په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٣

دەیان خێزان لە کەمپی کەورگۆسک بێبەشن لە یارمەتیەکانی یوئێن.

 


سێشەممە ٥\٩\٢٠١٣ لەئەنجامی بەدواداچوونی رێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان - ئۆڕتە زانرا دەیان خێزانی ڕۆژئاوای کوردستان.


کە کۆچبەری هەرێمی کوردستان بوونە و دانیشتووی کەمپی( کەورگۆسک ) ی نزیک شاری هەولێرن بەهۆی کەموکوڕی نەزانینی شێوازی بەڕێوەبردنی کەمپەکە لەلایەن بەرێوەبەرانی کەمپی کەورگۆسک لە یارمەتیە مرۆییەکانی یوئێن و یونیسێف بێبەشن . ئەو چادرانەی کەدابەشکراون لەلایەن ڕێکخراوی ( یونیسێف ) ی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان هەمووی ژمارەی لەسەرە ، ژمارەکان بەئینگلیزی و بەزنجیرە لەسەر چادرەکان چاپکراون ، بەڵام ئەو دەزگایەی کە سەرپەرشتی کەمپەکە دەکات ، هەستاوە بە دووبارە ژمارەکردنی چادرەکان و ژمارەکان بەبۆیەی پەمپ بەدەست نووسیووە و کارتیان داوە بەو چادرانەی کە بەبۆیە پەمپ ژمارەیان بۆ داناوە ، بۆئەوەی بێبەش نەبن لەیارمەتیەکان لەکاتی دابەشکردنیدا ، بەڵام زیاتر لە ١٥٠ چادر کارتیان پێنەدراوە و تائێستا هەر یارمەتیەکی یوئێن و یونیسێف دابەشکراوە ، پێیان نەدراوە ! هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە سەرپەرشتارانی کەمپەکە بەبۆیەی پەمپ ژمارەیان لەسەر چادرەکان نەنووسیووە !!

 

ژمارەیەکی زۆر لەو هاوڵاتیە کۆچبەرانەی ڕۆژئاوای کوردستان داوایان لەڕێکخراوی ئۆرتە کرد چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە ، وە ڕایانگەیاند کە ڕۆژانە داوایان لە یوئێن و سەرپەرشیارانی کەمپەکە کردووە چیتر بێبەشیان نەکەن لەو یارمەتیە مرۆییانە ، تائێستا چارەسەریان نەکردووە . هاووڵاتیەکی کۆچبەری کەمپەکە ناوی عەبدولحەمید یوسف بوو گووتی من خەڵکی گوندی ( باقلە)ی سەربە ناحێەی چلاغام وە من ئەندامی گوندی باقلە بووم.

 

لە سەرەتا کەئێمە لەسنور پەڕینەوە ، ئێمەیان هێنا بۆ ئێرە ماوەی ٨ ڕۆژ لەسەر زەوی بووین ، ئێستاش وەرن سەیری چادرەکەم بکەن بزانن هیچم هەیە لەسەری بخەوم ، تەنانەت سەرینێکم نیە بیخەمە ژێر سەرم ، ماوەی ٥ ڕۆژە لێرە ئاو نیە . من کوردستانی ڕۆژئاوام جێهێشت بەهۆی تیرۆری ئیسلامیەکانی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام کە کوردیان تیرۆر دەکرد ، لەشارۆچکەی تەلکۆچەر - یەعروبیە کەبووە بە بنکەی سەرەکی بەرەی نووسرە لەوێدا سەری کوردانیان بڕی ، دوای ئەوەی بەرەی نوسرە سێ کوردیان سەربڕی بەڤیدیۆ بڵاویانکردەوە و چەندین ڕۆژ سەری سێ مرۆڤە سەربڕاوەکانیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەکان لەدەستدەگرت و نیشانی خەڵکیان دەدا بۆ ئەوەی گەلی کورد ناچاربکەن بەسیاسەتی تۆقاندن لەو ناوچانە نەمێنن و ئەگەر هێزەکانی یەپەگەی سەر بە پارتی یەکیەتی دیموکراتی (پەیەدە) بەرگری نەکەن ئەوا تەواوی چوار ملیۆن و نیو کوردەکە کۆچبەر دەبن و ڕوژئاوای کوردستان کوردی تێدانامێنێ ، لێرەش لەبچووکترین یارمەتیە مرۆییەکان بێبەشین بەهۆی ناعەدالەتی لەدابەشکردندا.

 

لەو کاتەدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک کۆبوونەوە ووتەکانی عەبدولحمەیدیان پشتڕاستکردەوە ، دواتر فوئاد زیندانی سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆڕتە پرسیارێکی لەئامادەبووانکرد : بەڵام جگە لە پەیەدە پارتەکانی تری کوردستانی ڕۆژئاوا کۆمەڵکوژکردنی کوردان و بارودۆخەکە بەشێوەیەکی پێچەوانە باس دەکەن هۆکارەکە چیە؟ هەموویان گووتیان ئەو پارتیانە لەپێناو جێخۆشکردن و بەرژەوەندی تەسکی خۆیان لێرە بەمشیوازە لێدوان دەدەن ، بەڵام واقیع ئەوەیە کە ئێمە باسمانکرد ، دواتر عەبدولحەمید یوسف گووتی من بەرپرسم لەهەر قسەیەک کەکردوومە ، ئامادەم هەمووکات ئەو ڕاستیانە باسبکەم.

لەلایەن خۆیەوە فوئاد زیندانی ڕایگەیاند : ئێمە سەرپەرشیاری تایبەت بەکەمپی کەورگۆسک لە یوئێن سەبارەت بە بێبەشکردنی خەڵکی ناو ئەو ١٥٠ چادرە ئاگاداردەکەینەوە و پێوویستە چارەسەرێک بۆ ئەو بارودۆخە بدۆزنەوە
 

 

رێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان

٤\٩\٢٠١٣

zindani@fppk.net  

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک