په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٣

دیمانە لەگەڵ عارف کەریم.

 

سازدانی: چاوی گەل


بۆ گەشەپێدانی بیر و ھزری سیاسیی و ڕادەربڕینی ئازادانە ، دوور لە ھەموو بریندارکردن و لایەندارییەک، بۆ دۆزینوەی چارەسەرە گونجاوەکان بە پێی ئەم قۆناغەی پیاییدا تێدەپەڕیین، بۆ گەشەدان بە دیالۆگێکیی زانستییانە و عاقڵانە، بۆ وریاکردنەوەی یەکتریی، بۆ بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییەی کە ھەڵبژاردنەکان و دەستور و ھەموو پرۆژە سیاسیی و یاساییەکان پێویستە لە ڕاژەی دروستکردنی وڵات و کۆمەڵگایەکیی دیموکرات و دادپەروەر و ئازاددابێت، لە ڕاژەی دروستکردنی ھاوڵاتیی بووندابێت، لە ڕاژەی دروستکردنی تاکێکی سەربەرز و ھوشیاری کوردابێت، ھوشیاریی لە پرسە نەتەوەییەکان و پرسە نیشتیمانییەکان و پرسە مرۆییەکان، لە پێناوی ئەمانە ھەموویدا چاوی گەل بە پێویستی زانیی بەم پرسیارانە بێتە لای بەرێزت و ھیواداریین بە سنگێکی فراوان و ئەو پەڕی بێلایەنییەوە وەڵامی پرسیارەکان بدەیتەوە. ھیواداریین ئەوەمان لێقبوڵبکەیت کە پرسیارەکان زۆرن و ھەمەلایەنن. ھیواداریین وەڵامی دواپرسیاریش بدەیتەوە و پێماننەڵێییت ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن بکەنەوە.


عارف کەریم: بە وتە و لێدوانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، دەستوری کوردستان ھیچی نەماوە و تەواوە و تەنیا ڕاپرسیی ماوە. ئەم حیزبە دڵێت: بۆ ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیە کەڵک لە دەستوری ٤٠ وڵات وەرگیراوە و، حەوت ساڵی خایاندووە ھەتا ئامادە کراوە و ڕا و بۆچوونی پسپۆڕانی بیانی و نێوخۆیی وەرگیراوە و بەر لەوەی لە پەرلەمان دەنگی پێ بدرێت ٥٠٠٠ پێشنیاریان لە لایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە پێگەیشتووە، پاشان لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٩٦ ئەندام بڕیار درا بدرێتە ڕیفراندۆم و بە یاسایەک ڕەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کرا.
ھەروەھا ٩٠٠ ھەزار دانە لەو پڕۆژەیە چاپ کراوە و لەڕێی بریکارەکانی خۆراکەوە بۆ ھەموو خانەوادەیەک نێردراوە. دەستور ھەموو قۆناغەکانی برییوە و پێویستە ڕاپرسیی خەڵکی کوردستانی لەسەر بکەرێت و تێپەرێنرێت.
کۆدەنگییەکیش لە نێوان ھەرسێلایەنی ئۆپۆزسوێن و دەرەوەی ئۆپۆزسوێن و بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی و زرۆێک لە ڕۆشنبیران و خەڵکی گشتی و چاودێرانی سیاسیی ھەیەو پێییانوایە کە دەستور ناتەواوە و پێویستە بگەرێنرێتەوە ناو پەرلەمان بۆ ھەموارکردنەوە، بە تایبەتی ھەموارکردنەوەی ھەندێک پرسی نیشتیمانی وەک دیاریکردنی سنوری کوردستان کە لە دەستوردا خراوەتە ژێر ڕەحمەتی ماددەی ١٤٠ی دەستوریی عێراقییەوە و، ھەموارکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێم بە جۆرێک کە ئەو دەسەڵاتانە کەمکرێتەوە تا ئەو ئاستەی کە سەرۆکی ھەرێم لە ژێر دەسەڵاتی پەرلەماندا بێت نەک بە پێچەوانەوە وەک لە دەستوردا ھاتووە، دیسان ھەموارکردنەوەی ھەندێک مادەد و بڕگەی تری ناو دەستور.


لەم کێشمەکێشەدا بەرێزت چیی دەڵێییت و چ خوێندنەوەیەکت ھەیە؟ تکایە وەک کەسێکی بێلایەن و ڕۆشنبیرێک ڕوونیکەرەوە؟ کام لەم دوو لایەنە لەسەر حەقە و چۆن؟ کامیان دیموکراتییانەترە؟ ڕای کامیان زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە بە گشتی؟

عارف کەریم: پرسی ڕاپرسی لەسەر پرۆژە دەستووری ھەرێمی کوردستان ھەراوزەنایەکی گەورەی ناوەتەوە و دەسەلاتی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن و شەقامی کوردی تەواو سەرقاڵ کردووە . پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا لەپەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە و ٣٦ حزبی کوردستانی پەسەندیان کردووە ، لەجارێکی تردا و لە ٢٤ ی حوزەیرانی ٢٠٠٩ دا پرۆژەیەکی تری نوێ براوەتە پەرلەمانی کوردستان ، بەئامادەبوونی ٩٧ پەرلەمانتار لە کۆی ١١١ پەرلەمانتارو بە دەنگی ٩٦ ئەندام پەسەند کراوە کەلە ١٢٢ مادە پێکھاتووە . ھەر ھەمان پرۆژە کەڵکی لە دەستووری چەند وڵاتێک وەرگرتووە جگە لە راوێژکردن بە پسپۆرانی بیانی و نێوخۆیی ، ھەروەھا ئەو پێشنیارانەی لەلایەن چین و توێژە جیاجیاکانەوە گەیشتوونەتە پەرلەمان ، بەھەند وەرگیراوە ، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی یەک ملیۆن دانەی لێ چاپ کراوە و گەیێندراوەتە خانەوادەکانی کوردستان .


ئەمانەی سەرەوە پشتگیری یاسایین بۆ ڕاوبۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و درۆو بوختان نین ، بەلام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەم کاتەدا مەسەلەی ڕاپرسی لەسەر دەستوور وروژێنرا و ئەی بۆچی پێشتر ئەم غەڵبە غەڵب و مشتومڕەی لەسەر نەکرا ؟بۆچی سەرۆکی ھەرێم لەوتارەکەی ڕۆژی ٢٧/٠٥/٢٠١٣ وتی : بەبێ قسەی میللەت دەسەڵاتی ھیچ کەس و لایەنێک نییە پرۆژەی دەستوور بگەڕێنێتەوە بۆ ھەموارکردن ؟


بۆ وەلامی ئەم پرسیارە پێویستە ئاماژە بەڕاستییەک بکەین و لە خەڵکی نەشارینەوە و ھەموو کاتێک بیدەینەوە بە چاوی ھەردوو حزبی دەسەڵاتداردا ، ئەویش ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی لەمێژەوە دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە لە کوردستاندا و بەخۆشی بێت یان ناخۆشی پەنجا بە پەنجا بەشیان کردووە لە نێوانی خۆیاندا ، سەرباری ئەوەی کەی ویستبێتیان شەڕیان ھەڵگیرساندووە تا ئەو جێیەی تێریان خواردووە لە ڕشتنی خوێنی خەڵک ، دواتریش ھاتوون ئاشتیان ڕاگەیاندووە و بەیاننامەی جۆراوجۆریان مۆر کردووە ، ھەروەکوو نە بایان دیبێ و نە باران ، ساڵانێکی دوورو درێژ ، ئێستایشی لەگەڵدابێت جوگرافیای کوردستان و ئیدارە و حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەر و ئاگردانی ماڵی کوردیان کرد بە دوو کەرتەوەو چۆنیان ویست وایان لێکرد . جالەبەرئەوەی ئەم دوو حزبە پێشتر واتە پێش ٢٥/٠٧/٢٠٠٩ زلھێزی مەیدان بوون و کەس نەیتوانیوە یان نەیوێراوە چ لەڕیزەکانی خۆیاندا و چ لەدەرەوەی ڕیزەکانی خۆیاندا ورتەی لێوەبێت ، خواھەڵناگرێ ئەوانیش ئەوەندەی لەخەمی دەسەڵات و گیرفانپڕکردندا بوون ، ئەوەندە لە خەمی پەرلەمان و دەستوور و مەسەلە کوردستانی و چارەنووسسازەکاندا نەبوون ، ئیتر چۆنچۆنی لەھەلومەرجێکی وەھادا ئەم دوانە دەستوور ھەمواربکەنەوە؟ بۆچی خەلک گلەییان لێبکات ؟! بۆیە مەسەلەی ڕاپرسی لەسەر دەستوور بە ھەڵبەسێردراوی مایەوە و کەس خۆی تێنەگەیاند و تۆزی لێنیشت !!!


ھەتا ئەو کاتانە ئێمە( بە ئێستایشەوە ) ھەرێمێک بووین بەبێ دەستوور و یاسا ، وەکوو منداڵێکی بێ باوک ! یان خانویەک بەبێ تاپۆ . ئیجتیھاداتی شەخسی ، چاو سوورکردنەوە و زۆرەملێی تاک و حزب جێی یاساو دەستووریان گرتبۆوە و بەو پێیە دێگەلە بوو بە خاڵی سنووری یەکێتی و پارتی و کار گەیشتە ئەوەی لەم دواییانەشدا ئەندامێکی دیاری مەکتەب سیاسی یەکێتی نەیتوانی بەوێدا تێپەڕیت و بچیتەوە شاری باب و باپیرانی خۆی!!!


دەربارەی ئەوەی بۆچی لەم کاتەدا پارتی و سەرۆکی ھەرێم مەسەلەی ڕاپرسیان لەسەر پرۆژەی دەستوور وروژاند ؟


پێش دەستوور ، پرسی ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک بۆ خولی سێیەم یاخود خۆکاندیدکردنەوەی ئەو بۆخولی سێیەم لایەنە سیاسییەکانی خەریک کردبوو ، ھەندێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی ینک ھەتا کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی مەلا بەختیار و فازیل میرانی پێیان وابوو کە بەدیل نییە بۆ سەرۆک بارزانی و ھەر لەوێ وە موژدەی پشتگیریی لە خۆکاندیدکردنەوەیان پێدا و بەختی خۆیان خستە دەستی پارتی و خێرا بەیعەتیان بە سەرۆک کرد ، دەتگوت ھەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیوەتەوە.


دوابەدوای ئەمە دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتی خەڵک لە ئەنجوومەنی ناوەند و سەرکردایەتی یەکێتی و مەڵبەندەکان و مەکتەبە جیا جیا حزبییەکان و جەماوەرێکی زۆری یەکێتی بەرز بووەوە دژی بۆچوونەکانی مەلا بەختیار و خێرا پاشەکشەیان پێکرد و ناچاریان کرد بڵێ : سەرکردایەتی چی بریار بدات من لەگەڵ ئەوەدام !! ئەوەبوو لەم دواییەدا لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی یەکێتیدا سیاسەتێکی نوێیان وێناکرد و داڕشتەوە کە جێی رەزامەندی ڕیزەکانی یەکێتی و خەڵکی واقیع بین بوو .


لەپاڵ ئەمانەدا سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن ( گۆڕان ، یەکگرتوو ، کۆمەڵ ) و ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەدارو نووسەر و ڕۆشنبیر و پسپۆر و یاساناسی گەلەکەمان سەلماندیان کە خۆکاندیدکردنەوەی سەرۆک کارێکی نایاساییە چونکە بە پێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ، سەرۆک بۆی ھەیە تەنھا دوو خول خۆی کاندید بکاتەوە ، بۆ ئەم مەبەستە کەنالەکانی KNN ، NRT دەیان بەرنامەیان ڕێکخست بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرۆک و پارتی و ڕاگەیاندنەکانی ئەوان ، دەیان وتارو لێکوڵینەوە لەم گۆڤار و لەو ڕۆژنامە بڵاوکرایەوە کە گاریگەری گەورەی دانا لەسەر بیرو بۆچوونی خەڵکی کوردستان .


ئێستا پارتی زۆر چاک دەزانێ ، ئەگەر سەرۆکیش بە زۆرەملێ خۆی کاندید بکاتەوە ، ئەوا خۆیانن کە دەنگ بە خۆیان دەدەن و لەوانەیە ئەو دەنگانە بەدەست نەھێنن کە پێویستە و ھەڵبژاردنەکە بدۆڕێنن ، ھەتا ئێستاێش پارتی دەڵێ : ھێشتا سەرۆک بریاری نەداوە کە خۆی کاندید بکاتەوە ، لەبەرئەمانەیە کە ئەوان بایانداوەتەوە بە لای ڕاپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوور وەکوو چانسی دوایی تاپێی بێنەوە مایە کە ئەویشیان یاسایی نییە بە حوکمی ئەوەی دنیای ئەمڕۆ دنیای دوێنێ نییە و لەدوای ٢٥/٠٧/٢٠٠٩ وە سێ بەرەی ئۆپۆزسیۆن پەیدابوون ( گۆڕان،یەکگرتوو،کۆمەڵ) کە لە ململانێیەکی شەریفانەدان لەگەڵ دەسەڵاتدا سەبارەت بە گەندەڵی و بەھەدەردانی سەروەت و سامان و پارەوپوولی ئەو میللەتە ھەژارو لێقەوماوە ، ئەمە جگە لە ڕاوبۆچوونی دەیان کەسی پسپۆرو شارەزا و یاساناس و ئابووری ناس کەپێیان وایە بەپێی یاسا دەبێ پرۆژەی دەستوور بگەرێنرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پێداچوونەوە بەسەر چەند خاڵێکی گرنگدا وەکوو دەسەلاتەکانی سەرۆکی ھەرێم کە دیکتاتۆریەت بەرھەم دێنێ بەم شێوەیەی ئێستای ، ھەروەھا چەند خاڵێکی پەیوەند بە دەسەڵاتی دادوەری و سنووری کوردستان کە بە مادەی ١٤٠ ی دەستووری عێراقی گرەوی لەسەرکراوە و ھەتا ئێستایش دەسەڵات شیوەن و گریانی بۆدەکات و ھەر دەیڵیتەوە و ھەر دەیڵیتەوە .


دەبێ پارتی و یەکیتی قەناعەت بەوە بکەن کە پێشتر بە ھۆی ئەوەی ھەدولایان کەڵەگابوون بەسەر سەری ھاوڵاتیانەوە ، نەتوانراوە ھیچ شتێک بکرێت و ئەمڕۆ کەشوھەواکە ، دنیاکە ، دەنگ و ڕەنگە زۆرو جیاوازەکان لەبارترن بۆ پیاچوونەوە بە پرۆژەی دەستووری ھەرێمدا .


جگەلەمانە پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات و لە ڕۆژی ١٧/٠٣/٢٠١٢ وە بریاری ژمارە ٢ ی پەسەند کردووە کە لە ١٠ مادە و ٣٦ خاڵ پێکھاتووە و ناوەڕۆکەکەی برێتییە لە دەستنیشانکردنی ھۆکاری قەیران و کێشە سیاسی و یاسایی و ئیدارییەکانی ھەرێمی کوردستان ، ھەروەھا ھێلە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی دیاری کردووە . ئەم بریارە لە وەقایعی کوردستاندا بڵاو نەکراوەتەوە جگەلەوەی کاریشی پێنەکراوە .بەپێی بریاری ژمارە دوو دەبێ پرۆژە یاسای دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان .


جگەلەمانە ئەو لیژنەیەی کاتی خۆی نووسینەوە و پێداچوونەوەی دەستووری خستە ئەستۆی خۆی ، پەرلەمان ھەڵێبژاردبوو ، بۆیە بریاری پیداچوونەوەش بەرەوڕووی پەرلەمان دەبێتەوە بەپێی یاسا .


سەرۆکی ھەرێم چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرا وەکوو سەرۆک قسە بکات بۆ خەڵک و قەیرانەکان قووڵنەکاتەوە بۆئەوەی لێکترازانی سیاسی روونەدات و ھەرێمی کوردستان بەرەوڕووی ئاژاوە وپشێوی و خوێن ڕشتن نەبێتەوە و ببێتە خاوەنی دەستوورێکی خۆی . بە پێچەوانەی ئەمەوە لە وتارەکەی ٢٦ی ئایاری ٢٠١٣ دا سەرۆک پێی داگرت لە سەر مەسەلەی ڕاپرسی کە نازانرێ ئەنجامەکەی چیدەبیت ! چونکە ئەگەری ئەوە ھەیە کە دەنگی زۆر نەھێنێ و قەیرانەکان قووڵتر ببنەوە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی تێکبچێت ، بەپێچەوانەشەوە ، ئەگەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی یەکێتی و جەماوەری گەلەکەمان گرەوەکەی بردەوە و زۆری دەنگەکانی ھێنا ، ئەوا سەرۆک و پارتی پێی ڕازی نابێ و لایەکانی تر تاوانبار دەکەن بە تەزویرکردن و عوزر لە قەباعەت خراپتر !!!


ئەی کەوابوو چار چییە ؟ پرۆژە دەستوورەکە پێش ڕاپرسی یان دوای ڕاپرسی بخرێتە دەنگدانەوە ، بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی گەڵ سوورن لەسەر ئەوەی پێداچوونەوە بکەن لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمدا .


بەبروای من چارەسەری ڕاست و درووست ئەوەیە کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و ژمارەیەک پسپۆر و یاساناس و ئابووری ناس و سیاسەتمەدارو نووسەرو ڕۆشنبیری گەلەکەمان پێکەوە کۆببنەوە و ڕێگای دیالۆگ بگرنە بەر بۆئەوەی ھەرێم لەم قەیرانە گەورەیە ڕزگار بکەن .


چاوی گەل: بەڕای بەرێزتان ئەگەر دەستور بخرێتە بەردەم ڕاپرسییەوە ڕێژەی دەنگدانی یاسایی خۆی دەھێنێت؟ ئەگەر ئەو ڕێژەیەیی ھێنا ئەوە دەبێت بە شکست بۆ ئۆپۆزسیۆن و، سەرکەوتن بۆ پارتی لە ھەڵبژاردنەکاندا؟ ئەگەر ئەو شکست و سەرکەوتنە لە لایەن پارتیی و ئۆپۆزسیۆنەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە و وا وەرگیراوە! کەواتە ڕاپرسی لەسەر دەستور لەم کاتەدا جۆرێکە لە بانگھێشتی ھەڵبژاردنەکان؟ ئەگەر وایە؟ ئەمە بە سیاسییکردنی دەستور نییە کە بە دایکی ھەموو یاساکان دادەنرێت؟

عارف کەریم: لەڕاستیدا دەستوور کە چەتری یاساکانە و بۆ سەقامگیری کۆمەڵایەتی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندی لایەنەکان و دەنگە جیاوازەکان پشتی پێدەبەسترێ و کاری پێدەکرێ ، دەبێ ئەو دەستوورە بێت کە جێی ڕازیبوونی زۆربەی ھاوڵاتیان بێت و خواست و ھیواو خەونەکانی ئەوان لەو دەستوورەدا رەنگبداتەوە. بەپێچەوانەی ئەمەوە ھەموو دەستوورێک کە خواست و ئارەزوو و خەونی لایەن و سەرۆک حزبێک ڕەنگی تێدا بداتەوە و بۆ بەرژەوەندی حزبی و ئیجتیھاداتی شەخسی بەکاربێت و ئازادییەکانی خەڵک زەوت بکات و میللەت لە زیندانا توندبکات ، ئەوە دەستوورێکی مردووە و ناتوانێ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەل بکات و تاکەکانی کۆمەڵیش دەنگی پێنادەن و ئەگەر بشخرێتە دەنگدانەوە ئەوا ڕێژەی دەنگدانی یاسایی ناھێنیت و شکست دێنێت .


کەوابوو ڕێی تێدەچێ ھەموو دەستوورێکی تێروتەسەل بە ماددە و بڕگەی بەنرخ و لە بەرژەوەندی گەل دەنگی پێبدرێت و ببێتە سەنەدێکی یاسایی تائەو جێیەی لە قۆناغێکی تردا و پاش ڕووداو و گۆڕانکاری سیاسی گەورە گەورە و وەرچەرخانی مێژوویی ھەندێک یان زۆر لە ماددە و بڕگەکانی پیاجوونەوەی پێدا دەکرێت و جارێکی تر ھەڵدەسەنگێردریتەوە بەو شێوەیەی خزمەتی کۆمەڵگا و ھەموو لایەنەکان بکات.


ئەو مشتومڕو ململانێیەی کە ئەمڕۆ لە سەر دەستوور ھەیە لە نێوان پارتی لەلایەک و بەرەی ئۆپۆزسیۆن و گەل لە لایەکی تر دەتوانی ناوی بانگەشەی ھەڵبژاردنی لێبنێیت و بەو شێوەیەی پارتی دەیەوێ ناچێتە سەر و لە دوایین جاردا شکست دێنێ، چوونکە پارتی بەرگی سیاسی و حزبی لەبەرکردووە و دەیەوێ بۆ بەرژەوەندی حزبەکەی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم ئەم شەڕە بکات .


چاوی گەل/ کێشەیەکی تری ئەمڕۆی ناو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵک بە گشتی قسەکردنە لەسەر ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە خەڵکەوە بێت، بەڵام ئۆپۆزسوێن و فراکسوێنی ھەرسێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکە دەیانەوێت لە پەرلەمانەوەبێت. ئەگەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە لایەن خەڵکەوە بێت یان لە لایەن پەرلەمانەوە بێت چ جیاوازییەکی سیاسیی و یاسایی ھەیە؟ بەڕای بەرێزتان کامییان بۆ بە دیموکراسیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان باشترەو و چۆن؟

عارف کەریم: پێش ھەموو شتێک پیویستە ئێمە ھەموومان ئەو ڕاستییە لەیاد نەکەین کە عێراق لە دوای ڕووخانی سەددامەوە بۆتە خاوەنی دەستوورێکی ھەڵبژێردراو لەلایەن میللەتەوە و لەو دەستوورەدا ئەوە نووسراوە و دیاری کراوە کە سیستێم لە عێراقدا سیستێمێکی پەرلەمانییە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی کۆماریش ھەمووی دەسەڵاتی تەشریفاتییە و ھیچی تر . بەو پێیە ھەرێمی کوردستانیش کۆمارێکی سەربەخۆ نییە و بەشێکە لە عێراق و دەبێ سیستێم لە کوردستانیش پەرلەمانی بێت و ئەگەر خاوەنی سەرۆکیش بێت دەبێ رەمزی بێت . دەکرێ سیستێمی سیاسی لە ھەر وڵاتێکدا کۆماری و پەرلەمانیش بێت وەکوو لە وڵاتانی فەرەنسا و فینلەندا و نەمسا ھەیە و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بە جیا دیاری بکرێت ، لەم حاڵەتانەدا دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار زۆر دەبن تا ئەو جێیەی دەتوانێ پەرلەمان ھەڵوەشێنێتەوە و لە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان بپرسێتەوە و بریار لەسەر حاڵاتی کوتوپڕی تایبەت لە وڵات بدات بەھۆی تێکچوونی باری سیاسی نێودەوڵەتی و نیگەرانی خەڵک لە ناوەوەی وڵات . ھەڵبژاردنی سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوە دەگەیەنێ کە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی ناو پەرلەمان ، واتە حزبە سیاسییەکان متمانە بەسەرۆک دەکەن و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکەن . خۆ ئەگەر ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ڕێگەی خەڵکەوە بوو ، ئەوە دەروازەیەک دەخرێتە سەر پشت بۆئەوەی کاندیدی زۆر بێتە مەیدان و کێبڕکێ بکەن لە نێوانی یەکدا و مەرج نییە لەم حاڵەتەدا سەرۆکی ھەڵبژێردراو سەر بە حزبێک بێت یان مەرج نییە ئەو سەرۆکە بیروبۆچوونی وەکوو سەرۆک وەزیران بێت کە پەرلەمان ھەڵیدەبژێرێت ، بۆ نموونە کاتی خۆی فرانسوا میتران ی سوشیالیست بەسەرۆک کۆماری فەرەنسا ھەڵبژێردرا ، بەلام سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا جاک شیراک ی سەرمایەدار و یەمینی بوو کە ئاسمان و ڕیسمان بوون ، بەلام بەھۆی ئەوەی سیستێمی دیموکراتی ئەوانی ھێنایە سەر حوکم ، کارەکە بەباشی دەڕۆیشت .


ئەگەر لە کوردستاندا بە پێچەوانەی ئەمەوە بێت و سەرۆک بیەوێ دەرگا دابخات لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان و لە سەرو یاساو پەرلەمان و حکومەت و سیستێمی دادپەروەرییەوە خۆی ببینێتەوە ئەوا بێگومان مانای ڕاپێچکردنی میللەتە بەرەو زیندان و ئەوسا دەبێ داوای ئازادی و سەرفرازی بۆ میللەت بکرێت کە بەم شێوەیە مافەکانی پێشێلدەکرێت و زەوت دەکرێت .


چاوی گەل: زۆرێک لە چاودێرە سیاسییەکان پێیانوایە کە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم و ئەنجومەنی شارەکانی کوردستان لە ٢٠١٣ دا بۆ چوار ساڵی ئایندە چارەنوسسازە؟ ئایە ئەوە وایە بە خوێندنەوەی بەڕێزتان؟ ئەگەر وایە چۆن و لە چییدایە ئەو چارەنووسسازییە؟ ئایا بەشێک لەو چارنووسسازییە پێوەندی بە گۆرانکارییەکانی ناوچەکەوە ھەیە؟

عارف کەریم: پەرلەمان لە ھەموو وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتدا دایکی یاساکانە و لوتکەی دەسەلاتی یاسادانانە و بایەخێکی ئێجگار گرنگی ھەیە و بەرپرسە لە ڕێکخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا و دیارێکردنی شێوازی حوکمرانی لە وڵاتدا و ھەروەھا ڕێکخستنی پەیوەندی تاک بەتاک و تاکیش بە حکومەتەوە لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەرک و مافەکانیان و سەیرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ بە چاوێکی یەکسان . بێگومان ھەڵبژاردنی پەرلەمانێکی لەم بابەتە تا بڵێی چارەنوسسازە چونکە تاکە دەسەڵاتە کە بەرپرسیارە لە دیاریکردنی ماف و ئەرکی ھەموو تاکێکی کۆمەڵ .


بەپێچەوانەی ئەمەوە بەبڕوای من ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەھۆی ئەوەی بەشێکن لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بە پێی ئەو ماددە و بڕگانە کاردەکەن کە یاسا بۆیانی دیاریکردوون ، لەبەرئەمانە قورسایی و نرخی پەرلەمانیان نابێ و جێی ئەویش ناگرنەوە ، بۆیە ناتوانی بڵێی چارەنوسسازن ، ئەوە دیکتاتۆرەکانن کەخۆیان لە سەروو یاساو دەستوور و حکومەتەوە دەبیننەوە و سیستێمی دیکتاتۆری بە چارەنوسسازیان دادەنێ و چەپڵەیان بۆ لێدەدات وەکوو بۆ سەددام و حوسنی موبارەک و موعەمەر قەززافیان کرد .


کورد تێری لە سیستێمی دیکتاتۆری و پیاوکوشتن خواردووە و خەون بە پەرلەمانێکەوە دەبینێ کە ھی ھەموو میللەت بێت و لەسێبەریدا ھەموو تاکێکی کۆمەڵ بێ وەی بحەسێتەوە دوور لە چاوسوورکردنەوە و ڕاونان و گرتن و ئازاردان و ئەشکەنجەدان و کوشتن و بڕین . کورد بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەتوانێ ببێتە خاوەنی پەرلەمانێکی لەم بابەتە و بە مافە ڕەواکانی شاد بێت.


چاوی گەل: کاتی خۆی بڕیار وابوو لە ٢٥/ ٧ / ٢٠٠٩ دا، لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان وسەرۆکایەتی ھەرێم دا، راپرسیش لەسەر دەستوری ھەرێم بکرێت. بەڵام کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کە لە تواناییدا نییە ئەو راپرسییە ئەنجامبدات. بۆیە بە یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٩ کاتی ڕاپرسیەکە خراوەتە رۆژێکی نادیار. بە ڕای بەرێزتان بۆچی دوای ئەو ھەموو کاتە دوور و درێژە ئێستا لەم کاتەدا کە چەند مانگێکی ماوە بۆ ھەڵبژاردنەکان پارتی ھێندە سورە لەسەر ڕاپرسیی دەستور؟ ئەگەر ئەو دواخستنە وەک سیناریۆیەکی سیاسیی لە لایەن پارتییەوە ئەنجامدرابێت!، ئەی ھەرسێ حیزبی ئۆپۆزسوێن کەمتەرخەمنیین لەوەی لەو ماوە دوور و درێژەدا نەیانتوانیوە پێدابگرن لەسەر گەرانەوەی دەستور بۆ ناو پەرلەمان؟ لە کاتێکدا بە گوێرەی بڕگەی ٢ی ماددەی یەکەمی ھەمان یاسا (یاسای ژمارە ١٠ی دواخستنی ڕاپرسییەکەی دەستور) دیاریکردنی رۆژی ڕاپرسی لە دەسەڵاتی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمدایە.

دوای ٢٣ ساڵ لە ڕاپەڕینیی خەڵکی کوردستان و ١٠ ساڵیش دوای ڕوخانی ڕژێمی فاشیی بەغداو سەدام حسەین دیموکراسیەت و ئازادییەکان چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟

عارف کەریم: لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا تیشکم خستۆتە سەر ھۆکارەکانی دواخستنی پرسی ڕاپرسی لەسەر پرۆژە دەستووری ھەرێمی کوردستان و ئێستایش بەکورتی ئەوە دووپات دەکەمەوە کە پارتی و یەکێتی لەپێش درووستبوون و لەدایکبوونی ئۆپۆزسیۆندا تاکە زلھێزی مەیدان بوون و زیاتر لە خەمی دەسەڵات و پارەوپوولدا بوون و بەئارەزووی خۆیان شەڕیان ھەڵگیرساندووە لەو پێناوەدا و خوێنی خەڵکیان بە فیڕۆ ڕشتووە ھەتا ئەو جێیەی ماندوو بوون لە شەڕکردن و دوایی ئاشتییان سازکردووە لەسەر حسابی خەڵکی بێتاوان ، ھەر بۆیە پرۆژە دەستووری ساڵی ٢٠٠٢ کە مەسعود بارزانی باسی لێوەکرد و ٣٦ حزب پەسەندیانکرد ، تۆزی لێنیشت و ھیچ لایەک لە پارتی و یەکیتی بەلایدا نەچوون چونکە کەس نەبوو لێیان بپرسێتەوەو ھێشتا ئۆپۆزسیۆنیش پەیدا نەبووبوو ، ساڵەکانی دوای ئەوەش بەتایبەتی ٢٠٠٩ کە پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر دەستووری ھەرێمی کوردستانی پەسەندکرد دیسان دەستوورەکە خەوی لێکەوتەوە و کەس گوێی نەدایە بە تایبەتی سێ حزبەکەی ئۆپۆزسیۆن کە کەمتەرخەم بوون و دەبوایە وەکوو ئێستا ئەو مەسەلەیەیان بوروژاندایە و بیانوتایە ھەرێمی کوردستان بەبێ دەستوور نابێت و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ھەمواربکرێتەوە .


بەکورتییەکەی ئێستا بەرژەوەندی گەلەکەمان لەوەدایە کە پرۆژەی دەستوور جارێکی تر لەسەر داوای ئۆپۆزسیۆن و جەماوەری یەکێتی و بەرەی گەڵ بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ ھەموارکردنەوە و پیاجوونەوە بەو ماددە و بڕگانەی کە چارەنوسسازن و لەبەرژەوەندی گەلەکەماندایە بۆئەوەی دواتر پەرلەمان و حکومەت بەھاوکاری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کاتی ڕاپرسی لەسەر دەستوور دیاری بکەن کەمافی خۆیانە و بۆئەم مەبەستە دەتوانن ئاڵوگۆڕی پیروڕا بکەن و شێوازێکی چارەسەر بدۆزنەوە کەلەبەرژەوەندی گەلەکەمان بێت.


ئەوەی پەیوەندی بە ئازادی و دیموکراتییەوە ھەبێت لە دوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەغدا ، دەتوانم بڵێم : مومکین نییە خەڵکی کوردستان ئازاد و دیموکرات بن ھەتا ئازادییەکانی ئەوان زەوتکرابێ لەلایەن دەسەڵاتەوە و دەزگا پۆلیسی و موخابەراتییەکانیش بکەونە گیانی خەڵک لە کوردستاندا و لەباتی ئەوەی وەکری دوژمنان تێکبدەن و سیخورەکانیان دەستگیر بکەن و تەسلیمی دادگایان بکەن و قاچاخچی تریاک و حەشیشەو ھیرۆیین قەلاچۆبکەن و فەسادی سێکسی لەشارەکانی کوردستاندا نەھێڵن و ئارامیی و ئاسایش بۆ ھاوڵاتیان دەستەبەر بکەن لەباتی ئەمانە دێن پەلاماری خەڵکی ئازاد و دیموکرات دەدەن و ڕاپێچیان دەکەن بۆ بەردەمی دادگا!!!


چاوی گەل: ئەو کرانەوە سیاسییەی حکومەتی تورکیا بە ڕووی گەلی کوردا چۆن ھەڵدەسەنگێنییت؟ پێتوانییە ئەمڕۆ کورد بە قۆناغێکی زۆر ناسک و ھەستیاری وادا تێدەپەڕێت کە ئەگەر بە عەقڵانیی و دووربینیی و بیرکردنەوەیەکی ستراتیژییانە کاری بۆ بکرێت لە لایەن سیاسییەکانی کوردەوە بە گشتیی لە ھەر چوارپارچەکەی کوردستاندا کورد دەگەیەنێتە ئەو قۆناغە باڵاییەی کە ١٠٠ ساڵ زیاترە خەونی پێوەدەبینێت؟ ئەگەر وایە بە ڕای بەێزت کورد لە ئاستی ئەم ڕووداوە سیاسیانەدایە؟ سیاسییە دەسەڵاتدار و حیزبییەکانی کورد دەتوانن بە ڕوسوری مێژوویەک بۆ خۆیان و گەلی کورد بە گشتیی تۆماربکەن؟ سیاسیی و حیزبەکانی گەلی کورد چییبکەن باشە لەم رۆژەدا بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە لە دەستنەچێت و خەونە نەتەوەیی و مرۆییەکانی گەلی کورد بێتە دی؟


عارف کەریم: پرسی کورد لە کوردستانی باکوور ڕەگوڕیشەیەکی قووڵ و مێژوویی کۆنی ھەیە کەدەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانیەکان ، پێشئەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی لە جەنگی یەکەمی جیھاندا بدۆڕێت و بڕووخێت ، کورد لەو بەشەی کوردستان شۆڕشی بەرپاکردووە بە سەرکردایەتی شێخ عوبێدوڵڵای نەھری لەساڵی ١٨٨٠ دا ، لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیش ١٩١٤ و دامەزراندنی تورکیای نوێ بەسەرکردایەتی مستەفا کەمال لە ساڵی ١٩٢٣ دا ، کورد ھەر لەخەبات و تێکوشانێکی بێوچاندا بووە دژی ڕژێمی ئەتاتورک و ئەوانەی بە دوای ئەوێشدا ھاتوون و چەندین جار شۆڕشی ھەڵگیرساندووە کەبەداخەوە کپ کران و سەرکەوتنیان بەدەست نەھێنا ، دواتر بەھۆی ئەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان لەژێر باری چەوساندنەوەیەکی توندی بێوێنەدا بوو و بە ئاگر و ئاسن مامەڵەی لەگەڵ دەکرا لەلایەن کەمالیست و شۆڤێنیستەکانی تورکەوە ، ساڵانێکی دووروو درێژ ھیچ ڕووی نەدا ، بەڵام میللەتەکە ھەر لە ئامادەباشیدا بوو کە جارێکی تر ھەڵسێتەوە و درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات ، ئەوەبوو لە سالی ١٩٨٠ دا پارتی کرێکارانی کوردستان پاش درووستبوونی ، بریاری خەباتی پارتیزانی دا لە دژی ڕژێمی ئەنقەرە و توانی چۆک بەو دەوڵەتە دابدات و ناچاریان بکات بۆ دیالۆگ پاشئەوەی کەمالیستەکان و شۆڤێنیستاکان و ژەنەڕاڵەکانی ناو سوپا چییان لە دەست ھات کردیان بەرامبەر بەکورد ، شۆڕشەکە ھەتا ئێستایش بەردەوامە و سەرکەوتنی چاک چاکی بەدەست ھێناوە ، ئەمە لەکاتێکدا شۆڕشی بۆرژوازی تورک کە مستەفا کەمال سەرکردایەتی دەکرد و لە ئەنازۆل و ئەرز ڕوومەوە دەستی پێکرد ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کورد بوون ، ھەروەھا کۆمیتەی سەرۆکایەتی کۆنگرەی ئەرزرووم ١٩١٩کە لە ھەشت کەس پێکھاتبوون ، سیانیان کورد بوون ، جگە لەو بەڵێنە زۆرەی کاتی خۆی مستەفا کەمال بە کوردی دا کە ھەمووی درۆ و بۆ فریودانی کورد بوو و دوای دەسەڵات گرتنە دەست بە کوشتن و بڕینی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدان و کاولکردنی گوندە کوردەکان و ڕاگوێزانیان وەڵامی کوردی دایەوە و لە ھەموو بەڵینەکانی پاشگەز بووەوە .


ئێستا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٠ساڵ خەباتی چەکداری ، پارتی کرێکارانی کوردستان بەھۆی شێوازی خەبات و توندوتۆڵی ڕیزەکانی و پشتگیری جەماوەرییەوە لەو بەشەی کوردستان توانیان درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان بدەن دژی رێژیمی ئەنقەرە کە ھەموو ڕێگایەکیان گرتەبەر بۆ لەناوبردنی ئەوان ، بەڵام لەدواجاردا گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە میللەتێکی زیاتر لە ٢٠ ملیۆنی بەوان لەناونابرێت و دەبێ بیر لە ڕێگاچارەیەکی تر بکەنەوە .


ئێستا چەند ساڵێکە پارتی داد و گەشەپێدان AKP دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست لە تورکیا و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن و دەیانەوێ ھەنگاوی بەجێ بنێن لەو پێناوەدا و بەرنامەیەکیان پێیە بۆ ئەو مەبەستە ، چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی لابەلایان درووست کردووە و سەر بە AKP خۆیانن کە بانگەشەی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەن ، یەکێک لەو ڕێکخراوانە ناوی ئێکۆپۆلیتیکە Ecopolitik کەناوەندەکەیان شاری ئەستانبوڵە ، یەکێک لە درووشمەکانیان ئەمەیە : چەکەکان بێدەنگ بکەن ، با دیالۆگ بکەین ، ئەم ڕێکخراوە ھەتا ئێستا دوو کۆنفرانسیان بەستووە ، یەکێکیان لە شاری ئەستانبوڵ و ئەوی تریان ساڵی ٢٠١١ لە شارۆچکەی شەقڵاوەی نزیک ھەولێر بەستیان کە بەندە بەھۆی ھەندێ برادەری کوردی سەر بەو ڕێکخراوەوە بانگ کرابووم و بەشداریم تێداکرد و ١٥ دەقیقە قسەم تێداکرد و بەتوندی دابەزیمە سەر سیاسەتی حکومەتی ئەنقەرە و پێم وتن : دەزانین پارتی داد و گەشەپێدان بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت و دەیشزانم کە دوژمنەکانی ئەوان ( کەمالیستەکان ، ئەرگەنە کۆن ، ژەنەڕاڵەکانی ناو سوپا ، کۆنەپەرستانی تورک و شۆڤێنییەکان ) ڕێگرن لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەی میللەتێکی چەوساوەی زیاتر لە ٢٠ ملیۆنی لە تورکیا ، دڵنیابن کە ئەو میللتە بە تانک و تۆپ و فرۆکە جەنگییەکانی حکومەتی تورکیا لە ناو ناچێ و کۆتایی نایەت و تادێت ھەر بەھێزدەبێت ، بۆیە ئەگەر بتانەوێ چارەسەری کێشەی کورد بکەن ، دەبێ لەپێشانا ئێوەیش چەکەکانتان بێدەنگ بکەن و دەست بخەنە دەستی ئەوانی تر و گۆڕانکاری لە دەستوورەکەتاندا بکەن و جێگەی کوردی تێدا بکەنەوە بۆئەوەی ھەموان بە ھەردولا پێکەوە ئاشتی و دیموکراتی بەرقەرار بکەن لەوبەشەی کوردستان و ئەوەی دەیدەن بەچەک و تەقەمەنی ، خەرجی بکەن لە بواری ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا و ئیتر خۆتان ڕابێنن لەگەڵ وشەی کورد و کوردستان و پێی دانەچلەکن و بۆتان قورس نەبێت ناوی بەرن و بەکاری بھێنن ، ئەوەندەی دەشتوانن پەیوەندییەکانتان لەگەڵ گەلی کورد لە باشووری کوردستان چاک بکەن و ھانی برا تورکمانەکان بدەن کە خۆیان بەبرای کورد بزانن و ھاوکاری بکەن و خۆیان بە ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستان بزانن نەکە بەشەکەی تر لە عێراقی عەرەبی بۆئەوەی بەھەموولایەک داھاتوویەکی باشتر و ڕووناکتر پێک بھێنین چونکە ئێمە ھەموو لایەکمان پێویستیمان بەیەکتر ھەیە و دەبێ پاڵپشتی یەک بین و لەژێر چەتری ئازادی و دیموکراتی و یەکسانیدا پێکەوە بژین .


بێگومان ھەموو وتارێکی ناو ئەم کۆنفرانسە بەدەمی یان بە نووسین ، ھەمووی وەردەگێردرا بۆ زوبانی تورکی و لەسەر کاسێتی تایبەت تۆماردەکرا ، ئەمەی سەرەوە بەشێک بوون لە قسەکانم و دەقەکەم بیر نەماوە ، کە قسەکانم تەواوکرد تورکەکانی سەر بە ئێکۆپۆلیتیک پیرۆزباییان لێکردم و قسەکانی منیان بە دڵ بوو و پێیان خۆش بوو ئاوا بە ڕاشکاوی قسەم کرد . من بۆیە ئەمەم تێکەڵ بە وەڵامەکە کرد چونکە گۆڕانێک لە سیاسەتی حکومەتی تورکیادا ھەیە .


ئەم کرانەوە سیاسییەی حکومەتی تورکیا ئەھمیەتێکی سیاسی گەورەی ھەیە و پێویستە کوردیش ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات بەھۆ ی ئەوەی تورکیا دەوڵەتێکی ئیقلیمی گەشەکردووی گەورەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەندامی ناتۆیە و بەدەیان بنکەی سەربازی ئەوان لە خاکی تورکیادا ھەیە و سنووری بە چەند وڵاتێکی ناوچەکەوەیە کە لە ئاسیای ناوەڕستەوە دەست پێدەکات و لە وڵاتەکانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست کۆتایی دێت، ھەروەھا تورکیا سنوورێکی پان و بەرینی لەگەڵ ئێران و عێراق و سوریادا ھەیە کە بەشەکانی کوردستانی ئێمەی تێدەکەوێ ، ھەروھا تورکیا بەشێک لە خاکەکەی دەکەویێە ئەوروپاوە و بەم پێیە دەروازەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە ساڵانیکی زۆرە لەھەوڵ و تەقەلای بێوچاندایە بۆ بوونە ئەندام لە یەکیتی ئەوروپا ، دیسان تورکیا تاکە وڵاتێکە کە کوردستان بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە بەتایبەتی ئەمڕۆ کە ھەرێمی کوردستان بەھۆی سەرچاوە سروشتییەکانی نەوت و گازەوە توانیویەتی بەرژەوەندی وڵاتە زلھێزەکان کۆبکاتەوە لە خاکەکەیدا و چەندین کۆمپانیای گەورە گەورەی ناسراوی ئەمەریکایی و ئەوروپایی لەوێ خەریکی گەڕانن بەدوای نەوت و گازدا ، لەبەرئەوە ئەگەر کورد بووە وڵاتێکی سەربەخۆ لەڕۆژھەلاتی ناوەڕاستدا ، ئەوە تورکیایە کەدەبێتە دەروازەیەکی گەورەی بازرگانی بۆ ڕەوانەکردنی بەرھەم و کاڵا و شتومەکی کوردستان بۆ دەرەوە ، ھەروەھا بە پێچەوانەوە ، بۆیە دەتوانم بڵێم کلیلی چارەسەری کێشەی ئێمە وداھاتووی ئێمە لەتورکیایە و چەند بکرێت دەبێ ھەوڵ بدرێت بۆئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شێوازی خەباتکردن بگۆردرێت بۆ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و سیاسی و ئاشتی خوازانە .


ساڵانی پێشتر بەھۆی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا ( مەبەست کوردستانی باشوورە ) بە دوای خۆیاندا دەگەڕان و سیاسەت و گەڕەلاوژەیان تێکەڵ بە یەکتر کردبوو ، لەئاستیی ئەو قۆناخەدا نەبوون کە زلھێزەکان لەدوای داگیرکردنی کویت و ڕووخاندنی سەددام بۆیانی خولقاندبوو و ھەر لایە شەڕی لەگەڵ تڕ و سێبەری خۆی دەکرد ، جگەلەوەی خەریکی شەڕوئاژاوە و پیلانگێڕان بوون دژی لایەنە سیاسییەکانی تر لە بەشەکانی تری کوردستان بە تایبەتی کۆمەڵە و دیموکرات و پارتی کرێکاران لە باکوور .


ھەندێکیان وا تێگەیشتبوون کە پادشای کوردستانن لە ھەموو بەشەکانی کوردستان و بەبێ ئەوان ھیچ شتێک جێبەجێ نابێت لەم کوردستانە پان و بەرینە ، بەڵام دواتر ورد ورد ھەلومەرجی سیاسی و شەقی زەمانە و زللەی رۆزگار و چاوسوورکردنەوەی زلھێزەکان ئەمانی فێرکرد و چالاکییەکانی ئەوانی سنووردارکرد و فێری سیاسەتیان کردن .


لێرەدا دەمەوی بڵێم ئەمڕۆ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا دەتوانێ خۆی دووربگرێت لە شەڕوئاژاوە ، ئەگەر بە ئەقڵ و مەنتیق کار بکەن و بەباشی واقیعی خۆیان بخوێننەوە و لە ڕاستییە مێژوییەکان باش تێبگەن و لەو ڕاستییە بگەن کە داگیرکەرانی کوردستان دوژمنی کوردەو ھیچ حزبێکی کوردستانی لەم بەش یان ئەو بەشی کوردستان ناکۆکی سەرەکی نییە و نابێ مامەڵەی دوژمنی لەگەل بکرێت و پێویستە پشتگیری لە خەبات و تێکۆشانیان بکرێت لەھەر شوێنێک ھەبن ، ئەگەر ئەمەیان کرد ئەوا تووشی شەرو بەیەکدادان نابن لەگەڵ ئەوانی تر ، ئەمە لەکاتێکدا ھەموومان ئەو ڕاستییە باش دەزانین کە زەرفی سیاسی و مەوزووعی لەم بەشانەی کوردستان وەکوو یەک نین و ھەرلایەکی سیاسی کوردستانی بە شێوازی جیاجیا ملی خەبات و تێکۆشانی گرتۆتەبەر و حزب و ڕێکخراوەکانی تر دەبێ پشتگیرییان لێبکەن لەپێناوی سەرخستنی ئەو تێکۆشانە بۆئەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینەی ھاتۆتە کایەوە بۆ کورد لەدەست دەرنەچێت و خەونە کوردستانی و نەتەوەییەکانی ئێمەی تیا بێتە دی .


٢\٦\٢٠١٣ - ستۆکھۆڵم
 
ماڵپه‌ڕی عارف که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک