په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٦

درامای ''هەنگاوەکانی سەرخۆڵەمێش'' هەنگاوێکی نۆیی درامای کوردییە!

ئاسۆ گۆران       


لەوەیە مانگی ڕەمەزان باشترین و گونجاوترین مانگ بێت بۆ ساخکردنەوەو فرۆشتن و پیشاندانی دراماکان لە ڕۆژهەلاتی ناویندا بە گشتی ...، چەند ساڵێکە کوردستانیش ئەم دەرفەتەیان قۆستۆتەوە بۆ دابەزاندنی هەمو ئەو درامایانەی ئامادەی نیشاندانن لە تیڤیەکاندا.


لەوەیە بە هۆی ئەوەی خەڵکی زۆر چالاکیەکانی دەرەوەیان کەم دەکەنەوە مانەوەی یان لەماڵەوە شانسی تەماشاکردنی زۆرترین کاتی بەرنامەو درامای جیاوازیان هەبێت . بۆیە هەمیشە دەرهێنەرەکان هەوڵی ئەوە دەدەن باشترین نمایشبکەن.


ئەم ساڵ لە کوردستاندا ٢ درامای نۆێ نیشاندرا ( غوربەت) لە کوردسات کە بابەتی ئەم باسەی من نیە و بەڕاستی درامایەک بو لە ڕوی چیرۆک و تەکنیکەوە بێ ئەندازە لاوازو کەمدەست بوو.


درامای دووهەم (هەنگاوەکانی سەر خۆڵەمێش) بوو لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی ٢) ٣٠ ڕۆژی ڕەمەزان دادەبەزی و بینەرێکی باشی هەبوو.


پێش هەر شتێک بمەوێت باسی بکەم گرینگی ئەو درامایە ئەوەیە بۆ یەکەم جارە ژنێکی کورد دەرهێنەری درامایەکی ٣٠ حەڵقەییە ئەمە بۆ خۆی هەوڵیکی گرینگ و باش و ئەزمونێکی تازەیە لە درامای کوردیدا.


بەشێکی زۆری دراماکانی دنیا ئەو چیرۆک و ڕوداوانەن کە لە لە زەمەنێکی دورودرێژا ڕویانداوە یان ئەو شەڕو کارەساتانەن کە لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا ڕویانداوە دواتر لە دراماکاندا ڕەنگیان داوەتەوە


یان بەشێکی تری دراماکان قسەکردن و نیشاندان و بەرجەستەکردنی کێشەو ململانێ و حەقیقەتەکانی ناو ئێستای کۆمەڵگان.


کە من پێم وایە هەنگاوەکانی سەر خۆڵەمێش لەم هەنگاوەیانەوە زۆر نزیکبوە! دروست باسی کێشەکانی ڕۆژی کردوە کە ئێستا لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەگوزەرێت.


بەجۆرێک سەرجەم ئەو کێشانەی لە دراماکەدا هەیە سەرجەمیان کێشەی ئەمڕۆن لە بونی قەیرە کچەوە، لە فشارهێنان بۆ ئەو ژنانەی کە دوای لەدەست دانی هاوسەرەکانیان مەجبوردەکرین بێ خواستی خۆیان شوبکەنەوە لەبەر هەڕەشەو قسەوباسی کۆمەڵگا.


یان کێشەکانی میراتی کە لە ئێستادا زۆر دیاردەیەکی بەرچاوە تەنانەت هەندێک لە ئەندامە نزیکەکانی خێزان مشتومڕ و شەڕ و دەمەقاڵە دەکەوێتە نێوانیانەوە تا ئەو ڕادەیەیی قسەناکەن بەیەکەوە.


جگە لەوە دیاردەی ژنی دوهەم ژنی بەدزیەوە ژنی عەرەب ژنی زۆر جیاواز لە تەمەندا دیاردەیەکی تری ناو کۆمەڵگای ئەمڕۆیە.


بۆیە باسکردن و شیتەڵ کردنی ئەم کێشەو دیاردانە کارێکی باش و گرینگ و پێویستە لە دراماکاندا ڕەنگبدەنەوە.


لە هەمو ئەمانە گرینگتر ئەوەیە لەم درامایەدا لاکردنەوەیە لە هێزو تواناو خۆراگری ژن بەجۆرێک ژنی کردوە بە میحوەری هێزو دەریکردوە لە بێ ئیرادەیی لە زەبونی لە کەمدەستیو ژێردەستەیی لەم درامایەدا ژن خاوەن خۆیەتی خاوەن بڕیارە کە ئەم جۆرە کارئەکتەرانە لە دراما کوردیەکاندا زۆر کەمبوە هەمیشە پیاو خاوەن بڕیارو دەسەڵات و ئیرادەبوە.


ئەگەر ئاورێک لە کەسایەتی (نەرمین. هەلاڵە، سۆلاڤ. گەڵا) بدەینەوە زۆر بە دروستی ئەم مرۆڤانە دەبینین وەک مرۆڤ و خاوەن بڕیارو دەسەڵات هەڵسوکەوت دەکەن.


بەبڕوای من ئەمەیە جوانی و سەرکەوتنی درامایی هەنگاوەکانی سەرخۆڵەمێش.


لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرینەگە ژن بەو ئیرادیەوە ببەستینەوە ئیرادە بگێڕینەوە بۆ ژن وەک یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکی و کاریگەرەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەرک و ئیرادەی خۆی پیشانبدات.


جگە لەوەش لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرگری و ڕوبەڕوبونەوەکانی ژنان لە کۆبانیدا ئیتر باوی ئەو پێناسە کۆن و تەقلیدیە نەماوە کە بە باڵای ژندا داتاشرابو. هاوکێشەکانی ژن لە دنیا و لە کوردستان بە شێوەیەکی مەدەنی و باڵا و ئیرادەوە ئاڕاستەی گۆڕا. بۆیە ژن دەبێت وا ببینرێت لە کوردستاندا وەک لە درامای هەنگاوەکانی خۆڵەمێشدا پیشاندرا.

 

لەندەن
ماڵپه‌ڕی ئاسۆ باڵابەرز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک