په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٥\٢٠١٥

دوانەی شەڕ و خۆشەویستی

لە شیعری (سەربانی ھاوین)ی (چۆمان ھەردی)دا.


سەدیق سەعید     


یەکێک لەو چەمکانەی،ھەمیشە لەدووتوێی ئەدەبیات بە گشتیءشیعریش وەک ژانرێکی ئەدەبی بەتایبەتی ڕەنگدانەوەی ھەبوە،چەمکی شەڕە. وەک ڕووداوێکی تراژیدیءکارەساتبار.ھەمیشە جەنگ ئەو ڕووداوەیە.کە کاریگەریەکی دەروونیءڕوحی گەورە لە ژیانی مرۆڤ دەکاتء ئاسەوارەکانی تازەمەنێکی درێژ،بە سەر ژیانی مرۆڤەوە دەمێنێت.ھەر کاتێک باس لە شەڕ دەکرێت،ئەوابە مانای وێرانبوونی ژیان دێت.چونکە دەرەنجامەکانی شەڕ ھەرتەنیا ژیانی بوونەوەرەکان وێران ناکات،بگرە ھەموو ڕەھەندەکانی ژیان بە سروشتیشەوە لە نێو دەبات.لەھەر شوێنێک شەڕ ھەبوو،لەوێوە ژیان نییە.لەھەر شوێنێک دەنگی گوللەکان ھات،لەوێوە بستێک بۆ ژیان نامێنێتەوە.بۆیە ھیچ کارەساتێک ھێندەی جەنگ،مایەی تراژیدیاء مەرگەسات نییە بۆ ژیانءبۆمرۆڤ.چونکە شەڕ لەگەڵ خۆیدا،ھەموو جوانیەکانی ژیان دەکوژێت.کە شەڕھەڵَگیرسا،مانایەک بۆ ژیانء جوانیەکانی ژیان نامێنێتەوە.بۆیە شەڕلەگەڵ خۆیدا،نائومێدیەکان دێنێت.ھەر ئەمەشە وادەکات,کە ھیچ شتێک ئەوەندەی شەڕ قێزەوەنءناشرین نەبێت لای مرۆڤ.بۆیە ڕەنگە کەم نەتەوە ھەبێت لە دنیادا،ھێندەی نەتەوەی ئێمە ئاشنا بێت بە کارەساتءتراژیدیاکانی شەڕ. ئەو ڕووداوەتراژیدیانە،بەقوڵی ڕەنگدانەوەیان ھەبوە،بە سەر ژیانی ئێمەداوڕەنگە تائێستاش کاریگەریەتیء ئاسەوارەکانی مابن.بۆیە لە خەیاڵء یادەوەری ھەریەکێکماندا، کارەساتەکانی جەنگ بە شێوەیەک لەشێوەکان،ئامادەیەءھەرکاتێک بیر لەو یادەوەریە تراژیدیانە دەکەینەوە,سەردەمانێکمان دێتەوە یاد،کەچەندین ئازیزی لێسەندینءبە مردنی سپاردن.سەردەمانێک کە تروسکایەک ئومێدءبەختەوەری لە ژیاندا بوونی نەبوو.ھەموو شتێک بۆنی خوێنء مەرگی لێدەھات.لەو روانگەیەشەوە ھەمیشە شەڕ ئەو دیاردە بوە,کە ڕەنگدانەوەی بە سەر دنیابینی مرۆڤەکانەوە ھەبوەو،دواجاریش لە تێکستی ئەدەبیدا بەرجەستە کراوە.بۆیە وێناکردنی شەڕ لە شیعردا،وێناکردنی دنیایەکە،تەژی لە نائومێدیءخوێنء مەرگ.وێناکردنی مرۆڤێکە،کە شەڕ ھەموو جوانیەکانی ژیانی لێسەندوەوە بە نائومێدیەوە چاوەڕوانی خامۆشبوونی بلێسەی شەڕە.کاتێ شەڕیش وەستا،دەکەوێتە سەرجیھانێکی خاپورو وێرانکراو،کە تەواو جیاوازە لە جیھانی بەرلە شەڕ.ئیدی ئەوەندەی تر ھەست بە نائومێدیءدابڕان دەکات لە ژیان.بۆیە مەینەتیەکانی شەڕ ھەرتەنیا پەیوەست نییە،بە چرکە ساتی ھەڵگیرسانیءدرێژەکێشانی شەڕەکە.بەڵکو ئاسەوارەکانی دوای شەڕیش،ھەمیشەساتەکانی شەڕمان بیر دێننەوەودیمەنە دڵتەزێنەکانمان دێننەوە بەرچاو.


بێگومان ھیچ مرۆڤێک نییە،شەڕ کاریگەریەتی بە سەر ژیانیەوە جێنەھێلێت.مرۆڤەکان کەکارەکتەری بەردەوامی شەڕەکانن،دواجار ھەرخۆشیان قوربانی شەڕەکە دەبن.واتە ئەوان لە یەک کاتدا،ڕۆلی جەلادو قوربانی دەبینن.شەڕ ھەرتەنیا بۆ ئەوانە مایەی نەھامەتی نییەکە بەواقیعی لە نێو شەڕەکەدانە،بە ڵکو بۆ ھەموو ئەوانی تریش،شەڕ دواجار دۆخێک دروستدەکات،کە ھەموومان ببینە قوربانی.بەو مانایەی ئازیزانمان لە دەست دەدەین.کێ ھەیە ئازیزێکی بە ھۆی شەڕەوە لە دەست نەدابێت؟بۆیە کاتێ شەڕ ھەڵدەگیرسێ،ھەموومان نائومێدءڕەشبین دەبین،لەدەرەنجامی ئەو کارەساتءڕووداوانەی بە ھۆی شەڕەوە دێنە ئاراوە.(سەربانی ھاوین)ناونیشانی ئەو شیعرەیە،کە ھەڵَگری دەلالەتەکانی شەڕە.ئەو دەقە پۆرترێتێکە،بۆ نیشاندنی ماھیەتی شەڕو کاردانەوەکانی لە سەر ژیانی مرۆڤدا.بۆیە لەو دەقەدا،دیمەنە دڵتەزێنەکانی شەڕءئەو کارەساتەنش دەبینین,کە لە شەڕدەکەونەوە.ئەگەرچی لە کۆی ئەو شیعرەی چۆمان ھەردی شاعیردا، نەوشەی شەڕ دەبینین، نە بە شێوەیەکی ڕاستەو خۆش باس لە شەڕ دەکات.بەڵام کاتێ سەرگوزشتەی ئەو ڕووداوە دەخوێنینەوە، کە لە دووتوێی شیعرەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئیدی دەزانین کە گوتاری ئەو شیعرە، گوزارشت کردنء ئاماژە پێکردنێکی ناڕاستەوخۆی، ئاسەوارەکانی شەڕە، بە سەر ژیانی مرۆڤدا. ئەو ڕووداوەی کە لە چەند چرکەیەکدا، ھەرچی جوانیەکانی ژیان ھەیە لە نێوی دەبات. شەڕ ئەو کارەساتەیە، کە ئەوەی مرۆڤ بە درێژایی تەمەنی بونیادی دەنێت، لە چەند چرکەیەکدا شەڕ وێرانی دەکات.بۆیە زەمەنی بەر لە شەڕ، ھەمان ئەو زەمەنەی دوای شەڕ نییە. کەتیایدا ژیان مانایەکی ترء، جوانیەکی تری ھەبوو. بێگومان ئێمە بە ھۆی ھەڵومەرجی سیاسیء ژێر دەستەییء خەباتی نەتەوەیی، بەردەوام لە ژێر سایەی شەڕوئاشوبء کارەساتەکان ژیاوین. ئەمە وێرای ئەو جەنگە خوێناویانەی، لە مێژووی فەرمانڕەوایەتیء حومکڕانیەتی عیراقدا، بە سەر گەلانی ئەو وڵاتەو کوردیش دا سەپا. بۆیە وێنا کردنی شەڕء نەھامتییەکانی ئەو ڕووداوە لە ژیانی ئێمەدا، ھەمیشە بوونی ھەبوە. بەتایبەتیش ڕەنگدانەوەی لە تێکستی ئەدەبیدا. وەک ئاماژە کردنێک بۆ ئەو ھەموو نەھامەتیانەی، بە ھۆی شەڕەوە بە سەر ئێمە داھاتوون. لەوڕوانگەیەوە دەقی(سەربانی ھاوین)ی چۆمان ھەردی، ھەڵگری ئەو گوتارەیە کەباسمان کرد، ئەویش گوتاری شەڕو ئاسەوارەکانیء کاردانەوە دەروونیء کۆمەڵایەتییەکانی بە سەر ژیانی مرۆڤەکانەوە. بەو پێیەی شاعیر، باس لە چیرۆکی مرۆڤێک دەکات، کەوەک ھونەر مەندێک،تابلۆ دەکێشێت، کەچی لە پڕ ون دەبێتء ئیدی ناتوانێ جارێکی تر سکێچی ھیچ شتێکی دیکە بکێشێ. ئەم شیعرە یەکێکە لەو دەقانەی بەزمانێکی سادە نووسراوە، وەلێ ھەڵگری دەلالەتێکی قوڵە، ئەویش ئاکامەکانی جەنگء گۆِڕینەوەی شەڕ بە خۆشەویستی. ئەگەرچی شاعیر، لە دووتوێی دەقەکەیدا، بە ھیچ ئاماژەیەک باسی شەڕ ناکات.بەڵام لەمیانەی خوێنەوەو تێگەیشتنی چیڕۆکی نێو شیعرەکە، خوێنەر دەزانێ کە ئەوە شەڕە ئەو چارەنووسە تراژیدیەی بە سەر ئەو مرۆڤە ھێناوە. چارەنووسێک کە تیایدا، شەڕ خۆشەویستیء ھونەر لە نێو دەبات. واقیعێک کە تیایدا مرۆڤەکان بە شێوەیەک لە ژیان دەتۆرێنێتء توڕەیان دەکات، کە ئیدی ژیان ون بکەن.بۆیە دەکرێ بڵێین زەمەنی ئەو شیعرە، بەسەر دووکاتی جیاواز دابەش دەبێت. زەمەنێک بەرلە شەڕ،زەمەنێک دوای شەڕ. کە بێگومان لە ھیچ ڕووێکەوە بەراوردی یەکتری ناکرێن. چونکە ھەموو ئەوانەی مرۆڤ بە درێژایی ژیانی دروستی دەکات، شەڕ لە چەند چڕکەیەکدا لە نێوی دەبات.بۆیە ئەومرۆڤەی کە لە شیعرەکەدا، بە پەنھانیء تەنھا بە نیگای شاراوەی چاوەکانی کچێکی خۆش دەوێت، بە بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنانەت یە کتریش بدوێنن.دوای شەڕ دەیبینینەوە، پەنجەکانی قرتاونء ئیدی ناتوانێ نەخشی ھیچ تابلۆیەک بکێشێ.بەڵام چیڕۆکی ئەو ھونەر مەندە، بەرلە شەڕ چیڕۆکی ژیانێکی دیکە بوە. کە بە خۆشەویستیەکی بێدەنگ دەستی پێکردوە، بەرامبەر بە کچێک لەو ساتانەی سەربانی ماڵەکان لەھاویندا، دەبوونە جێگەی ئارامی حەسانەوەو چاوشارکێء گۆڕینەوەی نیگا شاراوەکانی کچانء کوڕان. ئەمەش ئەوزەمەنەیە کە زەمەنی بەر لەشەڕە. کە تیایدا شاعیر باس لە خۆشەویستی بێدەنگی نێوان کوڕء کچێک دەکات، کە ھەموو شەوێکی ھاوین بە رامبەر یەکتری لە سەر بانەکانیان، بە نیگاکانیان، عشقی یە کتریان دەگۆڕیەوە.بەڵام دواجار چارەنووسی ئەو مرۆڤە، لە چرکەیەکدا چی دەبێت؟بۆیە شاعیر دەڵێت:


گشت شەوێکی ئەو ھاوینە..
کە دەچووینە نێو جێگاوە لە سەربان... دەمڕوانییە تارمایی ئەو...
ڕۆژێک تابلۆکانی ئەویان پێ نیشاندام..
کە گەیشتمەژوورەکەی خۆم..
لە دووتوێی پەرتووکەکانما..
یەک لە دوای یەک ناوی ئەوم نووسیەوە...


سەرەتای شیعرەکە، بە عاشقبوونی کچێکەوە دەست پێدەکات، کە ھەموو شەوێکی ھاوین، دوای چوونە سەربان، وەک تارمایی پیاوێک دەبینێتء خۆشی دەوێت. نەریتی خەوتن لە سەربان وەک تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای کوردی، تا ساڵانێکی کەم لەمەو بەریش ھەر مابوو. ئەم نەریتە بە شێکە لە فەرھەنگء کلتوری کۆمەڵایەتیانەی خێزانی کوردی بە تایبەتیش لە گوندەکاندا. تا ئەو کاتەی مۆدێرنە ء جیھانگەراییء بە تاکبوونی مرۆڤەکان، ڕووی لە کۆمەلگای کوردی نەکردبوو. واتە شاعیر لە ڕێی ئەو وێنە شیعریەوە دەمانباتەوە سەردەمێک، کە ڕەنگە زۆربەمان ئەزموونمان کردبێت. لەو کاتانەی کە ژیان بەو شێوەیەی ئێستا ئاڵۆزو جەنجال نەبوو. لەو کاتەی کە وا پەبیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، لە نێوان مرۆڤەکاندا کاڵنەبوەوە. ھاوکات ژیانیش بەو شێوەیەی ئێستا پێشکەوتوو نەبوو. بۆیە شاعیر باس لە سەر دەمێک دەکات، کە سەردەمی سادەییء جوانیەکانی ژیانە. کە تیایدا، بۆ خەوتن خێزانەکان ڕوویان لە سەر بانەکان دەکردو، بە دیار ڕامانی ئەستێرەکانەوە، خەو دەیبردنەوە. ئەم نەریتەش بە تەنھا لە وەرزی ھاویناندا، دەبینرا. ھەروەک شاعیر خۆشی ناوی شیعرەکەی ناوە سەر بانی ھاوین. زەمەن لێرەدا واتە لە نیوەی یەکەمی شیعرەکەدا، زەمەنی بەر لە شەڕە. زەمەنێک کەتیایدا، کورء کچێک بە نھێنی ڕازەکانیان دەگۆڕنەوەو لە دورەوە عاشقی یەکتر دەبن. بۆیە کچەکە خەیاڵ دەکات، کە ڕۆژگارێک دێت دەبێتە ھاوسەریء کە نەخۆش بوو،دڵنەوایی دەکاتء خەمی دەخوات.خواردنی بۆ دروست دەکاتء قژی دەشوا. ھەر وەک خۆشی لە شیعرەکەیدا دەڵێت:


وێنام دەکردھاوسەریم ءکە نەخۆش کەوت خەمی دەخۆم..
خواردنی بۆ دروست دەکەمءقژی دەشۆم..
خەیاڵم دەکرد لەگەڵ ئەو لە سەر ھەمان سەربان دەنووم...


شاعیر بە خەیاڵ، وێنای ژیانێک دەکێشێت کە تیایدا، ئەو ھونەرمەندەی لە سەربانی ھاوین شەوان دەیبینێتء دەیڕوانیە مژی جگەرەکەی، ئەویش تابلۆکانی دەکێشا، بەیەکەوە وەک دوو خۆشەویستء ھاوسەر،لە ماڵێکدا، بە ختەوارانە دەژینء لە خەمی یەکتریدان. بەڵام ھەموو ئەو پەیوەندییانە، جگە لە خەیاڵ کە کچەکە لە ھزری خۆی دەیکێشێت، چیتر نییە. چونکە ئەوان بە تەنھا نیگاکان دەگۆڕنەوە. بە بێ ئەوەی ھیچ کامێکیان بە شێوەیەکی ئاشکراو ڕاستەوخۆ، بەوی تریان بڵێت کە خۆشی دەوێت.ئەم چیڕۆکە بە نھێنی درێژە دەکێشێت، تاکو لە پڕێکدا ھونەرمەندەکە وندەبێتء دوای ساڵانێک، کاتێ یەکتری دەبیننەوە، ھەموو شتێک گۆڕاوە. ھەر لە سروشتء سایکۆلۆژیای کوڕەکەوە، تا کۆتایی عەشقەکەو بێدەنگیەکی ھەمیشەیی. گەرچی چۆمان ھەردی شاعیر، نھێنیەکانی ئەو گۆڕانە گەورەو تراژیدیەی نێوان ئەو دوو خۆشەویستەمان بۆ باس ناکات. بە دەربڕینێکی تر، شاعیر زەمەنێک لە دەقەکەیدا، بە شاراوەی دەھێڵێتەوە، کە دەبێ خودی خوێنەر خۆی پەی پێ بباتء پرسیار بکات، کە ئاخۆ ئەو ھونەرمەندە، بۆ چی دواجار تاڵء توڕەو گرژ دەردەکەوێت؟ بۆچی ناتوانێ ئیدی فڵچە بگرێتء تابلۆ بکێشێت؟ چی وای لەو مرۆڤە کرد، پەنجەکانی بقرتێندرێنء توانای وێنە کێشانی نەبێت؟ ھەموو ئەو ڕووداوە پڕلە ئازارانە، دەرەنجامی چین؟ ئەوە چ ڕووداوێکی گەورەیە، خۆشەویستی نێوان دوو مرۆڤ لە نێو دەباتء بۆ ئەبەد نایەڵێ بە یەکتری بگەن؟ ئەوە چ ڕووداوێکە ھەموو جوانییەکانی ژیان دەکوژێت لە چەند چرکەیەکدا؟ ئەگەرچی شاعیر لە دوو توێی شیعرەکەیدا، ئاماژەی بۆ ئەو ڕووداوانە نەکردوە. بەڵام بەتەنھا لە ڕێی دیمەنێکی دڵتەزێنەوە، ئێمە وەک خوێنەر ناچار دەکات، بە دوای ئەو حەقیقەتە تاڵە دابگەڕێین، کە ژیان وێران دەکات. کە ئەویش شەڕە. ئەو ڕووداوە تراژیدیەی، لە یەک کاتدا، دەشێ مرۆڤەکانء ژیانء گشت جوانییەکانی تەمەنمان وێران بکات. ئەو ڕووداوەی، لە چەند چرکەیەکدا، پەنجە جوانەکانی ھونەرمەندێک دەقرتێنێتء ھەر گیز ناتوانێت جارێکی تر وێنە بکێشێت.ئەو ڕووداوەی زۆرجار مرۆڤەکان، لە بوونەوەرێکی سادەو ڕۆمانسشیء پڕ لە خۆشەویستیء میھرەبانی، دەگۆڕێت بە کەسیەتیەکی گۆشەگیر، دورە پەرێزونائومێد. بێگومان ئەو ڕووداوەش شەڕە.بۆیە دوای ئەوەی پاش ساڵانێک، کچەکە ھەمان ئەو ھونەرمەندە دەبینێتەوە، کە پێشتر لەسەر بانی ھاوین دەیناسیء وێنەی دەکێشا، دەبینێت، بۆتە مرۆڤێکی دیکەی جیاواز، لەوەی پێشتر. ئەمجارەیان بۆتە کەسێکی گرژءمۆنء ھاوکات پەنجەکانیشی قرتاونء ئیدی ناتوانێ وێنە بکێشێ. ھەروەک شاعیر دەڵێت:


چەندساڵ دواتردوبارە یەکمان دییەوە..
ھەرھەمان پیاو چەند پەنجەیەکی قرتابوو..
تاڵءتووڕە نەیدەتوانی فڵچە بگرێت..


شاعیرباسی ھەمان ئەو پیاوەمان بۆ دەکات، کە پێشتر وێنە کێش بوو، بەڵام ئەمجارەیان، بەوێنەیەکی دیکەی جیاواز، کە وێنەی دوای ونبوونی کەسەکەیە. واتە ھونەرمەندەکە چیترمرۆڤە ئاساییەکەی جاران نییە. بەڵکو گۆڕانکاریەکی گەورەی دەروونیء جەستەیی بە سەر ژیانی داھاتووە. ئەویش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک وندەبێتء دواتریش بە پەنجەی قرتاوو توڕەییەوە دەردەکەوێتەوە. لێرەدا خوێنەر لە شیعرەکەدا ئەمجارەیان بەر زەمەنێکی دیکە دەکەوێت، ئەویش زەمەنی دوای شەڕە، کە پەنجە قرتاوەکانی ھونەرمەندەکە ئاماژەیەکە بۆی. ئەو زەمەنە لە ڕووی بوونء ژیانەوە، ھەمان زەمەنی پێشتر نییە. بە پێچەوانەوە، بەڵکوزەمەنێکە ھەموو شتێک گۆڕانکاری بە سەر داھاتووە. زەمەنێکە ھەموو خەونء خۆزگەکانی ئەو دوو عاشقەی لە نێوبرد، کە بەبێدەنگییەوە، تەنھا بە نیگای چاوەکانیان یەکتریان خۆشدەویست.ئەوان ئەگەرچی ھەرگیز بەیەکەوە قسەیان نەکردو ھەریەکەیان لە سەربانی خۆی مایەوە. بەڵام لە ناخەوە بە پەنھانی یەکتریان خۆشدەوێت. سەربانی ھاوین،یەکێکە لە جوانترین ئەو دەقانەی، بەزمانێکی سادە، چیڕۆکی شەڕو نەھامەتیەکانی شەڕمان بۆ دەگێڕێتەوە.یەکێکە لەو دەقانەی، ھەڵگری ماناکانی دوانەی شەڕو خۆشەویستین. دەقێکە دەلالەت لە ململانێکانی شەڕو خۆشەویستی دەکات. تا دواجار شەڕ خۆشەویستی لە نێو دەباتءدووعاشق بۆ ئەبەد لە یەکتری دەکات. سەرابانی ھاوین دەقێکی شیعری ڕۆمانسیانەی جوانە، کە بە زمانێکی سادە، مەرگەساتەکانی شەڕمان بۆ دەگێڕێتەوە. لەڕێگەی چیڕۆکی خۆشەویستی نێوان کوڕء کچێک، کە شەڕ ناھێڵێت بە ئاواتەکانیان بگەنء ھەر تەنھا بە بێدەنگیء بە نیگای چاوەکانیان، ھەریەکەیان لە سەر بانی خۆیان، خۆشەویستی نێوانیان دەگۆڕنەوە...
____________________________
تێبینیی: سەربانی ھاوین، ناونیشانی دەقێکی شیعری خاتوو(چۆمان ھەردی) شاعیرەو ھەڵبژێردراوی جوانترین پەنجا شیعری خۆشەویستی سەربە سی وڵاتی جیاوازی دنیایە. دەقە کوردییەکەم لە ماڵپەری (ھاوڵاًتی) خوێندەوە.چونکە لە بنەڕەتدا ئەو شیعرە بە ئینگلیزی نووسراوە.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک