمەزرێت کە تیادا دین لەپەروەردەو فیرکردن جیا بێت بەمەش دەستی پیاوسالاری وبەریوەچوونی توندو تیژی لەسەر ژنان ڕاگرێت.


پ5: زۆرجار دەگوترێت بەشێک لەژنانى کورد بۆ بەدەست هێنانى ژیان ناچار دەبن کارى لەشفرۆشى بکەن ؟ئەم حالەتانە تاچەند کاریگەرى سلبیان هەیە لەسەر خێزانى کوردى لەهەندەران؟


ده‌شتی جه‌مال: لەشفرۆشى دیاردەیەکى جیهانی سەرمایەدارییەو بەهۆى نەبوونى وهەژارى و بیکارییەوە تەواوى ووڵاتانى دنیاى گرتۆتەوە. بەپێی ئەم حوکمەش خێزانە کوردەکان دەرناچن لێى. بەڵام وەک دیاردەیەکى گشتى مەسەلەى لەشفرۆشى هۆکاریکى باو نییە لەنیو خێزانە کوردەکاندا، هەرچەندە ئیحتمالى بوونى ئینکارناکرێ، بۆیە دەکرێ بلێم کەدیاردەى لەشفرۆشى هۆکاریکى ئەو تۆنییە بۆ کێشە خیزانیەکان بەوجۆرەى ئێوە پرسیارى لەبارەوە دەکەن. ئەوەى کێشەى سەرەکى نیو خێزانە کوردەکانە دیاردەى توندوتیژى خێزانى و کوشتن و سەرکۆنەکردنى ژنان و لەقالبدانیانە لەنیو فەرهەنگى دواکەوتوانەى قەومى وئاینیەوە. بەتایبەتیش پیاوسالارى و لێدان و زەبروزەنگ لەدژى ژنان لەنیو خێزانە کوردەکاندا زۆرتر باوە و کاریگەرى لەسەردادەنێ.


پ6: وڵاتان چۆن بۆ پێگەى کورد دەروانن؟


ده‌شتی جه‌مال: ئەوەندەى من لەپرسیارەکەى ئیوە حاڵى ببم، ئەکرێ لەدوو ئاستدا باس لەپێگەى کورد بکەین: لەئاستى یەکمدا ڕۆلى ناسیونالیزمى کورد و ئەحزابەکانیەتى لەئاست مەحافیلى دووەلى و ووڵاتە ئەوروپاییەکان وە ئاستى دووەمیش پیگەى کوردە لەوەزعیەتى کۆمەلگا ئەوروپاییەکاندا وەک کەمایەتیەک کە سالانێکى کەمە بۆتە بەشێک لەپێکهاتووەکانى ئەم کۆمەڵگایانە.
ئاشکرایە کەدواى جەنگى یەکەمى کەنداوەوە، بەهۆى ئەوەى کە حزبە ناسیونالیستەکانى کورد خۆیان بە بەشیک لەسیاسەتەکانى ئەمریکاو ووڵاتانى ئەوروپا زانى و لەو ڕوانگەیەوە تەئید گەمارۆى ئابوورى و دواتر شەر لەدژى خەڵکى عێراقیان کرد و پاشانیش بەناوى پرۆسەى ئازادکردنى عێراق و دیموکراسیەوە لەپاڵ ئەمریکاو ئەوروپادا ڕاوەستان، جەزابیەتیان لەنیو سیاستەکانى ووڵاتانى ئەوروپادا بۆپەیدابوو. کەئەنجامەکەشى بە هاوکاریکردن ودەستگرتنى ووڵاتانى ئەوروپا بۆناردنەوەى پەنابەران گەیشتووە، بەڵام لەبارى کۆمەڵایەتیەوە پێگەى کوردەکان بەحوکمى زالبوونى ئایدیۆلۆژیا و فەرهەنگى قەومى و دواکەوتوانەوە لۆکەلیزم و سەربەخۆداکردن بۆتەخاسیەتیکى سەرەکى کوردەکان، بەجۆریک کەلەشاریىى مەدەنیەتى وپیشکەوتنى ئەم کۆمەلگایانە داببڕێن و بێموبالات بەرامبەر بەکێشەکانى ژیانکردن لەم کۆمەلگایانەدا قەراربگرن.


پ7: ڕۆڵى سەرۆکى حکومەتى پێشوو چی بوو بۆ چارەسەر کردنى کێشەى پەنابەرانى کورد لەهەندەران ؟


ده‌شتی جه‌مال: تا ئێستا بەکردەوە دەوری هاوکاری و ئاسانکاری وخزمەتکردنیان گێراوە بە سیاسەتی دژی ئینسانی دەوڵەتەکانی ئەوروپا .بچوکترین هەڵویستی پێچەوانەیان نیشان نەداوە ،لەموقعیتی بەرپرسیارەیەوە بەرامبەر بەم پرسە گرنگە لەپشتی پەنابەران ڕانەوەستاون ،بیدەنگیان سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەوان نایانەوێت ئەم بەڵایە لەملی خەڵکی کوردستان بێتەوە ،قازانجو بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریەکانی خۆیان پێش قازانجو بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان وپەنابەران ناوە ، بەمەش پەڵەیەکی ڕەش بەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێدەهێڵن،بۆیە داواکارین جارێکی ترچاو بەم سیاسەتە چەوتەدا بخشێننەوە ، دەرگای فرۆکەخانەکانیان دابخەن بەڕووی ووڵاتانی ئەوروپا بۆ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەرانو ئیتیفاقیەکانیان بەژیان و ئایندەی پەنابەران هەڵبوەشیننەوە ڕەسمەن ڕایبگەیەنن.


پ8: چۆن دەروانی یە کارەکانى وەزارەتى وەرزش و لاوان ، خودى وەزیر بەتایبەت ئەوەى پەیوەندى بەپەنابەرانەوە هەیە؟


ده‌شتی جه‌مال: پرسیار لەبەردەم وەزارەتی ناوبراودا ئەوەیە هۆکاری چیە لاوان والێدەکات لەژیانو میژووی خۆیان هەڵکەنرێن، سەڕەرای گرتنو دیپۆرتکردنەوە و رەفزو فشارو وداخستنی سنورەکان بەرووی لاوانی کوردستاندا لەلایەن وولاتە ئەوروپیەکانەوە، سەڕەرای سەختی و بیدەرەتانی و مەرگ ومردنێک کە دێتە سەر ڕێگای کۆچی لاوان کەچی هێشتا کۆچی لاوان ڕوو بەهەندەران درێژەی هەیە ؟
ئەو پرسیارە لەبەردەم وەزارەتی وەرزش ولاوان جێدەهێڵم؟
بۆ ئەوەی بێ وەڵام جێتان نەهێڵم پێش ئەوەی باس لەدەوروکارەکانی وەزارەت بکرێت، ڕێگا چارەی کێشەکە ئەوەیە لەڕووی سیاسیەوە جیاکردنەوەی کوردستانو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەپێناو دەرکێشانی کۆمەڵگا لەسەرگەردانی بێمافی نادیاری چارەنووس و ئایندەکەی کۆتای پێ دەهینێت.
ئەرکی دەسەڵات و وەزارەتی ناوبراو ئەوەیە بەفەوری چاکسازی بکات . یاسایەکی مودرێنو دەستورێک کەمافو ئازادیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان بەدور لەناسنامەی ئاینی و ڕەگەزی نەتەوەی دابرێژیت ،مافی تاک دابین بکرێت ،یاسا سەروەر بێت،دەورو دەخاڵەتی ئەحزابو پیاوانی ئاینی و بەرپرسیارانی حزبی لەسەر ژیانی ڕۆژانەو یاساو قەزاو زانکۆکان ناوەندەکانی کارگێری کەم بکاتەوە. کۆچ یاسای بکەنەوە ئازادی سەفەرو کۆچ بۆ دەرەوە بۆ لاوانی سەرو 18 ساڵ بەڕەسمی بناسێنن ،ئاسانکاری بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت بێ جیاوازی ومەرجەکانی پەرینەوە سەفەرکردن لابەرن ،سەردان بۆ دەرەوە ئاسای بکرێتەوە، دەستی لاوان بۆ بەدەستهێنانی کورسی زانکۆکان خۆێندن لەدەرەوە ئاوەڵا بکرێت .لەکۆتایشدا پشتگیری بکەن لەداواکاریەکانی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان کەداواکانیان بەشێوەی یاداشت ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمو سەرۆکی پەرلەمانی پێشو کراوە.


پ9: پێویستە چی بکرێت بۆ باشکردنى رەوشی پەنابەرانى کورد لەدەرەوە؟


ده‌شتی جه‌مال: پێش هەموو شت باشکردنی ڕەوشی پەنابەران لەگڕەوی بەرەسمێت ناسینی مافی پەنابەرییە بۆ پەنابەرانی کورد بەعینوانی قوربانیانی جەنگو نائارمی ودرێژەکێشانی سەرگەردانی وهەڵوسراوی کوردستان . ئەو ئیتیفاقیە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وحکومەتی عێراقی کەلەسەر حسابی ژیان و چارەنووسی پەنابەران ئەنجام دراوە بەفەوری هەڵبوەشێتەوە.
لەنیو ئاستی ناوخۆی ئەوروپاشدا ئەو یاسایانەی لەژیر ناوی "فرەفەرهەنگی"هەڵبوەشێنەوە مافی هاووڵاتی یەکسان بەدور لەجیاوازی فەرهەنگی و زمان ونەتەوە بەرەسمی بناسن،فرەسەتی کار ئاسانبکرێتەوە بۆ پەنابەران ،سیاسەتی کەمپسازی هەڵبوەشێتەوە ،یاساکانی شەملی عائیلە هەڵبوەشیتەوە ،ئاسانکاری بکرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی لە ووڵاتانی جەنگ و نائارامیهەڵهاتوون..
بۆ توندکردنەوەی کارەکانی خۆمان ئێمە لە 19-9 لە شاری زوریخی سویسرا سکرتاریتی فیدراسیۆن کۆنفرانسێکی بۆ هەڵسوراوانی فیدراسیۆن بەرپا کرد، بەمەبەستی ڕاکیشانی سرنجی هەڵسوران و خۆیندنەوەیانە بۆ پیشهاتە تازەکان و بارودۆخ ڕەوشی پەنابەران، داڕشتنی نەخشەکارو و دەستبردنە بۆ ئامرازی کاراترو خیراتر، لەپێناو رووبەروو بوونەوە دژ بەم سیاسەتە سەراسەریەی ووڵاتانی ئەوروپا کە بەرامبەر پەنابەران پەیڕوەی لێدەکەن. خۆشبەختانە لەم کۆنفرانسەدا هەڵسوراوان بەخۆیندنەوەیەکی رۆشن و ئامادەیەکی زیاترەوە هاتنە مەیدان لەسەر کارو نەخشەی ئایندەی رێکخراوی فیدراسیۆن قسەمان کرد کە چۆن فیدراسیۆن وەک رێکخراوەیەکی سیاسی ئینسانی وجەماوەری وچالاک لەزۆر مەیدانی پەنابەریدا دەوربگێرێت، بەخاتری لابردنی بەڵا وئەو کێشەو گیروگرفتانەی بەروو ڕووی پەنابەران کراوەتەوە، کۆنفرانس ئەرکێکی گرنگو چارەنووسسازی خستە بەرپێ هەڵسوران تا بتوانێت ڕابەرایەتێکی پرکار ئامادە بکات و بتوانێن جەبهەی ئینسانی و ئازادی خوازیو چەپ بخاتە پشت خەباتی یەکگرتوانەی پەنابەران لەپێناو هێنانەدی ئایندەیەکی ئینسانی بۆ پەنابەران .
هاوکات ئەرکی داهاتومان ئامادەکاری زیاتر دەبێت بۆ ڕیسواکردنو هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیتیفاقیانەی نێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپادا دژ بەناردنەوەی بەزۆری پەنابەران وە لەو بارەیەوە فیدراسیۆن هەموو ڕێگایەکی کارساز عەمەلی و شارستانیانە دەگرێتە بەر دژ بەم بریارە دژی ئینسانییانە کە بەژیانو چارەنووسی پەنابەرانەوە ئیمزاکراوە.