١۴\٦\٢٠١٠ دیدارێک له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر '' حەمەڕەشید هه‌ره‌س ''.
سازدانی: هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی
هونه‌رمه‌ند حەمەڕەشید هه‌ره‌س له ده‌ره‌وه‌ی ناساندن و پێداهه‌ڵدانی بێله‌زه‌تدایه. ئه‌زموونی دورودرێژ و مێژووی ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ شانۆ دا ناسنامه‌یان له مێژه پێ به‌خشیوه. کاره‌کانی له‌سه‌ره‌ڕێی خزمه‌تی ئه‌م کاروانه هونه‌رییه‌دا، سه‌رباری رۆژه سه‌خت و دژواره‌کانی ژیانی بنده‌ستی و تاراوگه‌ش له پسان نایه‌ت. وێڕای دنیای شانۆش هه‌ره‌س وه‌ک نووسه‌رێکی بوێر و به هه‌ڵوێست به‌رده‌وام به‌شداری له پرس و پێشهاته‌کانی رووبه‌رووی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌بێته‌وه هه‌بووه و هه‌یه. وا لێره‌دا وه‌ک به‌شێک له‌و ئاماده‌گییه کاک هه‌ره‌س به دڵێکی واڵا و حه‌زێکی بێ‌سنوور و مۆڕاڵێکی به‌رزه‌وه وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکمان له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵێ بابه‌تی پێوه‌ندیدار به هونه‌ر و بارودۆخی نه‌ته‌وه وه ده‌داته‌وه. له‌ته‌ک خواستنی له‌شساغی و ته‌مه‌ندرێژی بۆ برای نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند ، هیوادارین ئه‌م پرسیار و وه‌ڵامانه جێی بایه‌خی خوێنه‌ریش بێت...
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: كور‌د وه‌ک له ناوه‌وه به‌ده‌ست حیزبایه‌تی سه‌قه‌ته‌وه ده‌ناڵێنێت ، له هه‌نده‌رانیش دووچاری ده‌ردی کوشنده‌ی په‌رته‌وازه‌یی و سه‌گه‌ردانی بووه. به واتایه‌کی دیکه له هیچ وڵاتێکی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا مه‌ڵبه‌ندێ ، ناوه‌ندێ یان رێکخراوێکی سه‌رتاسه‌ری به‌دی ناکرێت کورد له‌ژێر چه‌تری خۆیدا کۆبکاته‌وه یاخود فدراسیۆنێکی کۆکه‌ره‌وه‌ی رێکخراوه‌کان بێت. ئه‌مه بۆچی ده‌گێڕنه‌وه؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: له هه‌نده‌رانیش حیزبایه‌تی سه‌قه‌ت و هه‌وادارانی حیزبه نانه‌ته‌وه‌ییه‌کان، هه‌مان ره‌نگی ناوه‌وه‌یان داوه‌ته‌وه و هۆکاره هه‌ره مه‌زنه‌که‌ی په‌رته‌وازبوونی کوردن. درووستبوونی هه‌رچی مه‌ڵبه‌ندێك و ناوه‌ندێکی کوردیی خۆی له خۆیدا هه‌نگاوێکی نه‌ته‌وه‌ییه و، له زۆربه‌ی هه‌لومه‌رجه‌کانیشدا له لایه‌ن ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌وه دێنه ئاراوه که هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی هانیان ئه‌دات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، که‌چی له‌پڕ حیزبه‌کانی ناو کوردوستان لووت ئه‌ژه‌ننه ناوی و یان ئه‌یکه‌ن به پاشکۆی حیزبێك یان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان بۆ نه‌کرا ئه‌وا ده‌که‌ونه گێره‌شێوێنی و له‌باری ئه‌به‌ن و ئه‌یپووکێننه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جۆره‌ها ریگه‌ی ناشایسته ئه‌گرنه‌به‌ر،جا ئه‌مه نه‌ك هه‌ر حیزبه‌کانی باشوور، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵات و باکووریش هه‌مان کاریگه‌رییان هه‌یه، سیاسه‌تی یان له‌گه‌ڵمایت یان دوژمن، هه‌ر هه‌موویان پیاده‌ی ئه‌که‌ن و به‌رنامه‌ڕێژی بۆ کراوه، بیگومان هه‌ر حیزبێکی کوردیی که پاشکۆی ناوه‌که‌ی ئێران، عیراق، یان تورکیا و سووریای پێوه نووسا، یان مه‌یدانی چالاکییه‌کانیان یه‌کێك بوو له‌و وڵاتانه، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نین و سه‌ر به داگیرکه‌رێکی کوردوستانن و ئه‌گه‌ر واش نه‌بن ئه‌وه له باشترین حاڵه‌تدا له‌لایه‌ن لایه‌نێکی چوارده‌ور، یان له لایه‌ن هه‌ر زلهێزێکی ده‌ره‌کییه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌نیی خۆی له یه‌کپارچه‌یی ئه‌و ولاتانه‌ی کوردوستانیان داگیرکردووه یارمه‌تیی ئه‌درێن و به پێوه ئه‌یانوه‌ستێینن و ناهێلن بکه‌ون، ئه‌مانیش ئه‌رکی سه‌ره‌کییان سه‌رکوت کردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و کوشتنی گیانی سه‌ربه‌خۆییه له‌ناو کۆمه‌ڵانی که‌سه نه‌ته‌وه‌ییکانی کوردا و، هێرش کردنه‌سه‌ر بیرمه‌نده نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه. یه‌كێك له‌و حیزبانه‌ی رۆژهه‌ڵات بۆ یادی کۆماری کوردوستان بانگهێشتیان کردم وتارێك له‌و باره‌یه‌وه بخوێنمه‌وه، هاتمه سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێم: ئه‌و کۆماره ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو کوردوستانبوو، که‌چی ئێستا دروشمی حیزبه‌که‌ی خۆدموختاریی و قۆڕه‌مافه. دوای ئه‌وه که‌وتنه هاتوهاوار لێم، وه‌ك ئه‌وه‌ی کفرم کردبێت، ئه‌وه زیاد له ده ساڵه ئێستاش ئه‌ڵێن ئه‌بێت له‌و رسته‌یه‌ت په‌شیمان بیته‌وه، خه‌ڵکه‌که‌شیان وا هانئه‌دا له‌من ئه‌یانووت: ئێمه هه‌زاره‌ها شه‌هیدمان بۆ خودموختاریی داوه، ئه‌ویش ده‌ڵێت: قۆڕه‌ماف. ئه‌و که‌سه‌ش که لێپرسراویانه و له هه‌موویان زیاتر خۆی گیڤئه‌کرده‌وه، زۆر به سه‌ربه‌ستیی و ئازادانه گه‌شتی ئێران ئه‌کاته‌وه. جا ئه‌مانه چۆن ئه‌هێڵن بیری سه‌ربه‌خۆیی بڵاوبکه‌یته‌وه. زۆر به داخه‌وه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای زۆربه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات لاوازه، ئه‌وان هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئێرانیی چ فارس، چ ئازه‌ریی، چ عه‌ره‌بێکی ئه‌هواز له‌کوردێکی پارچه‌کانی دی لایان ئاشناترن، زۆربه‌شیان ئێرانییبوونیان لا پیرۆزتره وه‌ك له کوردوستانییبوونیان. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی مێژوویی کۆمه‌ڵه و دیموکرات و چه‌په‌کانی کورده که به‌م بیره وێرانه کوردیان له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی کوردوستان گۆش ئه‌کرد و ئه‌یکه‌ن، باجه‌که‌شی ئه‌بێت بیری سه‌ربه‌خۆیی بیدات، ئه‌ویش برابچووکی و ئاوه‌کیی بوونی هه‌بوونمانه وه‌ك کورد. زه‌قترین به‌ڵگه‌ش بۆ بۆچوونه‌کانم، هه‌ر چاوێکی ساکار به ناو ماڵپه‌ڕه کوردییه‌کانا بگێڕێن، سه‌یرئه‌که‌ین ماڵپه‌ڕه‌کانی کورده‌کانی باشوور و باکور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، به‌رچاوترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌م دابڕبوونه‌ی لێی دوام، بۆ نموونه نووسه‌ره کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات به ده‌گمه‌ن نووسین له‌و ماڵپه‌ڕانه‌دا بڵاو ئه‌که‌نه‌وه، که کورده‌کانی باشوور تیایدا بڵاو ئه‌که‌نه‌وه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌و نووسه‌ره رۆژهه‌ڵاتییه‌ش که نووسینێك له ماڵپه‌رێکی باشووردا بڵاو ئه‌کاته‌وه، سه‌یرئه‌که‌ین هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی خاوێنی تیایه که ئه‌و جیاوازییه ناکات. که‌ڵچه‌ری حیزبه نانه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد له گشت کوردوستاندا که‌ڵچه‌ری ئه‌و برایه‌تییه درۆیینه‌یه، که دوژمنی لێکردوینه ته براو، بیری نه‌ته‌وه‌ییشی لێکردوینه‌ته دوژمن، هه‌تا نه‌بینه خاوه‌نی ئه‌و بیره محاڵه یه‌کگرتووبین. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌کی نکولی لێ نه‌کراوه له هه‌موو وڵاتێکی هه‌نده‌راندا و له گشت شار و ده‌ڤه‌رێکدا، هه‌ر هه‌موو حیزبه‌کانی سه‌رانسه‌ری کوردوستان بوونی خۆیان سه‌پاندووه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردوستاندا، که دیارده‌ی چالاکی حیزبی به‌م شێوه گومانهه‌ڵگره ته‌نها په‌یوه‌سته به حیزبه کوردییه‌کانه‌وه، ئه‌گینا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه وه‌ک حیزب له هه‌نده‌راندا چالاکی ناکه‌ن ته‌نها کورد نه‌بێت. ئیتر له ژێر کاریگه‌ریی ئاشنایه‌تیی ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبانه له‌گه‌ڵ که‌سانی ناحیزبیدا، یان له رێگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی، یان ترس و تۆقاندن یان دروستکردنی پروپاگه‌نده‌ی ناڕه‌وا و زۆر رێگای ده‌غه‌زاری تر، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کگرتنی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه ئه‌پووکێننه‌وه و به هۆی به حیزبیی کردن و هه‌واداریی بۆ حیزبه جۆربه‌جۆره‌کان، نه‌ك هه‌ر زۆربه‌ی کورد لێکدائه‌بڕن به‌ڵکو له زۆربه‌ی هه‌لومه‌رجه‌کانا ئه‌شیانکه‌نه دوژمنی یه‌کتر و گیانی نزیکبوونه‌وه و گلدانه‌وه‌ی یه‌کتریان تێدا ئه‌کوژن و له جێگایدا تۆوی مۆڕبوونه‌وه و خێسه‌کردن له یه‌کتریی ئه‌چێنن، به داخه‌وه زۆربه‌ی کورد ئه‌گه‌ر حیزبیی نه‌بێت و یان هه‌واداری یه‌کێك له حیزبه‌کان نه‌بێت، هه‌مێشه وا ئه‌زانێت شتێکی گرنگی لێ بزربووه، هه‌میشه وێڵه و تا نه‌چێته ناو کۆتوبه‌ندی حیزبێکه‌وه هه‌ست به بوونی خۆی ناکات، ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی حیزبه‌کانه که هه‌موومان ئه‌یبینین.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: حاجی قادر له به‌یته شیعرێکدا ده‌ڵێ: له رۆما که‌وته به‌رچاوم که‌سێ هایم حه‌یران به ره‌نگا تێگه‌یشتم کورده به وێنه‌ی کوردی کوردستان حاجی ئه‌م که‌سه‌ی چۆن ناسیوه‌ته‌وه و به ناسینی ئه‌ویش چی خوێندۆته‌وه؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: حاجی نه‌مر ده‌فه‌رموێت: به ره‌نگا تێگه‌یشتم کورده. من وای بۆ ده‌چم که به ره‌نگا ناسیوێتییه‌وه، مانای حاجی به‌هره‌ی نه‌ژادناسیی هه‌بووه، زۆرکه‌س ئه‌و به‌هره‌یه شک ئه‌بات دوور نه‌ڕۆین خۆشمان له هه‌نده‌رانا ئه‌گه‌ر له خه‌ڵکی وردبینه‌وه ئه‌یناسینه‌وه خه‌ڵکی ئه‌وروپایه یان رۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست و دوور، به‌ڵام هه‌ندێك که‌س هه‌ن له‌و باره‌یه‌وه زیاتر به‌هره‌مه‌ندن ئه‌توانن وڵاته‌که‌ش ده‌ستنیشان بکه‌ن، به تایبه‌تی پتر له سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وپێش نه‌ژاده‌کان وه‌ك ئێستا تێکه‌ڵاو نه‌بووبوون ناسینه‌وه‌یان ئاسانتر بوو، ئه‌مه یه‌ك. دووه‌میش، هه‌ر من وای بۆ ده‌چم ئه‌و هایم و حه‌یرانییه له روخساری زۆربه‌ی کوردا ئه‌خوێنرێته‌وه، چونکه کورد هه‌رکه‌سێك له وڵاتێکی هه‌نده‌رانا ئه‌بینێت یان هاوڵاتییه، یان سه‌ر به وڵاتێکی خۆیه‌تی ئه‌مه باوه‌ڕێکی هه‌ستبه‌بوون له نه‌ستیا ئه‌چه‌سپێنی، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و کورده‌وه که بێوڵاتیی لاره‌ملی کردووه و به روخسارییه‌وه دیاره، ئه‌میش بێئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ‌بکات له نه‌ستیا خۆی به که‌م ئه‌زانێت، چونکه ده‌ردی بێ‌وڵاتی زۆر به ناسۆره به تایبه‌تیی ئه‌و کورده‌ی حاجی ناسیوێتییه‌وه و دواییش بۆی ده‌رئه‌که‌وێت، مه‌زنترین خه‌می داڕمانی میرنشینی بابانی به‌کۆڵه‌وه‌یه، ئه‌و میرنشینه‌ی ئه‌گه‌ر شه‌ڕی کورسی و خۆخۆریی نه‌بوایه ئه‌وا بوون به ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام ئه‌بوو نه‌ك ته‌فروتوونابوون و ژێرده‌سته‌یی. چه‌ند ئه‌سته‌مه بۆ حاجی نه‌مر له‌و ده‌ربه‌ده‌ریی و لانه‌واز و نامۆییه‌دا، ئه‌و کورده‌ش هه‌واڵی جه‌رگبڕی کۆتای میرنشینی بابانی بداتێ، وه‌ك له توێی هۆنراوه‌که‌دا ئاشکرایه، بیگومان ئه‌و کورده‌ش که گه‌یشتۆته ئه‌سته‌موڵ (رۆما مه‌به‌ستی ئه‌سته‌موڵه) کوردێکی ئاسایی نه‌بووه، به‌ڵکو سه‌رکرده‌یه‌کی خاوێن و دڵسۆزبووه، ئه‌گینا چی گه‌یاندوویه‌تیه ئه‌وێ؟ دیاره له‌به‌ر مه‌ترسیی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆیشی و ئه‌و کورده‌ش ناوی نه‌بردووه، ئه‌گینا ناویشی زانیوه و بێگومان بوونه‌ته دۆست و براده‌ریش. ئه‌گه‌ر ئه‌و(رۆما) یه‌ش ئیتالیا بێت هیچ له بۆچوونه‌که‌مان ناگۆڕێت که قسه‌مان له‌سه‌ر ده‌ربه‌ده‌ریی و سه‌رهه‌ڵگرتنه.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: له‌م تاراوگه‌یه رۆحی تۆ له کوێ و به چی ئارام و ئۆقره ده‌گرێت ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: ئێستا مردووی زیندوو منم، یان با بڵێن به مردوویی ئه‌ژیم، ژیانێکی بێ تاموچێژ چاره‌که‌سه‌ده‌یه‌ك ده‌ربه‌ده‌ریی بڕستی پیاو ئه‌بڕێت، به‌لای منه‌وه به ده‌ربه‌ده‌ریی بۆ به‌هه‌شتێش بچیت هه‌ر دۆزه‌خه، له ئێران بووم هه‌موو جارێك به‌لای په‌یکه‌ره‌که‌ی فیرده‌وسیدا تێپه‌ر ئه‌بووم، نه‌ك قینم له‌خۆی، به‌ڵکو له‌و مناڵه‌ش ئه‌بووه‌وه که وه‌ك هێما بۆ نه‌وه‌ێ دوارۆژ له‌به‌ر ده‌میا داتاشرابوو، ئیتر له‌م هه‌سته‌وه برۆ بۆ گشت هه‌سته‌کانم له‌و وڵاته. له شام بووم، هه‌ر بۆ نه‌فره‌ت له سه‌لاحه‌دین، چوومه سه‌ر گۆڕه‌که‌ی هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پێی بڵێم: ئه‌گه‌ر تۆ گیله‌پیاو نه‌بوویتایه ئاوا له وڵاتی بیگانه‌دا رسواو بێ‌نرخ نه‌ئه‌بوویت و منیشت ئه‌کرده خاوه‌نوڵات و هه‌ردوکمانت ده‌ربه‌ده‌ر نه‌ئه‌کرد. له قوبرس و رۆدس بووم لای خه‌ڵکه‌که‌ی و گه‌شتیاران به‌هه‌شت بوو، لای منێش زیندانێکی ته‌سک و تاریك له هه‌ڵوه‌دای خۆ رزگار کردنا. ئه‌و یۆنانه‌ی که له کوردوستان خه‌وم پێوه ئه‌بینی چاره‌نووس سێ ساڵ کردی به تاراوگه‌م، یۆنانیش سێ ساڵ خه‌ریکی گوشینی دڵم بوو، ئیتر هه‌یکه‌لی یۆنانیش و گۆرانی ست فاتیمه‌شم له‌به‌رچاو که‌وت، خێسه‌م له ئه‌کرۆپۆلیس و شانۆی گریکیش ئه‌کرد که به‌لایاندا تێئه‌په‌ڕیم. زیاد له بیست ساڵیشه له که‌نه‌دام وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر ئه‌و شاره بوو که یه‌که‌مجار بۆی چووم سه‌رم پیا نه‌کرد، تاڤگه‌کانی نایاگرا کاتژمێرێك له شاره‌که‌مه‌وه دووره، به زۆری ماڵومناڵ و دۆست و براده‌ر چوارپێنج جار رۆشتووم، خوا خوام بووه زوو بگه‌رێمه‌وه که کاتی خۆیشی له فیلما ئه‌مبینی وامده‌زانی هه‌رگیز به‌هه‌شتی وا نابینم، که‌چی که له کوردوستان بووم رۆژانه له سه‌رچنار بووم. که‌نه‌دا گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهانه، بۆ منیش زیندانێکی ئه‌مه‌نده ته‌سکه ناتوانم قاچمی به ئازادی تیا راکێشم. وڵاته‌کانی ئه‌وروپام گشتی تاقی کرده‌وه، شاره‌کانی ئه‌ڵمانیا، سوید، هۆڵاند، به‌ڵچیك، فه‌رانس،ئینگڵاند، دانیمارك....هتد هه‌موو گه‌شتێك بوون به جۆره‌ها زیندانا، هه‌موو گلاراوێکی جیاوازبوون، رۆحمیان زیاتر ئه‌خسته ماخۆلانه‌وه. له هه‌مووی ناسۆر تر ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌رێمه‌وه بۆ کوردوستان و به‌م شێوه‌یه‌ی ئیستا ئه‌یبینم له هه‌موو کاتێك و له هه‌موو شوێنێك زیاتر خۆم به ده‌ربه‌ده‌ر دێته پێشچاو، ئه‌و کوردوستانه نابینمه‌وه که من به‌جێمهێشت، هه‌موو شته‌کان گۆڕاون، هیچیان له جێی خۆیانا نه‌ماون، مه‌به‌ستم مۆرکی شاره‌که‌مه پێش هه‌موو دیارده‌کانی تر، خه‌ڵکێکی بێکار و ته‌مه‌ڵ، کۆمه‌ڵێکی به‌کاربه‌ری بێ به‌رهه‌م، دابڕبوونی که‌سایه‌تیی به هۆی به‌رژه‌وه‌ندی و خۆویستییه‌وه، ئیفلیجبوونی کشوکاڵ و پیشه‌سازی و پووکانه‌وه‌ی ژیانی لادێ و پاڵه‌په‌ستۆیان له‌سه‌ر شاره‌کان، قه‌ره‌باڵغی و په‌نگخواردنه‌وه‌ی ئاپووره‌ی خه‌ڵکی بیکار و به‌یه‌کاچوونیان و نه‌بوونی سیسته‌مێکی رێك‌وپێك بۆ دابینکردنی ژیانی خه‌ڵکی، گه‌ڕه‌لاوژێی یاسای په‌روه‌رده و دادگا‌و خه‌سته‌خانه و هاتوچۆ و رۆتینی بێکه‌ڵکی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵپه‌ی زۆڕێك له‌وکه‌سانه‌ی ئه‌یانه‌وێت له رێگه‌ی ناله‌باره‌وه خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن و وورده وورده بووه به دیارده‌یه‌کی گشتگر، خه‌ریکه که‌سایه‌تی خاوێن و ده‌ستپاك ده‌بنه که‌مینه له‌چاو گه‌نده‌ڵ و ناپاکاندا. ئه‌مانه‌و زۆر شتی تر وات لێ ئه‌که‌ن خواخوات بێت زووتر وڵاته‌که‌ت به جێ بهێڵیت به دڵی شکاوه‌وه بگه‌رێیته‌وه بۆ جۆرێکی تر له ده‌ربه‌ده‌ریی و تا ماوین نه‌زانین ئۆقره چیه و هه‌میشه له‌له‌ی رۆحی پڕ گلاراو و ماخۆلانی مژمان بین.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: له‌م رۆژانه‌دا یادی شانۆی جیهانی کرایه‌وه. تۆ وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک له‌م بۆنه گه‌وره‌دا هه‌ست به‌چی ده‌که‌یت ؟ ئه‌م رۆژ و یاده چی به تۆ ده‌ڵێ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: رۆژی شانۆی جیهانی، یادوه‌رییه‌کی پڕ شانازییه باوه‌شی پیرۆزی بۆ شانۆی نه‌ته‌وه‌کان ئه‌کاته‌وه، هه‌ر نه‌ته‌وه و له‌م رۆژه‌دا جۆره‌ها چالاکی شانۆیی ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و کرۆکی تواناکانیانی تیا چڕ ئه‌که‌نه‌وه، شانازی به به‌رهه‌م و که‌سایه‌تی و داهێنانه شانۆییه‌کانیانه‌وه ئه‌که‌ن. راستت ئه‌وێت من هه‌موو ساڵێك له‌م رۆژه‌دا هه‌ست بۆ که‌موکووڕی خۆم ئه‌که‌م. له ساڵی 1985 وه ده‌ربه‌ده‌ریم هه‌ڵبژاردووه، ته‌نها ساڵی 2002 توانیم به شانۆییه‌ك به‌شداری رۆژی شانۆی جیهانی بکه‌م ئه‌وێش به رێکه‌وت له کوردستان بووم، چونکه وه‌ك زۆرجار روونمکردۆته‌وه ناتوانم له هه‌نده‌ران وه‌ک شانۆی کوردی له‌و رۆژه‌دا به‌شداری بکه‌م. له چه‌مکێکی تریشه‌وه به راشکاوی ئه‌ڵێم که‌وا ئێستای شانۆی کوردی، وه‌ک ساڵانی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان قنج هه‌ڵناپه‌ڕێت و شه‌رمنییه‌کی پێوه دیاره و ئه‌و چاووڕووه‌ی جارانی نییه و شان له شانی شانۆی نه‌ته‌وه پێشکه‌وتووه‌کان نادات و به پێی پێویست نیه. شانۆی کوردیی بیانه‌وێت و نه‌یانه‌وێت، پشکێکی زۆری تا ئێساش له شاری سلێمانیدا خۆی ئه‌بینێته‌وه، ئه‌مه ناشیرین‌ترین ئێره‌یی پێ‌بردنی بۆ درووستکردووه، ده‌ستی پیس و قاچی قوڕاوی که‌وتۆته ناو بواری چالاکی شانۆوه، شانۆی شاره‌که‌ی ئیفلیج کردووه، ئه‌م باره ناله‌باره‌ش به که‌سانێکی دڵسۆزی گۆشکراوی که‌ڵچه‌ری راسته‌قینه‌ی شاری سلێمانی راست ئه‌کرێته‌وه، شانۆی کوردیی ئێستا چاوه‌ڕێی چه‌ند ره‌فیق چالاکێکی تره، مه‌خابنه له هه‌موو یادێکی رۆژی شانۆییدا یادی ره‌فیق چالاك نه‌کرێته‌وه، که به شانۆکه‌ی هه‌موو کوردی کرده خاوه‌نی هونه‌ر و رۆشنبیرییه‌کی باڵا به‌رز، بۆیه هه‌موو بۆنه‌یه‌کی رۆژی شانۆی جیهانی بیر له زۆر ره‌فیق چالاکاکانی شاری سلێمانی ئه‌که‌مه‌وه، ته‌مومژ ده‌وری گرتوون و ده‌یه‌ها میرده‌زمه‌ی نه‌شازیان بۆ درووست کردوون و گیانی ئه‌فراندنیان مراندوون.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: تۆ له چه‌ندین کۆمه‌ڵه و تیپی هونه‌ریدا کارت کردووه و به‌شداری دامه‌زراندنیان بوویت. ئه‌و کارانه‌ی جارانی ئێوه له هه‌ر یه‌ک له‌و تیپ و کۆمه‌ڵانه‌دا ده‌یان قاتی چالاکییه‌کانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی ئێستای حکومه‌تی هه‌رێم دڵسۆزانه‌تر و سه‌نگینتر بوون. هۆکاری ئه‌م به‌راوردکاریی و داله‌نگینه بۆ چی ده‌گێڕنه‌وه؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: ململانێی هونه‌رمه‌ند و جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵات، سێکوچکه‌ی هه‌ڵکشانی رۆشنبیریی کۆمه‌ڵگان. جارانی ئێمه، هونه‌رمه‌ند لایه‌نگری جه‌ماوه‌ر بوو دژی ده‌سه‌ڵاتێکی دڕنده‌ی سه‌رکوتکه‌ری دژی هه‌بوونی کورد، ئه‌وکاته ئێمه هه‌ناسه‌ی جه‌ماوه‌رێك بووین ده‌ستی رژێمی به‌عس له بینی گیربووبوو، هه‌ناسه‌ی سوار کردبوو، ئێمه ئه‌وکاته لایه‌نگری جه‌ماوه‌ر بووین چونکه به شانۆکه‌مان رێگه‌ی رزگاربوونمان نیشان ئه‌دان، گیانی به‌گژداچوونه‌وه‌مان ئه‌کرد به به‌ری نه‌ته‌وه‌کاماندا، شانۆی ئه‌و کاته شانۆیه‌کی به‌ره‌نگاریی بوو دژی داگیرکه‌رێکی بێگانه. له‌به‌ر ئه‌وه جه‌ماوه‌ر ئاوێته‌ی ئێمه بووبوو، ئه‌یانزانی ئێمه چی ده‌ڵێین و چۆن ده‌ست ئه‌خه‌ینه سه‌ر ئازاره‌کانی و چ ده‌رمانێکمان بۆ ده‌ستنیشان ئه‌کرد، دیسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بێگانه‌بوو به کورد، به زمانی ره‌خنه له‌گه‌ڵیان نه ئه‌دواین، به‌ڵکو زمانه‌که‌مان زمانی قبووڵنه‌کردنی دوژمن بوو به هه‌موو شێوه‌یه‌ك، زمانی هه‌ڕه‌شه‌و ده‌رکردنیان بوو له وڵاتی کورد، دوژمن دوژمنه، بۆیه جه‌ماوه‌ر ئه‌و راسیتیانه‌ی له ئێمه‌دا به‌دی ئه‌کرد، وه‌ك ئاوێنه خۆی له ئێمه‌دا ئه‌بینییه‌وه. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی به پێچه‌وانه‌ی ئێمه‌وه کاری بکردایه ئه‌وه ده‌بووه پاشکۆی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر و هونه‌رێکی ناپاکی ئه‌خسته‌وه و به مردوویی ئه‌مایه‌وه و جه‌ماوه‌ری نه‌ئه‌بوو، چجای ئه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده لای جه‌ماوه‌ر رسوا ئه‌بوو، هونه‌ره‌که‌شی سه‌رپێ نه‌ده‌که‌وت. ئێستا ده‌سه‌ڵات بێگانه نیه، ده‌سه‌ڵاتێکی کوردییه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌رکه‌س بۆ خۆی، ده‌سه‌ڵاتێکی گیرفانپڕکه‌ری ناپاك، ده‌سه‌ڵاتێك که تابینه‌قاقای فرتوفێڵ و چاووڕاوه له جه‌ماوه‌ر، تا دڵسۆزێك ئه‌یه‌وێت به‌ردێك بخاته سه‌ربه‌ردێك، له‌ولاوه ناپاكه‌کان تێکی ئه‌ده‌نه‌وه، ئێستا له کوردستان وای لێهاتووه هه‌ر لێپرسراوێك بیه‌وێت به پاکی کار بکات، ئه‌بێته مایه‌ی گاڵته‌جاریی لای کاربه‌ده‌ستی دز و جه‌رده، له کوردستان پیاوانی دڵسۆز و خاوێن که‌مینه‌ن، زۆرینه له‌گیرفان پڕکردندا له بۆڕبۆڕێندان. لێره‌دا رۆڵی هونه‌رمه‌ندی کورد به رای من نابێت زمانی هه‌ڕه‌شه و ده‌رکردن و رووخاندن بێت، چونکه ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێکی کوردییه، هه‌ر کوردێك بیته جێگای به هه‌مان شوێنپێدا ئه‌روات، ئه‌بێت رۆڵه‌که‌ی ره‌خنه‌گربێت له‌و ده‌سه‌ڵاته، رۆڵی رسواکردنی ناپاکان بێت، هاندانی ده‌سه‌ڵات بێت بۆ تۆکمه‌کردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو باره‌یه‌که‌وه، هیچ کاتێکیش هونه‌رمه‌ند رۆڵی ده‌ستخۆشیکه‌ری نه‌بێت بۆ ده‌سه‌ڵات، چونکه ده‌سه‌ڵات هه‌ر هه‌نگاوێکی چاکیش بنێت شایانی ده‌ستخۆشی نیه، ئه‌وه ئه‌رکێکی سروشتیی ده‌سه‌ڵاته، هونه‌رمه‌ندی راست له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا شایه‌ری ده‌سه‌ڵات نیه، هونه‌رمه‌ندی راست له دادگای ویژدان و نیهادا هه‌میشه پارێزه‌ری جه‌ماوه‌ر و نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی، نه‌ك ده‌سه‌ڵات، چونکه هه‌مێشه جه‌ماوه‌ر له ده‌سه‌ڵات راستگۆتره. له به‌ر ئه‌و رۆشناییانه‌ی سه‌ره‌وه ئێستا ئه‌توانین بگه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که بۆچی ئێستا هونه‌ری شانۆ پاشه‌کشه‌ی کردووه. ئێستا زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ند هونه‌رمه‌ندی جه‌ماوه‌ر نیه، هونه‌رمه‌ندی ده‌سه‌ڵاته و ته‌واوکه‌ری پلانه‌کانی ئه‌وانه بۆ چاووڕاوکردن له جه‌ماوه‌ر، چاوه‌ڕێی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه به‌وه‌ی ئه‌ویش پشکێکی له‌و سامانه ده‌ستکه‌وێت و له فراندنی پارووی ده‌می برسییه‌کان ئه‌میش تیکه‌یه‌کی به‌رکه‌وێت. جاران به پاره‌ی جه‌ماوه‌ر و هونه‌رمه‌ند چالاکی ئه‌کرا، له‌به‌ر ئه‌وه جه‌ماوه‌ر هوروژمی بۆ شانۆ ئه‌هێنا چونکه شانۆی به ماڵی پیرۆزی خۆی ئه‌زانی. ئێستا به پاره‌ی ده‌سه‌ڵات شانۆ دێته به‌رهه‌م، ده‌سه‌ڵاتیش پاره بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌ڕێژێت که به شانوباڵی خۆیدا هه‌ڵده‌دات و، ئه‌و شانۆیه‌ش که ره‌خنه‌ی لێ ئه‌گرێت سانسۆری ئه‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که شانۆ ئێستا بێ جه‌ماوه‌ره، چونکه جه‌ماوه‌ر بۆ شانۆیه‌ك ئه‌چیت که خه‌سته‌خانه‌ی ده‌رده ده‌روونییه‌کانی بێت، نه‌ك خه‌وی لێبخات. لێره‌دا پرسیارێك خۆی قوت ئه‌کاته‌وه ئه‌وێش ئه‌وه‌یه: ئه‌ی بۆ وه‌ك جاران هونه‌رمه‌ند پشت ناکاته ده‌سه‌ڵات و روو بکاته‌وه جه‌ماوه‌ر؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده شانۆی بێکه‌ڵك نمایش کراوه جه‌ماوه‌ری به جارێك له شانۆ تۆراندوه، ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌کی تریشه‌وه کاتێك هونه‌رمه‌ندانی خاوێن به‌رهه‌مێك پێشکه‌ش ئه‌که‌ن ده‌یه‌ها له‌مپه‌ری بۆ ئه‌دۆزنه‌وه، پیلانی نابه‌جێی بۆ داده‌نێن، که میدیا ئه‌مرۆ به ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه، له میدیادا کپی ئه‌که‌ن و ناهێڵن رووناکی ببینێت، هۆڵه‌کانی نمایشیان به روودا داده‌خه‌ن، جه‌نگی ده‌روونی به روویاندا هه‌ڵده‌گیرسێنن، هونه‌رمه‌ندیش ناسك و خاوه‌ن هه‌سته به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو پیلانه بۆ هه‌میشه ناگرێت، هه‌رچه‌نده ئێستاش زۆر له هونه‌رمه‌نده خاوێنه‌کان به ریخۆڵه‌به‌کێشی تا ئێره‌یان هێناوه و، هه‌ر له به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ردان. ئێستا رووی ده‌مم له ده‌سه‌ڵاته و ئه‌ڵیم: رێگا له هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی مه‌گرن، خۆ ره‌خنه ناتانڕوخێنێت، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه هونه‌رمه‌ند ده‌ستنیشانی چه‌مکه لاوازه‌کانی به‌رێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا ئه‌کات، ڕاوبۆچوونی سه‌رجاده ئه‌دات به گوێتانا، هه‌ستی جه‌ماوه‌رتان بۆ روون ئه‌کاته‌وه. جا له توێی ئه‌و مشتومڕانه‌وه ئێوه ئه‌توانن خۆتان ببینن و چاره‌سه‌ری خاڵه لاوازه‌کانتان بکه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر واش نه‌بێت هه‌نووکه جاری جاران نیه، که تاکه رێگا بۆ ده‌ربڕین هه‌ر میدیای ده‌سه‌ڵات بێت، ئه‌وه‌تانێ ئێستا سه‌ده‌ها سه‌کۆی ئازاد په‌یدابووه و هه‌میشه‌ش له په‌ره سه‌ندندایه، ئه‌توانرێت توند و تیژتر هه‌ڵسوکه‌وتتان له‌گه‌ڵ بکرێت، ئه‌گه‌ر پێ له‌سه‌ر سانسۆر داگرن و باوه‌ڕتان به ئازادی ده‌ربڕین نه‌بێت و رێگای لێ بگرن و ده‌رگای به روودا دابخه‌ن.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: کێشه و قه‌یران و ئاستی شانۆ و هونه‌رمه‌ندی کوردی له هه‌نووکه‌دا له چیدا و له کوێدا ده‌بینن؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: پێموابێت له وه‌ڵامه‌کانی سه‌ره‌وه‌دا شتێکی وام بۆ ئه‌م پرسیاره نه‌هێشتۆته‌وه، ماوه‌ته‌وه بڵێم، کێشه و له‌مپه‌ڕی هه‌ره ترسناك ئه‌و کۆمه‌ڵه و یه‌کییه‌تیه هونه‌رییانه‌ی کوردوستانن، ئه‌مانه گه‌وره‌ترین هۆکارن بۆ به حیزبیی کردنی هونه‌ر، که ده‌ڵین ئێمه سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نین ئه‌وه له سه‌داسه‌د راستناکه‌ن، هه‌ر هه‌موویان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پشتی شانۆیان شکاندووه، شانۆیان خستۆته باوه‌شی ده‌سه‌ڵا‌ته‌وه و دژی ویستی جه‌ماوه‌ر ئه‌یانه‌وێت ئه‌و نامه پیرۆزه‌ی شانۆ شڕووڕکه‌ن، بیگومان ئه‌وانه‌شی له ده‌سته باڵاکانی ئه‌م رێکخستنانه‌ن هیچیان هونه‌رمه‌ند نین به مانای وشه پیرۆزه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند، به‌ڵکو سواری کۆڵی هونه‌ر بوون و ئه‌یانه‌وێت ئه‌و توانا لاوازه‌ی هه‌یانه به هۆی حیزبایه‌تییه‌وه په‌ره‌ی پێبده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌یانبینین هه‌میشه وه‌ك مووی لووت له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌کانا قوت بوونه‌ته‌وه، بۆ کاسه‌لێسی و مه‌رایی و رووپاماڵیی و ده‌ستپانکردنه‌وه.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بی و شانۆییانه کامانه‌ن که ده‌توانن به نه‌مری بمێننه‌وه؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: ئه‌وانه‌ن که نووسه‌ره‌کانیان له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگادا راستگۆن، فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مرۆڤدۆستانه ده‌که‌نه ئامانج و رێگا بزر ناکه‌ن، هه‌ر کاتێك نمایش بکرێت وا بزانن بۆ ئه‌و ساته نووسراوه، ره‌هه‌نده‌کانی که‌سایه‌تییه‌کان له باره‌ی ده‌روونیی و ژیریی و ته‌مه‌نه‌وه هه‌ڵکش و داکش نه‌کات و له گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌کانیانا به‌هێز بن، له فه‌لسه‌فه و مه‌به‌ستی بابه‌ته‌که دوورنه‌که‌ونه‌وه، شێوه و ناوه‌رۆك یارمه‌تیی یه‌کتر بده‌ن، چه‌ند گرنگی به شێوه درابێت ره‌وایه، به‌ڵام له مافی ناوه‌رۆك که‌م نه‌کاته‌وه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌مان گرنگی هه‌س. به زمانێکی شیرین و پاراو ئامانجێکی مرۆڤانه بپێکێت و له هه‌مه جۆر کۆمه‌ڵگادا هه‌مان تام و چێژی لێ وه‌رگرن و پرسیارگه‌لێك له مژی بینه‌ردا بوورووژێنێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا بکه‌وێته مشت‌ومڕ، بنووسێت به خه‌می نه‌ته‌وه‌که‌وه و په‌ره به هه‌ست و بیریان بدات، ره‌وایی به بیروبۆچوونێك نه‌دات زیان به گیانی پێشکه‌وتن و نوێبوونه‌وه بدات، هه‌میشه هۆشی بینه‌ر به‌لای خۆیدا راکیشێت و سه‌رنجی دوورنه‌خاته‌وه و زوو زوو به بابه‌تی تازه و سه‌رنجڕاکێش هزری بینه‌ر ببووژێنێته‌وه و چاوه‌ڕوانی ئه‌و رووداوانه بێت که به ئاسانی بۆی نه‌چێت. خواستمه مبه‌سته‌که‌م بۆ ده‌قی نه‌مر، پتر شی بکه‌مه‌وه، به‌وه‌ی که‌سایه‌تیی ده‌قێکی نه‌مر به که‌سایه‌تیی که‌سێکی نه‌مر بچوێنم. بۆ نموونه قازی محه‌مه‌د بۆ نه‌مره؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێکی وڵاتپارێز بوو، راستگۆ بوو، دڵسۆز بوو، زانایه‌کی لێوه‌شاوه بوو، خۆنه‌ویست بوو، زانی چۆن جێگای خۆی له دڵی نه‌ته‌وه‌که‌دا بکاته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌خه‌ڵکی ئه‌ویست خۆی یه‌که‌م که‌س بوو جێ به جێی ئه‌کرد، له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌یدا سڵی له هیچ ئه‌رکێك نه‌ده‌کرده‌وه، له کۆتایدا گیانی خۆی به‌خشی به‌و بیروباوه‌ڕه خاوێنه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ کرد و چاونه‌ترسانه له پێناوی کوردوستاندا رووبه‌ڕووی مه‌رگ بووه‌وه، مه‌ردانه خۆی کرده قوربانی نه‌ته‌وه‌که‌ی و نه‌مریی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد. له‌به‌ر ئه‌وه قازی محه‌مه‌د نه‌مره. هه‌روه‌ها ده‌قێکی ئه‌ده‌بیی وه‌ك مه‌م و زینێش بۆ نه‌مره؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خۆشه‌ویستییه‌کی خاوێن ئه‌روات، ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی ئه‌حمدی خانی له سه‌ر زه‌وی تۆوه‌که‌ی خسته ناو دوو جه‌سته‌وه، که‌چی له ناو دوو رۆحی پا‌کدا له ئاسمان سه‌وز بوو، ده‌قێکه ته‌ژییه له په‌ند و وانه‌ی به پیت و فه‌ڕ، مه‌زنترین هۆکاره بۆ نه‌فرین له دووبه‌ره‌کی و هاندان بۆ ته‌بایی و گیانی لێبووردن یه‌کبوونی کۆمه‌ڵگای کوردیی، ئه‌م رووداوه جوانه‌ی وا هۆنیوه‌ته‌وه، وامان لێده‌کات بنووسێین به چیرۆکه‌که‌وه، تا کۆتایی ده‌ست هه‌ڵنه‌گرین، که ته‌واویشمان کرد ئینجا پرسیارگه‌لێك له مژمانا ئه‌وورووژێنێت، تا بیری لێبکه‌ینه‌وه هه‌ست ئه‌که‌ین فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مه‌زنی بیری نه‌ته‌وه‌یی تێدا داڕشتووه، رێگات نیشان ده‌دات چۆن وه‌ك نه‌ته‌وه ئه‌بێت بوونت هه‌بێت. هه‌روه‌ها ئۆدیبی پاشا که هه‌زاره‌ها ساڵه به نه‌مریی ماوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه،سۆفۆکلیس به جۆرێك دایڕشتووه ئێستاش تام و چێژی خۆی بزر نه‌کردووه، ئێمه له ئۆدیبی پاشادا ئه‌گه‌ر واز له‌و هه‌موو کاره‌ساته جه‌رگبڕانه‌ش بێنین، به‌ڵام زمانه‌که‌ی ئه‌وه‌نده سه‌رسوڕهێنه‌ره و فه‌لسه‌فه‌ی چیرۆکه‌که ئه‌وه‌نده به‌هێزه هه‌ست ئه‌که‌یت نه چیرۆکه‌که ئاساییه، نه نووسه‌ره‌که‌شی، بۆیه هه‌ردوو لایان کارێزمان و نه‌مرن.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: هونه‌رمه‌ند چۆن ده‌توانێت زیندووی نێو دڵی جه‌ماوه‌ر و دوو توێی مێژوو بێت؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: هه‌ر هونه‌رمه‌ند بێت، ئه‌و کاره‌ی زۆر ئاسانه و هیچ گرفتێکی نیه، هه‌ر که‌سێك له هه‌ر هونه‌رێك نزیك ببێته‌وه، ئیتر ئه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر توانا و به‌هره و داهێنان، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ئه‌م مه‌رجانه بێت و به دڵسۆزییه‌وه ده‌ستی دایه چالاکی هونه‌ریی و زانیی چ بابه‌تێك هه‌ڵده‌بژێرێت و به چ شێوازێك خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌ی و مرۆڤایه‌تیی ئه‌کات، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دڵی جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی راده‌کێشێت و ده‌بێته خاوه‌نی کارێزما و شوێنپێی خۆی ئه‌کاته‌وه، ئاخر هه‌ر که‌سێك له خۆڕایی ده‌ستی دایه هه‌ر هونه‌رێك و به زۆر سواری کۆڵی بوو، هه‌رچی بکات هیچ به هیچ ناکات و ناچێته دڵی جه‌ماوه‌ره‌وه، بگره ده‌بێته مایه‌ی گاڵته‌جاڕیی و زۆر جاریش خه‌ڵکی قینیان له خۆیشی و له هونه‌ره‌که‌شی ئه‌بێته‌وه. زۆر هه‌ن که خوویان داوه‌ته ئیشی هونه‌ریی و بڕوایان به خۆیان نیه، له پێش هه‌موو که‌سێکدا خۆیان هه‌ست به توانای هونه‌ره‌که‌یان ناکه‌ن. جا که خۆی هه‌ڵخه‌ڵه‌تان و وازی نه‌هێنا ئیتر چۆن جه‌ماوه‌ر بڕوا به که‌سێك بکات که خۆی بڕوای به خۆی نه‌بێت، ئه‌ی که‌وایه چۆنیش له دڵدا جێگایان بکه‌نه‌وه. که‌واته هونه‌رمه‌ند ئه‌بێت بڕوای به خۆی بێت که هونه‌رمه‌نده، به هونه‌ره‌که‌ی کارێك بکات که جیاواز بێت له که‌سێکی ئاسایی و کارێزمایه‌ك بۆ خۆی پێك بهێنێت، که توانی بگاته ئه‌و ئامانجه، ناونیشانێك جێئه‌هێڵێت، به‌و شێوه‌یه ئوتۆماتیکی ئه‌چێته دڵی جه‌ماوه‌ره‌وه و مێژوویه‌ك بۆ خۆی و سه‌رده‌مه‌که‌شی تۆمار ئه‌کات.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: بۆ هونه‌ری شانۆ دوای ئه‌و هه‌موو شه‌پۆله‌ی گه‌شه‌کردنی ته‌کنه‌لۆژیا و شارستانیتی هێشتا بایه‌خی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه ؟ نهێنی ئه‌م کاره له چیدایه ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: شانۆ له هه‌موو هونه‌ره‌کانی دیکه، گشتگرتر و بایه‌خدارتره و هه‌موو هونه‌ره‌کانی تریشی وه‌ك شێوه‌کاری و مۆسیقا و گۆرانی و وێژه به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه، له دووتوێدا گرتۆته‌خۆ، ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه شانۆ له هه‌موو هونه‌رێك زیندووتره. وه‌ك ئاشکرایه گه‌شه‌کردنی ته‌کنه‌لۆجیاش له جیاتیی ئه‌وه‌ی پاشه‌کشه به شانۆ بکات، که‌چی به پێچه‌وانه‌وه که‌وتۆته خزمه‌تییه‌وه، بۆنموونه هۆڵه‌کانی شانۆ سوودێکی زۆری له پێشکه‌وتنی رووناکی و ئامێره‌کانی ده‌نگ و ئاسانکردنی جووڵه و باری فیزیای شانۆکان وه‌رگرتووه و، ئه‌توانین بڵێین شانۆ ئێستا له‌و بوارانه‌دا زۆر له جارانی ده‌وڵه‌مه‌ند تره. شانۆ له دێر زه‌مانه‌وه و ئێساشی له‌گه‌ڵ بێت و له داهاتووشدا هه‌ر به سه‌وزیی ئه‌مێنێته‌وه، چونکه زمانی رۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ره بۆ شیکردنه‌وه‌ی خه‌مه‌کانی و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کانی ژیان، به واتایه‌کی تر شانۆ سیاسه‌تی رۆژانه‌ی هه‌موو ده‌ڤه‌رێکه له جیهاندا، بوارێکی واڵای هه‌یه بۆ په‌لکوتان و رۆچوون به پانتایی و قووڵایی دیارده‌کانی پێشکه‌وتن و دواکه‌وتن و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره و کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی جۆره‌ها راو بۆچوون بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بیه‌وێت بیوورووژێنێت. به دێژایی مێژوو شانۆ به کاریگه‌رترین چه‌کی جه‌ماوه‌ر ناسراوه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ر دیکتاتۆر و زۆرداره‌کان و کانییه‌کی خاوێن و سازگار بووه بۆ جه‌ماوه‌رێك که تینووی رزگاری و سه‌رفرازی بوون. هه‌ر له هونه‌ری شانۆدایه که هونه‌رمه‌ندان وه‌ك ئه‌کته‌ر، راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی بینه‌ر ئه‌بنه‌وه و به دایه‌لۆگی زیندوو ئه‌گه‌نه ئه‌نجام و له خه‌رمانی زانستیان زیاد ئه‌کات و ئه‌چێته گۆڕه‌پانی جێبه‌جێ کردنه‌وه و په‌ره به پێشکه‌وتن ئه‌درێت، شانۆ داینه‌مۆی به‌گه‌ڕخستنی رۆشنبیریی جه‌ماوه‌ره، هێز و توانا راسته‌وخۆ له جه‌ماوه‌ر وه‌رده‌گرێت و ئه‌یکاته رۆشنایی و ئه‌یداته‌وه به خۆیان، ئه‌وانیش هێز و گوڕ نوێ ئه‌که‌نه‌وه و ئه‌یده‌نه‌وه به شانۆ، به‌و شێوه‌یه جه‌ماوه‌ر و شانۆ یه‌کتر نوێ ئه‌که‌نه‌وه، جا ئه‌گه‌ر شانۆیه‌کی ره‌سه‌ن و جه‌ماوه‌رێکی گوێڕایه‌ڵ ئه‌م هاوکێشه‌یه په‌ره‌پێبده‌ن، ئه‌وا هه‌ڵکشانی کۆمه‌ڵگا ئاسانتر ئه‌بێت و بۆیه جه‌ماوه‌ری هۆشیار په‌ی به‌م نهێنییه بردووه و که‌ڵێن ناخه‌نه هاموشۆی ئه‌م بواره پیرۆزه.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: به‌شێکی هه‌ره زۆری کاره‌کانی تۆ و بیرکردنه‌وه‌کانیشت له کایه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌تدا ده‌خولێته‌وه. ئه‌مه بۆ ئاره‌زووی تۆ له‌گه‌ڵ مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه یان گرنگی مێژوو ئه‌مه‌ت به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: له‌وه‌تی چه‌پ وراستی خۆمم ناسیوه، هه‌ست به چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمه‌وه ئه‌که‌م، ئه‌وه‌نده‌ی بڕم کرد چاوم به مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مدا گێڕا، تروسکاییه‌کی مرۆڤدۆستانه‌م له بێگانه به‌کورد، ته‌نانه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیش نه‌دی، ئاخر ئه‌وه‌ی قامچیه‌کانی به‌ر ئه‌که‌وێت وه‌ك ئه‌وه نیه سه‌یری ئه‌کات و ئه‌یژمێرێت، من کارم به‌وه‌وه نیه کێ قامچییه‌که‌م پیائه‌کێشێت، کاریشم به ئازاره‌کانیشیه‌وه نیه چه‌ند به ناسۆرن، من کارم به‌و برا کورده‌مه‌وه هه‌یه که قامچیه‌کان ئه‌ژمێرێت و هه‌ست به ئازاره‌کان ناکات، بڕوام وایه ئه‌مه چاره‌نووس نیه که ژێرده‌سته‌یی بۆته ته‌وقی عه‌زازیل و له گه‌ردنمان ئاڵاوه، بڕوام به‌وه‌یه خۆمان وێرانین، بزانه له کوردوستانه‌که داگیرکراوه‌که‌ی ئێمه سه‌ده‌ها کۆمه‌ڵ و گروپ بۆ چه‌واشه‌کردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی دروستبوون و بنکه و باره‌گاکانیش نایانگرێت، سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌کانیشیان سیخناخ کردووه، هه‌ر هه‌مووشیان به‌شیان ژماردنی قامچییه‌کانه به گیانی نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه و وه‌ك رانه مه‌ر خواخوای ئه‌وه‌یانه له شوانه‌که‌یان دووربکه‌ونه‌وه و شوێن قه‌سابه‌کانیان بکه‌ون. ئاخر بیرناکه‌نه‌وه ئه‌وه ساڵه‌هایه شوێن جۆره‌ها بیروبۆچوون که‌وتوون له کوێره‌وه‌ریی زیاتر هیچی ترتان نه‌چنیوه‌ته‌وه، ستالین وتشه‌رشڵ و هیتله‌ر نموونه به‌رزه‌کانی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌م بوو، سه‌رده‌مانێکی زۆر به‌مانه رێگای کوردایه‌تیان لێ بزر ئه‌کردین، بیرمه له ناوه‌ڕاستی په‌نجاکاندا جه‌مال عه‌بدولناسر که قیبله‌گای هه‌موو عه‌ره‌ب بوو که‌چی کورد له‌وان زیاتر ورگی خۆی له‌سه‌ر ئه‌دڕی، مارکسی و ماوزه‌دۆنگی و وجوودی و کاسترۆ و گیڤاراو تا ده‌گاته جۆره‌ها ئیسلامی توندڕه‌و و میانڕه‌و و شیعه‌و سونه‌و دوانزه‌گرێ هیچی چاری نه‌ته‌وه‌که‌می نه‌کرد له کوێره‌وه‌ریی و نه‌هامه‌تیی زیاتر، ئه‌رێ نه‌بڕایه‌وه، تاکه‌ی شوێن ئه‌م هه‌موو سه‌رابه بکه‌وین و سه‌راب نه‌ناسینه‌وه. ئه‌مانه هه‌مووی په‌ند و وانه‌ی میژوون، خه‌می گه‌وره و زه‌به‌لاحن ئه‌گه‌ر ئه‌مانه به ئێمه‌ش چارنه‌کرێت، خۆ هه‌رچی کارێك بۆ په‌کخستنیان بکه‌ین ئه‌وا ویژدان و نیهادمان ئاسووده ئه‌که‌ین و به وته‌و کردار و بیری باشه‌وه له خۆمانه‌وه ده‌ستمان پێ‌کرد.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: تۆ ماندووبوون له‌کارکردن و نووسیندا نازانی ووزه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستییه گه‌وره‌یه سه‌رچاوه‌که‌ی چییه ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: هه‌ر شتێکی نوێ بۆ گه‌شه‌کردنی نه‌ته‌وه‌که‌م بێت به مژما و بزانم له‌و باره‌یه‌وه خزمه‌ت به که‌لچه‌ریی کوردیی ئه‌کات، ئه‌وا ته‌وه‌زه‌لیی تیاناکه‌م و به هه‌ر شێوازێك بێت ئه‌یده‌م به گوێی کۆمه‌ڵدا، کۆشیش ئه‌که‌م به پێی فه‌لسه‌فه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی پێنووسه‌که‌م بڕانم و، له جغزی ئه‌و بیره‌دا په‌نگ بخواته‌وه، له‌و گۆڕه‌پانه‌شدا به شوێن راستییدا بگه‌ڕێم. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێکه‌سیی و فره‌دوژمنی ئه‌و بیره، ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی سامان و نه‌وتی عه‌ره‌ب و فارسه به‌هی کورد خۆشیه‌وه خراوه‌ته گه‌ڕ بۆ دوژمنایه‌تیی ئه‌و بیره‌ی ناوی بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردییه، چونکه له هه‌موو جیهاندا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بارته‌قای تورك و فارس و عه‌ره‌ب دڕنده و چاووڕاوکه‌ر هۆشسه‌ره‌تایی نین، ده چاره‌نووسیش کردوینی به ژێرده‌سته‌ی ئه‌م سێ نه‌ته‌وه‌یه. جا هه‌رچه‌ند دژایه‌تیی ئه‌و بیره په‌ره‌بسێنێت ئه‌وا لای من زیاتر خۆشه‌ویست ئه‌بێت و داکۆکی لێ ئه‌که‌م. ژیان بریتییه له خه‌باتکردن بۆ ئامانجی پیرۆز، منیش وه‌ك هه‌موو کوردێکی نه‌ته‌وه‌یی ئامانجم سه‌ربه‌خۆیی و ئینجا ئازادییه بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌که‌م.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر نووسینێکی تۆدا خه‌سڵه‌تی داکۆکی له‌به‌رژه‌وه‌ندی باڵای کورد بێ سڵ و کۆ له هیچ که‌س و لایه‌ک به‌رچاو ده‌که‌وێت. ئه‌م بوێرییه له پیناوی چیدایه ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: له لای هه‌موو نه‌ته‌وه‌ییه‌ك نابێت هیچ که‌س و لایه‌نێك له به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌که‌ی باڵابه‌رزتر بێت، بۆچوونی سه‌رکرده‌ی پێویست و که‌سایه‌تیی کردن به هه‌رقل و ماشستی و حیزب کردن به پێشڕه‌و و تاقانه و رزگارکه‌ر، گشتی زیاده‌ڕۆیی و ده‌روێشییه‌کی مایه‌پووچ ده‌رچوو، چ که‌سایه‌تیی و حیزبێکی کوردی کارێکی چاکی ئه‌گه‌ر کرد، ئه‌وه که‌مترین ئه‌رکی سه‌رشانێتی، ئیتر پێویست به بابژی و لێسانه‌وه و وێنه زلکردنی ناکات، ئه‌وه‌ی ئه‌وانه ئه‌کات له مه‌رایی و خۆ سووککردن و رسوایی زیاتر هیچی بۆ نامێنێته‌وه. ئه‌وه جیایه بۆ هاندانی که‌سێك ده‌ستخۆشانه‌یه‌کی پێ ئه‌ڵێیت و چاوه‌ڕوانی هیچ وه‌ڵامێك له‌و که‌سه‌وه ناکه‌یت. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه و یان ئه‌و لایه‌نه سازشێکی له‌سه‌ر چاره‌نووسی کورد کرد، خوای ئه‌کرد پێش ئه‌وه رووگه‌ی پیرۆز و نموونه‌ی به‌رزی بیر و باوه‌ڕیشم ئه‌بوون، پێم نه‌نگ نیه سه‌دوهه‌شتا پله با بده‌مه‌وه، تا پێنووسه‌که‌م ته‌ڕایی تیا بمێنێت دایشۆرم و بیکه‌م به په‌ندی پسات و رووه راسته‌که‌ی نیشانی نه‌ته‌وه‌که‌م بده‌م، چونکه هیچ که‌س و لایه‌نێك له نووزه‌ی مناڵێکی کورد که به ناڕه‌وا برسی کراوه پیرۆزتر نیه، هیچ که‌س و ڵایه‌نێك له دڵۆپه خوێنێکی کوردێکی ئه‌نفالکراو به نرختر نیه، هیچ که‌س و لایه‌نێك له قولانجه خاکێکی ئه‌م کوردوستانه پێویست‌تر نیه و راستییه‌که‌ی ئه‌ڵێم. ئه‌وه‌ی کۆ له‌یه‌ك پیتی نووسینه‌که‌ی له ترسێکه‌وه یان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك ئه‌کا، خۆیشی و نووسینه‌که‌شی ده‌بنه سپڵی لاورگ به جه‌سته‌ی سه‌رفرازییه‌وه.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: هه‌لومه‌رجی ئێستای کورد دوای ده‌نگدان بۆ به عێراقیبوونه‌وه چۆن ده‌بینن؟ رات به‌رانبه‌ر به که‌س و لایه‌نێک چییه که ده‌نگی نه‌دابێت ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: هێشتا زلهێزه‌کان پلانیان نیه بۆ جیابوونه‌وه‌ی کورد له عێراق، خۆ حیزب و سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ش به موو له فه‌رمانی ئه‌وان لاناده‌ن، تا ئێستا حیزبه‌کان و سه‌رکرده‌کان له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌مانیش فێری سیاسه‌ت بن، که‌چی هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن فه‌رمانه‌کانیان جێ به‌جێ بکه‌ن. ئێستا ململانێکه له نێوان ئینگلیز و ئه‌مه‌ریکادایه، هه‌ر یه‌که‌یان ئه‌یانه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پلان دارێژن، بێگومان له یه‌کتریش زۆر جیاوازن، با راسته‌وڕاست بڵێم ئه‌مه‌ریکا به نیازی ئه‌وه‌یه نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بگۆڕێت. ئینگلیزیش ئه‌یه‌وێت نه‌خشه‌که هه‌ر وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، مانای ململانێی نێوان نه‌خشه‌که‌ی( سایکس بیکۆی) ئه‌وروپا و( پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره) ی ئه‌مه‌ریکا، به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا شه‌رمنانه دێته پێشه‌وه چونکه ئه‌زانێت له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌که نیه، گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه که تورکیا ئه‌مرۆ گه‌وره‌ترین ئاژاوه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که‌دا ناوه‌ته‌وه، وازی له دۆستایه‌تی ئیسرائیل هێناوه و له عه‌ره‌به ره‌گه‌زپه‌رسته‌کان و ئێران و روسیا نزیکبۆته‌وه، کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره له ناوچه‌که‌دا روو بدات. هه‌ر له داگیرکردنی عێراقه‌وه، تورکیا هه‌ستی به‌و مه‌ترسییه کردبوو بۆیه نه‌یهێشت سوپای ئه‌مه‌ریکا به تورکیادا بێته ناو عێراقه‌وه و، ئێستاش له کێشه‌ی وزه ئه‌تۆمییه‌که‌دا پشتی ئێرانی گرتووه و ئه‌م شه‌ڕه‌ی به ئیسرائیلی ئه‌فرۆشێت هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه له ئێران نه‌درێت و ناوچه‌که هه‌ڵنه‌وه‌شێت. کوردیش له‌م گۆڵمه‌زه‌دا هیچ ویستێك و پێداگرتنێکی نیه و، چوارده‌وریش به که‌ڵه‌گایی هیچ حسابێك بۆ هه‌رێمی باشوور ناکات و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌رزۆکه‌ش که له لایه‌نی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه به کورد دراوه تا ئێستا له لایه‌ن چوارده‌وریش و ناوچه‌که‌شه‌وه دانی پێدا نه‌نراوه و، رێز له سه‌روه‌ریی و یاسا و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ناگیرێت، به‌رچاوترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه به‌شێکی زۆری سه‌ر سنووره‌کان له ژێر تۆپبارانی تورك و ئێران‌دا ئه‌ناڵێنن و به جۆره‌ها په‌ڵپ و بیانووش زوو زوو سنووری هه‌رێمه‌که ئه‌به‌زێنن و دژی هه‌موو یاسایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی دێنه ناو وڵاته‌که‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ساڵانه ملیاره‌ها دۆلار، له‌سه‌ر حسابی کوردستان ئه‌چێته گیرفانیانه‌وه، ئێستا ئابووری تورکیا به تایبه‌تیی و ئێران و سووریاش به هۆی کوردستانه‌وه به‌رز بۆته‌وه، چجای ئه‌و هه‌موو بنکه و باره‌گا سیخوڕییه‌ی له شاره‌کانی کوردستاندا دروستکراون و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمانیان وێران کردووه و به کردار بوونه‌ته‌وه به خاوه‌نمان و ئێمه‌ش له قاوغێك زیاتر هیچی تر نین، ناپاکی تاکه تاکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانیش و گه‌نده‌ڵییه‌کانیشان ئه‌وه‌نده‌ی تر خۆمه‌که‌ی خه‌ستکردۆته‌وه. له ریفراندۆمه‌که‌دا نزیکه‌ی هه‌موو کورد ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆییدا، که‌چی سه‌رانی کورد دیزه‌به‌ده‌رخوونه‌یان کرد و تا ئێستاش کارێك نه‌کراوه ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆییش به ده‌ستبێنێن بزانین کامه‌یه سنووره‌که‌مان. به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ به عێراقییبوون ئه‌دات، له‌سه‌ر لێشێواوی زیاتر هیچی تر نییه له‌وه زیاتر که ره‌واییدانه به‌و هه‌موو کوێره‌وه‌رییه‌ی له مێژوودا دووباره و سه‌دباره بوونه‌ته‌وه.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی: له‌م گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ی دیمان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن له پرسه چاره‌نووسسازه‌کاندا له‌سه‌ر یه‌ک هێڵ کاریان به‌ره‌و عێراقیبوون ده‌کرد . له ئه‌جندای هیچ کامیاندا بیرۆکه‌ی سه‌ربه‌خۆیی یان به‌رنامه‌ی رزگاریی به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت. بۆ ؟
حەمەڕەشید هه‌ره‌س: ئه‌مرۆ یه‌ك لایه‌نی به‌رچاوی سه‌ربه‌خۆ له کوردستاندا نیه، گشتیان پابه‌ندن به‌و زلهێزه‌وه که رێگای پێداون هه‌بن، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئۆپۆزیۆنی نه‌ته‌وه‌یی دروست ببێت، ئه‌بێت نه‌ته‌وه‌که تێکڕا پارێزگاریی لێ بکه‌ن و له هێرش و په‌ڵاماری ئه‌وانی تر بیانپارێزن، ئه‌گینا به بیست و چوار سه‌عات ئه‌یانبه‌ن به ئاسمانا، ئه‌ی کاژیك و پاسۆك بۆ نه‌مان؟ چونکه ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه نه‌ته‌وه‌ییه کاتێك دروست ئه‌بێت که دیسان نه‌ته‌وه‌که تێکڕا ببن به خاوه‌ن بیروباوه‌ڕێکی نه‌ته‌وه‌یی وا، که که‌س پڕکێشی ئه‌وه نه‌کات شاڵاویان بۆ به‌رێت و ، پڕوپاگه‌نده‌ی چه‌واشه له خشته‌یان نه‌بات و، به مانای نه‌ته‌وه‌که خۆی پێداگربێت، نه‌ك چاوه‌ڕوانی ئه‌م و ئه‌و بن چاوساغیان بۆ بکات، که‌سایه‌تیی ئه‌مڕۆ و به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕه‌پانه‌که‌ن، که‌م و زۆر وه‌ك له‌به‌رچاوه له‌سه‌ر چاره‌نووسی کورد سازشیان کردووه، ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن نامێنن، چونکه که‌سیان نا‌وێرن پشت به نه‌ته‌وه‌یه‌کی هه‌مه چیزه ببه‌ستن، زۆربه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌مڕۆ یان حیزبین، یان لایه‌نگری حێزبه نا نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستانن، ئه‌مانه هه‌روا به ئاسانی له‌که‌لی شه‌یتان نایه‌نه خواره‌وه، چونکه کرداری مێشكشتنه‌وه‌یان بۆ کراوه، به‌لای زلهێزه‌کان و چوارده‌وریشه‌وه له کوردستانا چی ئه‌بیت ببه، به‌ڵام داوای گۆڕانی نه‌خشه بڤڤه‌یه، که‌واته ئه‌و حیزبانه‌ی که تا ئێستا ماونه‌ته‌وه، زۆر به راشکاوی ئه‌توانین بڵێین که‌م و زۆر هه‌ر هه‌موویان گاردی پاراستنی نه‌خشه‌که‌ی سایکس بیکۆن، ئه‌ی بۆ ویستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان له پرۆسه‌ی ریفڕاندوما زینده به چاڵ کرد؟ هه‌ر به جارێك خۆیان لێکرد به که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت. بێگومان گه‌وره‌ترین ده‌سخۆشیان له زلهێزه‌کانه‌وه وه‌رگرتووه، چونکه بیربرنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه و زینده‌به‌چاڵ کردنی سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه له لای ئه‌وانه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی و تێکدانی نه‌خشه‌ی عێراق تۆقاندوونی، ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی هه‌موو جیهان به گشتی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تیی به سه‌ده‌ها رێکه‌وتن و دانوستاندن و سازشکردن دروستکراوه، گۆڕینی هه‌روا ئاسان نیه، ئه‌وه ویستێك پێداگرتنێکی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی وای گه‌ره‌که که مه‌ترسی بخاته ناو زلهێزه‌کانه‌وه و دیسانه‌وه بیانخاته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ و ملنان بۆ پێداگرتنی ئه‌و ویسته‌ی له سه‌ربه‌خۆیی زیاتر چاری تریان نه‌مێنێت، به‌و هیوایه‌ی که زلهێزه‌کان گه‌شتبنه ئه‌و راستییه، چونکه له‌م هه‌زار به‌ره‌کییه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستاندا هیچ لایه‌نێك پڕکێشی ئه‌وه ناکات یاری به‌و ئاگره بکات، چونکه له‌ناوچوونی خۆی تیا ئه‌بینێته‌وه ئه‌مه یه‌ك، دووه‌میشیان کورد له گه‌مه‌ی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، تا ئێستا یاریکه‌رێکی وای تیا هه‌ڵنه‌که‌وتووه، کارێکی وای کردبێت له‌و گه‌مه‌یه‌دا له‌سه‌ری بکه‌ن و گۆڕانکارییه‌ك بهێنێته ئاراوه. ئه‌م چه‌مکه پێویستی به شیکردنه‌وه‌ی زۆرتره، به‌ڵام به‌لای منه‌وه ئه‌وانه‌ی لێی دوام هه‌ندێکن له کرۆکی کێشه‌که. له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌نده ئه‌ڵێم که بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و پێداگرتنی نه‌ته‌وه‌که بۆ سه‌ربه‌خۆیی چۆك به زلهێزه‌کان و به گارده‌کانی سایکس بیکۆس دائه‌دات و ئه‌یانخاته ئه‌و مه‌رجه‌وه که ده‌ستێکان بکه‌وێته ئه‌ملا و ده‌ستێکیان بکه‌وێته ئه‌ولا و سه‌ر بۆ ویسته ره‌واکانمان شۆڕکه‌ن، نموونه‌ی کۆسۆڤۆ و ته‌یمووری رۆژهه‌ڵات و ئه‌و وڵاتانه‌ی له سۆڤیه‌ت و یه‌گۆسلافیا بوونه‌وه و ئێستا هه‌موو سه‌ربه‌خۆن.
11\6\2010
|