په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١٦

دەشتی جەمال، سەبارەت بە دیاردەی کۆڕەو و کۆچی بەکۆمەڵ.*

 

سازدانی: دیدگای سۆشیالیستی

 

دیدگای سوشیالستی: دیاردەی ڕەوی بەکۆمەڵی ھاوڵاتیانێک لەوڵاتانی سوریاو لیبیاو ئەفریقیا، تا کوردستان، سەرنجی دنیای بۆلای خۆی کێش کردووە، لێرەدا بەرلەوەی لەبارەی ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ئەم دیاردەیەوە پرسیار بکەین، سەرەتا دەپرسین کە بەشێک لەدەزگا نێودەوڵەتیەکان ئەم دیاردەیە وەک کۆچی بەکۆمەڵ‌و کۆچبەران ناولێدەنێن، ھەندێکی تریش ھێشتا دەیخەنە خانەی پەنابەرێتی‌و روھێنانی بەکۆمەڵی پەنابەرانەوە، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپاش بەئیمیگرانت لەقەڵەمی دەدەن... لەنێو ئەم دەستەواژانەدا ئێوە کامەیان بەدروست دەزانن؟ بەواتایەکی تر ئایا دەکرێ ئەم دیاردەیە بخەینە خانەی کۆچ‌و پەنابەرێتیەوە؟

دەشتی جەمال: زۆر سەرنجڕاکێشە! بەکارھێنانی ئەم دەستەواژانە لەدنیای سەرمایەداری ئەمرۆدا ھەمیشە مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە، کە ئەمڕۆ ھێزە ئیمپریالیستەکانی جیھان مەبەستیانە ڕای گشتی پێ چەواشە بکەن. ئەم دیاردە بەرفراوانەی شەپۆڵی ڕەوی بەکۆمەڵ، ناتوانرێت بچێتە خانەی کۆچ وەیان تەنانەت پەنابەریەوە کە ئێستا لە میدیای رۆژاوایی بەجۆرێک دەستەواژەی "قەیرانی کۆچبەران" کە بە ئینگلیزی (Migrant Crisis) بە ئاگاییەوە بەکاردەھێنن تا ئەو سیاسەتەی مەبەستیانە دەستبخەن.

دیاردەی کۆچ لەدونیای سەرمایەداریدا ھەمیشە بووەو دەمێنێ. جوڵەی بەکۆمەڵی مرۆڤ خۆی ڕەنگدانەوەی جوڵەی سەرمایەو چەق بەستنیەتی کە بەدوای خۆیدا پەرەی بازاڕو وەگەڕخستنی پرۆژە ئابووریەکان‌و فرسەتی کار دەکاتەوەو ھێزی کار بۆلای خۆی رادەکێشێ. سەرمایەش خەسڵەتێکی جیھانی ھەیەو ھەمیشە لەجوڵەدایەو ھێزی کار لەگەڵ خۆیدا راپێچ دەکات بۆیە تا ئەم پەیوەندیە بمێنێ کۆچ ھەردەمێنێ.

 
دیارە ھۆکاری ئابووری لەپشتی کۆچەوەیە وەک ئەوەی کە جاران بەلێشاو کرێکارانی میسری دەچوون بۆ عێراق بۆ گەڕان بەدوا کاردا بە پێی گرێبەستێک وەیان کۆچی بەکۆمەڵی کرێکارانی تورکی بۆ ئەڵمانیا بۆ بەدەستھێنانی کار وە یان کۆچی بەکۆمەڵی ئێرلەندیەکان بۆ ئەمریکا،.. لەم حاڵەتانەدا، ھۆکاری کۆچ زیاتر فاکتۆری ئابووریەو عونسوری ئیختیار ئامادەیە. لەمەش زیاتر ئەم دیاردەیە ناتوانرێت بەو پێناسە باوەی لەسەر پەنابەر ھەیە بکرێت بە بەرگی ئەم دیاردەیەی ئێستادا، پەنابەر بە کەسێک دەگوترێت کە لەژێر گوشارو ترس‌و بەدەلیلی نەژادپەرستانە یان ئەندام بوون لەھەندێک ‌گروپی سیاسی ،دینی،قەومی،... سیاسی‌و پێشێلی مافەکانی مرۆڤدا وەیان بەھۆی چەوساندنەوە، نائارامی‌و ھەڕەشەوە پەنا بۆ ژیانێکی ئارام دەبات، دەتوانێ لە مافی پەنابەری بەھرەمەند بێت... ئەمجۆرە لە پەنادان کاتی خۆی لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ڕەسمیەتی پێدراو بە جاڕنامەی مافی پەنابەری ١٩٥١ ناسێنراوە، و ئەو پرۆتۆکۆڵە لەدوای جەنگی دووەمی جیھانیەوە لەلایەن لیبراڵەکانەوە نوسرایەوە بەرامبەر بەکارەساتەکانی شەڕو لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی ئەوروپاو پێداویستی بەھێزی کاری ھەرزانی پەنابەران، وە ھەروەھا وەک کارتێک لەلایەن غەرب‌و ئەمریکاوە بەکارھێنرا بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیتی جاران لەدنیای دابەشبووی دوو جەمسەری ئەوکاتدا... لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا زۆربەی دەوڵەتەکانی دنیا دەستیان لەم جارنامەیە شتوەو چەندین ئاڵۆگۆری بەسەردا ھاتوە، گەرچیش ئەو پەیماننامەیە زامنی مافەکانی پەنابەران نیە. بەڵام بەبڕوای من ئەم ڕەوە بەکۆمەڵەی ئێستا کە لەدنیادا بەڕێکەوتوە وەک دیاردەیەکی فراوان‌و بەکۆمەڵ جیاوازە لە کۆچ کە بەئیختیاری مرۆڤەکە خۆیەتی‌و زیاتر بەدوای کاردایە. ئەم حاڵەتەی ئێستا ناچارکردنی مرۆڤەکانەو بە ئیختیاری خۆیان نیەو زیاتر بەرھەمی قەیرانە سیاسی‌و پشێوی‌و جەنگ‌و کوشتارو پێکدادانە قەومی‌و ئاینی‌و دەوڵەتیەکانە کەژیانی لەبەردەم مرۆڤدا نەھێشتۆتەوەو تەنانەت دەروازەی بەڕووی خەباتی مەدەنی‌و مرۆییدا داخستوە.. ئێمە لەکۆچدا کەمتر حاڵەتی تراژیدیا دەبینین چونکە کارێکی ئیختیارییانەیە،‌ واتە ئازادانەیە،‌ بەڵام لەم ڕەوە بەکۆمەڵەدا تراژیدیا رەگەزێکی بەردەوامە چونکە مرۆڤەکانی تیا ناچارکراوە. ئەم مەسەلەیە زۆرتر ڕەوەندێکی جیھانی وەرگرتوە، تەنھا بە کوردستانیشەوە پەیوەست نابێتەوە ئەمەش بەرھەمی بلۆکبەندی‌و ‌کێشمەکێش‌و شەڕی ھێزە ئیمپریالیستەکانی جیھانە بۆ دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی ناوچەکان‌و نفوزو ڕێکخستنەوەی دەسەڵات‌و ھەژمونیان لەدنیادا کە کۆنەپەرستانەترین‌و وەحشیترین ھێزی دینی‌و قەومی‌و عەشیرەتی‌و ناسیونالیستی لەدنیای سەرمایەداری بازاڕی ئازاددا سەری دەرھێناوە، وە بەتایبەت لەم دەورەیەدا میحوەری شەڕو دەعواکانیان ڕووی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقایەو بەھۆیەوە بە ھەزاران مرۆڤیان بەناچاری لەشوێن‌و ژیانی خۆیان ھەڵکەندوەو ناچاریان کردون بەکۆمەڵ ڕەو بکەن لەپێناو گەڕان بەشۆین ژیان‌و ئارامیدا.

ھەر بۆیەش ئەتوانم بڵیم بەمانایەک ڕەوێکی ھاوچارەنوسیە کاتێک دەبینین بەدەیان ژن‌و مناڵ‌و پیرو پەککەوتەی کوردو سوری‌و ئەفغانی‌و ئەفریقاییەک لەیەک ڕیزدا ڕاوەستاون یەک چارەنوس‌و ئایندە چاوەڕێیان دەکات.

دیدگای سوشیالستی: کەوایە ھۆکارە سەرەکیەکانی ئەم شەپۆلە بۆچی دەگێڕنەوە؟ ئایا دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە لەسەردەمی ئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی ناوخۆیی یان جیھانی ئەمرۆ؟

دەشتی جەمال: ئەم دیاردەیە تایبەندمەندیەکی جیھانی ھەیە تا ناوخۆیی. دنیای ئاڵۆزی ئەمرۆ شەڕو کێشمەکێشی نێوان ھێزە ئیمریالیستەکان‌و دەوڵەتانی سەرمایەداری جیھان‌و مۆنۆپۆڵەکانی بازاڕی ئازادە لەسەر دووبارە دابەش کردنەوەی جیھان لەنێوان بلۆکبەندیە ئیمپریالیستیەکان‌و دابینکردنی باڵادەستییان بەسەر ناوچەکانی نفوزدا کە دیارە ئەم کردەیە بۆ قازانج‌و بەرژەوەندی‌و کەڵەکەی سەرمایە لەئاستی جیھاندا رێچکەی گرتووە. شکستی ستراتیژی ئەمریکا بۆ ڕێکخستنەوەی جیھان لەژێر سەرکردەی تەنھای خۆیدا، ڕێگایداوە بە دەرکەوتن‌و ھێز نواندنی دوو جەمسەری گەورەی ئابووری‌و سیاسی‌و عەسکەری جیھان‌و ھەر ھێزێکیش لەو جەمسەرانە بە پێی گۆڕینی ھاوکێشە سیاسیەکان‌و ھاوسەنگی ھێزیان بەزیانی ئەوەی ترو تەسلیم بوون بە خواستەکانیان، دنیای شارستانی ئەمڕۆیان لەگەڵ ھەڵ‌ومەرجێکی نەخوازارودا لوشداوە ئەویش بۆ ھەژموونی‌و دەسەڵاتی سیاسی‌و سەربازییان بەسەر جیھاندا وەکو تاکە زلھێزو بەدەستھێنانی بەشی زیاتر. بە تێڕوانینێک لە باکوری ئەفریقا تا خۆرھەڵاتی ناوەراست‌و ئۆکرانیا، ئەوە ئەبینین کە بەزنجیرەیەک تاوان کە لە شێوەی دەخاڵەتگەریی ڕاستەوخۆی عەسکەری ئەو ھێزە ئیمپریالیستانەو سیاسەتی داگیرکارییان، سەرخان‌و ژێرخانی ئەو کۆمەڵگایانەیان تێکداوە. لەلایەکی دیکەشەوە دواکەوتووترین ھێزی دینی‌و قەومی‌و عەشیرەتی‌و تیرەگەرییان ھێناوەتە سەر شانۆو بونەتە پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی‌و لە ڕێگای ئەو ھێزە بۆرجوازی‌و ناسیونالیست‌و ئیسلامیانەوە کە بەسەر ئەم دوو کەمپەدا دابەش بوون کە لەلایەک ئەمریکاو ناتۆو تورکیاو سعودیەو قەتەرو رێکخراوی داعش، ڕاوەستاوە.‌ لە لایەکی تر روسیاو چین‌و ئێران‌و ئەسەدو حزبو اللەو تا حوسیەکانی یەمەن لەدەستەی عەسکەری ھێزی بەرانبەرن. بەم ھۆیەوە سەرھەڵدانی تیرۆریزمی ئیسلامی‌و ڕەوتە کۆنەپەرستە دینی‌و تائیفیەکان کە سڵ لە ھیچ تاوانێکی دڵتەزین‌و کوشتارێکی بەکۆمەڵ ناکەنەوە لە سوریا تا عێراق‌و لیبیاو یەمەن‌و تەنانەت ناوجەرگەی ئەوروپادا لە دەرھاویشتەکانی ئەم ھاوکێشە جیھانیانەن. جگە لەمانەش زیندووکردنەوەی یاسا کۆیلەتی‌و دیلھێنەرەکانی سەدە تاریکەکان‌و فرۆشتنی ژنان‌و سەربڕینی مرۆڤ بە ‌بەرچاوی دنیاو.. سود وەرگرتن لە تازەترین میدیای جیھانی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو تاوانانە لە کارنامەی ئەو ڕەوتانەن کە لە ھەر ناوچەیەک باڵادەستییان ھەیە.

پێویستەو دەبێت ھۆکاری ڕاستەقینە کە لەپشتی ڕەوی بە کۆمەڵەوەیە دەستنیشان بکرێ ‌و ئەمە دەربکێشرێت لە پشتی ئەم پروپاگەندانەی کە ئێستا لەلایەن جەمسەرە جیاجیاکانەوە بڵاو دەکرێنەوەو ھەموو ئەو پاساوانەی کە لە مێرکل تا ئۆباماو دیڤیدکامیرۆن.. دەیھێننەوە ڕۆشن بکرێنەوە کە ھەمووی بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکانە. ئەوان باش دەزانن ئەوە ئەنجامی سیاسەتی قێزەوەن‌و شەڕو کاولکاری ئەوانە لەپێناو بەرژەوەندی ئابوریدا کە ئەم ھەزاران مرۆڤە ریزبەستوە، ئەم ئۆردوە گەورەیە سەرگەردان‌و ماڵوێران بوون. ئەو ھێزانە خۆیان لەو پشێوی‌ونالەباریو لێکترازانەی ئەو کۆمەڵگایانەدا دەوریان بووە،‌ لە عێراق تا ئەفغانستان‌و لیبیاو سوریا ئاسەوارێکیان لە کۆمەڵگای مەدەنی‌و ژیانی مەدەنی نەھیشتۆتەوە، کۆمەڵگایان تا ئەوپەری ڕادە وێران‌و نابوت کردووە، تیرۆرو کوشتوبڕو دەیان باندی مرۆڤکوژی‌و مافیای سەری دەرھیناوە، جەماوەری ملیۆنی کەوتوونەتە بەردەم برسێتی‌و بێدەرەتانی‌و نائەمنی... لەدەورەی شەپۆلی شۆرش‌و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەھاری عەرەبی‌دا وەک ھێزی دژە شۆڕش، شۆڕشیان بەلاڕێدا برد، بۆیە گرنگە ئەو ڕاستیانە بخرێتە پیش چاوی خەڵک‌و ڕێگایەکی کارسازو واقعی بۆ ڕاگرتنی ئەم نەزیفەو وێستگە سەرەکیەکانی بەرگرتن بەم لێشاوە گەورەیە بۆ بەر‌دەم ڕای گشتی نیشان بدرێت بەعەمەلی‌و بەرامبەری بە ھەڵگرتنی پەرچەمی ئازادی‌و ژیانی ئاسودەی مرۆییەوە ڕاوەستین.

ھەر بۆیە دانیشتوان‌و خەڵکی ئەو ناوچانە بەکۆمەڵ ڕەو دەکەن‌و کەشتی مەرگ ھەڵدەبژێرن تا لە دەستی دڕندایەتیەکانی سیستەم‌و فەرمانڕەوایەتی دەسەڵاتی بۆرجوا ناسیۆنالیستی‌و ئیسلامی ڕزگاریان بێت. دەسەڵاتێک کە خەڵکی لە سەرەتاییترین مافە سیاسی و مەدەنی‌و کۆمەڵایەتیەکانیان بێبەشکردوە، داخوازی‌و داوا ڕەواکانیان ژێر پێناوەو ژیان‌و ئازادی‌و داھاتووی خەڵکیان بە بارمتەگرتوە.

سیاسەت‌و شێوازی کاری ئەمەریکاو وڵاتانی غەرب بۆ دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە جگە لە پشتیوانی ئەو ھێزە درندەو مرۆڤکوژو دژە ئازادییانە ھیچی تر نەبووە، ئەوان بوون دەستی ھەندێک لایەن‌و گروپی ئیسلامی سیاسیان (میانەڕەو) دەستەمۆکراوی خۆیان گەیاندە کورسی دەسەڵات لە عێراقدا کە کۆمەڵگایان نقومی خوێن کرد. وەیان زۆر جار قوربانیەکانیان کردۆتە دەستمایەیەک بۆ ڕاکێشانی ھەست‌و سۆزی مرۆیی دنیاو خۆیان وا نیشانداوە فریای ئاوارەو لێقەوماوان دەکەون‌و پەنابەران‌و ئاوارەکانی ناوخۆشیان وەک ئامرازێک بەکارھێناوە بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانیان بە ناوی "فریاکەوتنی ئاوارەکانەوە".

دیدگای سوشیالستی: بەڵام تائەو جێگەیەی بە "کۆچی گەنجانی کوردستان" دەگەڕیتەوە، ئەم دیاردەیە لە ئیستادا چۆن تەفسیر دەکەن وھەروەھا باس لەھۆکاری نابەرپرسیارێتی دەسەلاتدارانی کوردستان بەرامبەر بەژیانی ھاولاتیان و نائەمنی بونەکەی دەکرێ؟ تاچەند ئەم مەسەلەیە لەلیکدانەوەی ئیوەدا جێگای ھەیە؟

دەشتی جەمال: ئەو دارودەستەیەی کەخەریکن بەناوی ئەحزابی سیاسیەوە ھەموو بوارەکانی ژیانی ھاوڵاتیانی کوردستانیان بەبارمتەگرتوە،‌ بەدڵنیایەوە بەرپرسن، ئەوە ئەوانن ژیانو ئایندەی خەڵکی کوردستانیان بەستۆتەوە بە سیاسەتو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو غەرب وحکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە. ھاوکات کێشمەکیشی جەمسەرە سیاسی و عەسکەریەکانی جیھانی سەرمایەداری خەڵکی ئەو ناوچانەی بەکوردستانیشەوە تیاکراوەتە سەنتەری ڕووبەرووبونەوە، و ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستان بە خۆبەستنەوەو خۆجووتکردن بە سیاسەتی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکانەوە خەڵکی کوردستانیان لە ساڵۆنی چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە. شوبھاندنی دیاردەو شەپۆلی رەوی بەکۆمەڵی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان بەم شێوە بەربڵاوە بە ساڵەکانی دوای ١٩٩١ ی راپەرین وەیان شەڕی ناوخۆی ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستان، بە بڕوای من دەمانخاتە ھەڵەوە چونکە جیاوازی زۆر ھەیە لەبەینی ئەو دیاردەیەی ئێستا و دیاردەی ساڵی ١٩٩١ کە لەدوای شەڕی کەنداو ودواتریش ڕاپەرینەوە خەڵکی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسی سەرکوتگەرەوە دووچاری ئاوارەیی و ڕەو بۆوە... وەیان بەھۆی شەری ناوخۆی یەکێتی وپارتییەوە لە پێناو ئەوەی کامیان کورسی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و پێشرەوبن لە بەرێوەبردنی سیاسەتەکانی ئەمریکاو غەرب، وبەو ھۆیەوە ئەوکات کوردستان گۆڕا بە ئوردوگایەکی گەورەی ئاوارەیی و ژیانی مەدەنی تیا ھەڵواسرا وبەرەو بێئاسۆیی پەلکێشکرا، ‌ سەدان کەس لەشەڕی نێوان ئەو ھیزانەدا گیانیان لەدەستداو ئاوارەبوون وەیان ملی رێگەیان گرتەبەر بۆ ھەندەران کە ئەو کات ئەو دۆخە زۆرتر تایبەتمەندیەکی ناوخۆیی ھەبوو نەک جیھانی. بەڵام ئەو ڕەوە بەکۆمەڵەی ئێستای خەڵکی کوردستان ھاوچارەنوسیە بەواتای ئەوەی کە کوردێک و سوریەک و ئەفریقاییەک و لیبیەک و سۆماڵیەک ھەمویان لەگەڵ یەک چارەنوسدا بەرەو‌ڕوون خۆیان دەدەنە دەست کەشتی مەرگ وسنوری تەلبەند ودرکاوی مەرزەکانی ئەوروپا دەبڕن ھەروەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێکرد، تێکرا قوربانی شەری ئیمپریالیستی ئەمریکاو غەربن لەلایەک و رووسیاو چین لەلایەکی دیکەوە ھەروەھا لەگەڵ ئەوھیزە ناسیونالیستو ئیسلامیانەی لە گۆشەی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە لەناوچەکەدا بەسەر سیاسەتی ئەو ھێزە ئیمپریالیستیانەدا دابەش بوون.

حیزبە ناسیونالیستەکانی کورد لە کوردستان لە ٢٤ ساڵی دەسەڵاتداریتدا پشتگیری سیاسەتەکانی ئەمریکا بوون چ لە ‌دەورەی گەمارۆی ئابووری لەسەر خەڵکی عێراق چ لەدەورەی شەڕی کەنداو ودواتریش داگیرکاری وکاولکاری عێراقدا تا دوای شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەعێراقدا و ھەڵکشانی سیاسەتەکانی بارزانی لەبەرەی تورکیا ویەکێتی لەبەرەی ئێراندا وپاشان بەھاتنی داعش دووبارە ئەو حزبانەی کوردستان بەپێی قازانجو بەرژەوەندیەکانیان بەسەر ئەم کەمپە جیھانیەدا دابەش بوون، بەم شێوەیە خەڵکی کوردستانیان خستۆتە نێو ڕەوەندێکی جیھانی وئاڵوگۆڕی ھاوسەنگی ھێزەوە. لەگەڵ ئەوەی بۆ دەورەیەک بەدوای رووخانی رژێمی بەعس کوردستان بوژانەوەیەکی ئابووری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت وتەنانەت زۆر کەس لەدەرەوە دەگەڕێنەوە کوردستان بۆ ژیان دامەزراندن، بە قاچ ڕاکێشانی خەڵکی کوردستان بۆ نێو ئەم قەیرانە جیھانیە خەڵکی کوردستانیش ھەمان چارەنووسی ئەوسیاسەتە جیھانیە دەیانگرێتەوە کە ھێزە ئیمپریالیستەکان لەپشتیەوە ڕاوەستاون و بەم شێوەیە خەڵکی کوردستانیان لە چاوەڕوانی و نائومێدی ڕاگرتوە وتەنانەت ئامادەش نین شەڕی شێلگیرانەی داعش بکەن. سەراپای ئەم کارنامە سیاسیە وای کردووە کە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان ببنە قوربانی سەرەکی ئەو دۆخە..... بێگومان ئەم بارودۆخە لە ڕووی ئابوری و سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکەوە ڕەنگی داوەتەوە. ئەگەر ئەڵێن بێکاری ھۆکاری ڕەوی گەنجانە ئەوە ھەر ئەم دەسەڵاتەیە کە مەسئولیەت لە خۆی نیشان نادات بۆ دابینکردنی کار یان بیمەی بێکاری. ئەگەر دەڵێین نەبوونی خزمەتگوزاری خوێندن و خۆشگوزەرانی ھۆکاری ئەو جێھێشتنەیە،‌ دوبارە ئەوە ھەرئەم دەسەڵاتەیە کەژیانی گەنجانی سپاردوە بە بازاری سەرمایەو کڕین و قازانجی بەرپرسانو خاوەن کۆمپانیاکان.. ئەگەر ئەڵێین ھۆکارەکە قەیرانی سەرۆکایەتیە ئەوە ھەرئەم حزبانەن لە پێناوی دابەشکردنی دەسەڵاتو داھات لەنێو خۆیاندا ئەم دۆخەیان خوڵقاندووە و ئەم قەیرانەش کە تۆشی بوون ئەنجامی فەشەلی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی ئەوانە کەچی دەیانەوێت ئاکامەکەی بەسەر خەڵکدا بشکێنەوە... ھەندێ مەسەلەی تایبەتی ژیانی گەنج لە کوردستان ھەر نیە...ھیچ فرسەتێک بۆ خۆشی و تەرفیھی گەنج وەکو شوێنی وەرزش بە خۆڕایی... سینەماو شانۆ... شوێنی حەوانەوەی گەنجان ... تێکەڵ بوونی کچان و کوڕان لە چالاکی ھونەری و کۆمەڵایەتیدا... نەبوونی فرسەتی پەیوەندی خۆشەویستی و نەبوونی ئازادی بۆ گەنجان نییە.

نەبوونی مووچە و گرانی بازار نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی لەوانە کارەباو ئاو و تادەگات بە بواری تەندروستی و پەروەردە.. نەبوونی دامەزراندن بۆ خوێندکاران و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان... دزی ئاشکراو گەندەڵیەکی بێ وێنە... ھێرش بۆ سەر ئازادیەکان و ڕۆژنامەگەریی، لوشدانی داھاتی کوردستان لەلایەن حزبەکانی کوردستانەوە... دانی ھەزاران بەڵێن لە ھەڵبژاردنەکان و دەرکەوتنی درۆکان و ھیچ نەگۆڕین... ئومێد نەمان بە ھیچ جۆرە چاکسازیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە کە ماوەیەک ئەحزابی بەناو ئۆپۆزسیۆن خەیاڵی دەستا‌ودەستپێکردنی دەسەڵاتیان پێدەبەخشیەوە ... دەسەڵاتی داعش بەسەر چەند ناوچەی عێراق و شەڕی ڕۆژانەوە و ئەو ھەموو قوربانیانەی ڕۆژانە دەگەرێنەوە بۆ خانەوادەکانیان...لە مانەش زیاتر دیار نەبوونی ئایندەو چارەنوسی کوردستانە وبۆشایی" نەبوونی دەوڵەت"‌ لە کوردستاندا بەوەی نەخۆی دەوڵەت بێت نەبەشێک بێت لە دەوڵەتێکی ئارام و سەقامگیر. ھەموو ئەمانە بەشێکن لە ژیانی خەڵکی کوردستان. ئەگەر ژیانی خەڵک ئارام بووایە، لە شەڕی بلۆکە جیھانیەکانەوە نە ئاڵێنرایە، ژیان و بژێوی و ئازادیەکانیان دابین بکرایە، خەڵک ناچار بە جێھێشتنی کوردستان نە ‌ئەبوو. ھەربۆیە ئەم دەسەڵاتو حکومەتە ھاوبەشەی حزبەکان ھۆکاری ڕەوی گەنجان و خەڵکن بە گشتی وە ‌تەنانەت ھەر دەرد و گرفتێکە کە ڕووی لەژیانی خەڵک کردووە..

لەسەرو ئەمانەشەوە دوای ئەزموونی ٢٤ ساڵ لەدەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد بەتایبەتی بەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە جارێکی تر کوردستانیان لکاند بە دەسەلاتێکی قەومی ئیسلامی-عەرەبی لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی قەومیدا پیناسەکردوە، ڕۆژانە خەڵکی کوردستانیان لەگەمەی نێوان خۆیان و دەسەڵاتی مەرکەزی ھەر جارەی لەژێر ناوێک ڕاگرت، جارێک بە بەھانەی ما‌دەی ١٤٠، یا کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، پێشمەرگە، بوجە و موچە وداھاتی نەوت و ... ئەمە ‌سەرباری داسەپاندنی دەسەڵاتێکی میلیشیای بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە ودابڕ دابڕکردنی خەڵکی کوردستان بەسەر دوو زۆنی سەوزو زەرد وخنکاندی ھەموو دەنگێکی ئازادو سەرکوت ونائەمنی وھەژاری ووبێکاری ودەیان دەردو موسیبەتی تر ولەولاشەوە خۆیان ودەستو پێوەندەکانیان ژیانێکی شاھانەو وخۆشگوزەرانیان بۆ خۆیان دابینکردوە ‌تەواوی سەرچاوەو داھاتی خەڵکی کوردستانیان لە گیرفان وژێر زەمین وبانکەکانی ئەوروپا ناوە، ھەڵومەرجی ژیانیش بۆ خەڵکی کوردستان کراوەتە دۆزەخێک ڕۆژانە تیا دەسوتێن. یەکێتی و پارتی دەیان ساڵە قازانجو ژیانو ئەمنیەت و چارەنوسی خەڵکی کوردستان دەکەن بەقوربانی سیاسەتو مەرامو کێشمەکێشەکانی خۆیان بۆ خاتری دابەشکردنی دەسەڵاتو وداھاتی نێوان خۆیان لەو ڕێگایەشدا پەنا بۆ ھەموو شێواز و وابەستەییەک دەبەن لەدەست ڕاکیشانی سوپای جمھوری ئیسلامی ئێرانەوە تا دەوڵەتی فاشستی تورکیا بۆ سەر ژیانی خەڵکی کوردستان .

کەوایە سەرنجێکی کورت لە دۆخی ئێستا بەسە بۆ بینینی ئەو واقعیتەی کە ‌ ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بە ھەموو ڕەنگەکانیەوە بەرپرسیارن لەو ھەڵومەرجە نائومیدکەرو نالەبارە کە لە ئێستادا یەکێکی تر لە ئاکامەکانی ڕەوی بە کۆمەڵە.

بەداخەوە زۆر جار دەبینین ئەو دیاردەی ڕووکردنە دەرەوەی گەنجان گوایە بەمەترسی لەسەر ئاسایشی ھەرێم لەقەڵەم دەدرێت.. لە کاتێکدا ئەوە دەسەڵاتی ھەرێمە کە ئەمنیەتوئاسایشی ژیانی گەنجانی خستۆتە مەترسیەوە ئەوە ئەوانن کە وەڵام بە پێداویستی ژیان و ئازادی و بژێوی و ریفاھی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەکان نادەنەوە...ئەگەر ئەوان بیر لە ئاسایشی ھەرێم دەکەنەوە با ژیانی خەڵک و گەنجان باش بکەن و ئازادی سیاسی لە کوردستاندا لە زاخۆوە تا خانەقین بە ڕەسمی بناسرێ و ڕێزی لێبگیرێت.....وە ‌ئەوەیە ئاسایشی تێکداوە نەک پێچەوانەکەی. وەیان ئەم دیاردەیەیان بە حەرام کردن و کافرکردن لێکدایەوە. لە کاتێکدا ئەم جۆرە دەربڕینانە ناتوانێ بەربەم شەپۆلە بگرێ چونکە خەڵک لەسەری ژیانەوە ئیجبارکراوە بەجێھێشتنی وڵاتەکەی نەک لەوەوە کە لەسەریاندا وەک عەقیدە جێگای گرتووە.. بەبڕوای من ئەوانەی ئەم فتوایە دەدەن خۆیان نەک ھەر خەریکی پاساوکردنی دەسەڵاتو ھەڵومەرجی مەوجودن بەڵکو خۆیان لەڕیزی ئەوھۆکارانەن کەپاڵ بەگەنجانەوە دەنێن تا ولات بەجێ بھێڵن.. لەلایەکی تریشەوە ئەو جێھیشتنە دیاردەیەکی کۆمەلایەتیو سیاسیو ئابوریە و بەوەی کە بخرێتە خانەی کافرو باوەڕداریەوە بەری پێناگیرێت .. بۆیە بە بڕوای من ئەم بانگەشانە ناتوانێ بەر بەم دیاردەیە بگرێ، من وای دەبینم ئەوانەی باسی حەرام و حەڵاڵکردنی "کۆچ" دەکەن خۆیان دەوریان ھەیە لە نائارامکردن و تێکدانی ژیانی کۆمەڵایەتی گەنجان... ئەوانە خزمەت بە دەسەڵات دەکەن و بەرگری لەو دەسەڵاتە دەکەنو دەیانەوێ گەنجان بەو وەزعە کارەساتبارەیان ڕازی بکەن... پێموایە بۆ گەنجانێک کە لەم ژیانەی کوردستان نارەحەت و بێئومێدن، ئەو پڕوپاگەندەیە بایەخی چڵە پوشێکی نیە. ئەوەش بڵێم ھەر ئەو ھێزانەی دەستیان ھەیە لە خوڵقاندن وبەشداری ئەو دۆخەدا لە تەجربە وکردەوەکانی چەند ساڵی ڕابردودا خۆیان دەستیان ھەبوو لە دەستخستنە ناو دەستی حکومەتەکانی ئەوروپا بۆ بڕینی مافی پەنابەری لەو خەڵکەی کەخۆیان ناچاریانکردوە ژیانی پەنابەری ھەڵبژێرێت و زیاتر لەمانەش فرۆکەخانەکانیان دەخستە سەرپشت بۆ پێشوازی لە وەرگرتنەوەی پەنابەرانێک کە بەدور لەخواست و ویستی خۆیان دیپۆرتی کوردستان دەکرانەوە.

دیدگای سوشیالستی: ھەروەک دەزانن شەپۆلەکانی پەنابەری ئەم دەورەیە ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپایە، ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟ لەلایەکی تریشەوە مامەڵەی دەوڵەتانی ئەوروپا وتورکیا لەم مەسەلەیەدا وەک یەک نییە، لێکدانەوەی ئیوە بۆئەم حاڵەتە چییە؟


دەشتی جەمال: بەدروست شەپۆلی ئەمجارە لەو ئاستە فراوانەدا ڕووی لەو وڵاتانە ‌کرد کە بە زۆنی ئەوروپا ناسراوە زۆرترینیش وڵاتەکانی ئەڵمانیاو نەمساو فەرەنساو بەشێک لە وڵاتەکانی ئەسکندەنافیای گرتەوە بەو ھۆیەی بەرھەمی خەباتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو وڵاتانە بەشێکی زۆر لە مافە مەدەنی و مرۆییەکان دەستبەرکردووە و ئەوانیش دەتوانن سود لە نیعمەتە بەرھەمھاتوەکان و دەستکەوتە بەشەریەکان وەربگرن ولایەنی کەم ژیانێک بۆ خۆیان و داھاتووی مناڵەکانیان زامن بکەن وپارێزراوبن..... لەلایەکی ترەوە جیھانی شارستانی و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستو یەکێتیە کرێکاریی و ئەکتڤیستەکانی لەئاستی وڵاتانی ئەوروپا کاردانەوەیان لەخۆنیشانداو زەخت و گوشارێکی گەورەیان ھەبوو بەسەر حکومەتەکانیانەوە بۆ وەڵام بەو قەیرانەی ڕووی لە ئەوروپا کرد و ئەو حکومەتانە ھەر زوو کەوتنە بەردەم ڕەخنەی گشتی، بەئیدعایەک کە یەکێتی ئەوروپاش ھەیەتی سەبارەت بەئازادی ھاتوچۆ لەسنوری ئەوروپادا ونیشاندانی ڕو‌خساری پێشەنگی دیموکراسیو مافی مرۆڤ لەخۆیان.


ئەوەشمان بیر نەچێت ئەو حکومەتانەی ئەوروپا خۆیان ھۆکارێکی ئەم تراژیدیا و کارەساتانەن کە ڕووی لەو قوربانیانەیە. لەلایەک لەناوخۆی وڵاتەکانیان دەرگا دادەخەن بەڕووی ھەڵھاتوان لەدەست شەڕ وپشێوی کۆمەڵایەتی، بەتوندکردنەوەی سنورەکان، بەرتەسکردنەوەی مافەکانی پەنابەران، زیندانیکردن، پێشێلکردنی مافەکانی کرێکارانی بیانی وھێرشکردنە سەر مافە مەدەنیەکان ورێزنەگرتن لەکەسانێک کەقوربانیانی رژێمە سەرکوتگەرو چینە دەسەڵاتدارو کۆنەپەرستەکانی خۆرھەڵات و باکوری ئەفریقان. لەلایەکی دیکە ئەوە کارنامەی خودی حکومەتەکانی ئەورپایە لەدەستێوەردانی ڕاستەو‌خۆی سەربازی و سیاسی وستراتیژی لەو ناوچانە و پشتیوانی ئەوان لە دەسەڵاتە ‌سەرکوتگەرو دژە ئازادیەکانی ناوچەکە،‌ خەڵکی ئەو کۆمەڵگایانەی ناچار بەھەڵھاتن و ھەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری کردووە. کاتێکێش ئەم مرۆڤانە بۆ دۆزینەوەی پەنایەکی ئارام ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، یاساو پۆلیس وپەلامارە ڕاسیستیەکان دەکەنە پشتێنەی ڕاگرتنی کۆچی بەناچاری پەنابەران. ئەوەتا حکومەتەکانی ئەوروپا لەسەرەتای ئەو قەیرانەوە ناچاربوون کۆببنەوە و ڕێگا چارەی جۆراجۆر بخەنە بەرنامەی حکومەتەکانیان و دەزگا تایبەتیەکانی فرۆنتێکس (Frontex)،‌ تا وەڵامێک بە قەیرانی مەرگی بەکۆمەڵی پەنابەران بدەنەوە، لە سەرەتاوە ‌دە بەندیان دیاریکرد،‌ پاشان وەرگرتنی بەشێکی کەم لەو پەنابەرانە ..وەھەروەھا جگە لە چاودێریکردنی سنورەکان و دەرگا داخستن بەڕووی قوربانیەکان و بەرھەڵستی کردنی ئەوباندو دەستانە کە بازرگانی بە گیانی مرۆڤەکانەوە دەکەن، ھیچ ئاماژەیەکی کارسازو عەمەلی تیادا نەبینرا.. تەنانەت باس لەوەکرا فرۆکە و کەشتی سەربازی بەکاربھێنرێت، ئەو کەشتی و یەختانەی لە ‌لیبیاوە بەرێدەکەون پێش گەشتنیان بیانسوتێنن وەیان بیانگێڕنەوە بۆ لیبیا. چەند جار پیشنیار و ئیمکاناتی جۆراجۆریان خستە بەردەم دەسەڵاتەکانی لیبیاو یۆنان وتورکیا ھەموو ئەمانە ناکام مایەوە .. لەم نێوەدا کەوتنەوە دەستبردن بۆ بەرگرتن وداخستن وتوندکردنەوەی ئەوڕێگایانەی کەیەکەمین ویستگای دەرچوونی قوربانیەکانە بۆ ئەوروپا.. میرکل ڕوو لە تورکیا دەکات دوای ئەوەی تورکیا بە ھوشیاریەوە لەسەرەتاوە ئاسانکاری بۆ ئەو‌لێشاوەی پەنابەران دەکات تا بە سنورەکانیدا دەربازبن و بەمجۆرە بازرگانی بە ‌مەسەلەی پەنابەرانەوە کرد و ئەم جارە کارتی پەنابەرانی کردە گوشارێک بۆ یەکێتی ئەوروپا ، دیارە بە خاتری ئەوەی ئیمتیازێکی لە ئەوروپا پێوەربگرێت ..ھەر وەک بینیمان ئەوەی داوای سەفقەیەکی ٢٠٠ ملیاردی دەکرد لەبەرانبەر داخستنی سنورەکان بەرووی قوربانیەکاندا. ئەمەیە ئەم ھیومانیزمەی حکومەتەکانی ئەوروپا لە کاتێکدا دەتوانرێت ئەو سەدان وملیارد یورۆیە لایەنی کەم خەرجی ژیان و پیداویستیەکانی ئەو پەنابەرانەو ئاوارەکانی ناوخۆی بکرێت کە لە تورکیاوعێراق وکوردستان وئەردەن ولوبنان لەگەڵ ژیانێکی مەمرەومەژیدا بەرەو ڕوون.


دیدگای سوشیالستی: یەکێک لەپەیامەکانی سەرھەڵدانی "قەیرانی پەنابەرێتی"، بانگەشەی مرۆڤ دۆستیو کردنەوەی سنورەکانە لەلایەن حکومەتەکانی ڕۆژائاواوە، ولەم نێوەدا "میرکڵ وەک فریشتەی نەجات" وەسف دەکرێ.. تاچەند ئەمە راستی تیدایە؟


دەشتی جەمال: بانگەشەی مرۆڤدۆستی لەلایەن حکومەتەکانی ئەوروپاوە ئیدعایەکی ھێجگار پوچ و بێبناغەیە، ھەر مرۆڤێک تۆزقاڵێک ئاگای لەواقعیەتی ئەو کۆمەڵگایانە بێت کە قوربانیەکانی لێوە ھاتوون ئەوپەری مایەی گالتەجاری وپێکەنینە، دەسەڵاتەکانی ولاتانی ئەوروپا خۆیان سەرچاوەی ئەو وەزعە پر مەینەتەن کە ھیچ ئارامی و ئەمنیەت و ھەلۆمەرجی ژیانکردنیان بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە نەھێشتۆتەوە، ئەوە سیاسەتی ئەوانە کە جەماوەری کەنار خستوە و چارەنوسیان سپێراوە بە کۆمەڵێک دارودەستەی مرۆڤ کوژو تاقمی ناسیونالیستی و ئیسلامی وپردی پەڕینەوەی رەشترین کۆنەپەرستی ئیسلامی وەک لایەنگرانی خۆیان لەو ناوچانەدا شکڵپێداوە، ئەو کۆمەڵگایانەیان نقومی جەنگو داگیرکاری وتیرۆریزم ونائەمنی وجۆرەھا کارەساتکردوە لە کاتێکدا ھەر ئەو حکومەتانە دەیانتوانی ھەڵومەرجێک بخولقێنن کە بواری ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ و سیستەم ودەسەڵاتێکی مەدەنی و سکولار لەو کۆمەڵگایانەدا دابمەزرێنن کە سەرجەم مافە مەدەنی و مرۆییەکان زامن بکات. بەداخەوە ئەو پەنابەرەی وێنەی مێرکل بەرز دەکاتەوە ئەوەی لەیاد دەچێت کە ئەو قوربانی دڕندەترین سیاسەتی میرکل و ھاوسیاسیەکانێتی، کە لەژیانی خۆی ھەڵکەنراوە. زیندانیکردن و توندکردنەوەی سنورەکان وتەلبەندکردنی و کردنەوەی کەمپی جۆراجۆر لە بەڵقان وسربیاو تا ھەنگاریا وبولگاریا وە دەرکردنی چەندین یاساورێگای جۆراجۆری نامرۆیی وبەکارھێنانی ھێزی سەربازی وگازی فرمێسک بەرامبەر بە ژنان و مناڵان، ئەوپەڕی مایە پوچی و ھیپوکراسیەتی (دووڕوویی) ئەم ولاتانە دەردەخات. وەرگرتنی ئەوژمارە لەپەنابەران لەسەرەتاوەو دابەشکردنی بەسەر ولاتەکانی ئەوروپادا، ‌ لەبەرخاتری پێداویستیەکانی ئەو وڵاتانەیە کە لەزۆنی ئەوروپا دان بەھێزی کاری ھەرزان وپڕکردنەوەی پێداویستیەکانی بازار.. تەنانەت دەرفەتێکی پێکھێنا بۆ باندە مافیاییەکان و قاچاغچیەکان بۆ بازرگانیکردن بە ناردنە دەرەوەی پەنابەران و بازاڕیان گەرم بوو، پاش ئەوەی ئەو بەشەیان پرکردوە،‌ حکومەتەکانی ئەوروپا کەوتنە دۆخی جاران و باوەشێنکردنی ڕەوتە راسیستو نەژاد پەرستەکان کە لەو نێوەدا دەیان کەمپی پەنابەران لە ئەڵمانیاو سویدو شۆێنەکانی دیکەی ئەوروپادا ئاگری تێ بەردرا.

دیدگای سوشیالستی: ناسیونالیزم لەکوردستان ڕیوایەتی "لەدەستدانی دڵسۆزی بۆ نیشتمان" دەخاتە پاڵ ئەو گەنجانەوە کەبەشەپۆلەکانی ئەم دیاردەیەوە پەیوەست بون و کوردستان بەجێ دەھێڵن.. لەمبارەوە چی دەڵێن؟


دەشتی جەمال: مرۆڤ پێش ئەوەی ھیچ پێناسەیەکی بە نیشتیمانەوە ھەبێت، مرۆڤە و مافەکانی جیھانداگرە و کۆمەڵگا ئەرکێتی ئازادی و ویەکسانی و خۆشگوزەرانی و لە تەواوی ئیمکاناتو نیعمەتی مادی و مەعنەوی کۆمەڵگا بەھرەمەند بێت، کەوایە مرۆڤ موقەدەسە نەک نیشتیمان. ھەڵبژاردنی ژیانی ئاوارەیی و پەنابەری ھیچ کات ئیختیارێکی ئازادانەی مرۆڤەکان نەبووە، بەڵکو ھەمیشە ناچارکراوە ‌بە بەجێھێشتن. ئێمە بەتەواوی تواناوە لە پشتی مافو داواکاریو حورمەتی ئەو مرۆڤانە ڕادەوەستین کە بەھەر ھۆیەکەوە بێت نایانەوێت لەکوردستان بمێننەوە وەیان ناچارکراون کۆمەڵگای خۆیان جێبھێڵن. پێچەوانەی تەفسیری ئەحزابی دەسەڵات لەکوردستان بەتایبەتیش میدیاکانی سەربە دەسەڵات و ڕاگەیاندنە سێبەرەکانیان، بەمەبەستی داپۆشینی کارنامەی دزێوی دەسەڵات وئەو جیاوازیە چینایەتیەی کە لە نێوان خێزانی فەرمانڕەواو زۆرینەی ھاوڵاتیانی کوردستاندا ھەیە، ئەم شەپۆلەی ڕۆیشتنی گەنجانیان بەسستبوونی ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لەنێو گەنجاندا لێکدایەوە، ھەروەک چۆن جاران ئەوانەی ڕوویان لە دەرەوەی وڵاتدەکرد بە کەسانی ترسنۆک و خیانەتکار وەیان بەچاوی سوک تەماشا دەکرد ئیستاش ئەم دەستەواژانە بەکاردەبەن جۆرێک ڕاھاتوون لەسەر ئەم توھەمەت بەخشینەوەیەوە کە ‌ناتوانێت ھیچ جێگایەک لە فکرو زھنی خەڵکی کوردستاندا بگرێت ولەکەداریان بکات... ئەمە چ سیاسەت و ئیدعایەکە؟ ھەڵومەرجێکیان سازکردووە تورسکایی ئاسودەییان بۆ ژیانی خەڵک نەھێشتۆتەوە، کەسانێکیش کە لەو نالەباریە لە گیانیان بێزارن و ڕەوی بە کۆمەڵ ئەکەن، ئەو جۆرە قسە و قسەڵۆکانەیان ڕووبەڕوو ئەکەنەوە. لەبەرامبەر بەو ئیدعایانەدا و ئەو جۆرە کارنامەی ناسیۆنالیزمەدا، ئێمە باوەڕمان بەوە ھەیە کە ھەموو کەس و تاکێک مافی بینینی دنیاو سەفەری ھەیە... وە ‌دەبێت ئازادی بیقەیدو شەرتی نیشتەجێبوون، سەفەرکردن و شۆێن گۆرکێ مافی ھەموو کەسێکی گەورەساڵان بێت بۆ ھەر وڵاتێک سەفەر بکات وەیان لەھەر وڵاتێک ئیقامە وەربگرێت دەبێ ئەم مافە بەسەر دەسەڵاتدا بچەسپێنرێت. ئێمە وەکو ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەدیھێنانی خواست و داواکاریانەی پەنابەراندا ڕاوەستاوین و ڕادەوەستین کە لەزۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا نۆێنەرایەتیمان ھەیە پیش ھەرشتێک داوامان بۆ ئەو کەسانە ئەوەیە ریسک بە ژیانی خۆیانەوە نەکەن ڕێگای کەشتی مەرگ ھەڵبژێرن، نەکەونە دەست ئەو باندانەی بازرگانی بەجەستەی مرۆڤەکانەوە دەکەن دەستیان نەبڕنو فێڵیان لێنەکەن، ناچار نەکرێن ڕێگای سەختو پر مەترسی ھەڵبژیرن و خۆیان و خیزان مناڵەکانیان نەخەنە بەردەم ڕێگای مەرگ، حورمەتی شەخسیان نەشکێنن.. تێدەکۆشین ئەوکەسانە بە ئاسانترین شێوە وکەم دەردەسەرترین ڕێگا مافی پەنابەری وەربگرن لە ولاتانی ئەوروپا، بەرامبەر بەسیاسەتی دژی پەنابەری ولاتانی ئەوروپا ڕادەوەستین ... بەشێکین لەو بەرە جیھانیە شارستانیەی دنیا کە ئەمڕۆ ھاتۆتە مەیدان داوای کردنەوەی سنورەکان دەکات و پێشوازی لە پەنابەران دەکەن و گوشار بۆ حکومەتەکانیان دەھێنن مافی پەنابەریان بدەنێ..لە ھەمانکاتدا ھەوڵدەدەین لە ئاستی جیھاندا بزوتنەوەو ڕێکخراوە پەنابەری و کرێکاریە پێشکەوتنخوازەکان پشتیوانیان بۆ بەدەستبھێنین.

 

ئێمە لایەنێکی سەرەکین لەنێو دەزگا نێو دەوڵەتیەکان.. لەسەر ھەر بێ مافیەک بەو پەنابەرانە ھەرا ساز دەکەین ، کەمپەین دەکەین لە گرتوخانە دەستبەسەرەکان ئازاد بکرێن .. بەدژی سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانو ڕزگارکردنیان لە چنگی بەزۆر ناردنەوەیان ھەوڵی جدیمانداوە وبەردەوامیین.. پاریزەریان بۆ دەگرین ..و رێنمای یاساییان دەکەین لەچوارچێوەی قانون و ڕێسای ئەو وڵاتانە پەنابەر ڕووی تێدەکات ..نامەی پشتیوانییان بۆ دەنوسین ..لەگەڵ پەرلەمانتارو لایەنە سیاسیەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران، یاسا پێشرەوە مرۆییەکان پێشنیار دەکەینو یەخەی ئەو حکومەتانە دەگرین کەسەرچاوەی دەردو موسیبەتەکانی پەنابەرانن ..جگە لەوەی دەیان نامەی ھاوبەش و ڕێگا چارە بەرامبەر ھەڵومەرجی ژیانی پەنابەران خراوەتە بەردەم حکومەتەکانی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا .. وە لەگەڵ ئەمانەشدا فیدراسیۆنی پەنابەران تەنھا ڕێکخراوەیەک نیە خزمەتگوزاری پیشکەش بکات بەڵکو فیدراسیۆن رێکخراوەیەکە ناسنامەی ژیان و مرۆییە و ئەرکی خۆی بەوە داناوە وەڵام بەکێشەکانی پەنابەران بداتەوە بەڵام ھاوکات ھەوڵدەدات پەنابەران خۆیان ئیرادە بنۆێنن و ڕێکخراو و یەکگرتویان بکات بە ئاسۆیەکی مرۆیی و سیاسی تا بتوانن بۆ بەرگری لە خۆیان بێنە مەیدان و بەشدار بن و خۆشیان ھێزێکی کاریگەربن بۆ داکۆکی لەمافەکانیان وڕاوەستانەوە بەرامبەر بە ھەرجوڵانەوەیەکی راسیستی و فاشیستی . ..ھاوکات دەوریان ھەبێت لە ئالۆگۆڕە سیاسیەکانی کوردستان چونکە ھەرئاڵوگۆڕێک لەباش بوونی ژیانی خەڵکی کوردستان بەدڵنیایەوە دەستکەوتێکە بۆ کەمکردنەوە ی دیاردەی پەنابەری ومیحنەتەکانی.

دیدگای سوشیالستی: لەسەرھەڵدانی ئەم دیاردەیەدا، دونیا شاھیدی کۆمەڵێک تراژیدی مرۆییە، دەربەدەر وبێ سەروشوێنبوونی مرۆڤ، تا نقومبوون لەنێو ئاوی دەریا ومانەوە لەکەمپ وڕاکردن بەسەر تەلی درکاویدا.. ئەمانە حاڵەتێکی تراژیدی بەردەوام نیشاندەدەن، بەڵام لەو نێوەدا خنکانی مناڵێکی سوری لەکەنارەکانی تورکیا، زیاتر سوزی دونیای ھەژاند.. ئێوە ئەم تراژیدیایانە چۆن دەخوێننەوە؟ ھاوکات بەپیرەوە ھاتنی مرۆییانەی ھاوڵاتیانی ئەوروپایی و پێشوازیکردن لەپەنابەرانی ھاتوو، چۆن لێکدەدەنەوە ئایا ئەمە ڕەوەندێکی ھوشیاریو بێداربوونەوەی خەڵکی ئەوروپایە یا تەنھا یەک حاڵەتی مرۆڤ دۆستانەیە؟

دەشتی جەمال: تا پێش تراژیدیای مەرگی ئالان خەڵکی دونیا شاھیدی مەرگی بەکۆمەڵی دەریایی دەیان ژن و مناڵ و پیرو پەککەوتەن کە قوربانی دەستی گروپ ورێکخراوەی مرۆڤکوژو دڕندە و رژێمە سەرکوتگەرو چینە دەسەڵاتدارو کۆنەپەرستەکانی خۆرھەڵات و باکوری ئەفریقا بوون، لەدەریای سپی ناوەڕاستدا بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا سیاسەتی بەشێکی زۆر لە حکومەتەکان لە دژی پەنابەران بوو. بەڵام سیاسەتی حکومەتەکانی ئەوروپا دوای مەرگی ئالانی سێ ساڵانە لەکەنار دەریایی ئیچە ئاڵوگۆڕێکی بەسەر ھات لەژێر ئەو زەختە جیھانیەدا کە بەرەی مرۆڤدۆستی کردیە سەریان، ویژدانی خەو‌تویان لەخەوێکی قوڵ بۆ ماوەیەک ڕاچڵەکا وسنورەکانیان کردوە تا ڕوویەکی مرۆڤدۆستی لەخۆیان نیشان بدەن.. بەڵام ئەمە درێژەی نەکێشا و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، دوای پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان ھەر زۆر زوو کەوتنەوە ھەمان دۆخی پێشو و پەیڕەویکردن و درێژەدان بەسیاسەتی دژە مرۆییان لە توندکردنەوەی سنورەکان وتەلبەندکردن وراگرتنی پەنابەران لە کەمپەکان.. وسەرلەنۆی تراژیدیای مەرگی بەکۆمەڵی پەنابەران لە دەریاکان دەستی پێکردوە.

بەڵام بەشەرییەتی شارستانی، جیھانێکی شارستانی، لەمەیداندایە بۆ بەرگری بەرامبەر ئەو ھەموو مەترسی وتاریکی وتراژیدیا سامناکانەی کراوە بە ‌بەری بەشەریەتی ئەم سەردەمەدا. ئایندە ش چارەنوسازە وئەمڕۆ کە ھاتۆتە مەیدان داوای کردنەوەی سنورەکان دەکات بۆ ئەو کەسانە بەخێرھاتنیان لێدەکەن لە ئیستگای قیتارەکان و کەمپو ھایمەکان کۆمەکو خواردنیان بۆ دەبەن و گوشار بۆ حکومەتەکانیان دەھێنن مافی پەنابەریان بدەنێ، کەمپەینی جۆراجۆر لە ولاتەکانی ئەوروپا بەرێکەتووە داوای گۆڕینی یاساکانی ئەوروپا دەکەن، بەرانبەر بە جوڵانەوە راسیستی ونەژاد پەرستیەکان لە مەیداندان و داوا دەکەن مرۆڤ گیان و حورمەت و ئاسایشی بەنرخی ھەبێت .. ھەنگاوێکی گرنگ بوو ودرێژەی ھەیە...‌ بەڵام ھێشتا بەشەریەتی شارستانی و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و پێشکەتنخوازی ئەو ئاسۆیەی نیە لەدژی تەواوی ئەو ھەڵومەرجە بێتە مەیدان، ڕێگا چارەی گۆڕینی دۆخی ئێستای ئەو کۆمەڵگایانە و لەبەینبردنی زەمینەکان وئەو ھۆکارانەی کە پاڵ بە خەڵکەوە دەنێت ئەوڕێگا سەختە ھەڵبژێرن، لەدەستوریاندا نیە، ھێشتا ھاتنە مەیدانی ئەم بەشەریەتە شارستانیە بە جۆرێک نییە وەڵامی تەواوی ھەڵومەرجی ئەمڕو بداتەوە. بەڵام نفوزی ئەم بزووتنەوەیە بەتایبەت لەنێو خەڵکی سادەی کومەڵگای ئەوروپی وغەربیدا، بەھۆی دژی زەبروزەنگی خەڵک و مرۆڤدۆستی بوونیان و ھەروەھا محافەزەکاریی خۆبەخۆی خەڵکەوە، زور فراوانە. ھەڵوێستێکی بەم جۆرەی بەرامبەر سیاسەتی دژی پەنابەری و دژی مرۆڤایەتی دەوەستێتەوە بەڵام بەرامبەر ئەو دۆخەی حکومەتەکانیان کە لەو کۆمەڵگایانەدا ھەڵیانگیرساندوە ھێشتا خۆی بە بەرپرس نازانێت. دەبێ بەشەریەتی مرۆڤدۆست‌و ئازادیخواز لە دژی گشت ئەم ھەڵومەرجە ئاڵۆزکاوە بھێنینە مەیدان. تا کاتێک کە ئەمە نەکرابێت، ئەم تراژیدیاو کارەسات و نەھامەتییە درێژەی دەبێت. ئەمەش بە پەیدابوونی بەرنامەکارێکی ئەوپەری چالاک، ئازادیخوازانە و بەتایبەتی چینی کرێکاری پێشڕەو دەتوانێت مژدەدەری ئازادی ویەکسانی و ئاسودەیی کۆمەڵگای مرۆیی بێت.. لەڕیزی پێشەوەی خەڵکیدا بەستراوەتەوە بە ‌کۆمۆنیستەکان و مارکیستەکانەوە.. ئەمەش ‌ کاری ئێمەیە.

_____________________________

* ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن گۆڤاری دیدگای سۆشیالیستی لەگەڵ دەشتی جەمال سازدراوە، لە ژمارە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک