٦\١\٢٠١٠
دژ بە ناعەداڵەتی... دنیای مرۆڤە بێ
ماف و تەنها و بێنەواکان.
سەلام عەبدوڵا
سەرچاوەیەکی ئاگادار پێی راگەیاندم کە ئەم کرێکاراەی ناویان لە خوارەوە
هاتووە، ماوەی 5ساڵە وەک کرێکار بە گرێبەستی کاتی دامەزراون و
دەیانەوێت ئیدی کۆتایی بە گرێبەستە کاتییەکە بهێنرێت و وەک کرێکاری
دایمی دامەزرێن:
(مەکی
حوسێن شاموراد(تەها شەوکەت محەممەد، محمود شەوکەت محەممەد، سەلیم قادر
خەسرەو، محمود محەممەد شاوەیس، کازم جەدوع خەڵەف، مزهر حەسەن ئەحمەد،
ئەیوب ئەحمەد محەممەد، نەجیب عەبدوڵڵا وەیس، محەممەد ئەدهەم محەممەد،
فەلاح حەسەن عەلی، نورئەلدین خەلیل ئیبراهیم، ئەحمەد سەبع خەمیس، نەجم
عەبدوڵڵا هەواس، جەمیل مەهدی کەریم، سامی سەمین محەممەد، جاسم فەهەد
رەشید، قاسم فەهەد رەشید، وەلید حەمید غایب، مشعل جاسم محەممەد).
ئەمە کێشەی کرێکارانی وەزارەتێکە کە وەزیرەکەی پێش چەند رۆژێک
رایگەیاند کە هەناردەی نەوتی ساڵی رابردوو گەیشتە 36ملیارد دۆلار!
ئەمە پێی دەڵێن گەندەڵی شاخدارو چاوچنۆک و چڵێسی ئەو سەرمایەدارانە کە
بەسەر لاشەی مرۆڤ دەڕۆن!
پیرەمێردێک لەپاڵ دیواری قوتابخانەکەی بەرامبەر کەلاوە شڕەکەیەوە،
لەگەل خۆی و چرکەساتەکانی تەمەنی، داماوە. هەموو ئەرکە کۆمەڵایەتییەکەی
ئەنجام داوە، لێ حکومەت وەک هەر پارچە پەڕۆیەکی کۆن رەفتاریی لەگەل
دەکات. پیری زەمانە(لەراستیدا ناو و مێژوو و هەست و نەست و شوێندەستی
خۆی هەیە)، بەڵام پاش ئەوەی زانیم توانای ئەوەشی نەماوە بگاتە ئەم سوچە
بێ تام و لەزەت و بایەخە، وەک بڵێی لەبیرکراوەو حیسابی مردووی بۆ دەکرێ،
بۆیە منیش نەمویست ببم بە مێوانێکی رەزا قورس و بەدڵشکاوی و
بەپێچەوانەی ویست و ئارەزووم، لە سەردانی، پاشگەزبوومەوە. بووکەکەی وتی:
ئێستا ناتوانێ بۆ شوێنی دانیشتنی جارانی لەپاڵ قوتابخانەکە، بڕوات و
لەسەر جێگا کەوتووە...من خزمەتی دەکەم!
هەموو شتێک بۆ ئەم مرۆڤە ئامادەکراوە: وەک رابردوو باسدەکرێ، بەزەییان
پێ دێتەوە، کەسایەتی چیتر بە هەند وەرناگیرێ، تەنها خۆراکی بۆ ئامادە
دەکرێ، زەحمەت گوێ لە بۆچوونەکانی بگیرێت!
مرۆڤێکی لەبیرکراوەو دەوروبەرەکەی بە هەموو شێوەیەک چاوەڕوانن دەقەیەکی
زووتر بەرەو(خدر زیندە)بیبەن، بەڵام ئەویش ئاسایشی نەتەوەیی، دەوڵەتی
کوردی، هەڵبژاردن هیچ مانایەک نابەخشن و تازە ژیانی بریتییە لە
یادوەرییە خۆش و ناخۆشەکانی رابردووی و یەک لەدوای یەکی ئەوەی لەبیری
ماوەتەوە، دێنە بەرچاوی. خۆی و تەنهایی و کۆتاییهاتنی گشت جۆرە
پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی، کوتومت وەک ئەو کەمئەندامە(بێدەست و قاچ)ە کە
بە هەمان شێوە، وێنەیەکی ترە لە وێنەی ئەو مرۆڤانە کە هەموو بەهایەک
وەک ئینسانیان لێی زەوتکراوە، تەنها"بەزەیی پێهاتن"نەبێت. کاکم هەر
جارێک لە سوچێک دادەنشێت و بەم شێوەیە ژیانی بەسەر دەبات، وەک بڵێی وەک
وەزیرو سەرۆک و"گەورە پیاوان"ی تر حەزی لە سەفەرکردن، مێوانداری یان
پێکەنین و گاڵتەوگەپ، نەبێت.
پیاوە لەرادەبەدەر زیرەکەکان وا دەڵێن: (حکومەت چ پەیوەندییەکی هەیە
بەم جۆرە مرۆڤانەوە...ئاخر حکومەت فریای چی بکەوێت)!
فاتمە وەلی وتی: بەعس بەزۆرەملی لە تۆڵەفرۆش دەریکردین و پێمانیان
وت"بڕۆن...بۆ هەر کوێ ئەڕۆن، بڕۆن"، بۆیە ماوەی 30ساڵە وەک کرێچی لەم
ماڵە نیشتەجێین و مانگی50هەزار دینار کرێ خانوو دەدەین.
-لەسەر چی دەژێن؟
فاتمە: هاوسەرەکەم مانگی130هەزار دینار لە دەزگای ئەیلول وەردەگرێ!
-لەپاڵیەوە کارێک دەکات؟
فاتمە: نەخێر، لە2004وە تا ئێستا بێکارە، بەڵام
کوڕەکەم(ئاریان)بەیناوبەین کاری دەستدەکەوێت.
لەم کاتە هاوسەرەکەی(شەفیق تەوفیق، ژمارەی تەلەفۆن: 07703664101)گەیشتە
گفتوگۆکەمان و بەکورتی وتی: من لە 1976وە پێشمەرگە بووم.
-چاوەڕوانی چی دەکەی؟
شەفیق: چاوەڕوانم دەزگای ئەیلول موچەکەمان زیاد بکات!
چەندین ساڵە(ئیسماعیل محەممەد)و(رەسمیە وەلی شەریف) دەناسم: باوکەکە لە
شەستەکان پێشمەرگە بوو و پاشان بەکاری جۆراجۆر بژێوی منداڵەکانی
دەرکردووەو حکومەتی بەعسیش خۆی و منداڵەکانی بەسواری(زیل)، لە سنووری
ئیراق فڕێ داوە. ماوەی چەند ساڵێکە گەڕاونەتەوە، بەڵام خاڵۆ ئیسماعیل و
هاوسەرەکەی بەم تەمەنەوە هیچ موچەو درامەت و سەرچاوەیەکی داراییان نییە.
ئایا باری کەسایەتی و دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو دایکوباوکانە کە بێکارو
نەدارن و ناتوانن دەست لە گیرفانی خۆیان بکەن و پێداویستی منداڵەکانیان
پڕ بکەن، چۆنە؟
گەرچی وتم(هەژاری عەیبەیەک نییە لە نێوچەوانی هەژارەکان، بەڵکو
عەیبەیەکە بۆ حکومەت و سیستێمەکەی)، بەڵام خاڵۆ ئیسماعیل لەبەر ناو و
کەرامەتی، تەنانەت شەرمی دەهات باری ژیان و وێنەکەی بڵاوبکرێتەوە!
-ئەی ئێوە بەچی دەژێن؟
محمود یارموراد، باوکی(ئەڤین، محەممەد، شەهەد، سنور): رۆژکارم، بەڵام
هەموو رۆژێک کارم دەست ناکەوێت.
ئەم خێزانە لە کەلاوەیەکی شڕ ژیاوە، بەڵام رێکخراوێک بە بڕی800هەزار
دینارو2تەن چەمنتۆ کۆمەکی کردووەو سەربانی ماڵەکەی پێ گرتووەو وەک
محمود وتی(بڕوا بکە هێشتا هەر خەریکی گەڕاندنەوەی قەرزەکانم)!
لە کۆڵانەکەی نێوان گەراجی ناو شار و گەڕەکی سپارتە، چەند کەسێک
تەماتەو خەس و خیاریان داناوە بۆ فرۆشتن. ئەوەی بۆ فرۆشتن بێکەڵک بێت،
هەڵیانداوەتە ئەوبەری شوێنەکەیان. لەوێ حکومەت ببوو بە سنوقی تەماتەی
بێکەڵک و دایکێک خەریک بوو لێیانی هەڵدەگرتەوە....ئاخر ئەو ژنە، دایکی
کامە ئەندام پەرلەمانە، دایکی کامە خاوەن کۆمپانیا یان بانقە، دایکی
کام خاوەن عەقاراتە؟ دایکی کامە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یان لیژنەی
مەرکەزییەکان، کامە شێخ و ئاغا؟ دایکی کامە خاوەن باخ؟ ئاخر بۆچی ئەو
دایکە بۆ تەماتەی"بێکەڵک"دەگەڕێ؟!
ئایا شەرم و داڕزان و روو رەشی نییە بۆ هەر خاوەن دەسەڵاتێک، مرۆڤ لە
وەڵاتی ئۆقیانووسی نەوت و گاز، لەم ئاستە نزمە بژێ؟! ئایا ئەمە رێکەوت
و حاڵەتێکی تاکوتەرایە؟!
هەموو رۆژێک هاوارێک، هەموو ئاوازێک، نووسینێک، خۆپیشاندان و
ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ بەدەستهێنانی ریفۆرمی کۆمەڵایەتی بۆ یەک بەیەکی
بژێوی تاکەکانی کۆمەڵگە و تا بەدیهاتنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بەو مانایە
کە ئێمە لێی تێگەیشتوون، واتە: هەر کەسێ بەگوێرەی پێویستی، هەر کەسێ
بەگوێرەی توانای!
____________________________________
تێبینی: ماوەی
سێ کاتژمێرە هەوڵدەدەم ئەم وتارەو وێنەکانی
بۆ بڵاوکردن بنێرم، بەڵام تا ئێستا ئەمتوانیوە بیانێرم. (کۆڕەتلیکۆم
مرۆڤ بچوک دەکات) ئەمە راستی ئەم کۆمپانیایەیەو ئێمەی بەکاربەران
ناتوانین لەدژیاندا هیچ بکەین. بۆ ئاگاداری کۆڕەک تلیکۆم تەنها
کۆمپانیای تەلەفۆن و ئینتەرنێت نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو دزی جەردەییە
دەیکەن، ئێستا کەناڵی تەلەفزیزنی هەیەو خەریکی دامەزراندنی بەرزترین
بیناسازین و بەدڵنیاییەوە خاوەن چەندین کۆمپانیای جۆربەجۆری ترن.
|